سەرچاوە: ئاوێنە

 

یه‌كێك له‌و شتانه‌ی كه‌ بوونه‌ مایه‌ی سه‌رنجڕاكێشانم، ته‌كنێكی نووسینی ئه‌م رۆمانه‌یه‌. نووسه‌ر ته‌كنیكێكی زۆر جوانی به‌كارهێناوه‌، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی پشتی به‌ستووه‌ به‌ دروستكردنی رووداو، فلاشباك. ئه‌مه‌ش واده‌كات كه‌ هیچ كاتێك رێگه‌ نه‌دات خوێنه‌ر رۆمانه‌كه‌ به‌جێبهێڵێت.

 

 

له‌باره‌ی رۆمانی له‌مه‌ككه‌-ی قادر عه‌بدوڵڵاوە

ماوه‌یه‌كه‌ ناوی نووسه‌ری ئێرانی « قادر عه‌بدوڵڵا» هاتۆته‌ ناو كتێبخانه‌ی كوردییه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی پێشووشدا كۆمه‌ڵێك كتێبی ئه‌م نووسه‌ره‌ كراوه‌ته‌ كوردی ، یه‌كێك له‌و كتێبانه‌ كه‌ به‌رده‌ستم كه‌وت، رۆمانی « له‌ مه‌ككه‌» یه‌، كه‌ شه‌فیقی حاجی خدر له‌ هۆڵه‌ندییه‌وه‌ كردوویه‌تی به‌ كوردی. نایشارمه‌وه‌ رۆمانێكی جوان و سه‌رنجڕاكێش بوو، به‌ تایبه‌تی له‌ رووی ته‌كنیكی نووسینه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ كۆمه‌ڵێك سه‌رنجم له‌ باره‌یه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌ پاش خوێندنه‌وه‌ی پێمخۆشبوو چه‌ند دێڕێكی له‌باره‌وه‌ بنووسم .

ئائەردەڵان عەبدوڵا

 

ناوه‌ڕۆكی رۆمانه‌كه‌

ناوه‌ڕۆكی ئه‌م رۆمانه‌ باسی پیاوێكی ئێرانی ده‌كات كه‌ له‌ هۆڵه‌ندا ده‌ژی، ده‌یه‌وێت دایكی ببینێت، به‌ڵام ناتوانێت بچێته‌وه‌ ئێران، له‌به‌رئه‌وه‌ هاوڕێكانی پێشنیازی دوبه‌ی بۆ ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی بچێته‌ ئه‌وێ دایكه‌ پیره‌كه‌ی ببینێت. پاش ماوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ژنه‌كه‌ی ده‌چن بۆ دوبه‌ی، دایك و خوشكێكی له‌ تارانه‌وه‌ دێنه‌ دوبه‌ی، ئه‌م گه‌شت و یه‌كتر بینینه‌ش له‌ رێگه‌ی كۆمپانیایه‌كی گه‌شتیاری ئێرانیه‌وه‌ رێكده‌خرێت. نووسه‌ر له‌وێنده‌ر به‌ دایك و خوشكه‌كه‌ی شاد ده‌بێته‌وه‌، كه‌ ماوه‌یه‌كی زۆره‌ نه‌یدیون. له‌ رێگه‌ی فلاشباكیشه‌وه‌ نووسه‌ر ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تاكانی شۆڕشی ئێران و ئه‌و كاته‌ی كه‌ دژی كۆماری ئیسلامی خه‌باتی كردووه‌و باسی كار و چالاكییه‌كانی خۆی ده‌كات. له‌كاتی مانه‌وه‌یان له‌ دوبه‌ی نووسه‌ر و دایك و خوشكه‌كه‌ی بۆ ماوه‌یه‌ك به‌ناو شاره‌كه‌ و ده‌وروبه‌ریدا ده‌گه‌ڕێن و تاڕاده‌یه‌ك كاتێكی خۆش به‌سه‌ر ده‌به‌ن. پاشان سه‌ردانی كۆمه‌ڵێك ناسیاوی ئێرانی له‌و شاره‌ ده‌كه‌ن، لێره‌شه‌وه‌ نووسه‌ر ویستویه‌تی تیشك بخاته‌ سه‌ر ژیانی ئه‌و ئێرانیانه‌ی كه‌ له‌ دوبه‌ی ده‌ژین به‌ تایبه‌تی بازرگان و ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان.
هه‌موو ئه‌مانه‌ رووداوی خۆشن، به‌ڵام دوو شت ره‌وشه‌كه‌ تێكده‌ده‌ن، یه‌كه‌میان نه‌خۆشكه‌وتنی دایكی، كه‌ تووشی نه‌خۆشی « زه‌هایمه‌ر، له‌بیرچوونه‌وه‌» بووه‌، ده‌مێك واهه‌ست ده‌كات له‌ ئه‌مسته‌ردامه‌، ده‌مێكیش واهه‌ست ده‌كات هاتۆته‌ مه‌ككه‌، هه‌ر ناوی رۆمانه‌كه‌ش له‌مه‌وه‌ هاتووه‌. دووه‌مین شتی ناخۆشیش له‌ دوایین رۆژه‌كاندا، كاتێك ده‌چنه‌ سه‌ر كه‌ناری كه‌نداوی فارس، خوشكه‌كه‌ی ده‌چێته‌ ده‌ریاكه‌وه‌ و بڕیارێكی سه‌ركێشانه‌ ده‌دات و ده‌چێته‌ قووڵایی ئاوه‌كه‌ و هه‌وڵی خۆكوشتن ده‌دات. پاڵه‌وانی رۆمانه‌كه‌ له‌ كۆتاییدا ده‌چێته‌ ناو ده‌ریاكه‌وه‌، له‌ لایه‌كه‌وه‌ ده‌یه‌وێت خوشكه‌كه‌ی رزگار بكات كه‌ چۆته‌ ناو قووڵایی ده‌ریاكه‌وه‌، له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ دایكی له‌كه‌نار ده‌ریاكه‌ ده‌بینێت سه‌رمه‌ستانه‌ دانیشتووه‌، نووسه‌ر له‌نێوان ئه‌م دوو بژارده‌ قورسه‌دا گیر ده‌خوات و نازانێت كامیان هه‌ڵبژێرێت. به‌مه‌ش كۆتایی به‌ رۆمانه‌كه‌ی ده‌هێنێت.

ته‌كنیكی نووسین

یه‌كێك له‌و شتانه‌ی كه‌ بوونه‌ مایه‌ی سه‌رنجڕاكێشانم، ته‌كنێكی نووسینی ئه‌م رۆمانه‌یه‌. نووسه‌ر ته‌كنیكێكی زۆر جوانی به‌كارهێناوه‌، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی پشتی به‌ستووه‌ به‌ دروستكردنی رووداو، فلاشباك. ئه‌مه‌ش واده‌كات كه‌ هیچ كاتێك رێگه‌ نه‌دات خوێنه‌ر رۆمانه‌كه‌ به‌جێبهێڵێت، له‌ رێگه‌ی دروستكردنی رووداوه‌وه‌، وایكردووه‌ خوێنه‌ر په‌لكێشی ناو رۆمانه‌كه‌ بكات. نووسه‌ر كه‌متر پشتی به‌ مۆنۆلۆگ و دیالۆگ به‌ستووه‌، بگره‌ زیاتر هه‌وڵیداوه‌ له‌ رێگه‌ی گێڕانه‌وه‌ی رووداوه‌كانه‌وه‌، سه‌رنجی خوێنه‌ر بۆلای خۆی رابكێشێت.
قادر عه‌بدوڵڵا به‌ پێچه‌وانه‌ی مه‌حمودی ده‌وڵه‌ت ئابادییه‌وه‌، كه‌ زیاتر زمانێكی په‌خشانئامێزی هه‌یه‌ و پشت به‌ مۆنۆلۆگ ده‌به‌ستێت، به‌ڵام ئه‌م زیاتر كاری له‌سه‌ر گێڕانه‌وه‌ و روودا و كردووه‌، ئه‌مه‌ش خاڵی به‌هێزی ئه‌م نووسه‌ره‌یه‌، چونكه‌ زۆركه‌م خوێنه‌ر حه‌زی له‌ زمانی په‌خشانئامێز و شیعریی و مۆنۆلۆگ هه‌یه‌، بگره‌ خوێنه‌ر زیاتر ده‌یه‌وێت رووداوی نوێ ببینێت.

 

زاڵبوونی بیرەوەری

كاتێك ئه‌م رۆمانه‌ ده‌خوێنیته‌وه‌ هه‌ست ده‌كه‌یت بیۆگرافی كه‌سێك ده‌خوێنیته‌وه‌، نووسه‌ر له‌مه‌دا سه‌ركه‌وتووبووه‌ كه‌ بیره‌وه‌رییه‌كانی خۆی به‌كاربهێنێت و كۆشكی رۆمانه‌كه‌ی پێ به‌هێزبكات، ئه‌م رۆمانه‌ش وه‌كو هه‌ندێك له‌ رۆمانه‌كانی تری به‌تایبه‌تی خه‌تی بزماری، زیاتر قاڵبێكی بیۆگرافی به‌سه‌ریدا زاڵه‌.

دوبه‌ی
ده‌توانم بڵێم له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵی پێشوودا دوبه‌ی بۆته‌ ئه‌فسانه‌یه‌ك و زۆركه‌س هه‌وڵیداوه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر بكات، ئه‌مه‌ شتێكی باشه‌ كه‌ ئه‌ده‌بیش قسه‌ی خۆی له‌سه‌ری هه‌بێت. ئه‌م رۆمانه‌ پانتایی زۆری به‌م شوێنه‌ داوه‌ و قسه‌ی زۆری له‌سه‌ر كردووه‌، به‌ڵام له‌و باوه‌ڕه‌دام هیچ كه‌سێك هێنده‌ی ئه‌م نووسه‌ره‌ به‌ رق و كینه‌وه‌ باسی نه‌كردبێت، كاتێك ئه‌م رۆمانه‌ ده‌خوێنیته‌وه‌، بۆت ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌ نووسه‌ر رقێكی ئه‌ستووری له‌م شاره‌ هه‌یه‌.
نووسه‌ر خۆی دان به‌م راستییه‌دا ده‌نێت و ده‌ڵێت:
-
من نه‌مده‌ویست بچمه‌ « دوبه‌ی» ، ئاخر هه‌ر له‌ خۆوه‌ دژی شاره‌كه‌ بووم.ل17
دواتر جامی رقی ده‌بارێنێته‌ سه‌ر ئه‌م شاره‌ و به‌م جۆره‌ وه‌سفی ده‌كات:
-
دوبه‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ده‌ستكرده‌، كلتوورێكی ساخته‌یان هه‌یه‌، تووره‌كه‌ لمێكی بێ مێژووه‌، شوێنێكه‌ نه‌ زمان، نه‌ وێژه‌، نه‌ موزیك، نه‌ شانۆی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ نه‌ هیچ. ئه‌وێم پێ هیچ نه‌بوو، ته‌نیا خۆره‌تاوێكی گه‌رم،ل18
پاشان نووسه‌ر پێمان ده‌ڵێت كه‌ چاوی ئه‌و له‌ دوبه‌ی ته‌نها چی بینیوه‌:
-
له‌وێ قه‌حبه‌ی رووسی، ده‌وڵه‌مه‌ندی ئێرانی و عیراقی و سعودیه‌ كه‌ به‌ پاره‌ زۆروزه‌وه‌نده‌كه‌ی وڵاته‌كه‌یان له‌وێدا ڕایانده‌بوارد، به‌ڵێ له‌وێ هه‌موو ئه‌وانه‌م بینی ل 18
-
دوبه‌ی شوێنێكه‌ هه‌روه‌ك رۆژگاری فیرعه‌ونه‌كانی میسر وایه‌، كرێكاره‌كان له‌به‌ر ئه‌و خۆره‌تاوه‌ گه‌رمه‌دا، هه‌ر خه‌ریكی دروستكردنی تاوه‌ری به‌رز به‌رزن.ل59
خوا هه‌ڵناگرێت نووسه‌ر ئه‌وه‌ی خوا پێی ناخۆشه‌ به‌م شاره‌ی كردووه‌ و دواجاریش وه‌كو فارسێكی ناسیۆنالیست ده‌ڵێت:
-
خوۆ « دوبه‌ی» ش له‌ مێژووی كۆندا سه‌ر به‌ ئیمپراتۆری فارسی بووه‌، ل32
ئه‌مه‌ش خۆی له‌ خۆیدا گوزارشت له‌ لووتبه‌رزی فارسه‌ ناسیۆنالیسته‌كان ده‌كات، هه‌رچه‌نده‌ من نازانم له‌ چ قۆناغێكی مێژوویدا دوبه‌ی سه‌ر به‌ ئێران بووه‌، به‌ڵام هه‌ر جۆری قسه‌كه‌، گوزارشت له‌وه‌ ده‌كات، كه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ بڵێی: ئه‌وان زوو نۆكه‌ری ئێمه‌ بوون.

