ما 1661 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

محەمەد تەها حوسێن

بەغدا لەم ڕۆمانەدا هەم ڕاستیە و هەم بەکاربردنێکى میتافۆڕیانەشە، ڕاستیە چون عەشقێکى بێ ئاکامى تیا ڕوودەدات و کۆتاییەکەشى خۆکوشتن و خنکانێکە هەرگیز جارێکى تر نابنەوە ئەو دوو پەپوولەیەى دەست لە ملانێى یەکتر بوون.

 

 

سەردەمى گریانى بەلقیس، سەردەمى گریانى هەموومان

محەمەد تەها حوسێن

لە ڕێگەى عیشقەوە دنیایەک کە بە فەلسەفەى مردن بەڕێوە چوو و بەڕێوەدەچێ خۆیمان بۆ دووبارە نمایش دەکاتەوە، عیشق ئەوەندەى مردنمان بۆ دەکاتە بابەت بۆ سەربوردەى دوو عاشق و دوو شتى تر کە دەکرێ عاشقیش نەبن بەڵام بە هەڵە یا بە ڕاست شەیدا و عەوداڵى ژیانێکى تر بن، نیو ئەوەندە ژیانمان بۆ نانەخشێنێ، جەبار جەمال غەریبیش لەم ڕۆمانە تازەیدا" سەردەمى گریانى بەلقیس" بە چەندین شێوە و چەندین دەربڕین ئەم دوو چەمکەى ژیان و مردنەمان بۆ لە عیشقدا سیناریزە دەکا.

ئەگەر چى عیشق و خۆشەویستى دوو چەمک و دوو گۆڕاو و دوو بابەتى جودان لە فیکرى سایکۆلۆژى و تەنانەت لە سایکایەترى (پزیشکى دەروونى) دا و لەم ڕۆمانەدا لە زۆر جێگادا تێکەڵاوى یەکتر بوون، بەڵام جەبار جەمال غەریب زۆر شارەزایانە کۆمەڵێک سیمبولى دەروونى و کۆمەڵایەتى و سیاسى و ئەدەبی و توراسى لە خەیاڵێکى فراوان و بە ئاگادا چنیوە، کردوونیەتە نەخشێکى جوان و زیندوو و هەر یەکەیان دەلالەتى نەک هەر ئەدەبیانە بگرە زانستیانەى خۆى لە شوێنى خۆى هەیە.

لەم ڕۆمانەدا شار وەک بابەتێکى سۆسیۆلۆژى و خەسڵەتى تاک و گرووپەکانیشیان وەک دیاردەگەلى سایکۆلۆژى وریایانە ناسێنراون، لە شارناسیى ڕۆماننووسدا سلێمانى وەک ئەو زەمەنەى یەکەم ڕووداوى تیا ڕوو دەدا تا ئەو کاتەى دوا وشەى ڕۆمان دەبێ بە قفلى داخستنى ڕووداوەکان دیمەن بە دیمەن و ساڵ بەساڵ وەک ئێمە مانان و ئەوانەش کە شایەتى ئەم زەمەنانە بوون لە وێنەى جیاجیادا بۆمان دەگوازرێتەوە، و هەولێریش بە هەمان شێوە لە هەنگاوى یەکەمى بەڵقیسەوە کە دایدەنێتە سەر ئەرزى سەیداوە و نزیک تانکیە ئاوەکەیەوە و بەرانبەر ماڵى مریەمە ڕەش تا دوا هەنگاوەکانى بەلقیس لە هەمان شوێن هەمان ئەو هەولێرەیە کە بینیومانە و لە وەسفى هەمە جۆردا وەک مێژوویەک و وەک جوگرافیایەک دێتەوە یادەوەرى و زەینى هاوشاریەکانیەوە.

