سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

دیوانه‌كه‌م له‌ لایه‌ك داده‌نێم و داوا له‌ خودا ده‌كه‌م
ئه‌و چاكه‌یه‌م له‌گه‌ڵدا بكات
له‌ ڕۆژی له‌دایكبوونم كۆچ و باربم
داره‌بازه‌شم به‌رز بكرێته‌وه‌ ناو ڕووناكییه‌كی به‌هێز

 

18/11/1965

 

سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

ساڵه‌كان ماندوون و گۆرانی نیوه‌ گوتراون

دیوانه‌كه‌م له‌ لایه‌ك داده‌نێم و داوا له‌ خودا ده‌كه‌م

ئه‌و چاكه‌یه‌م له‌گه‌ڵدا بكات

له‌ ڕۆژی له‌دایكبوونم كۆچ و باربم

داره‌بازه‌شم به‌رز بكرێته‌وه‌ ناو ڕووناكییه‌كی به‌هێز

ئه‌فسوونێك خه‌مڵیوه‌ و میوه‌كان كۆ ده‌كه‌مه‌وه‌

لاباڵێكی مێش له‌ خۆشاویان نقووم ده‌كه‌م

ده‌ستم به‌ سینگه‌وه‌ گرت و هه‌ڵمبڕی و هه‌ڵمدا

هه‌واڵی كه‌سه‌كه‌م كه‌سه‌كانم پرسی

خۆشی له‌ خۆم ڕازی كه‌روێشكێكم نه‌شكاندووه‌ و مێشێكیشم له‌كه‌دار نه‌كردووه‌

قاچێكم له‌ ڕۆخی كه‌وتنه‌خواره‌وه داكه‌وتووه‌

ئه‌نگوستیله‌ی حیكمه‌تیش له‌ په‌نجه‌م به‌خه‌به‌ره‌ و ده‌ڵێت

ئه‌مشه‌و به‌یان زوو دێ و زیاتر له‌ جارێك بسووتێ

ده‌ڵێی یه‌كه‌م جاره‌ ژیان چه‌ترم له‌سه‌ر هه‌ڵده‌دا

دنیا سه‌ره‌تایه‌ و ساڵه‌كانیش پێڕه‌وكه‌ن

شیعرزاده‌یه‌كی به‌ خانه‌كانی خودا ڕه‌نگاوڕه‌نگ بووم

به‌ناو خه‌ڵكدا تێپه‌ڕیم
ویستم دوا وشه‌یان لێ وه‌رگرم و دوا وشه‌شم ببیستن 

ڕوخساره‌كان گرمۆڵه‌ ببوون و مردنیش به‌رده‌وام ڕووی ده‌دا

بیرم له‌ ئاسمانی به‌ با‌ران كردبووه‌وه‌‌ و هاتبووم

گولله‌ی گیربوو له ‌زمانیان ده‌ربهێنم

كووره‌ی ئه‌تۆمیش وه‌ك ده‌می بوڕكانێكی دامركاو دابخه‌م

ته‌م ڕێگاكانی گه‌مارۆ دابوو

نارنجێك بووم باران له‌ دار به‌ریدامه‌وه‌ ناو چاڵی گولله‌یه‌ك

چێڵێكی عۆڵ حه‌پۆڵ ده‌مخوات

نوێژی ئه‌ستێران چاوه‌كانی خه‌ڵك تاریكن و تاریكایی جیهانیشم له‌پێشه‌

پێویسته‌ من ئارام بم

شیعر ئه‌ندازه‌ی ئازاره‌كانی زه‌وی و بیره‌وه‌ری شوێنپێكان

كردوومت به‌ خوێنی پشتی خۆت

له‌ گۆڕستانی شادمانی ئاوێته‌ی خاكم كه‌ و پێشه‌كیم بۆ كتێبی خوداوه‌ندان

دره‌ختی بنه‌ماڵه‌ی شیعر

به‌ ژوور سه‌رمه‌وه‌ شه‌رحی حاڵه‌

 له‌ په‌لكی یه‌كه‌مدا كه‌ ته‌خته‌ڕه‌شی ڕه‌وانبێژییه‌ بنووسن ئاوێنه‌ گه‌وره‌كه‌

له‌ په‌لكی دووه‌میشدا په‌یكه‌ری سه‌ركرده‌

ده‌ڵێی یه‌كه‌م جارمه‌ چاو به‌رز ده‌كه‌مه‌وه‌ ناو ڕووناكییه‌كی به‌هێز و له‌ ئه‌ستێره‌یه‌كی نزیك ورد ده‌بمه‌وه‌

بێپه‌روایی هاتوچوونی بڵاچه‌
ئه‌و كاته‌ی ماوه‌ بۆ سبه‌ینێ

هه‌ڵقوڵانی ناخی ڕوون

بیركردنه‌وه له‌و ئازایانه‌ی ده‌بنه‌ سرووشی پێشبینی‌
گه‌شه‌ده‌كه‌ن

به‌م شێوه‌یه‌ له‌ له‌شێكدا ڕه‌نگ و ڕووم كرایه‌وه‌

زه‌وی به‌ هێمای په‌نجه‌ گه‌رم بوو

ڕه‌ش  و سپی ڕه‌نگی ته‌واون و له‌ چاڵی گولله‌یه‌ك

ڕستی بینینیان تێكپه‌ڕی و مه‌ترسیی دڕه‌نده‌ی تاهه‌تایییان تێپه‌ڕاند

شیعر كردنی به‌ ئاو و خۆڵ و ئاگر و با و خه‌ون

پاراو و ئاشكرا له‌ خوێنمدا

هه‌ناسه‌یان له‌سه‌رخۆ خوارده‌وه‌ و ئه‌ویان بینی كه‌ ده‌یانه‌وێ

                        *          *          *

ده‌نگێك له‌ ساكاریی توانیم به‌م جۆره‌ بژیم و كۆششی زاڵه‌وه‌

قردێله‌ی په‌یام و بانگه‌وازی له‌ سینگی دام

له‌ ماته‌می بلیمه‌تان بگه‌ڕێوه‌

خانه‌ی شاكاره‌كانی خودا ڕژاوه‌ته‌ خانه‌كانته‌وه‌

خوێنت به‌ره‌و سووربوون ده‌ڕوا و ڕاڕایی پاك ده‌كاته‌وه‌

ده‌شزانم له‌ناو چاڵی گولله‌دا ده‌بێ چی بكه‌م

به‌و گۆزه‌یه‌ بگه‌م كه‌ لێی ده‌گه‌ڕام

گای ورووژاو به‌ نووكه‌ قۆچێك تووڕیی دابووه‌ لاڕێ

                        *          *          *

شیعره‌كانم دڵسۆزمن و ژیانی له‌وه‌ باشتر ناژین

داواشم له‌ خاڵبه‌ندی كردوووه‌ واز له‌ ڕاوه‌دوونانی ڕسته‌ بێنێت

ئێستا هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م له‌سه‌ره‌

له‌ نائومێدی نه‌ترسم و بشزانم هه‌وێنی ئاسووده‌یی نامه‌یی

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت