لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم
توماس جفرسن دەنووسێ: "تەنانەت پرسیار لە هەبوونی خودایش بکەن، چونکە گەر خودایەک هەبێ، ئەوا زیاتر بایەخ بە باوەڕی ئەقڵانی ئێمە دەدا تا باوەڕێک لە رێگای ترس و خۆفەوە." زۆربەی دەیستەکان بە تایبەت لە ئۆرووپا بەم هۆیەوە وەک کافر لەقەڵەمدران و، لە لایەن کلیساوە بە هۆی بیروباوەڕەکانیانەوە، درانە بەر ئەزیەت و ئازار.

هیومانیسم و ژین ـ روانگە دونیاییەکانی تر (٤)

لاش گوننار لینگۆس

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

 

ریشەکانی ئایدیای مێژوویی هیومانیسم

میراتی کلتوری ئۆرووپایی جگە لە مەسیحییەت لەژێر سریمەی هیومانیسمیشدایە. دەستەواژەی هیومانیسم لە نۆروێژیدا لە سێ مانا (کاتەگۆری)دا بەکاردەبرێ: ١ـ لە ئاراستەیەکی گشتیی بیردا کە مرۆڤ بابەتی سەرەکییەتی، ٢ـ وەک نەریتێکی ژینڕوانگەیی تایبەت، ٣ـ وەک ئەو زانستانەی وا بە مرۆڤەوە سەرقاڵن کە پێیان دەگوترێ زانستە مرۆییەکان. لە بەشێکی گەورەی جیهانی ئینگلیزی زمان، کاتێک باس لە هیومانیسم دێتە ئاراوە، مەبەست بە شێوەی سەرەکی بەشی دووهەمە، واتە نەریتی ژینڕوانگەی هیومانیسم. لێرە لە نۆروێژ 'قوتابخانەی نانسە' لە شاری 'لیللەهامێر' ناوی 'ئاکادامی هیومانیستی نۆروێژ'ی لەسەرە و، بەم شێوەیە لێرەدا لە یەکەم مانا کەڵک وەردەگیردرێ. لە دووهەم مانادا 'بنکەی ئەخلاقی مرۆیانە' لە خۆی وەک هیومانیست دەڕوانێ، لە کاتێکدا زانکۆکان و فۆرمۆمی هیومانیستی ـ کە فۆرۆمێکی گفتوگۆیە بۆ نوخبەکان ـ لە هیومانیسم لە مانای سێهەمدا کەڵک وەردەگرن. لەم کتیبەدا من لە دووهەم مانادا کەڵک لە هیومانیسم وەردەگرم، واتە لە هیومانیسم وەک ژینڕوانگە، لە کاتێکدا دەزانم مانای سیانەی ئەم دەستەواژەیە خاوەنی مێژووی خۆیەتی و بە شێوەیەکی هەڵکەوت نیە. لە هەندێ شوێن من لە سەر مانای دووهەم وەک 'هیومانیسمی هاوبەش' قسەم کردووە، لە کاتێکدا بۆ بەشی سێهەم لە هیومانیورا (واتە زانستە مرۆییەکان) کەڵک وەردەگرم. لەبەر دیقەتی زیاتر دەبێ ئەوەیشی پێ زیاد بکەم کە کاتێک قسە لە سەر کاتەگۆریی دووهەمە، من لە دەستەواژەی 'ژینڕوانگەی هیومانیسم' کەڵک وەردەگرم.

هیومانیسم میراتێکی کلتوریی دەوڵەمەند و خاوەن مێژینەیە. هیومانیسم هێڵێکی هارمۆنیک و نەقرتاو نیە کە ئاماژە بە یەک ئاراستە بکا. هەروەها هیومانیسم نەریتێک نیە کە لە سەردەمی ئێمەدا نەکەوێتە بەر کاریگەریی ترەوە و، بە بێ گۆڕان بتوانێ درێژە بە رێگای خۆی بدا. نا، ئەم کلتورە لە ژێر کاریگەریی هەم هێڵە نەگۆڕەکاندایە و هەم لە ژێر کاریگەریی دابڕانەکاندا.

