ما 12695 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

 

لە سویدییەوە: رەسوڵ سەفەریانی

من دەزانم هەمووی راستە و خەو نییە، خۆم دەبینم لە دوورەوە ئەم غەریبەم لە ئامێز گرتووە و لە قوڵایی دڵمەوە خۆشم دەوێت. لەو ساتەدا من دەگەرێمەوە نێو جەستەم. سەیری یەک دەکەین. شانازی، ئازادی، ئەڤین و شادی. شەپۆلی ئەو هەستە پڕاوپڕ خۆشانە بە تەواوەتی پەیتا پەیتا دەملەرزێنن. 

 

فیلیپ

ماوریس لێڤین

لە سویدییەوە: رەسوڵ سەفەریانی

زڕەوی تەلەفونەکە هێمنیی بەیانیمی شێواند. دوگمەی رادوێکە بەرەو کەمکردن بادەدەم و گوشیەکە هەڵدەگرم. دەنگەکەی ئەوسەری خەتەکە زۆر ئاشنایە، بەڵام دوور لە خواست و ئارەزوم بوو. کچە رفێقەکەی پێشووم کە یەکەم ئەوینی راستەقینەش بوو، زۆر شڵەژاو دیارە. دەگری و زۆر بەزەحمەت قسەی بۆ دێت.

ـ تەواوی شەو بەخەبەربووم. تکایە دەکرێت یەک ببینین،... تکایە تەنیا چەند دەققە؟ پێوستم پێتە.

ـ ئا بە دڵنیاییەوە.

پاش کورتە وتوێژێک بڕیارمان دا لە کافەکەی خوارەوە یەک ببینین. شڵپەی رۆژنامەکە هات کە خستیانە مالەوە و کەوتە  سەرعەرزی هاڵەکە، زۆر باشە، لە راستیدا یەک سەعاتی ماوە کە بۆ ئەوەی لەماڵ دەرکەوم. لە سەر قەنەفەکە پاڵ دەدەمەوە. قاوە، ئایا دەکرێت ژیان بە بێ قاوە بێت؟ خۆم لە خۆم دەپرسم و قومێک لە قاوەکەم دەدەم.

سێبەرەکە بە ئارامی دەکشێت بە سەر رۆژنامەکەدا. هاوکات کە مچورکێکم پێدا دێت، بە سەرسوڕمانەوە سەرم هەڵدێنم و لەخۆم دەپرسم ئەوە چی بوو؟ لە پردا ئەو لێرەیە. کوڕێکی بێدەنگ رێک لە ناوەراستی هۆڵی دانیشتنەکە راوەستاوە و هەستی درێژخایەنی تەنیایمی ون کرد. جەوەکە بۆ ئێستایێک دەگۆڕدرێت و خۆری بەیانی تیشک دەهاوێت و، دەڵێیت خودی ئەوینە کە پێی ناوەتە ژوورەکە. هەزار باڵندەی بیر و خەیاڵ بەدەور هەستەکەمدا وەک خۆم دەسوڕێنەوە. بە دەنگێکی بەرز پرسیاری لێدەکەم، ئەوە تۆ لێرە لە ئەم ژوورەی مندا چی دەکەیت؟ ئەو بە چاوێکی سەرگەردانەوە دەڕوانێت و، وەڵام ناداتەوە. هیچ هەڕەشە و مەترسیێکی لێ نابیندرێت. رۆژنامەکە بە ئارامی لادەبەم. هاوکات چاوی لێ نابڕم، بە ئارامی لە سەر قەنەفە خۆڵەمێشییەکە هەڵدەستم. هەرچی سەیری دەکەم ئەم کابرا دز نییە. بە هیچ شێوەیەکیش لە پیاو خراپ ناچێت و لەوە ناچێت مەبەستی خراپی ببێت. ئەوە چییە، تۆ بڵێی من خەو نەبینم؟ بەڵام نا، ئێستا بەیانییە و منیش بە تەواوەتی خەبەرم.