نەخشاندنەوەى شوێن لە خەیاڵى ڕۆماننووسدا یەکێکە لە زەحمەتترین ئەرکەکانى نووسەر و سەرەکیترین بنەماکانى بنیاتنانى ئەم ڕەهەندەى هەرچى ڕووداوەکان هەیە لەوێ ڕوودەدەن، جەبار جەمال غەریب هەولێر و سلێمانى و بەغدامان لە سەرەتاى هەشتاکانەوە تا زیاد لە سى ساڵێک دواى ئەوە بە هەموو گۆڕانکاریەکانیانەوە بۆ دەکاتە ئەو شوێنانەى کە لە ڕاستیشدا هەر وابوون و واش گەشەیان کرد یا بە مانایەکى پێَچەوانە وێران بوون.

نەخشاندنى شوێن لە خەیاڵدا بە تایبەت گەر بتەوێ ڕۆمانى لەسەر هەڵچنى وردەکاریەکى تۆبۆگرافى و ئەتمۆسفیرناسى و شارناسى و هونەریانەى بیناسازى شار و گەڕەکى گەرەکە و زەمەنیش لەو ناسینانەدا ناچێتە دەرەوەى شوێن چون هەردووکیان لەگەڵ یەکتر و بەسەر یەکەوە و بەکاریگەرى کەسەکانى لەسەر زەوى و لەو کاتانەى تیایدا ژیاون کار لەیەکتر دەکەن.

سیمبولى بەغدا بە تێگەیشتنى من جگە لەوەى شوێنى ڕوودانى عەشقى جیاجیایە و قوتابیانى کورد لەوێ دوور لە کەس و کار و دوور لە سەرزەمینى خۆیان لێى دەخوێنن و فێر دەبن، بە کاریگەرى بێبەش بوونە هەمە جۆرەکانیان لە خۆشەویستى و عەشق و هاوڕێیەتى نێر و مێ و شتى تریشەوە دەبێتە ئەو شوێنەى هەم تیایدا عاشقەکان یەکدەگرن و هەمیش لەیەکتر جیادەبنەوە، دوو سیمبولەکەى کە نوێنەرایەتى هەولێر و سلێمانیش دەکەن لە بەغدا سەروەرى ڕەش و برش و نیانى جوان و ناسک و خنجیلانەن.

هەمیشە بەغدا بۆ ئێمە ئەو شوێنە دوورە بووە تیایدا هەستمان بە خۆشەویستى نیشتیمان و شارەکانى خۆمان و ئینجا کەسەکانمان کردووە کە مەرج نیە لە سلێمانى یا هەولێر وەک دوو سیمبولى دیکە ئەو هێزەى کێشکردنمان بۆ یەکتر هەبووبێ.

بەغدا لەم ڕۆمانەدا هەم ڕاستیە و هەم بەکاربردنێکى میتافۆڕیانەشە، ڕاستیە چون عەشقێکى بێ ئاکامى تیا ڕوودەدات و کۆتاییەکەشى خۆکوشتن و خنکانێکە هەرگیز جارێکى تر نابنەوە ئەو دوو پەپوولەیەى دەست لە ملانێى یەکتر بوون، لە پاڵ ئەوەش عاشقەکان شاهیدى جموجۆڵى ناشیانەى شۆڕشگێڕانەى قوتابیان و هەندێکیان چوونەتە نێو ئۆرگانە قەدەغە سادە دیسپلینچیەکانەوە، میتافۆڕیشە چون بەغدا هەمیشە ئەو شوێنەیە و تا ئێستاش هەر هەوە کە تیایدا هەست و سۆزى هەم سۆزدارى عاشقانە و هەم سیاسیانە و نەتەوەییمان بۆ یەکتر و بۆ کوردزەمین تیایدا جۆش دەدا.

پێموایە هەڵبژاردنى بەغدا مەدلوولێکى میتاعاشقانەشى هەیە و هەولێر و سلێمانیش وەک دوو شار بە هەمان شێوە هەم لە هەشتاکان بەیەکەوە نەگونجانێکى کولتووریان لە نێواندا بوو و پەڕیبۆوە بوارى نوکتەى نائاسایی و بەیەکتر هەڵشاخینى کۆمەڵایەتی و تەنانەت سیاسیشەوە، هەمیش لەم سەردەمەدا ئەم دوو شارە زۆر لە جاران زیاتر لەیەکتر ترازاون و کولتوورە لۆکاڵیە ناوچەییەکە لە جیاوازیە سرووشتیەکان زیاترى لەیەکتر دابڕیون و نەگونجانەکان جۆرێک لە گیانى دژکارى و زیانگەیاندن بەیەکترى لا تەشەنە پێکردوون و ئەمەش ئەنجامى ڕەفتار و هەڵسوکەوتى هەرزە عاشقە سیاسیەکانە کە سەرەتا لە بەغدا هەر لە ئامێزى یەکتر دابوون بەڵام سەرەنجام هەروەک میدیا بە نیانى دەگووت عاقڵانە خۆشەویستى نەکەى حەیاو نامووسى خۆت و کەس و کاریشت دەبەى، ئاوەهات بەسەر دێ.

ڕووداوەکانى ڕۆمان زۆربەیان شۆکاوین و تینى خۆیان لە ئینێرژى شۆکگرتووەکانەوە وەرگرتووە، یەکەم شۆک دەستدرێژی سێکسیکردنە سەر سەروەرە لە ئاودەستەکانى سینەما حەمراى هەولێردا لە سزاى ئەوەى پشتە ملى کەسێکى لە پێش خۆى بە فیچقەیەکى ئۆرگازمیانە سواخداوە، ئەم کارە لاى نەوزادى عەزەى نەجار تەنها بە حیزکردنى سەروەر تۆڵەى دەکرێتەوە، سەروەریش ڕووداوى ئاودەستەکەى بۆ دەبێتە ئەو کابووسەى نەک هەر بەشەو بەڵکو بە درێژایى ژیانى وەک مۆتەکە و تارماییەک بە دوایەوەیەتى و هەرچى دواتر دەیکات تەنانەت کەوتنە داوى خۆشەویستى نیانیش هەر لە ژێر کاریگەرى ئەو ڕووداوەدایە.

شۆکەکان چەندین شڵەژان لە کەسێتى تاک و دواتر لە دەروونى ئەودا درووست دەکەن ئەوەندە بە سانایى ناسڕێنەوە و لەبیر ناچنەوە، چجاى ئەوەى شۆکێک بێ کەسێک لە ڕووى کۆمەڵایەتیەوە هەرەس پێبێنێ و شوناس و ڕەزامەندى کولتوورى و کۆمەڵایەتى لێ زەوت بکات دەبێتە هۆى ئەوەش لە ناوەوەى خۆیدا هەڵوەشێتەوە و ئەگەر بیەوێ یا کەسانێک بیانەوێ هەڵیسێننەوە ئەوا پڕۆسێسێکى دەروون کولتوورى و دەروون کۆمەڵایەتى هەرە زەحمەتە و پێویستى بە ئۆرگانى شارەزا و عەقڵى کراوە هەیە کە لە کۆمەڵگەى ئێمەدا نین.

شۆکى دووەم لە ڕۆمانى سەردەمى بەلقیسدا ئەو عەشقە بێ پێشینەیەیە کە نێوانى بە ئاگایانەى نیان و سەروەر بەیەکەوە دەلکێنێ و تا ئەو ئاستەیان بەیەکەوە گرێدەدا دەکەونە سرووتى نەستیانەى لەیەکتر توانەوەدا، نە خۆیان و نە خەڵک و کەس و کار و نە نیشتمان و ژینگە جۆراوجۆرەکانیشیان بەلاوە گرنگ دەبێ، هەر بۆیەش هەمیشە و تا مردیشن هاوسەنگى دەروونى و جەستەیى و هەڵچوونیشیان نەهاتەوە جێى خۆى.

