ما 220 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ئەسرین ڕەزاپوور

زۆر باشتر بوو بۆ کەسی رەخنەگر لەمبارەدا لە بری ئەوەی خۆی بە نووسینەوەی توانجدان خەریك بکات بهاتایە قییەمی ستاتیکی دەقی کەشف بکردایە، دیوی ئەودیوی کەشی بەرهەمەکانی راڤە بکردایە، سوودی لە قوتابخانەی (شیکاری دەروونی) فرۆیدو لاکان وەرگرتایە، یان قوتابخانەی بونیاتگەراکان و شێوازەکانی بارت لە لێکۆڵینەوەو تەماشاکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ دەقدا

 

غەمگین بۆڵی وەك دوا قوربانی

ئەسرین ڕەزاپوور

غەمگین بۆڵی تاکە کەس نەبوو کە قژی کەوتە بەر هەڵپاچینی سەرتاشێکی ناکارامە، بە بیانووی  لێدانی سیستەمەوە! جا کوا ئێمە سیستەممان هەیە؟ هەر لە بزربوونی سیستەمیشدا گەندەڵی سەرهەڵدەدات و کەسانی ناکارامە دەکەونە وێزەی نووسین و رووی ژیان ناشیرنتر دەکەن، ئەگەر رەخنە پشت بە قوڵبونەوەی دنیای رەخنە ببەستێت بە شارەزاییەکی پێویست، یان بڕوانامەی ئەکادیمی ئەو بوارە، یاخود سەلیقەو تواناکانی رەخنەنووس، ئەوا دەڵێین بە تەنیا خاڵی سێهەم بەس نییە بۆ نووسینی رەخنە، چونکە زۆر زبرو ناشرین دەردەچێت، لام وابێت لەبەر ئەم خاڵە بوو ئەوانەی پێشتر رووبەرووی ئەو جۆرە رەخنەیە بوونە بێدەنگ بوون، چونکە بە هێندیان وەرنەگرت و بە شایستەی وەڵامدانەوەیان نەزانی، بەڵام کێشەی تاکڕەوی لەوێوە سەرچاوە دەگرێت، تۆ ڕێ بە کەس نەدەیت وەڵام بداتەوەو لە بەرامبەریشدا رێ بەخۆت بدەیت ئەوەی دەینووسیت و دەتەوێت بیڵێیت سەبارەت کەسانی تر بڵاوی بکەیتەوە، وەك چۆن لەمەدا ئەتەکیتی کاری رۆژنامەگەریی پێشێل دەکرێت،هەرواش عەقڵییەتی پۆپۆلیستی حیزبەکانی شەڕی براکوژیی زیندوو دەبێتەوەو بەس جیاوازیەکە ئەوەیە کە لەمیاندا بوارێکی جوان و بڵندو هەستەوەر دەکرێتە چەك بۆ ناشرینکردنی رووی ژیان، ئەویش رووی هزرو قەڵەم و مەعریفەیە، وەك چۆن ڕێ بە خۆمان دەدەین خەڵك بێدەنگ بن و گوێمان لێبگرن، ئاواش دەبێت ڕێ بە خۆمان بدەین بێدەنگ بین و خەڵك قسە بکات، ئەگینا کێ لە فەیلەسوفەکانی هاوچەرخ و بیرمەندە بەناوبانگەکان گەشتوونەتە ئەو ئاستەی زانست و داهێنان بڵێ پێویستم بە گوێکرتنی کەس نییە و هەمووانیش دەبێت گوێ لەمن بگرن، ئەمە وێڕای ئەوەی سادەبوون و کاڵولکرچی ئاستی خاوەنەکەی دەردەخات، ئاواش لوتبەرزیی و لە خۆڕازیبوونی  ئەو کەسە دەردەخات، لە لۆژیکستاندا ئەو دروشمە هەمیشە لەسەرەوە بینراوە کە دەڵێت: چەندێك زاناو شارەزا بم ئینجا هەست بە نەزانی خۆم دەکەم.

