ما 3211 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

 

غەمگین بۆڵی 

ئایا كەسێك گوتارێكی نەخوێندبێتەوە، دەتوانێت بڕیاری لەسەر بدات؟ ئایا ئێوە چۆن بڕیاری بڵاونەبوونەوەتاندا؟ ئایا بڕواتان بە ڕەخنە هەیە، یان ئەوەتە تەنیا بڕواتان بە گوتارەكانی خۆتان هەیە؟ ئەگەر كەسێك ڕەخنە بگرێت، دەبێت بڕوای بە بوونی ڕەخنەیش هەبێت.

 

بۆچی مێش كرێچی ناو شەكردان نەبێت؟* (١)      

بەرەو گفتوگۆیەكی ڕەخنەیی لەگەڵ ئارام سدیق

 غەمگین بۆڵی

ئەگەر لە دیدگەی (ڕۆلان بارت)ەوە لە پرۆسەی دەق بڕوانین، ئەوە لەسەر وەختی نووسین و بڵاوبوونەوەی دەقدا نووسەری دەق دەمرێت و تەنیا دەقی نووسەر دەمێنێتەوە. بۆیە ئەوەی دەدوێت دەقی بەردەستە، یان دوورتر بڕوانین زمانی دەقە. وەلێ ئایا نووسەر (شاعیر) ئەو كاتە مافی ئەوەی نییە خوێنەر بێت و وەك خوێنەرێك لە بارەی گوتراوەكان لەبارەی دەقەكەیەوە پرسیار بكات؟ منی خوێنەر مافی خۆمە دەستپێكی گفتۆگۆیەكی كراوە و قووڵ لە ڕێگەی پرسیاركردنەوە دابمەزرێنم. وەلێ بە پاساوی بێ بنەما و دوور لە پڕەنسیپی كاری ئەدەبی و بەبێ ئەوەی گوتارەكە ببین و بیخوێنەوە، گوتارەكە بۆ بڵاوكردنەوە لە گۆڤاری (شیعر) ڕەتكرایەوە. ئایا دەلوێت گوتارێك بەر لەوەی بخوێندرێتەوە، بڵێین: بڵاونابێـتەوە؟! ئایا وەك پرنسیپێكی ئەخلاقی نەدەبوایە گوتارەكە بخوێنرێتەوە لەلایەن ئەو ستافەوە و دوای تاوتوێی كردن لەبارەیەوە ئەوكات بڕیاری بڵاوبوونەوە و بڵاونەبوونەوەی لەسەر بدرێت؟ لەبەر ئەوەی بەردەوام بڕیاری پێشوەختە دەدەن لەبارەی ئەزموونی شاعیرانەوە، ئەمەیش درێژكراوەی هەمان ئەو ئەزموونە ناشیرینەیە. ئایا دەشێت بپرسین: پاساوی بڵاونەبوونەوەی ئەم گوتارە چییە؟ ئایا كەسێك گوتارێكی نەخوێندبێتەوە، دەتوانێت بڕیاری لەسەر بدات؟ ئایا ئێوە چۆن بڕیاری بڵاونەبوونەوەتاندا؟ ئایا بڕواتان بە ڕەخنە هەیە، یان ئەوەتە تەنیا بڕواتان بە گوتارەكانی خۆتان هەیە؟ ئەگەر كەسێك ڕەخنە بگرێت، دەبێت بڕوای بە بوونی ڕەخنەیش هەبێت، ئەی ئەگەر بڕواتان بە بوونی ڕەخنە نییە و ڕەخنە قبووڵ ناكەن و دەرفەتی بڵاوبوونەوەی بۆچوونەكانی ئەوی دیكە نادەن، ئایا هەبوونی ڕەخنەكانتان لە كوێ دایە؟ ئایا مافی شاعیر نییە لەو شوێنە (گۆڤارە) ی لەسەری دەنووسرێت، وەڵام بداتەوە؟ ئەی ئەگەر نووسەرێك بابەتێكی ڕەخنەیی لە بارەی نووسینەكانتانەوە نووسی، بڵاوی دەكەنەوە؟ ئەگەر وەڵامەكە (بەڵێ)یە و پرەنسیپی كاری گۆڤارەكەتان هونەری ڕەخنەگرتنە، ئایا بۆچی ئەم گوتارەتان بڵاونەكردەوە. ئایا بۆچی ناتوانن ئەم گوتارە بڵاوبكەنەوە؟ جگە لەوەی ئەوە گوتارێكی ڕەخنەیی نییە، بەڵكوو گوتارێكی پرسیارییە. ئایا دەتوانن لە خۆتان بپرسن: ئایا بۆچی ناتوانن ئەم گوتارە بڵاوبكەنەوە؟ لە ژمارە شەشی گۆڤاری شیعردا بەناونیشانی (بەرەو وێرانەیەكی شیعریی، سەبارەت بە شیعری "غەمگین بۆڵی") بە پێنووسی بنووس (ئارام سەدیق)ە لەبارەی هەردووك كتێبەكەمەوە نووسراوە.(1) جێگەی ئەوەیە چەندان پرسیار ڕووبەڕووی بنووسی گوتارەكە بكەینەوە. لەبەر ئەوەنا كە ڕەخنە لە ئەزموونی شیعرییم گیراوە، بەڵكوو لەبەر ئەوەیە كە چیتر بەناوی ڕەخنەی ئەدەبییەوە قسەی سواو و دوور لە میتۆدی رەخنەیی و بنەمای زانستی ئەدەبی فڕێنەدرێنە ناو بڵاوكراوەی كوردییەوە. لێرەدا دەبێت ددان بەوەدا بنێم كە بۆ ئەم گوتارەم سوودم لە چەند گوتار و نامەیەكی نووسەر و ڕۆماننووس ( كاروان عومەر كاكەسوور) وەرگرتووە. ئەمجۆرە نووسینەیش سەرەتا هەر لە ڕێگەی (كاروان عومەر كاكەسوور)ەوە هاتە ناو ئەدەبیاتی كوردییەوە و لە ڕێگەی چەند گوتار و نامەیەكی تایبەتییەوە. ئەمجۆرە نووسینە هێندەی مەبەستی دامەزراندنی پرەنسیپی پرسیاركردنە، هێندە عەوداڵی وەڵامدانەوە نییە. بۆیە لەم گوتارەدا وەك خوێنەرێك ئەو مافە بەخۆم بەڕەوا دەبینم كە پرسیار بكەم و لەبارەی ئەو چەمك و قسە سواو و گوتەی ناتەواو و نەشیاوانەی بە زۆر ئاخنراونەتە فۆڕمی نووسینەوە، بپرسم. ئێمە لە ڕێگەی پرسیاركردنەوە دەتوانین بگەین بە بنەمای گفتۆگۆیەكی قووڵ و دوور لە بڕیاری پێشوەختە، نەوەك تەنیا قسە هەڵڕێشتن و گوێنەدانە كەسی بەرانبەر و تەنیا هەر خۆمان قسە بكەین و هەر خۆمان خاوەن دیدگەیەكی دروست بین. ئەمە هەمان پڕەنسیپی بەشێك لە مامۆستایانی ئایینییە، كە بەردەوام قسە دەكەن و گوێ بە بەرانبەرەكانیان نادەن و تەنیا خۆیان بەڕاست دەزانن و هیچ دەرفەتێك بۆ بیركردنەوە و قووڵبوونەوە ناهێڵنەوە.

Image result for ‫دیالوگ هنر‬‎

 

گەڕان بۆ بابەت