ما 7894 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئاهەنگێک لە چەشنی مۆسیقایەکی ئارامی پڕ لە سەمایەکی پڕ لە تەنیایی. پڕ لە خەیاڵە قەدەغەکان. پڕ لە تەنیاییەکی لێواوڕێژ لە ترس و دڵەڕاوکێ و... خەون. ئەوسا بەرەبەرە جەستەی نەرمی دەکشێ و دەکشێ. کشانەکان دەبن بە ریتم و جووڵە و...ئەوسا سەما. ژوورەکە پڕدەبێ لە سەمای ئەو کچەی من دەیناسم، تۆ دەیناسی و ئەوانیش دەیناسن.

 

من کچێک دەناسم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

من کچێک دەناسم، هەم باڵابەرزە هەم باڵا کورت، هەم سوور و سپییە و هەم سەوزە، هەم چاوکاڵە و هەم چاو رەش، هەم خرپەڵەیە و هەم پەیکەر یۆنانی ئاسا و ناو قەدباریک!

ئەو کچە دراوسێی منە. رەنگە دراوسێی تۆ و ئەوانی تریش بێت. ئەو دراوسێی هەموومانە، بە پانتایی ئەم وڵاتە.

ئەو کچە هەموو رۆژێک لێرەوە تێدەپەڕێ. کە دەڕوات، لەو نیسان پاتڕۆڵەوە بگرە کە هەمیشە چوار چەکداری مڕومۆچی تیایە تا هەموو ئەو پیاوانەی لەم بەراوبەری جادەکە لەبەر دووکانەکان راوەستاون، یان بە راگوزاری تێدەپەڕن، چاوی تێدەبڕن.

ئەویش چەند ئاسان وەک ئاسکێکی هەراسان لاقی هەڵدەنگێوێ و لەتر دەدا. وەک بڵێی شۆستە ساف و لووسەکە لە گڕەبەردی بەرز و نەوی چێکرابێ.

کە تێدەپەڕێ، هەموو پیاوەکان تا دوواهەناسە هەوای پاشی ئەو هەڵدەمژن. وەها کە حەزناکەن بیدەنەوە دەرەوە،... سییەکان دەئاوسێن. چەکدارە مڕومۆچەکانیش بە بێ تەلەکانیان پەیامێک بۆ شوێنێک دەنێرن. خشە خشی بێ تەلەکە هەوا دەڕوشێنێ. گوێم، ژان دەیگرێ.

من ئاگام لێیە لەو بڵیند بڵیندانە، لە شوێنێک یەکجار بەرزتر لە باڵای چنارەکان، ئەو شوێنەی وا تێیدا ئاسمان شینتر دەنوێنێ، پۆل پۆل پەپوولە هەڵدەفڕن. پەپوولەکان بەو بەرزەوە، بەسەر سەری ئەوەوەن. ئەوان وەک پۆلە قشقڕەی ئێواران لێکدەئاڵێن، دەکشێن، نێوانیان تێدەکەوێ و پاشان دیسان کۆدەبنەوە. وێنە جۆراوجۆرەکان. پەپوولەکان لەگەڵ هەر هەنگاوێکی کچەکە چەندین نەقش درووست دەکەن. ئاسمان پێدەکەنێ.

کە دەگاتە دەرگاکەیان، بە شێنەیی دەستە ترساو و تەڕەکانی دەبا بۆ گیرفانی. کلیلە هەمیشەییەکە دەردێنێ و لە کونی قوفڵەکەدا سووڕی دەدا. دەرگاکە بە دەنگێکی ناحەز و قورس دەکرێتەوە. من قەت نەمزانی بۆ ئەو دەرگایە دەبێ وەها کۆن بێ و، وەها لاولاوەکانی هەمیشە رزیو و ژەنگاوی. دەرگایەکی قورسی رەزا گران بەو توێژاڵە رەنگانەوە لێرە و لەوێ توێ توێ هەڵیانداوە. ئەو دەرگایەی بۆنی سەدەکان دەدا.

