ما 5272 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

محەمەد نەبى

سەردەمى پۆستمۆدێرنە سەردەمى ئاوابوونى حەکایەتە گەورەکانە، سەردەمى رێژەگەراییە بە سێنتەربوونى پلورالیزمییەت و ئاوابوونى گیانى تاکماناییە، تەنانەت زانستیش ئەبستراکتییەتى خۆى لەدەستداوە و جۆرێک لە تێپەراندن و گەشەکردن و رەتکردنەوەى میتۆدیى بەخۆیەوە بینیوە.

 

 

ئەلیساندرۆ باریکۆ لە کورتە رۆمانى (نۆڤۆچێنتۆى پیانۆژەن_ ئەفسانەى 1900) لە رێى ژیانى نۆڤۆچینتۆى پیانۆژەن بەرەو رووى پرسێکى گرنگمان ئەکاتەوە ئەویش پرسى ناسین و روانینە لە گۆشەنیگاى جیاوازەوە. مەعریفەى مرۆڤ مەعریفەیەکى سنوردارە، وە روانین لە یەک گۆشەنیگاوە هەمیشە کەمایەتى و جۆرێک  لە دیکتاتۆرییەتى روانین بەرهەمدێنێت، بۆیە بۆ تێگەیشتن لەهەر پرسێکدا پێویستمان بەوە دەبێت لە دیدو بۆچوونى جودا و لە روانگەى جوداو لە دەرەوە: لە بابەتەکە بروانین، نەک بە یەک چاو و ئەو چاوەش چاوى یەقین بێت.

 نۆڤۆچێنتۆ پیانۆژەنێکە کە لەناو کەشتیێک لە دەریا لەدایکدەبێت، هەموو تەمەنى هەر لەوێ تەواو دەکات بەبێ ئەوەى بۆ چرکەیەکیش بێتە سەر زەوى، دەریاو سورانەوە بەناویدا و ژەنینى پیانۆ لەناو دەریادا ئەبێتە خولیاى سەرەکیى نۆڤۆچێنتۆ، هەر لەوێشدا ناوبانگى بە هەموو دونیادا دەردەکات و وەک پیانۆژەنێکى ئەفسانەیى کە تواناى ژەنینى پیانۆیەکى ئەفسوناویى هەیە ناوبانگى دەردەکات، نۆڤۆچێنتۆ ئەگەرچى زۆر داواى لێدەکرێت کە لە دەریا بێتە دەرەوە و پێ بنێتە سەر وشکانى و لەوێدا ژیانى بەسەربەرێت و پیانۆ لێبدا، بەڵام ئەمە بێ سود دەبێت و ئەو نایەوێ لە دەریادا بێتە دەرەوە؛ چەندین ساڵ تێدەپەڕن لەپڕ نۆڤۆچێنتۆ بریارەدا بێتە وشکانى و دەریا جێ بهێلێت، کاتێک لێى دەپرسن چى وایکرد کە بریار بدەى لە دەریا بێیتە دەرەوەو جێى بهێلى؟ لە وەڵامدا نۆڤۆچێنتۆ دەڵێت: دەمەوێت لە دەرەوە لە دەریا بڕوانم! ئەم وەڵامەى نۆڤۆچێنتۆ بۆمن زۆر جێى رامان و سەرسامى  بوو، ئەو وەڵامە کۆمەکى کردم تا لەزۆر دیاردەى ژیان رابمێنم لە دەرەوەى خودى دیاردەکەدا، بەوەى دەکرێت بۆ تێگەیشتن و ناسینى هەر ئۆبێکتێک لە دەرەوەى ئۆبێکتەکەو بۆ ناسینى سوبێکتى خۆشمان تاوێ لێیان بچینە دەرو لەدەرەوە لێیان بروانین؛ چەندین ئەگەرى لێڕوانین و شیکردنەوە و تەئویل لە روانگەى جوداوە بە روى بابەتەکەدا بکەینەوە، بەمەش رێ دەگرین لەهەر چەقبەستنێک بەرەوڕووى خودى خۆمان و بابەتەکەشدا ببێتەوە. زۆرن ئەوانەى لەناو خۆیاندا گیریان خواردووەو بە یەک چاوى یەقین و لەیەک گۆشەوە و بەهەمان پێوەر دەڕوانن، یەک شێوەى بیرکردنەوەیان بۆ هەموو شتێک هەیە و ئەیگشتێنن بۆ هەموو دیاردەکان،  لێرەوە ئەمە جگە لە کوێربوون و راوەستان و چەقبەستن هیچ دینامیکییەتێک و بزێوى و چالاکیەک بەدووى خۆیەوە نایەنێت، بەم تەرزە روانین و بیرکردنەوەیە مەرگى خۆیان رادەگەیەنن.

 

سەردەمى پۆستمۆدێرنە سەردەمى ئاوابوونى حەکایەتە گەورەکانە، سەردەمى رێژەگەراییە بە سێنتەربوونى پلورالیزمییەت و ئاوابوونى گیانى تاکماناییە، تەنانەت زانستیش ئەبستراکتییەتى خۆى لەدەستداوە و جۆرێک لە تێپەراندن و گەشەکردن و رەتکردنەوەى میتۆدیى بەخۆیەوە بینیوە بەڵام دەشبینین کۆنخوازەکان هێشتا خەریکى سەفسەتەو درێژەدانن بە رەوتى تاکمانایى و ترسى گەورەیان هەیە لە هەر هەناسەیەک کە بیەوێ بە چاوى فرەمانایى و رێژەگەرایى لەخۆى و دونیاو دیاردەکان بروانێت، بەڵام دواجار دیاردەکەوێت، کە ئەوەى لەگەڵ ئەم رەوتى کرانەوەییە نەروات بەدەستى خۆى مەرگى خۆى رادەگەیەنێت. بۆئەوەى تێبگەین پێویستە لە دەریادا بێینە دەرەوە، چونکە ئەو چاوەى لە دەریاوە لە دەریا ئەروانێت هەرتەنیا دەریاى بینیوە، بڕۆ دونیا ببینە تا باشتر لە دەریا برونانیت، برۆ خەڵکی ببینە ئینجا لەخۆت بروانە، کلتورە جیاوازەکان ببینە ئینجا باسى بەرزیى کلتورى خۆت: بکە ئەمە بۆ هەموو پرسەکان دروستە.

گەڕان بۆ بابەت