عیرفان نوری
خاڵێکی گەورەی سەرنجراکێش و هەڵەیەکی ستراتیژی و مەعنەوی لەو چاوپێکەوتنەدا بەرچاوم کەوت و زیاد لە سێ لەسەر چواری چاوپێکەوتنەکەی داگیرکردو هەر لەسەرەتاوە بێتاقەتی کردم،... ئەوەبوو کە ئاستی پرسیارەکان و گوتار لەو چاوپێکەوتنەدا رامیارییە نەك وێژەیی.
لە پەراوێزی چاوپێکەوتنەکەی بەختیار عەلیدا
عیرفان نوری
برام کاک سیروان عەبدول چاوپێکەوتنێکی دوورو درێژی تازەی لەگەڵ رۆمانووس بەختیار عەلی لە رۆژنامەی هاوڵاتی بە چەند بەشێك بڵاوکردەوە، من دەستخۆشی لە هەموو چالاکییەکی نوێی رۆشنبیری کوردی دەکەم، چ بچوك یان گەورە بێت، چ پێکابێتی یان نا، بەڵام دەشبێت بە ئاوەزێکی چالاك و چاوێکی کراوەش شتەکان ببینین و هەڵسەنگاندمان هەبێت بۆیان، ئاوها کارو کاردنەوە دروست دەبن.
خاڵێکی گەورەی سەرنجراکێش و هەڵەیەکی ستراتیژی و مەعنەوی لەو چاوپێکەوتنەدا بەرچاوم کەوت و زیاد لە سێ لەسەر چواری چاوپێکەوتنەکەی داگیرکردو هەر لەسەرەتاوە بێتاقەتی کردم، بەڵام بڕیارمدا هەموو چاوپێکەوتنەکە بخوێنمەوە تا بزانم هەر وا دەڕوات؟ ئەوەبوو کە ئاستی پرسیارەکان و گوتار لەو چاوپێکەوتنەدا رامیارییە نەك وێژەیی، ئەمەش بە هەڵەیەکی زەقی هەردوو لا دادەنرێت، با بڵێین کاکی رۆژنامەنووس شارەزای تەکنیکی کاری ژورناڵی ئەدەبی نییە، باشە خۆ کاک بەختیار دەبوو ئاگاداری ئەو هەڵە زەقە بووایەو ئاوها بە گەرمو گوڕی ڕۆ نەچووایە بە وەڵامدانەوەی هەموو پرسیارە سیاسییەکانی کاکی رۆژنامەنووسدا، پێی بگوتایە من رۆمان نووسم نەك سیاسی، جا من ئەو پرسیارەم لا دروست بوو نازانم کاک بەختیار رۆمان نووسە یان سیاسیی؟ هزرمەندو فەیلەسوفە یان شاعیر؟ چالاکی مەدەنییە یان چاودێر؟
لای ئێمە بە داخەوە هەموو تایبەتمەندییەکان تێکەڵاو بوون و زۆرجاریش هەر لە سیاسەتە چڕ دەبنەوەو بنی قسەو سەری قسانمان هەر ئەوەیە، بڕۆن چاوپێکەوتنی نووسەرانی جیهان بخوێننەوە بزانن چۆن بە پیشەیی پرسیاری وردەکاریەکانی بواری تایبەتمەندی خۆیان لێدەکرێت وەك ئەوەی رۆژنامەنووس ئاگاداری وردو درشتی کاری نووسەرەکە بێت.
بە ڕای من ئێمە لە هەموو بوارەکانەوە مردووین، تەنانەت کەس تاقەتی ڕا دەربڕین و رەخنەنووسینیشی نەماوە، وەك ئەوەی هێندەمان خوێندبێتەوە ئیتر بێزاربووبین! کە رەخنەش دەنووسرێت بە ئەستەم وەڵامەکانمان پێشچاو دەکەوێت، ئەمەیە نهێنی ناچالاکی و پەراوێزخستنی میللەت بۆ خۆی و کێشەکانی نەتەوەی کورد، نەبوونی عەقڵییەتی کارا بۆ لە بێژنگدانی بەرهەم و بابەتەکان وا دەکات نەك قۆناغی خوێنەری ناچالاك جێبهێڵین، بەڵکو وەكو گژو گیا هەر سەر بلەقێنین بۆ هەموو بۆچوون و بابەتێك، ئیتر نازانم هۆکەی چییە؟ باوەڕناکەم خوێنەر تاقەتی خوێندنەوەی هیچ لەو بەشانەی هەبووبێت، چونکە دوێنێ و ئەمڕۆی ئێمە هەمیشە یەکسانە، داخی ئەوەش دەمکوژێت بەقەد ئەو خۆ خەریك کردنەی تاکی کورد بە باسی سیاسییەوە، خاوەنی دواکەوتووترین سیاسەت و سیاسەتمەدارین لە سەرانسەری جیهاندا.
بگرە گەر سەرنجدان دابێت لە زۆر جێگادا کاکی رۆژنامەنووس بێلایەنی خۆی لە بوارەکەی واز لێدێنێت و دەبێتە لایەنگری نووسەرو لە کۆتای زۆر پرسیاردا دەستخۆشی وەڵامەکەی لێدەکات..
باوەڕ بکەن هێشتا زۆرمان ماوە بگەینە ئاستی مەعریفی پێویست، جا نازانم کەی و لە کوێوە دەست پێدەکەین؟!