زۆر باشتر بوو بۆ کەسی رەخنەگر لەمبارەدا لە بری ئەوەی خۆی بە نووسینەوەی توانجدان خەریك بکات بهاتایە قییەمی ستاتیکی دەقی کەشف بکردایە، دیوی ئەودیوی کەشی بەرهەمەکانی راڤە بکردایە، سوودی لە قوتابخانەی (شیکاری دەروونی) فرۆیدو لاکان وەرگرتایە، یان قوتابخانەی بونیاتگەراکان و شێوازەکانی بارت لە لێکۆڵینەوەو تەماشاکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ دەقدا، یاخود تیۆری سیمائی و هەڵوەشانگەریی  ژاك دریدای بکردایەتە چرای دەست و ڕێنموونی خۆی و خوێنەرانی پێبکردایە، چونکە دەق چەندێکیش سادە بێت زۆر فاکتەری تر هەن لە پشتیەوەو دەوروبەریدا جێی تەفسیرو لێکدانەوەو خستنە بەر باس و لێکۆڵینەوەن، ئەمەش نەگبەتییەکی تری بواری ئەدەبی کوردییە، وەك ئەوەی رەخنەنووسی کارامەو لێهاتوو و زانستدۆستمان زۆر کەم و ناچالاکن، لە بەرامبەریشدا چەند نموونەیەکی تری ئاوهاشمان هەن کە بەردەوام لەسەر شاشەی تیڤی و لاپەڕەی رۆژنامەو کۆڕەکان بە فەیلەسوف و نوێکەرەوەی رەخنەی هاوچەرخ دەناسرێن، ئەمە جگە لە دەردی دەروونی خاوەنەکەی و  وێرانکردنی دنیای وێژە هیچ بەرەنجامێکی تری لێناکەوێتەوە.. من سەرنجم داوە بە هۆی نا ئەکادیمی رەخنەکانی ئەو بەناو رەخنەگرەوە، هەر کەسێك ئەو رەخنەی لەسەر نووسیبێت بۆ هەتاهەتایە لێی زوویربوون. خۆ کرۆکی رەخنە لە کۆنسێپتی مۆدێرندا ئەوە نییە، رەخنە ئەگەر خوێندنەوەیەکی تر نەبێت بۆ دەق، ئەوا زیاتر دەوڵەمەندی دەکات و هانی جوڵەکانی ناخ و هزری خوێنەر دەدات و رێنموونییان دەکات  بۆ دۆزینەوەی زیاتر لە ناو دەقدا و سەبارەت ئەو دەقانەو کارەکانی هۆنەر، بەڵکو لە زۆر باریذا جۆرێك دەبێت لە نووسینەوەو داهێنان.

وابزانم کاکی رەخنەنووس لە شوێنێکدا باسی ژیانی خۆی و پیگەیاندنی خۆی دەکات و دەڵێت سەرەتا بە شیعر دەستم پێکرد ، بەڵام کە زانیم تیایدا سەرکەوتوو نابم ئینجا رووم کردە چیرۆك و پاشان کاری رۆژنامەوانی.. بۆیە من داوای لێبووردن دەکەم و بە ڕێزەوە دەڵێم کە ئەو بەڕێزەی ئاوها خۆی بە رەخنەنووسی عەیارە ٢٤ دادەنێت لای من هەر رۆژنامەنووسێکە، رەنگە لە هەندێك باریشدا رۆژنامەنووسێکی خراپ بێت. چونکە کاری رەخنەنووسین وشیاری و وردی و هەستەوەری زۆر دەخوازێت و دەبێت خاوەنەکەی ئەزموونێکی قوڵ و شارەزاییەکی زۆر باشی هەبێت لە مێژووی رەخنەو بە زیاد لە زمانێک بخوێنێتەوەو سەرچاوە بەکاربهێنێت. ئەم جۆرە رەخنەیەش گەر شتێکی کەمیشی لە راستی تێدا بێت هەر بەهێند وەرناگیردرێ ، چونکە بە شێوەیەکی هونەریی ناخرێتە روو و تەنانەت خاوەنەکی دەترسێت گوێی لە وەڵام بێت، بۆیە هەموو دەرگاکانی هۆش و گوێی دادەخات و لەوپەڕی خودپەرستییەوە ناهێڵێت وەڵامی قسەکانی خۆی لەسەر هەمان لاپەڕە بڵاوبیتەوە کە خۆی مافی بە خۆی داوە تیایدا بەناوی رەخنەوە هێرشبکاتە سەر هەست و داهێنانی کەسانی تر.

Image result for system kunst

گەڕان بۆ بابەت