ما 6813 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

گۆڕستانی خوداکان لە شوێنێکن لە ناو میتافیزیادا. گۆڕستانە میتافیزیاکان بە گۆڕە میتافیزییەکان و فرمێسکە میتافیزیاکانەوە. ئەو خودایانەی چارەنووسیان لەگەڵ چارەنووسی کات و مرۆڤە. ئەو خودایانەی ئەوانیش ناتوانن مەرگ ببەزێنن.

خوداکانیش دەمرن!

فەڕۆخ نێعمەتپوور

بە درێژایی مێژوو، کۆمەڵگاکان خاوەن خودا جۆراوجۆرەکان بوونە. بۆ وێنە سەیری یۆنانی کەونارا بکە کە خاوەن چەندین خودا بوون. ئەو خودایانەی کە هەر کام پانتاییەکیان لە گەردوون و لە بوون داگیرکردبوو و لەو پانتاییەدا ئەوان بوون خوڵقێنەر و بڕیاردەربوون. یان لە میسری کۆن و میزۆپۆتامیا. یۆنانییەکان خاوەنی دوانزە خودا بوون.

هەر بەو شێوازە مێژوو پێمان دەڵێ ئایینەکان و هەر بەو رادەیەیش خواکان گۆڕانیان بەسەردا هاتووە. رەنگە هەنووکە لە یۆنان، میسر یان میزۆپۆتامیا ئیتر هیچ باوەڕێک بەو خودایانەی قەدیم نەمابێ و ئەوەی جێگرەوەی ئەوانە ئایینە تاک خوداییەکانە. وەک ئایینەکانی ئیسلام و مەسیحیەت و یەهوودی.

هەر بەو رادەیەی مێژوو پێمان دەڵێ ئایینەکان و خوداکان هاتن و رۆیشتن، هەر بەو رادەیەیش دەبێ چاوەڕوانی ئەوە بین ئایین و خوداکانی هەنووکەیش کاتی بن و سەردەمانێک ئاسەواریان نەمێنێ. کەواتە ئایین و خوداکان وتەزای مێژوویین و لە رەوتی مێژوودا بەرگ و شێواز دەگۆڕن و دەتوانن ئایین و خودای دیکە جێگایان بگرێتەوە. بە واتایەکی تر، وتەزای مێژوویی بوون بەو مانایەن کە سەردەمانێک لەدایک دەبن و سەردەمانێکی تر دەمرن.

بۆ ئەوەی زیاتر لەم راستییە بگەین تەنیا پێویستە بۆ وێنە خۆمان بخەینە جێگای کەسێکی باوەڕمەند بە خوداکانی یۆنانی کۆن. ئەو کاتەی ئەو پێی وابوو هەتاهەتایە بۆ وێنە 'ئاپۆلۆن' خودای رۆشنایی و موسیقا دەمێنێتەوە و لەناو ناچێ. بەڵام تەنیا چەند سەدەیەک دوواتر بە هاتنی ئایینی مەسیح لەناو چوو و نەما. جا هەر بەو رادەیەیش دەکرێ گۆڕان بە سەر چلۆنایەتی خوداکانی ئەم سەردەمەیش دا بێت.

بەڵام مرۆڤ کاتێ دەمرێ ئەوا خودی مرۆڤ دەینێژێ. تۆ بڵێی کاتێک خوداکان دەمرن، کێ بیانێژێ؟ تۆ بڵێی گۆڕی خودامردووەکان لە کوێ بن؟

بێگومان هەبوونی خوداکان بە باوەڕی مرۆڤەوە بەستراونەتەوە. کاتێک مرۆڤ باوەڕی پێیان نامێنێ ئەوا ئەوانیش ون دەبن و دەمرن. بەڵام ئەوە مرۆڤ نیە ئەوان دەنێژێ، بەڵکو رەنگە خۆیان بن کە خۆیان دەنێژن. گۆڕستانی خوداکان کە دەستکردی خوداکانە و تەنیا خوداکان بەسەریان دەکەنەوە. ئەو خودایانەی رەنگە فرمێسکیش بە سەر یەکتردا بڕێژن، چونکە ئەوانیش وەک مرۆڤ دەزانن کە رۆژێک لە رۆژەکان بۆ خۆشیان دەمرن و ژیانیش بۆ ئەوان، سەرەڕای درێژبوونی، ئەبەدی نیە.

گۆڕستانی خوداکان لە شوێنێکن لە ناو میتافیزیادا. گۆڕستانە میتافیزیاکان بە گۆڕە میتافیزییەکان و فرمێسکە میتافیزیاکانەوە. ئەو خودایانەی چارەنووسیان لەگەڵ چارەنووسی کات و مرۆڤە. ئەو خودایانەی ئەوانیش ناتوانن مەرگ ببەزێنن.

گەڕان بۆ بابەت