ئەم کوڕە ێیرمنداڵێکی مناڵکارە کە باڵای وادیارە هاوباڵای من بێت و قژێکی کاڵ و کورتکراوەی هەیە و، چاوەکانی شینن. هەر چەند وا دیار نییە کە قەت پێشتر دیبێتم، بەڵام سەروچاوی لە ئاشنا دەچێت. بە تەواوەتی سەرم سوڕماوە و گێژبووم و دەڵێی هەموو شتێک لە "سلۆموشندا" دەڕوات. ئیمە بە مەودای تەنیا چەند مەتر لەیەک راوەستاوین. کەسمان ناجوڵێت. مەتەی چاوەکانی دەرونم دەسمێت و دەزانم چی دەڵێت بە بێ ئەوەی یەک دەنگیشی لێوە بێت.

جەوەکە ئەوین هەڵدەمژێت. دڵم لە هەموو شتێک دەگات، بەڵام عەقڵم ئیتر لام نەماوە. هەموو فیکرە لۆژیکیەکان دابڕاون و ئێمە بە زبانێکی نوێ قسە دەکەین و هاوکات لە دەروونمەوە ناوێک سەوز دەبێت. "فیلیپ" ئەمە واتە فیلیپە کە بەرانبەرم وەستاوە.

کەوتومەتە حاڵەتی پەریشانی و لێکدابڕانی جەستە و دەروون، بە ئارامی بەڵام بە دڵنیایی روو دەدات. جەستە راوەستاو ماوەتەوە، بەڵام رۆح ئازادە لە جەستەم و لە دەرەوەی جەستەم سەیری رووداوەکە دەکات. دوو کەس لە یەک هۆڵدا.

هەمووی ئەمە وەک تیاترێک دەنوێنێت، بەڵام شانۆێکی بێ پیێست و بێ نوسراوە. ئەمە بەراستە و هەر لە ئیستادا روودەدات. من چاوم لە خۆمانە کە لەویادا وەستاوین. سەرنجە بەرەوناوەکانی فیلیپ، باس لە جموجۆڵێک لە دەروونیدا دەکەن، بەلام نەک ترساویانە بەڵکو کارتێکراو. نەک تا گەیشتن بە ئەسرین، بەلام تەنانەت ئەویش ئاگاداری ئەو ئەتمسفەرە بێ وێنەیەیە کە ئێمەی تێداین. ئەوین، هاوبەشێتی، شادی و ئازادی. لە بیرمدا دەپرسم تۆ کییت؟ ئەویش بیر دەکاتەوە و پرسیارەکە بە بیر دەگەرێنێتەوە و دەپرسێت. تۆ کێیت؟ جواب نادەمەوە لەبەر ئەوەی ئیتر نازانم من کێم. من چاوم لێیە چۆن فیلیپ بە ئارامی دەجوڵێت و دێت بۆ پێشەوە بەرەو ئەو شوێنەی کە من وەک پەیکەرێک وشک و بێ جوڵە تێدا وەستاوم، بەدەورمدا دەسوڕێت. کونجکۆڵانە سەیرم دەکات. چاوەکانی شەوقدەداتەوە. سەری دەخاتە سەر شانم و لە ئامێزم دەگریت. دڵم خێراتر لێدەدات. شتێکی وەهام تا ئێستا لە ژیاندا هەست پێنەکردووە. ئەمە چێیە؟ ئێمە پەیوەست بە یەکین، من و فیلیپ. بەڵام بۆ؟

