محەمەد نەبى

ئەم کتێبە وێنەیەکى گشتگیرمان نیشان دەدات دەربارەى خوێندنەوە، بەو واتایەى هەموو رەهەندەکانى خوێندنەوە دەخاتە بەر باس و لێوردبوونەوە، لە رێى ئەم کتێبەوە فێردەبین بخوێنینەوە بە شێوەیەکى تەندرووست، وە بەرهەمى ئەم خوێندنەوەیەش لە ژیانى خۆمان لە واقیعدا پراکتیزە بکەین.

 

 

 

رانانێک بۆ کتێبى (بەکولتوورکردنى خوێندنەوە)

 

(کتێب پەنجەرەیەکە تێیدا تەماشاى جیهان دەکرێت)

پەندێکى فەرەنسى

(پێم بڵێ چى دەخوێنیتەوە، تا پێت بڵێم تۆ کێیت)

ئیمانوێل کانت.

 

(بە کولتوورکردنى خوێندنەوە) کتێبێکى چیرۆکنووس ( حەمە فەریق حەسەن)ە، دەزگاى ئاراس لە ساڵى 2011 چاپ و بڵاوى کردووەتەوە، ئەم کتێبە بە گشتى باسى خوێندنەوە دەکات؛ کتێبێکە دەربارەى: مێژووى خوێندنەوە، گرنگیى خوێندنەوە، کاریگەرییەکانى خوێندنەوە، چۆنییەتیى و چییەتیى خوێندنەوە، کاریگەریى خوێندنەوە لەسەر تاک و کۆمەڵ، کاریگەریى لەسەر پەروەردەکردنى منداڵ، هەوڵدان بۆ بەکلتورکردنى خوێندنەوە، گیروگرفتەکانى بەردەم خوێندنەوە، خوێندنەوە لە کۆمەڵگاى کوردى،...چەندین لایەنى ترى خوێندنەوە لەم کتێبە خراونەتە بەرباس، کە هەوڵەدەین تیشک بخەینە سەر ئەو لایەنانەو بیانخەینە روو:

لە رێى خوێندنەوەى ئەم کتێبەوە، خوێنەر تێدەگات کە خوێندنەوە یەکێکە لە هۆکارە کاریگەرەکانى پێشکەوتنى هەر وڵاتێک و رۆڵى لە بیناکردنى کۆمەڵگایەکى تەندروستء درووستبوونى تاکێکى هۆشیاردا هەیە، بە واتایەکیتر: ئەوەى کۆمەڵگایەک پێشدەخات هەر لایەنى بازرگانى و پەیوەندییە سیاسییە نێودەوڵەتییەکان نین، بەڵکو بونیادى پێشکەوتنى کۆمەڵگا بەستراوەتەوە بە ئاستى هۆشیاری تاکەکان، لە رێى کتێبەوە ئێمە ئەزموونى خۆمان دەوڵەمەندتر دەکەین و تام و چێژى زۆر وەردەگرین، خوێندنەوە فێرمان دەکات هەر تەنیا ئەو ژیانە بوونى نییە کە ئێمە تێیدا دەژین، وە هەر ئەو بیرکردنەوەیە راست نییە کە (من) هەمە، بەڵکو جگە لەم ژیانە، جگە لە نەتەوەى خۆم، جگە لە کلتورو تێڕوانینى خۆم، کلتوورى دى و بیرکردنەوەى دىء روانینى دى و نەتەوەى دیکە هەن، ئەمەش فێرمان دەکات کە لەناو خۆماندا گیر نەخۆین و لەهەمو پرس و باروودۆخەکان هەر خۆمان پێ راست نەبێت، وەک بۆقى ناو بیرەکەمان لێنەیەت وابزانین ژیان و دونیاء زانین هەر ئەوەیە کە ئێمە ئەیبینین. بۆقى ناو بیرەکە حەکایەتێکى کۆنە: ( دەگێڕنەوە دەڵێن: بۆقێک لەناو بیرێک دەژیا، زۆر دڵخۆش بوو بەوەى واى دەزانى ژیانء دونیا هەر ئەوەن کە ئەم تیاى دەژیت، رۆژێک کیسەڵێکى دەریایى رێى دەکەوێتە لاى بۆقەکە، بۆقەکە لاى کیسەڵەکە زۆر شانازى بەم ژیانەىخۆیەوە دەکاتء لاف گەزاف و تەکەبور بەسەر کیسەڵەکەوە دەکات، دەڵێ: من لێرە خاوەن هەموو شتێکمء بە ئارەزووى خۆم باز دەدەم لەملا بۆ ئەولاء لەم سەرى بیرەکە بۆ ئەوسەرى، بە ئازادى دێمء دەچم ء ئازادییەکەم بێ سنوورە، ئیتر کیسەڵیش دەست دەکات بە باسکردنى ژیانء دونیاى خۆى. دەڵێ: بۆقى ئازیز! من لە دەریا دەژیم، دەریا وەک ئەم بیرەى تۆ نییە تەسکء بێ مەودا، بەڵکو دەریا بێ سنوورە، چەندین بوونەوەرى جیاوازء رەنگاو رەنگ ء چەندین خۆراکى خۆش خۆشى لێیە، چەندین دەنگء ئاوازى دڵڕفێنت دێتە گوێ، چەند بڕۆى تەواو نابێ، دەڵێ بۆقى بەستەزمان! تۆ وەک دیلێک وایت لەناو ئەو بیرەدا جگە لەخۆت نە بوونەوەرى ترء نە ژیانى ترو دونیاى رەنگاورەنگ نابینیت، ئیتر بۆق خەم دایدەگرێتء ئەوسا هەست بە دیلییەتىء تراژیدیاى ژیانى دەکات!) تۆ بڵێى بەم چەشنە ژیانى ئێمە چیى لە ژیانى بۆقى ناو بیرەکە زیاتر بێ؟! بۆیە خوێندنەوە وا دەکات ژیان لە فۆرمە گەردوونى(یونیڤێرسال)یەکەیدا ببینین، بزانین لە دونیادا بیرکردنەوەء ژیانء عەقڵى پێشکەوتووتر هەن، ئەزموونى دەوڵەمەندتر هەن، خوێندنەوە ئاسۆى بیرکردنەوەمان فراوان دەکات، وا دەکات بتوانین لە ژیاندا پشت بەخۆمان ببەستین، ببینە خاوەنى خۆمان، بتوانین لە بارودۆخە چارەنوسسازەکان بریارى گونجاو و تەندروست بدەین، نەبینە دیل و کۆیلەى کەس، بتوانین لە ژیاندا باشترینەکان هەڵبژێرین: هەموو ئەمانەى سەرەوەش لەم کتێبەدا خراونەتە روو.

ئەم کتێبە وێنەیەکى گشتگیرمان نیشان دەدات دەربارەى خوێندنەوە، بەو واتایەى هەموو رەهەندەکانى خوێندنەوە دەخاتە بەر باس و لێوردبوونەوە، لە رێى ئەم کتێبەوە فێردەبین بخوێنینەوە بە شێوەیەکى تەندرووست، وە بەرهەمى ئەم خوێندنەوەیەش لە ژیانى خۆمان لە واقیعدا پراکتیزە بکەین، واتە بتوانین ئەوەى خوێندوومانەتەوە لە هەل و مەرج و باروودۆخە جیاوازەکانى ژیانى خۆمان بەکاریان بهێین و سودیان لێوەرگرین، بەواتایەکى تر بەرهەمى بهێنینەوە.