سەروەرێکى شۆک خواردوو کە هەمیشە جەستەى خۆى ڕەت دەکاتەوە و قبووڵى ناکا و بەر لەوەش پێیوایە ئیتر دەروونى ئەو تا ئەو ئاستە تێکشکاوە پێشبینى هەستانەوەى ئەوەندە سانا نیە، نیانى خستە ژێر کاریگەرى زمانلووسى و قسە بە توێکڵەکانى و ئەوى لە ئەزموونێکى عەشقى شۆکاوى شکستخواردووەوە گواستەوە ئەزموونێکى تر کە خۆشیان ئەنجام و کۆتاییەکەى هەر بە کۆتایى خۆیان لێکدەدەنەوە.

ڕقى سەروەر هەمیشە ئاراستەى خۆى بوو، کاریگەریی شۆکى ئاودەستەکە زیاتر لە خۆیى و لە دەرەوەى خۆى تووڕەى کرد، رۆحێکى شەڕانگێزى کپکراوى چەپاوى تیا چاند لە هى کەمالى حاجى بەکر و ئەولادەکانى ئەستوور تر، هى سەروەر بەرانبەر خۆیى و کولتوور و ژیان، هى کەمالیش بەرانبەر تەنها ئەو و نیان و ئاستە کۆمەڵایەتیەکەى سەروەر.

سەروەر لە هەوەسێکى شەهوانیانەوە لەبەرانبەر سوهێر  ڕەمزى کە لە شاشەى سینەماى (حەمرا) دەردەکەوت، کە هەر خودى (حەمرا) هێمایەکى سێکسیانەیە سپێرمەکەى بەر ملى پیاوەکەى پێشخۆى دەکەوێ و چوکە سەگبابخێوەکەى ئەم کەتنەى پێکرد، تۆڵەکەشى هەر چوکى نەگریس و شەڕانگێزێکى تر بوو بەو دەردەى برد و تووشى شۆکێکى ئەبەدى کرد، دواتر و لە کۆتاییشدا ئەم عەشقە خوا و خەڵک نەناسە لە ژوورێک سەروەر و نیانى بەیەک گەیاند بەڵام ئەمجارەیان نیان بۆ بەردەوامى پاکییە سادە ڕۆحیەکەى نەیهێشت چووک پاڵەوانى مەیدان بێ، هەر بۆیە پێموایە لە نەستى سەروەردا مادام چوک لە سەرینى ئەو و نیاندا ڕۆڵى نەبوو ئیدى با هەردووکمان ژەهر بخۆینەوە، نە ئەو بۆ کەسى تر و نە نیانیش بۆ کەسى تر بێ.

سەروەر لە مەینەتی و قورسایى ژیانێکى ناهاوسەنگەوە هەنگاو بەرەو دواڕۆژێکى گەشاوە دەنێ کە تیایدا بکەوێتە ئاستێکى تر، ئەمەیان عەقڵە هانى دەدا، سینەماى حەمڕاش بۆ خۆى کێشى دەکات و فیلمێکى میسرى کە ئەوەندەى کۆمەڵایەتیە نیو ئەوەندە سێکسى نیە غەریزەى سێکسى دەبزوێنێ و ئەزعەفولئیمان ڕەفتارێکى سێکسى لادەرى پێ دەکا، ئەمەشیان حەز و مەیلە شاراوە و چەپاوەکانیەتى پاڵیپێوەدەنێ.