کە ئاودیوی دەرگاکە دەکەوێ، من کە پێم وایە ئیتر لە چاوان ون بووە و خەڵکی دەبێ بگەڕێنەوە سەر کاروباری خۆیان، بە سەرسووڕمانەوە دەبینم هێشتا نیگاکان لەسەر دەرگاکە و دیوارەکانی خانووەکە قەتیس ماون وا ئەو کچەی من و تۆ و ئەوان دەیناسین، لە پشتیەوە ون بووە. جادە، نیگاکان ون ناکا. نیگاکان بە هەڵڕژاوی دەمێننەوە.بگرە ئاگام لێیە پچەپچەکان روو لە زیادبوون دەکەن، ئاخ و ئۆخەکان وەک 'با' تۆزی سەر جادە و شۆستەکان رادەماڵن، کەم نین ئەوانەی دەست بۆ خۆیان دەبەن و روو لە ئاودەستی مزگەوتەکان دەکەن. بگرە چوار چەکدارە مڕومۆچەکەیش خەیاڵێکی تووڕە دەیانباتەوە. خەیاڵێک وەک ئەو حۆریانەی وا رۆژێک بەڵێنە بیانگەنێ.

لەم ساتەدا پەپوولەکان دەگەنە سەر خانووەکە. وەک پۆلە کۆتر بەسەر سەریدا سووڕدەخۆن. کەس هەست بە بای باڵە بچووکەکانیان ناکا. 'با'کە، بۆنی جەستەی کچەکە لەسەر شەقام کۆدەکاتەوە و دەیبا لە بن باڵی پەپوولەکاندا حەشاری دەدا. لەو سەرە، ئاسمان لە جارانی شین تر دەبێ.

من، کە چی تر سۆمای چاوەکانم بڕ ناکا و ناتوانم دەرگا و دیوارەکان ببەزێنم، چاوەکانم دەقونجێنم و نیگا ـ خەیاڵ دەمباتەوە. نیگا ـ خەیاڵێکی پڕ لە دڵنیایی. پڕ لە ئەو. دڵم گوێی لە ترپەی هەنگاوەکانیەتی کە خەریکە بەسەر پلیکانەکاندا سەردەکەوێ. ئەوسا وەک هەموو پیاوەکان چاو هەڵدەبڕم بۆ پەنجەرەکەی. یەک تاقە پەنجەرە کە تەنیا ئەو خۆی دەزانێ بەرەو کوێ دەروانێ.

دڵم گوێی لێیە دەچێتە ژوورەوە. جانتا بچووکەکەی فڕی دەداتە سەر قەنەفەکەی. بە ئارامی لە کاتێکدا لەچکەکەی دادەکەنێ و دوگمەکانی مانتۆ رەشە ئەستوورەکەی بە کاوەخۆ دەکاتەوە و ئەویش فڕێ دەداتە تەنیشت جانتاکەی، بە قژی ئارەقای و جەستەی نیوە رووتەوە دادەنیشێ و پەنجە لە قژە تەپیوەکانی دەکشێنێ و دەست دەکا بە ئاڵۆزکاندنیان. چەندە ئەم حاڵەتە دەخایەنێ، نازانم. دڵم هیچ هەواڵێکی پێ نیە. پەپوولەکان هەروا خەریکی سووڕخواردنن. پەڵە هەورێکی هاوینی کە لەگەڵ خۆی تەنکە مژێکی بە ئاستەمی بە دەوری خۆیدا هێناوە، بە دیتنی پەپوولەکان بزەیەکی دێتێ و تێدەپەڕێ. هەموو شتێ چەند خەوناوییە. جگە لە شەقام.

لەو کاتەیدا سەرجادە دەگەڕێتەوە سەر دۆخی پێش تێپەڕینی ئەو کچەی وا هەموومان دەیناسین، لەو کاتەیدا چوار پیاوە تووڕەکە وازیان لە پەیامناردن بە بێ تەلەکەیان هێناوە، دڵم هەواڵێکی تر لەو خانووەکەوە دێنێ.

کچەکە بە جەستە نیوە رووت و قژە ئاڵۆزکاوەکانی هەڵدەستێ. بەرەو پەنجەرەکەی دەڕوا. لەوێ ماوەیەک رادەوەستێ و لەو شوێنەی دەڕوانێ کە تەنیا خۆی دەزانێ کوێیە. ئاگام لێیە ئەو دوورانە رەنگ دەگۆڕن. پەڵە هەورەکە بە دیتنی، رێگا بەرەو ئەوێ دەگۆڕێ. ئەوسا هەواڵە دڵاوییەکە دەڵێ کچەکە دەست دەبا و... گۆرانییە هەمیشەییەکە وەک هەمیشە ژوورەکەی دەتەنێ. ئاهەنگێک لە چەشنی مۆسیقایەکی ئارامی پڕ لە سەمایەکی پڕ لە تەنیایی. پڕ لە خەیاڵە قەدەغەکان. پڕ لە تەنیاییەکی لێواوڕێژ لە ترس و دڵەڕاوکێ و... خەون. ئەوسا بەرەبەرە جەستەی نەرمی دەکشێ و دەکشێ. کشانەکان دەبن بە ریتم و جووڵە و...ئەوسا سەما. ژوورەکە پڕدەبێ لە سەمای ئەو کچەی من دەیناسم، تۆ دەیناسی و ئەوانیش دەیناسن.

خۆشحاڵم تەنیا من ئاگام لە هەواڵەیە. بزەیەکی خۆشی دەمدەگرێ. سەیری خانووەکانی ئەوبەر دەکەم. بە خۆشییەوە کەس لەبەر هیچ پەنجەرەیەکدا نیە تا ئەو سەما سیحراوییە ببینێ. تا کتوپڕ دەبینم سەیارەی چوار پیاوە تووڕەکە بە پەلە لەبەر یەکێک لە خانووەکاندا رادەوەستن و بەهەڵەداوان خۆ بە ژوورەوەدا دەکەن،... بە پلیکانەکاندا شێتانە سەردەکەون. بیری گشتاپۆ دەکەومەوە. خەڵکی شەقامیش، لەوێ لەچاو ترووکاندنێکدا کۆدەبنەوە. هەموو دەزانن چ باسە. ئاگام لێیە یەکێک لە چوار پیاوە مڕومۆچەکە دووربین هەڵدەخا و لەوبەرەوە لە پەنجەرەی ئەو کچەی من دەیناسم دەڕوانێ. خەم و ترسێکی قووڵ دامدەگرێ. نەکا شەقام خۆ بە ژوورێدا بکا!

کتوپڕ پۆلە پەپوولەکان دەبینم. دادەبەزن و لەبەر پەنجەرەکەدا دەکەونە سەما. ئەوسا پۆل پۆل چاوەشووشەکان دادپۆشن. رنگە بزۆکەکان، پەنجەرەکە دەکەن بە گوڵستان. ئاگام لێیە پیاوە توورە دووربین بەدەستەکە لەو بەرەوە لەبەر خۆیەوە جوێندەدا. ئاگام لێیە لە بێ تەلەکەیدا باس لەو پەپوولە کافرانە دەکا وا شەیتان لە جەهەننەمەوە ناردوونی بۆ ئەوەی بێ شەرمی و بێ حەیایی لەسەرزەوی بپارێزن و پەرەی پێبدەن.

دڵم هەواڵ دەدا، سەما هەر بەردەوامە. سەمای بن دیواری پەپوولەکان. سەمای ئاسکێکی سرک و ترساو. ئەو ئاسکەی من دەیناسم تۆ دەیناسی و ئەوانیش دەیناسن.

بەڕاستی دەیناسین؟

Image result for Butterfly girl

گەڕان بۆ بابەت