ئەم کتێبە دەرى دەخا کە هۆکارى دواکەوتوویى کۆمەڵگەى کوردى و ناتەندرووستى لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، دەگەڕێتەوە بۆ لاوازیى ئاستى هۆشیاریى تاکەکان، ئەم هۆشیارییەش لەرێى خوێندنەوەوە مەیسەر دەبێت، بەڵام کۆمەڵگەى کوردى کۆمەڵگەیەکى نەخوێنەرەوەیە، خوێندنەوە نەبۆتە کلتور،  واتە تاکەکان ناخوێننەوە، بەمەش تواناى بیرکردنەوەیان لە ئاستێکى نزم دا دەبێت، لەناو کلتورى بازاڕى دا نارەسەندەبن...نوسەر هۆکارى ئەم نەخوێندنەوەیە دەگەڕێنێتەوە بۆ کۆمەڵێک کەس و دەزگاى بەرپرس، لەوانە: سیستەمى پەروەردە و خێزان و مامۆستاو وەزارەتى رۆشنبیرى و دەزگاکانى راگەیاندن و...هتد. بۆ نمونە لە قوتابخانەدا قوتابى هەر تەنها فێرى وانەیەک دەکرێت کە زۆر بە کەمى پەیوەندى بە ژیانى خۆی و واقیعى ژیانى گشتییەوە هەیە، هیچ قوتابییەک لە کاتى هەر کێشەو رووداوێکى نەخوازراو نەیتوانیوە سود لەو زانستە وەرگرێت کە لە قوتابخانەدا فێرى دەبێ، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ خراپى سیستەم کە قوتابییەکە بەرهەم دێنێوەک تووتى شتەکان ئەزبەر( دەرخ) دەکات لە جیاتى فێریان ببێ و بیانزانێت، ئەم دەرخکردنەش هەر زوو لەبیر دەچێتەوە و کاریگەریى نامێنێت.

بۆیە نووسەر لە کێبەکەدا پێشنیارى ئەوە دەکات کە ئەم دەزگایانە بە رۆڵ و بەرپرسیارییەتى خۆیان هەڵسن و گرنگى بە خوێندنەوە بدەن، ئەمەش بە هاندان و کردنەوەى کتێبخانە و پێشانگاى کتێب و...هتد.

نوسەر باسى کۆمەڵگەى ئەوروپیش دەکات بەوەى خوێندنەوە بووە بە کلتوور، هەر بۆیەش لەرووى هۆشیارییەوە توانیویانە خۆیان بەروە پێش ببەن و زانین(مەعریفە)و  داهێنان بەرهەم بهێنن و دابهێنن. بۆ نمونە: نووسەر باس دەکات کە لە وڵاتى سوید دا خێزانەکان رۆژانى پشوو دەستى منداڵەکانیان دەگرن و دەچنە کتێبخانە و کتێبیان بۆ دەکڕن، وە لە کتێبخانەشدا هەموو جۆرەکانى کتێب دەستدەکەون و شوێنى تایبەتیش بۆ کتێبى منداڵان تەرخان دەکرێت و هاوکات لەهەموو گەڕەکەکانى شار کتێبخانە هەیە، کەچى ئەمە لاى ئێمەى کورد بەدى ناکرێت و دایکان و باوکان کەمتەرخەمن لە هاندانى مناڵانیان بۆ خوێندنەوە، هەروەها مامۆستایانیش هەر تەرکیز لە دەرخکردنى تووتى ئاسا دەکەنەوە، هاوکات نەک لە هەموو گەڕەکەکاندا کتێبخانە نییە، بەڵکو لە تەواوى شاردا کتێبخانەیەکى باش بوونى نییە.

هەروەها دەردەکەوێت کە تەکنەلۆژیا بەتایبەتیش تەلەڤزیۆن و ئینتەرنێت رۆڵێکى خراپ دەگیرَِن لە هەمبەر کردەى خوێندنەوەدا، بەوەى تاکەکان کاتى خۆیان زۆر لە سەیرکردنى تیڤى بەسەر دەبەن و چاوەکانیان بوونەتە دیلى شاشەکان، تیڤییەکانیش سەرچاوەى زانین نین، بە پێچەوانەوە لە کوردستاندا کەناڵەکان کولتوورێکى خراپ و ناڕەسەنیان بەرهەمهێناوە نەک کلتورى جوان و رەسەن.

هەروەها ئەم کتێبە خوێنەر فێرى چۆنییەتى خوێندنەوش دەکات و چەندین جۆرى خوێندنەوە دەخاتە روو. بۆ نموونە: خوێندنەوەى خێرا، خوێندنەوەى بێدەنگ، خوێندنەوەى دەنگدار، کە وەک نووسەر ئاماژەى پێدەکات خوێندنەوەى بێدەنگ بەرهەمى زیاترە، چونکە خوێنەر زەینى خۆى بەکاردێنێت و لەگەڵ خوێندنەوەدا بیر دەکاتەوەو باشتر هەزمى بابەتەکەش دەکات.

وە لە کۆتاییدا نووسەر چەند پێشنیارێک دەخاتە روو بۆ بەرزرکردنەوەى ئاستى خوێندنەوەو بە کلتووربوونى خوێندنەوە. بۆ نموونە:

1_ کەناڵەکانى راگەیاندن هەوڵدەن چەند خولەکێک تەرخان بکەن بۆ بەرنامەى تایبەت بەم بوارەو کتێب لاى بینەران شیرین و خۆشەویست بکات.

2_ کردنەوەى کتێبخانە لە گشت گەرەکەکانى شاردا.

3_کتێب و کۆوارەکان و بڵاوکراوەکان بگەیەنرێنە هەموو قەزاو ناحییەکان.

4_دەکرێت کتێب و نووسراوەکان لەسەر سیدى و میمۆرى بخوێرێنەوە..

5_ کردنەوەى کتێبخانە لە هەموو دام و دەزگاو فەرمانگەکانى وڵات.

6_نووسینى رەخنەیى دەربارەى کتێبەکان واتە شیکردنەوەو هەڵسەنگاندنى کتێبەکان و ناساندنیان بە خوێنەر.

7_ دەزگاکانى چاپ و پەخش هەوڵدەن کتێب لاى هاونیشتیمانیان خۆشەویست بکەن و زیاتر ئاشناى کتێبیان بکەن.

8_ پێویستە لە قوتابخانەدا مامۆستایان هانى قوتابیان بدەن بۆ خوێندنەوەء هاوکات کردنى بە پرۆگۆامى خوێندن.

دەرئەنجام:

خوێندنەوە کلیلى کردنەوەى دەرگاداخراوەکانى عەقڵء زانینە، بۆ ئەوەى شوێنى خۆمان لە ئاستى پێشکەوتنەکانى دونیا ببینینەوە دەبێت بخوێنینەوە، هەروەها خوێندنەوە کۆمەڵگایەکى تەندروست و عەقڵى تەندروست بەرهەم دێنێت، لە هەر وڵاتێک خوێندنەوە نەبێتە کلتور ئەوا ئەم کۆمەڵگایە خۆى لەبەردەم چەندین کێشەدا ئەبینێتەوەو ئەستەمە بشتوانێ چارەسەرى ئەم کێشانە بکات، هەروەها لە ئاستى تاکەکەسیش خوێندنەوە تاکێکى هۆشیار درووستدەکات کە تواناى بڕیاردانى لە ژیانى خۆیدا هەبێت و متمانە بەخۆى بکات و پشت بە خۆى ببەستێت، وە بتوانێ ژیانێکى پڕ واتا و شەرەفمەندانە بژیێت. هەروەها دەرئەنجامێکى تر کە لەم کتێبەدا پێى بگەین ئەوەیە کە ئێمە میللەتێکین زۆر کەم دەخوێنینەوە، چارەنوسى خوێندنەوە لە کۆمەڵگاى ئێمە نادیارە، ئێمە میللەتێکین هێشتا گرنگى بە خوێندنەوە نادەین، منداڵەکانمان فێرى خوێندنەوە ناکەین، لەمەشدا دایک و باوک و سیستەمى پەروەردەو مامۆستاو دەزگاکانى راگەیاندن و وەزراەتى رۆشنبیرى و ....هتد بەر پرسیارن. بۆیە پێویستە لەسەر هەموومان هەوڵدەین بۆ:

 

( بە کولتوورکردنى خوێندنەوە).

گەڕان بۆ بابەت