‌‌عەرەب و سعودییە

من په‌یوه‌ندی زۆرم له‌گه‌ڵ ئێرانیدا هه‌بووه‌، سه‌ره‌تا له‌ رێگه‌ی ره‌حمه‌تی باوكمه‌وه‌ وه‌كو بازرگانێك تاڕاده‌یه‌ك تێكه‌ڵی بازاڕی تاران بووم و له‌ نزیكه‌وه‌ مامه‌ڵه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌و چینه‌ گه‌وره‌و به‌هێزه‌ی ئێران كردووه‌، دواتریش كه‌ چوومه‌ ئه‌ڵمانیا، له‌ رێگه‌ی سیاسه‌ته‌وه‌ و تێكه‌ڵاویی زۆرم له‌گه‌ڵ چه‌پ و راستی ئێرانیدا په‌یداكرد، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ بۆم ده‌ركه‌وت له‌وپه‌ڕی ئیسلامیی و راسته‌وه‌ تا ئه‌وپه‌ڕی چه‌پ و عه‌لمانییان، ڕقێكی ئه‌ستووریان به‌رامبه‌ر عه‌ره‌ب به‌ گشتی و عه‌ره‌بستانی سعودیه‌ به‌تایبه‌تی هه‌یه‌. له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌و سیاسه‌ته‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ كۆماری ئیسلامی پێڕه‌وی ده‌كات، ته‌واو گوزارشت له‌ ناخی هه‌موو ئێرانییه‌ك به‌تایبه‌تی فارسه‌كان ده‌كات.
نووسه‌ریش كه‌ خۆی به‌ كه‌سێكی چه‌پ داده‌نێت، ئه‌م ڕقه‌ی ناشارێته‌وه‌. هه‌روه‌ها هه‌وڵیشیداوه‌، تیشك بخاته‌ سه‌ر ئه‌م رقه‌ ئه‌ستووره‌ی فارسه‌كان.
له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت:
-
فارسه‌كانی ئێران نایانه‌وێت هیچیان له‌گه‌ڵ عه‌ره‌به‌كاندا هه‌بێت، رق و قینی ئه‌وان رۆچۆته‌ نێو هه‌سته‌كانیان له‌ به‌رانبه‌ر عه‌ره‌بستانی سعودیه‌، هه‌موو هاونیشتمانییه‌كانم ئه‌و هه‌سته‌یان هه‌یه‌، هه‌ر له‌ پاشاوه‌ تا گه‌دا، هه‌ر له‌سه‌ركرده‌ی گه‌وره‌ی رۆحییه‌وه‌ تا مجێوری مزگه‌وت، له‌ رۆشنبیری چه‌پگه‌راوه‌و تا شاویست و ناسیۆنالیستی توندڕه‌و. ل35
پاشان نووسه‌ر له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا، هۆكاری ئه‌م رقه‌مان پێ ده‌ڵێت:
-
ئه‌مه‌ میراتێكی مێژووییه‌، هه‌رگیز ده‌ستبه‌رداربوونی نییه‌، ئه‌مه‌ش هه‌مووی له‌ چاوی ئیسلامه‌وه‌ هاتووه‌، له‌به‌رئه‌و شاڵاوی داگیركردنه‌ی عه‌ره‌به‌كان كه‌ ئێرانی كۆنیان له‌ 1400 ساڵی رابردووه‌وه‌ داگیركرد. ل35