تەنیا چەند دەققە پێش ئێستا من تەنیای تەنیا بووم لەم دونیادا. تەنیا و فڕێ دراو لە چارەنووسدا. بەڵام ئێستا چارەنووس و داهاتوی فیلیپ لە دەستەکانی مندایە. بەرپرس. هەستەکان وەک شەپۆلێک بە تەواوەتی دامدەپۆشن و دەلاقەی بینینی دونیای واقیعم وردوخاش دەکەن و هەموو شتەکانی دەرونم بە شێوەیێکی زۆر خۆش سەروژێر دەکەن. هەموو بۆچون و روانگەکانی من بۆ دونیای عەینی لە مندا دەسڕنەوە. ئەوەی کە پێشتر لە لام گرینگ بوو، ئێستا بێهودە دەنوێنێت. لە دەروونەوە وەک مناڵێک دەستدەکەم بە گریان و دڵەراوکێ لە دەرونمدا بە دەنگێکی بەرز ئەقیژێنێت. لەبەر ئەوەی ئەزمونەکانم وام پێدەڵێن کە خۆشییە بێ وێنەکان کورتن. من حەزدەکەم کە ئیتر ئەمە وا نەمێنێت، ئاخر ئەمە لەوە خۆشتر و بەرزترە کە بۆم قوت بچێت. ئەمە بۆی نییە کە تەواو بێت، نا... نا... نا! من ئەم وشانە وەک سرودێک لە دڵمدا دەڵێمەوە و دەیڵێمەوە. نا ئەمە بۆی نییە تەواو بێت، نا بۆی نییە... ئەمە بۆی نییە تەواو بێت نا بؤی نییە. من عەشق هەست پێدەکەم و، خۆم دەبێنم کە لەگەڵ فیلیپ باوشمان بە یەکدا کردووە.

من دەزانم هەمووی راستە و خەو نییە، خۆم دەبینم لە دوورەوە ئەم غەریبەم لە ئامێز گرتووە و لە قوڵایی دڵمەوە خۆشم دەوێت. لەو ساتەدا من دەگەرێمەوە نێو جەستەم. سەیری یەک دەکەین. شانازی، ئازادی، ئەڤین و شادی. شەپۆلی ئەو هەستە پڕاوپڕ خۆشانە بە تەواوەتی پەیتا پەیتا دەملەرزێنن. لەم ماوەدا  فیلیپ بۆ یەکەم جار خۆی دەکاتەوە و دەست دەکات بە قسە کردن بۆ من. هەموو ئەوانەی کە لە مێژە دڵم بەتەمای بیستنیان بوو لە زبانی دەبیسم. فرمێسکەکان بە گۆنامدا دەخوشێن. من هەست دەکەم کە ئینسانێکی کامیلم، کاتێک ئینسانێک جوانترین وشەکان رێک دەخات بۆ ئەوەی بەمنی بڵێت. بۆ من نەک بۆ کەسێکی تر، بەس بۆ من. من گرینگم ، من بایەخم هەیە. ئەوینێکی خاوێن و لە دەرەوەی  هەموو دۆخێک و سازانێک. فرمێسکێک و پاشان یەکی تر، ئێستا ئیتر فلیپیش هاوکات کە قسەم بۆ دەکات، دەگری. ئێمە لە ژێر بارانی فرمێسکی شادیدا لە جێژوانین. ئەمانە یانی چی؟ دەست دێنین بە دەموچاوی یەکدا و فرمێسکەکانی یەکتر دەسڕین. بەڵام زۆری فرمێسکەکان خێرا جۆگەیێک رێدەخەن. کات و فرمێسک پێکەوە دەڕۆن. هەر لێرە راوەستە.  دەچم دەسماڵێک بێنم. لە پڕ بیرم دەکەوێتەوە کە دەبێت تا دە خولەکی تر لە خوارەوە بم، لە کافەکە. بڕێک دەسماڵی کاغەزی لێدەکەمەوە بۆ خۆم و بڕێکیش بۆ فیلیپ و، دەچمەوە بۆ هۆڵی دانیشتنەوە.

