فەڕۆخ نێعمەتپوور
ئەگەر ئەم ئیزنەیش هەبێ مانای ئەوەیە هیچ مرۆڤێک ناتوانێ تا سەر پێی وابێ بیروباوەڕەکەی بێ خەوش و بێ عەیبە ئەگەرچی بیروباوەڕەکەی پشت ئەستور بێ بە گەورەترین فیلسووفەکان و بە بەهێزترین ئایینەکان. لە راستیدا توانای ئەقڵیی و رەخنەیی مرۆڤ وەهایە کە دەتوانێ نیشانەی پرسیار بخاتە سەر هەر چەشنە بیروباوەڕێک و لەگەڵ پرسیار و کێشەی گرینگ رووبەڕووی بکاتەوە.
کاتێک نادڵنیا دەبین
فەڕۆخ نێعمەتپوور
وەک چۆن حەز بە خۆشگوزەرانی و ئاشتی دەتوانن دوو تایبەتمەندیی مرۆڤ بن، دڵنیایی و متمانە تایبەتمەندییەکی تری ئەون. بەڵام دڵنیایی و متمانە تەنیا بواری ژیانی رۆژانە و پێداویستییە مادییەکان ناگرێتەوە، بەڵکو هەڵدەداتە بەشی بیروباوەڕیش. واتە مرۆڤەکان بەگشتی حەزدەکەن هەمیشە دڵنیابن لەوەی بیروباوەڕیان پێی هەیە وەک راستیی حاشاهەڵنەگر لە قەڵەمی بدەن و کەس گومانی لێ نەکا. متمانە و دڵنیایی لە بواری بیروباوەڕدا کەمتر نیە لە دڵنیایی و متمانە لە بواری ژیانی ماددی و رۆژانەدا، بەڵام کێشە لەوەدایە دڵنیایی و متمانەی مرۆڤەکان دەکەوێتە گێژاوەوە و شەپۆلی دڵەڕاوکێ و نادڵنیایی لێی دەئاڵێ و لە گەڵ خۆی دەیبا! ئەمەیش لە لایەن ئەو کەسانەوە سەرهەڵدەدات وا بە شێوازێکی تر بیردەکەنەوە و خاوەن روانگەی ترن.
'جان ستوارت میل' لە کتێبی 'سەبارەت بە ئازادی'دا دەڵێ "دڵنیایی مرۆڤ تا سەر نیە، ئەمە بە توش کێشەوە دەبێ کاتێک مرۆڤی تر پەیدادەبن و بە بۆچوونی تر ئەم دڵنیاییە دەخەنە بەر گومانەوە."
لێرەوە ئیتر نادڵنیایی و بێ متمانەیی سەرهەڵدەات و مرۆڤ لە قاوغی ئارامیی خۆی فڕێ دەدرێتە دەرەوە.
ئەگەر مرۆڤ ئیزنی هەبێ و یاسا و نەریت دەرفەتی بدا ئەوا هەمیشە دەتوانێ هەموو بیروباوەڕێک بداتە بەر رەخنە و راستی و دروستیی موتڵەقی بخاتە ژێر پرسیارەوە. ئەگەر ئەم ئیزنەیش هەبێ مانای ئەوەیە هیچ مرۆڤێک ناتوانێ تا سەر پێی وابێ بیروباوەڕەکەی بێ خەوش و بێ عەیبە ئەگەرچی بیروباوەڕەکەی پشت ئەستور بێ بە گەورەترین فیلسووفەکان و بە بەهێزترین ئایینەکان. لە راستیدا توانای ئەقڵیی و رەخنەیی مرۆڤ وەهایە کە دەتوانێ نیشانەی پرسیار بخاتە سەر هەر چەشنە بیروباوەڕێک و لەگەڵ پرسیار و کێشەی گرینگ رووبەڕووی بکاتەوە.
بەڵام مرۆڤ بۆ ئەوەی دڵنیایی و متمانەی نەکەوێتە ژێر پرسیارەوە، چی دەکا؟ بە گشتی دەکرێ دوو رێگا بگرێتە بەر: یەکەم، دەرفەت نەدان بە کەسی بەرامبەر بۆ رەخنەگرتن (لە رێگای ترساندن، تۆقاندن و دەرکردنی یاسای قەدەغە و هەروەها هەڕەشەی کوشتن و زیندانی کردن)، دووهەم، لە رێگای دامەزراندنی سیستمێکەوە کە تێیدا تەنیا یەک حەقیقەت بەرجەستە و موتڵەق بکرێتەوە و هەموو دام و دەزگا رێکلامەیی و پەروەردە و خوێندنیش بچنە پشت ئەم هەڵوێستەوە. بەڵام کێشەی مرۆڤ ئەوەیە وەها هەڵوێستیکیش ناتوانێ دڵنیایی و متمانە ببەخشێ. چونکە بیرێک دەتوانێ خاوەن متمانەیی و دڵنیایی بێ کە بتوانێ بەردەوام لە بەرامبەر ئەو رەخنانەی لێی دەگیردرێ، وەڵامی هەبێ، خۆی نوێ بکاتەوە و سەرلەنوێ خۆی لە مەحەک بداتەوە. لە راستیدا هەر بیروباوەڕێک نەتوانێ بکەوێتەوە وەها دۆخێکی دیالۆگەوە ناتوانێ سەقامگیر بێت و داهاتوو بۆ خۆی دەستەبەربکا.