زه‌هایمه‌ر و نه‌خۆشی پیربوون
خاڵێكی گرنگی تری سه‌رنجڕاكێش به‌لای منه‌وه‌، باسكردنی نه‌خۆشی « زه‌هایمه‌ره‌»، ئه‌م نه‌خۆشییه‌ یه‌كێكه‌ له‌ نه‌خۆشییه‌ خراپه‌كان كه‌ له‌ قۆناغی پیریدا تووشی مرۆڤ ده‌بێت، به‌راستی ئه‌مه‌ش هیچی له‌ ژێرپه‌نجه‌ كه‌متر نییه‌. نووسه‌ر زۆر به‌ باشی و زانستیانه‌ی توانیویه‌تی باسی ئه‌م نه‌خۆشییه‌ بكات، ئه‌وه‌ش له‌ رێگه‌ی دایكییه‌وه‌.
-
له‌ خوشكه‌ بچووكه‌م زانی، دایكم له‌ پڕێكه‌وه‌ تووشی داوی ده‌ردی مێشك ئاڵۆزی هاتووه‌، وای لێهاتووه‌ له‌ ماڵ ده‌رده‌چی، رێگه‌ی ماڵه‌وه‌ نازانێ بێته‌وه‌. واباشتره‌ تۆ خێرا بیبینیت، ده‌نا دواتر وای لێدێ تۆش نه‌ناسێته‌وه‌. ل17
-
دایكم له‌ نێو بۆشاییه‌كی سێ ره‌هه‌ندیدا ده‌ژیا. ئه‌و له‌یه‌ك كاتدا له‌ دوبه‌ی، له‌ ئه‌مستردام و له‌ رێگه‌ی مه‌ككه‌شدا بوو. ل117
كێشه‌ی ئه‌م نه‌خۆشییه‌ بیرچوونه‌وه‌ی كه‌سایه‌تیی و رووداوه‌كانه‌، ئه‌مه‌ش به‌ ته‌واوه‌تی ژیانی ئه‌و كه‌سه‌ تێكده‌دات، نووسه‌ریش له‌ رێگه‌ی وه‌سفكردنی ره‌وشی ته‌ندروستی دایكییه‌وه‌، زۆر به‌ جوانی خوێنه‌ر له‌م نه‌خۆشییه‌ ئاگاداركردۆته‌وه‌.

تارمایی كۆماری ئیسلامی
هه‌ر له‌سه‌ره‌تای رۆمانه‌كه‌وه‌ هه‌تاوه‌كو كۆتاییه‌كه‌ی، تارماییه‌كی گه‌وره‌ی كۆماری ئیسلامی به‌سه‌ر ئه‌م رۆمانه‌وه‌ ده‌بینین. هه‌ر زوو بۆ خوێنه‌ر ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌ نووسه‌ر كه‌سێكی دژه‌ كۆماری ئیسلامییه‌ و سه‌ر به‌ ئۆپۆزسیۆنه‌، چونكه‌ به‌چه‌پ و به‌ راست و له‌ هه‌ر شوێنێك بۆی كرابێت، دژی كۆماری ئیسلامی قسه‌ی كردووه‌. له‌ زۆر شوێنیشدا هێنده‌ به‌ زه‌قی ئه‌م دژایه‌تییه‌ی كردووه‌، كه‌ واهه‌ست ده‌كه‌یت له‌ كۆڕێكی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیدایت و نووسه‌ر خه‌ریكی وتاردانه‌.

 

كورد

نووسه‌ر له‌م رۆمانه‌یدا كه‌مێك تیشكی خستۆته‌ سه‌ر گه‌لی كورد و ناوچه‌ كوردنشینه‌كانی ئێران، به‌ تایبه‌تی له‌ سه‌ره‌تاكانی سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی ئێران و دروستبوونی جه‌نگ له‌ نێوان هێزه‌ كوردییه‌كان و هێزی فه‌رمی كۆماری ئیسلامی ئێران.
له‌مباره‌یه‌وه‌ نووسه‌ر ده‌ڵێت:
-
من وه‌كو په‌یامنێری ئه‌و رۆژنامه‌ ژێرزه‌مینییه‌، گه‌شتێكم به‌ نیو ناوچه‌ شه‌ڕه‌كانی كوردستاندا كرد، پاش چه‌ند مانگێك گه‌ڕامه‌وه‌ تاران ، له‌ پاش ئه‌و وتارانه‌ی بۆ رۆژنامه‌كه‌م نوویسبو، كتێبێكیشم به‌ناونیشانی كورده‌كان چی ده‌ڵێن، نووسی . ل22
له‌مه‌ زیاتر باسی كورد له‌ ئێران ناكات. به‌ڵام له‌و چه‌ند دێڕانه‌دا خوێنه‌ر بۆی ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌ كێشه‌یه‌ك له‌ ئێران به‌ناوی كێشه‌ی كورده‌وه‌ هه‌یه‌.

 