ـ فیلیپ؟

هۆڵی دانیشتنەکە چۆڵە. دەچمە ژووری خەوەکە بۆ ئەوەی دەسماڵەکەی پێ بدەم، بەلام لەوێش نییە. هیچ ئاسەوارێک  لەوەی کە فیلیپ قەت لەم ماڵەی مندا بووبێت، نابیندرێت. هەستدەکەم قەتارێکی سەد تۆنی لە دڵەڕاوکێ و نیگەرانی بە سەر دڵی مندا دەڕوات و تەواوی دڵ و دەرونم پان و پلیش دەکاتەوە. تەواوی دەمارەکانی لەشم پەژارە و نیگەرانی دەهاوێنە جەستەم. هیوا بڕاو دەڕوخێم و بە عەرزدا دەدرێم. کزەی سەرما، بێدەسەڵاتی و ترس یەک لە دوای یەک دامدەگرێت. بەراستی چی روویداوە؟ هەتا هێزم تێدایە و سییەکانم هەوایان تێدایە دەقیژێنم و، بانگ لە فیلیپ دەکەم. بە زەحمەت دەتوانم هەناسە بکێشم. بانگی دەکەم جارێکی تر و جارێکی تر و...، بەڵام بێهودەیە. فیلیپ لێرە نییە. هەموو ئەوین و خۆشی و ئازادی کە تا چەند دەققە پێش هاتبووە ماڵەکەم، ئێستا رۆیشتووە، نەماوە. پەژارە، پەشێوی، دڵنەسرەوتوویی. من دەبێ نەخۆش بم. بەڕاستی چی روویدا؟ بەڵام ئەمە راستە کە فیلیپ لێرەیە و من دەبێت بیدۆزمەوە. بە پەلکوتاندن و زەحمەت لە سەر عەرزەکە هەڵدەستم و بە دوای فیلیپدا بە ناو هەموو ماڵەکەدا دەگەرێم. بەڵام فیلیپ نەماوە، ناچار لە کۆتاییدا تەسلیم دەبم.

لەشم لە عارەقەدا خوساوە و، بەردەوامە لە عارەق کردنیش. هەوڵئەدەم هزرم کۆکەمەوە، بەڵام هیچ لۆژیکێک لەوەی روویدا بەدی ناکرێت. بە خۆم دەڵێم ئارام بە، لەسەر خۆ بە، تۆ نۆرماڵی. ئەبێ جوابێک هەبێ بۆ ئەم رووداوە. حەتمەن دەبێ ببێت. دیسان تەنیایی. جارێکی تر بەتاڵی بە تەواوی توانایەوە گەڕاوەتەوە. بۆشایی... پوچی. دیسان  جۆرە کۆنەکەی فرمێسک هاتەوە سەر گۆنام.

بە هەنگاوی پڕ لە دڵەتەپێ و بێقەرارییەوە بەڕەوخوار دەبمەوە بۆ کافەکە. من نابێت باسی ئەمە بکەم، دەبێ خۆم وەک پؤڵا قورس و قایم بم و فیلیپ لە خۆمدا راگرم. هێشتا لە دەروونەوە دەگریم، کاتێک بەرانبەری کچەکە دادەنیشم.

ـ داوای لێبوردن دەکەم کە بەم بەیانییە زووە تەلەفونم بۆ کردی. سپاس بۆ ئەوەی کە هاتی.

ـ قەی ناکات. بەهەرحاڵ رۆژەکەم خراپ بوو (لەبەر خۆمەوە بۆڵاندم، بەڵام هەوڵم دا خۆم نۆرماڵ پیشان دەم)

ـ بەڵام جۆرێک دیاریت، شتێک رووی داوە؟

ـ چی؟ نا نا، هیچ رووی نەداوە. راستی تۆ شتێکت دەویست یان کارێکت بوو؟

ـ ،بەڵێ، ببورە.

چەند چرکەیێک نیگای بۆ شوێنێکی دوور دەبات و پاشان خۆی کۆ دەکاتەوە و بە بوغزێک لە گەروودا.

ـ لەبیرتە ئەو کاتەی وا من لەگەڵ هاوڕێکانم لە لەندەن بووم؟

ـ ئا، بەڵام ئێستا دەبێ دوازدە سێزدە ساڵی بەسەردا تێپەری بێت. مەبەستت چییە؟

ـ بەڵام تۆ دەبێت لە من ببوری، داوای لێبوردنت لێدەکەم. ئەوەی راستی بێت من قەت لە لەندەن نەبووم. ئەو رۆژە لە نەخۆشخانە بووم و، مناڵم لەبار دەبرد.

 

 Related image


 

 

 

گەڕان بۆ بابەت