کەواتە بە گشتی بیروباوەڕەکان مەحکوومن بەوەی لە هەڵس و کەوتێکی بەردەوام و هاوسەنگدا بن لەگەڵ دژبەر و رەخنەگرەکانی خۆیاندا و، دەبێ ئەو دەرفەتە بخوڵقێنن بخرێنە بەر هەڵسەنگاندنەوە.
ئەمە بەو ئاکامەمان دەگەیەنێ لە راستیدا دڵنیایی و متمانە دوو خاڵی سەرەکیی بیروباوەڕ نین، ئەوەندەی دیالۆگ و قسەوباسی بەردەوام پێناسەی سەرەکیی ئەوانن.
رەنگە لێرەدا ئەو پرسیارە بێتە ئاراوە کەواتە گەر مرۆڤ نەتوانێ سەبارەت بە بیروباوڕەکانی خۆی دڵنیابێت چۆن دەتوانێ لە ژیانی رۆژانەدا پێڕەویان بکات و بە گوێرەی ئەوان سترۆکتۆر بە ژیان و رێبازی خۆی بدات؟ ئەمە پرسیارێکی قورس و گرینگە. لە وەڵامدا دەتوانین بڵێین تا ئەو جێگای بیروباوەڕێک دەتوانێ وەڵامی مەعقول و خاوەن بنەمای بۆ رەخنە هەبێ ئەوا دەتوانێ خاوەن متمانە بێت و هەڵگرەکەی رەچاوی بکا، بەڵام لەو شوێنەیدا دەکەوێتە حاڵەتێکی پێچەوانەی ئەمەوە، ئەوا شوێنی لەق دەبێ. بەڵام ئەزموون نیشانی داوە مرۆڤەکان ئەوەندی لە رووی بیروباوەڕەوە هەڵس و کەوت دەکەن، کەمتر گوێ دەدەنە رەخنەکان. وەک بڵیی دەکرێ سەرەڕای کەم و کوڕییەکانیش بەردەوام لە بیروباوەڕەکان کەڵک وەربگرین و بیانکەین بە پێوەری سەرەکیی پێناسەی خۆمان. ئەمە بە تایبەت لە کۆمەڵگا دوواکەوتوو و کەمتر زانستییەکاندا دەبینرێ. بە تایبەت لەو کۆمەڵگایانەیدا وا ئایین پێناسی سەرەکیە و هێشتا زانستە کۆمەڵایەتییەکان بەشێوەیەکی بەربڵاو رەگیان دانەکوتاوە.
لە کۆتاییدا دەبێ بڵێین کە بە گشتی ئەو بیروڕایانەی ئیزن بە نەیاری خۆیان دەدەن بۆ رادەربڕین و هاوکات هەوڵدەدەن بە گوێرەی ئەو رەخنانە خۆیان نۆژەن بکەنەوە، خاوەن دڵنیایی و متمانەی زیاترن و، هەڵگرانی، بەرچاویان روونترە و بەم پێیە کەمتر دەمارگرژ.
ئێمە لە دونیایەکدا دەژینکە بە هۆی بەجیهانیبوونەوە، زیاتر کەوتووینەتە بەر هوروژمی بیرەکانی تر و بۆیە داڕشتنەوەی بنەماکانی بیروڕای خۆ ئەستەمتر و دژوارتر بووە. ئەمە داوای کارو بیرکردنەوەی زیاترمان لێدەکا. بۆیە دەتوانی بڵێین مرۆڤی ئەم سەردەمە زیاتر ناچارە بە بیرکردنەوە و داڕشتنەوەی بیروڕاکانی خۆی.
کاتی خۆی 'سارتەر' فیلسووفی وجوودگەرا دەیگوت 'مرۆڤ مەحکوم بە ئازادییە' هەر بەم پێیە دەتوانی بڵێین 'مرۆڤی ئەم سەردەمە زیاتر لە هەر کاتێکی تر مەحکوم بە بیرکردنەوەیە'.