چه‌ند سه‌رنجێك
به‌ دڵنیاییه‌وه‌ نووسه‌ر له‌م رۆمانه‌دا كۆمه‌ڵێك مه‌سه‌له‌ی گرنگ و جوانی وروژاندووه‌، له‌ هه‌مانكاتیشدا به‌ شێوازێكی زۆر جوان و به‌رزی ئه‌ده‌بیش، رۆمانه‌كه‌ی نووسیووه‌، هه‌رئه‌مه‌ش وایكردووه‌ كه‌ سه‌رنجی خوێنه‌ر بۆلای خۆی رابكێشێت، لێ وه‌كو هه‌موو ده‌قێكی تر، ئه‌م رۆمانه‌ش له‌ كۆمه‌ڵێك خه‌وش و خاڵی لاواز خاڵی نییه‌.
یه‌كێك له‌و سه‌رنجانه‌ی كه‌ به‌ زه‌قی بۆ خوێنه‌ر ده‌رده‌كه‌وێت، زاڵبوونی هه‌ستێكی ناسیۆنالیستی و ڕق ئه‌ستووری نووسه‌ره‌ به‌رامبه‌ر به‌ عه‌ره‌ب وه‌كو نه‌ته‌وه‌و كولتوور. هه‌رچه‌نده‌ نووسه‌ر ئیدعای ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ كه‌سێكی چه‌پ و مرۆڤ دۆسته‌، به‌ڵام ئه‌ویش وه‌كو زۆربه‌ی ئێرانییه‌كان، هه‌ستێكی ناسیۆنالیستی و توندڕه‌وی به‌سه‌ریدا زاڵه‌، ئه‌مه‌ش بۆته‌ خاڵێكی لاواز بۆ ئه‌م رۆمانه‌، چونكه‌ پێش هه‌موو شتێك ئه‌ده‌ب خاوه‌نی په‌یامێكی مرۆڤ دۆستانه‌یه‌، هه‌ر نووسه‌رێكیش ئه‌م په‌یامه‌ی پێ نه‌بێت، سه‌ركه‌وتوو نابێت. هه‌روه‌ها له‌و باوه‌ڕه‌شدا نیم ئه‌م رۆمانه‌ له‌ناو گێتی عه‌ره‌بیدا، پێشوازی باشی لێبكرێت، كاتێك خوێنه‌رێكی عه‌ره‌ب ئه‌م رۆمانه‌ ده‌خوێنێته‌وه‌، یه‌كسه‌ر هه‌ست ده‌كات، كه‌ نووسه‌ر چ رق و كینه‌ییه‌كی به‌رامبه‌ر عه‌ره‌ب وه‌كو نه‌ته‌وه‌و كولتوور هه‌یه‌.
خاڵێكی تریش په‌یوه‌ندی به‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی چه‌ند روودا و چیرۆك و كه‌سایه‌تیه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ نووسه‌ر له‌ رۆمانه‌كانی تریدا باسی كردوون و لێره‌شدا دووباره‌بوونه‌ته‌وه‌، به‌ تایبه‌تی كاتێك باسی باوك و دایكی و خوشكه‌كه‌ی ده‌كات، ئه‌مه‌ش له‌ رۆمانی « خه‌تی بزمار» یدا باسیكردووه‌. هه‌میشه‌ دووباره‌ بوونه‌وه‌ش، خاڵی به‌هێزی نووسه‌ر پیشان ناده‌ن بگره‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ خاڵی لاوازی نووسه‌ر، چونكه‌ ده‌بێت هه‌میشه‌ نووسه‌ر خاوه‌نی فه‌نتازیاو خه‌یاڵ و رووداوی نوێ بێت، تاوه‌كو خوێنه‌ران باوه‌ش بۆ رۆمانه‌ نوێكانی بكه‌نه‌وه‌.
خاڵێكی تر كه‌ مایه‌ی سه‌رنجم بوو، كۆتایی رۆمانه‌كه‌یه‌، دیاره‌ زۆر نووسه‌ری مه‌زنی جیهانیش كێشه‌یان له‌ كۆتاییهێنان به‌ رۆمان هه‌بووه‌، مه‌سه‌له‌ی كۆتایی رۆمانیش، له‌رووی ته‌كنیكییه‌وه‌، خاڵێكی گرنگی رۆمانه‌، پێویسته‌ نووسه‌ر بزانێت چۆن كۆتایی به‌ رۆمانه‌كه‌ی ده‌هێنێت. من كاتێك گه‌یشتمه‌ كۆتایی رۆمانه‌كه‌، هیچ په‌یامێكی وا روونم لێ نه‌بینی. نووسه‌ر سه‌ره‌تا و ناوه‌ڕۆك و زنجیری رووداوه‌كانی زۆر باش داناوه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ كۆتاییدا ده‌زووی رووداوه‌كانی له‌ ده‌ست ده‌رده‌چێت و نازانێت چۆن كۆتایی به‌ رۆمانه‌كه‌ی بهێنێت.

 

دوا قسه‌
به‌ دڵنییایه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م رۆمانه‌ چ له‌ رووی ناوه‌ڕۆك و چ له‌ رووی ته‌كنیكه‌وه‌، شتێكی نوێ بوو بۆ من، وه‌رگێڕانی ئه‌م جۆره‌ ده‌قانه‌ش بۆ زمانی كوردی مایه‌ی پێزانین و ده‌ستخۆشییه‌، هه‌ربۆیه‌ جێگه‌ی خۆیه‌تی كه‌ ده‌ستخۆشی له‌ شه‌فیقی حاجی خدر بكه‌ین بۆ وه‌رگێرانی ئه‌م رۆمانه‌ جوانه‌ و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ ده‌خوازین.

 

سه‌رچاوه‌:
قادر عه‌بدوڵڵا. له‌ مه‌ككه‌. وه‌رگێڕانی شه‌فیقی حاجی خدر. چاپی یه‌كه‌م. چاپخانه‌ی حه‌مدی . 2018

 

گەڕان بۆ بابەت