هەژارى کولتوورى و نەبوونى فەرهەنگێکى سێکسى و پەروەردەیەکى هاوسەنگ لەو بوارەدا ئەوەندەى تینى عەشق دەخەنە بەر کەس ئەوەندە بە خۆشەویستى بە خێوی ناکەن، عەشق هەمیشە لە هەژاریەوە گەشە دەکات و خۆشەویستیش هەردەم زادەى دەوڵەمەندییەکى عاقڵانەیە، هەرگیز نەمانبینیوە عاقڵەکان لە خۆشەویستیدا خۆیان و ئەوانى تریان لێ ون بێ و سەرەنجام دووچارى خەمۆکى depressionى خۆشەویستى بن کە (عیشق)ە، نیانێکى بەستەزمان بەردەوام تارمایی کولتوورێکى سایکۆسس و باوکێکى تەوتەمى و پێنج براى باوککوژ و کۆمەڵگەیەکى چەپاوى بەدواوەبوو، لە بەغدا لە دەستى ئەوان دەردەچێ و دەکەوێتە دەستى خۆیى و خەڵکانى ترەوە، کە بە سەروەرى مریەمە ڕەش دەگا دوو بوونەوەرى نەدیتکۆکەى بەغدا نەدیویان لێدەردەچێ، یەکێکیان ڕزگارى دەست و چاوى تەوتەمێکى خاوەن موڵک و هەموو شت، ئەوەى تریشیان باوەمردووێکى دایک سەرلێشێواوێکى بەدبەخت.

ئەو عیشقەى سەروەر و نیان لەم ڕۆمانەى جەبار جەمال غەریبدا زۆر لایەنى ژیانى کۆمەڵایەتى و کولتوورى و ئابوورى و سیاسى کۆمەڵگەکەى خۆمان و هى بەغداشمان بۆ دەخاتە ڕوو، ئەوە بە تەنها نیان و سەروەر و سەردار و میدیا و مریەم و بەڵقیس و کەمال و مستەفا و نەوزاد و نەجم و فڵان و فیسار نین بە بەرچاومانەوە دێن و دەچن، جەبار جەمال لە درووستکردنەوەیەکى سەر لە نوێى شارەکانى بەغدا و سلێمانى و هەولێردا دەمانباتەوە نێو یادگەیەک پڕیەتى لە بۆنگەنیو و توراس و کەڵچەرى ڕزیو، پڕیەتى لە شکستى کۆمەڵایەتى و کولتوورى، لە شکستى سیاسى و شۆڕشگێڕى، لە شکستى خۆشەویستى و ئالوودەبوون بە عیشق، ئەو عاشقانەى ئالوودەى عیشق دەبن هەمیشە لە درووستکردنى خۆشەویستیدا شکستى گەورە گەورەیان خواردووە، هەروەک فڕۆید و فڕۆم و یۆنگ و فڕانکل و هیتریش دەڵێن خۆشەویستى بە هوشیاریەوە دەکرێت و ئازادانەش دەجولێ و ئەزموونێکیشە لە بیرکردنەوە و لەم ڕۆمانەشدا جەبار جەمال لەسەر زارى میدیاوە قسەیەکى کۆنى نیانمان بۆ دەگێڕێتەوە لە لاپەڕە 252 پەرەگرافى دووەمدا و دەڵێ: نیان هەمیشە وتوویەتى خۆشەویستى لە ئەزموونەوە درووست دەبێ، ئەو خێرا گیرۆدە نەبووە، ڕاستە ئەو کوڕە لە دۆزەخەوە هاتۆتەوە، دەیەوێ هاوڕێیەک بۆ گەڕانەوە پەیدا بکا.

نوێنەرى عەقڵ لە نێو هاوڕێکانى نیاندا زیاتر میدیایە و لە هەڵوێستى جیاجیادا دەردەکەوێ، مەرج نیە عەقڵ هەمیشە خۆ تەسلیمکردن بێ بە واقیعێک ئێمە لێی ڕازى نین، عەقڵ هەردەم پێماندەڵێ بە هوشیاریەوە با بجولێین نەوەک بە ئەمرى سۆز و هەڵچوونەکانمانەوە، کە وامان کرد ئیدى هەر یەکەکمان خاوەنى منێکى عاقڵى خاوەن خۆمانین و هوشیارانە دەزانین خۆشەویستى بەرەو کوێمان دەبات، چون خۆشەویستى هەمیشە هێزێکى بونیاتنەر لە پشتیەتى بەڵام عیشق بەردەوام تین و تاقەتى خۆى لە هێزى وێرانخوازیەوە وەردەگرێت.

