ما 3312 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

بە گشتی دەتوانین بڵێین ئەگەرچی مرۆڤەکان لە بواری جێبەجێکردنی داوا موڕاڵییەکانەوە هەمیشە کێشەی گرینگیان هەبووە و هەتا ئیستاکە بۆ وێنە عەداڵەت نەبووە بە تایبەتمەدنییەکی زاڵی کۆمەڵگاکان بە گشتی، بەڵام بەردەوام پرسی ئەخلاقیی عەداڵەت بزوێنەر بووە و هەتا دەستەبەریش نەبێ هەر بزوێنەر دەمێنێتەوە.

عەداڵەت وەک پرسێکی موڕاڵی

فەڕۆخ نێعمەتپوور

عەداڵەت لەگەڵ ئەوەی دەتوانێ پرسێکی سیاسی، فەلسەفی و ئابووری بێت، بەڵام لە بنەڕەتدا پرسێکی ئەخلاقییە (موڕاڵ). لە لای مرۆڤ عەداڵەت سەرەتا وەک پرسێکی موراڵێ دێتە ئاراوە و، ئەوسا بۆ ئەوەی بتوانێ لە ژیانی رۆژانەدا دەستەبەری بکا دەیکا بە پرسی سیاسی و فەلسەفی و ئابووری و، هەوڵدەدا بە سازدانی تیۆر، پشت ئەستووری بکا بە سیستمی فکری و زانستی. لە راستیدا بە بێ وروژاندنی پرسی عەداڵەت وەک پرسێکی ئەخلاقی، سیاست و فەلسەفە و ئابووری ناتوانن ئەرکی عەداڵەت لە ئەستۆ بگرن. بۆیە دەتوانین بڵێین موڕاڵ پرسی عەداڵەت دەجوڵێنێ و سیاسەت و فەلسەفە و ئابووریش دەرفەتی پیادەکردنەکەی دەڕەخسێنن. کەواتە عەداڵەت پرسێکی نۆرماتیڤە کە دوواتر بەرگی زانست لەبەردەکا.

لە سەردەمی ئێمەدا کە سیستمی بازاڕ لە شێوازی کاپیتالیستی دا خۆی نیشان دەدا هەر لە سەرەتاوە ئەو باسە هاتووەتە ئاراوە کە عەداڵەت چۆن؟ بیرمەندان باسی ئەوەیان کردووە چلۆن دەتوانن بە سەر ناعەداڵەتییەکانی وەها سیستمێکدا زاڵ بن و ژیانێکی باشتر  بۆ زۆرینە دەستەبەر بکەن. بۆ ئەم باسە دوو وەڵامی سەرەکی هەبووە: عەدالەت بە شێوازی ریفۆرمخوازانە کە ریفۆرمخوازەکانی وەک سۆسیال دیمۆکراتەکان شوێنی کەوتن و توانیان لە هەندێ وڵاتی ئەورووپایی وەک سکاندیناڤیا دەولەتی خۆشگوزەران دروستبکەن، شێوازی دووهەمیش شێوازی شۆڕشگێڕانە بوو لە چەشنی شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە وڵاتی رووسیا و هەروەها شۆڕشەکانی وڵاتانی چین و کوبا و هتد، کە هەوڵیاندا لە رێگای سڕینەوەی پێوەندییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی سەرمایەداری، نیزامێکی عادڵانەی سۆسیالیستی چێبکەن. لە راستیدا ریفۆرمخوازەکان پێیان وایە کە لە رێگای ریفۆرمەوە دەتوانن هەندێ داواکاریی گرینگ بە قازانجی چینی کرێکار و خەڵکانی کەم داهات دەستەبەربکەن و سەرئەنجام سیستمی سەرمایەداری بۆ سیستـمێکی باشتر و عادڵانەتر رابگوێزن. ئەگەرچی ئەوان توانیوویانە هەندێ ئیمتیازی گرینگ بۆ چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا دابین بکەن، بەڵام هەتا هەنووکە نەیانتوانیووە سەرمایەداری لەم وڵاتانە بسڕنەوە و سیستمێکی نوێ سازبکەن.

شۆڕشگێڕەکانیش هەتا ئیستاکە سەرەڕای بە دەستەوەگرتنی دەسەڵات لە هەندێ وڵات، بە کردەوە نەیانتوانیووە سۆسیالیزم (وەک سیستمێکی پێشکەوتووتر لە کاپیتالیزم) دروست بکەن و ئەوەی هەیە زیاتر هەندێ کۆمەڵگای داخراون کە یان لە باری پێوەندیی بازاڕەوە روویان کردووەتەوە سەرمایەداری (وەک چین)، یان بە کەڵک وەرگرتن لە زەبر و لەناو بردنی ئازادی و دیمۆکراسی جۆرێک لە یەکسانیی سەرەتاییان بە سەر کۆمەڵگاکەدا سەپاندووە.

بەڵام سەرەڕای هەموو کەم و کوڕییەکان و دژوارییەکانی هەر دوو بەرەی ریفۆرمخواز و شۆڕشگێر، عەداڵەت نیشانی دەدا کە چەندە پرسێکی گرینگە، وەها کە دەتوانین وەک پێوەرێک بۆ جیاکردنەوەی بیروباوەڕەکان لە بواری سیاسەت و ئابووری و تەنانەت فەلسەفەیش دا بەکاری بێنین.

کاتی خۆی هیگڵ، کە روانگەیەکی کۆگەرایانەی سەبارەت بە مرۆڤ هەبوو، لەگەڵ ئەوەی گرینگیی دەدا بە رۆڵی بازاڕ، بەڵام هاوکات پێی وابوو بازاڕ دەبێ بەڕەڵڵا نەکرێ و جۆرێک لە کۆنتڕۆڵی بەسەرەوە بێت. ئەو بە هێنانە گۆڕێ باسێک بە ناوی 'مەیلی ئەخلاقی کۆمەڵایەتی' باسی لەوە کرد چونکە مرۆڤ لە بنەڕەتدا بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە کەواتە ئەمری مەعامەلەیش ئەمرێکی تەنیا تاکگەرایانە نیە و بگرە لە نێوان مرۆڤەکاندا روودەدا، بۆیە دەبێ لە مامەڵەدا هەمیشە بە جۆرێک قازانجی کۆمەڵگا لەبەرچاو بگیردرێ.

بێگومان جۆری رووانینی هیگڵ بۆ بازاڕ و بۆ مامەڵە رووانینێکی ریفۆرمخوازانەیە. ئەویش وەک بیرمەندێکی گەورە، نیشانی داوە کە کێشەی عەدالەت لای کێشەیەکی گرینگە وەها هیچ کۆمەڵگایەک ناتوانێ خۆی لە نەبان بکات.

بە گشتی دەتوانین بڵێین ئەگەرچی مرۆڤەکان لە بواری جێبەجێکردنی داوا موڕاڵییەکانەوە هەمیشە کێشەی گرینگیان هەبووە و هەتا ئیستاکە بۆ وێنە عەداڵەت نەبووە بە تایبەتمەدنییەکی زاڵی کۆمەڵگاکان بە گشتی، بەڵام بەردەوام پرسی ئەخلاقیی عەداڵەت بزوێنەر بووە و هەتا دەستەبەریش نەبێ هەر بزوێنەر دەمێنێتەوە.

مرۆڤ بە لەگەڵ یەکبوون و پێکەوە بوون و هاوکاریی یەکتر جوانە. عەداڵەت یەکێک لەو تایبەتمەندییانەیە ئەم جوانییە دەستەبەر دەکا.

گەڕان بۆ بابەت