نوێنەرەکانى عەشق نیان و سەروەرن کە بە بێهۆشیەوە دەستیان پێکردوو هەر بە بێهۆشیش لەبەر چاوان ونبوون، نیان و سەروەر هەردووکیان لە دەستەپاچەیى و جۆرێک لە نەبوونیەوە تووشى عەشق بوون، یەکەمیان نەبوونى سۆز و خۆشەویستى و ئولفەى خێزانى و زاڵبوونى پەروەردەیەکى نێرانە و ئەوەى دوومیشیان نەبوونى باوک و هۆکارەکانى ژیان و ئارامیەکى کۆمەڵگەیى کۆمەڵگەیەکى کپکراو و چەپاوى نێرانە.

نیان دەیویست بژى و بە خاوەندارێتى سەروەرەوە درێژە بە ژیان بدا، بەڵام سەروەر لە نەستێکى چەپاوى شاراوەى تاریکەوە هەم بەوە گەیشت کە هەر خەونى پێوە دەبینى و بەس و هەمیش تۆڵەى خۆى پێ لە کەڵچەرێکى نێربازانە کردەوە و بە دنیاى وت وەک خۆم ناشیرین و بێزراوتان دەکەم، ئەى ئەوە نیە ژەهرى بە نیانیش خواردەوە کە لە بنچینەدا ئەو نەیدەویست؟، ئەى ئەوە نیە خۆیان خستە ئاوەوە و بۆ هەتا هەتایە ئازیز و یار و نەیاریان سەرسام و شۆکخواردوو کرد؟.

ڕۆمانى سەردەمى گریانى بەڵقیس زۆرى ترى دەوێ لەسەرى پێدابچین چون پڕیەتى لە هێماى سایکۆلۆژى و سۆسیۆکولتوورى و کاک جەبار لە یارى سیمبولیکیانەدا زۆر جوان چنیونى، ئەگەر چى لێرە و لەوێ بەتایبەت لەبابەتى خۆشەویستى و عەشقدا تێکەڵیەک بە گوتارى عەشق و گێڕەرەوەکەوە دیارە بەڵام ئەمە جۆرێکە لە بەکاربردنێکى هەڵە کە کاک جەبارى تیادا کەمتەرخەم نیە بەقەد ئەوەى کولتوورى ئێمە و زۆربەى کولتوورە خۆرهەڵاتیەکان تێوەى گلاون و بووەتە بەشێک لە بەکاربردنەکانمان بۆ زمانى ئاخاوتن و گێڕانەوەمان.

کۆتایى ڕۆمانەکە زۆر سەرنجڕاکێشە چونکە بەلاى منەوە خۆکوشتنى دوو عاشق لە بەغدا هەر بەتەنها مەدلوولێکى عاشقانەى نیە بەقەد ئەوەى خۆکوشتنێکى کۆمەڵایەتى و کولتوورى و لە پاشان خۆکوشتنێکى سیاسیانەشە کە تا ئێستاش تێیدەکەوین و هیوادارم ڕاستى بۆچووبم و تا ئاستێک کۆمەڵێک نیشانەم پێکابێ، دەستخۆشیەکى گەرم لە هاوڕێم نووسەرى گەورە و ڕۆماننووسى بە توانا کاک جەبار جەمال غەریب دەکەم، ئەم ڕۆمانەى و کەوتنى ئاسمانەکانیش لاى من لە ئاستى ڕۆمانە بەرزە جیهانیەکانن، کاک جەبار زۆر بە وردى خەیاڵى خۆى دەچنێ و من بە سپایدەرمانەکەى ڕۆمانى کوردى ناوى دەنێم.

 Image result for ‫خیال هنر‬‎

 

    

 

گەڕان بۆ بابەت