ژینڕوانگەی هیومانیستی دەگەڕێتەوە بۆ هیومانیسمی دووای سەردەمی رێنسانس، چاخی رۆشنگەری و گۆڕانە سیاسییە گەورەکانی ئەو سەردەمانە، کە بەردەوام لە کێشمەکێشدا بوو لەگەڵ دۆگماتیزمی کلیسادا. ئازادیی بەیان، بەرابەری و برایی کە دروشمەکانی شۆڕشی فەڕانسە لە ١٧٨٩ دا بوون، کاکڵی ژینڕوانگەی هیومانیسمن. بەڵام چەمکی 'بایەخی مرۆڤ' لەوان کۆنترە، چونکە مرۆڤ بە درێژایی ژیانی خۆی کاتێک سەیری سەرچاوە ئەدەبی و ئایینی و فەلسەفییەکان دەکەین، دەبینین پێیەوە سەرقاڵ بووە.

بیرمەندە کۆنەکان

وەک لە پاژەکانی تردا پیشانی دەدەم ژیانیی فیکریی چینی، هیندی و یۆنانی لە سەدەی شەشەمی پێش زایینەوە دەستپێدەکا تا ئەو کاتەی ئایینە گەورەکان هاتنە ئاراوە. کۆنفیۆسیستەکان و بوودیستەکان وەک فیلسووفە یۆنانییەکان بە شێوەی پێشکەوتوو بیریان لەو سێ بەشەی دەکردەوە وا پێوەندیی بە ژینڕوانگەوەیە هەیە: لەپێش هەر شتێکدا ئەوان خاوەنی ئەپیستمۆلۆژیایەکی پتەو بوون، واتە زانستێک بنیاتنراو لە سەر ناسین و دەرکی واقع، زەوی و کەونارا. خاوەن ئۆنتۆلۆژیایەکی پتەو واتە زانستێک بوون لەسەر ژیان و بوونی مرۆڤ. ئەوان خاوەن روانگە بوون سەبارەت بە مرۆڤ و لانیکەم یۆنانیەکانیان باوەڕیان بە بایەخی مرۆڤ هەبوو. هەروەها خاوەنی زانستی لەمەڕ ئێتیک و پرسە ئەخلاقییەکان. بیروڕای ئەوان کۆنکرێت و خاوەن زمانێکی روون بوو، وەها کە کەمتر پێویستی بە لێکدانەوە هەبوو، کەمتر ئەفسانەیی و ناڕوون بوون لەچاو ئەو ئایینانەی وا هەزارەی دوواتر هاتنە ئاراوە.

لە دووای ئەوەی قەشە یسوعیەکان کەوتنە ژێر کاریگەریی زانیارییە مەزنەکانی فەلسەفەی کۆنفسیۆسیەوە، پێوەندی لەنێوان زاناکانی چین و ئۆرووپادا بەرقەراربوو. بەم شێوەیە خەڵکی ئۆرووپا لەگەڵ کۆنفسیۆنیزم ئاشنابوون. لە غەیری ئەمەدا ئێمە هیچ چەشنە پێوەندێکی روونی تر ناتوانین لە نێوان ئەقڵی رۆژهەڵاتی و مۆدێرنیتەی ئۆرووپایی دا پەیدا بکەین. بەهەرحاڵ روونە کە لە بیری ئەو سەردەمەدایە ئێمە رەگی ئەو بیرانە دەدۆزینەوە وا لە دووای رێنسانس لە ئۆرووپا گەشەیان کرد، ئەو بیرانەی کە مرۆڤی مودێڕنیان بە شێوەیەکی بەهێز خستە ژێرکاریگەریی خۆیانەوە، ئەو مرۆڤەی وا هەنووکە لە سەرەتای هەزارەیەکی نوێدا دەژی. بە گوتنی ئەمە ئیتر ناتوانین ئەو جیاوازییە لە تێگەیشتن لەبەر چاو نەگرین، چونکە وەک گوتمان پێوەندییەکان ناڕوون و پچڕپچڕن و بیرەکان لە رۆژهەڵاتی ئەو کاتە ـ وەک رۆژئاوا ـ لە بەستێنیکی جیاواز لە مودێرنیتە و پۆستمودێرنیتە دا شکلیان دەگرت.

ئانترۆپۆسەنتریسم (مرۆسەنتەری) لە بەرامبەر تێوسەنتریسم (خوداسەنتەری)دا

ئانترۆپۆسەنتریسم (مرۆسەنتەری) بە مانای ئەو روانگەیە دێت وا مرۆڤ لە ناوەنددا دادەنێ. بۆ ئایینە ئیبراهیمیەکان، واتە جولەکە و مەسیحی و موسوڵمانەکان، یەهوا، خودا یاخود ئەڵڵا زەوی خوڵقاندووە، مرۆڤ لە وێنەی خودادا دروستکراوە و بوونەوەرێکی هەڵبژاردەیە لە لایەن ئەوەوە. بۆیە شکانی مرۆڤ بە مانای شکانی خواوەندە. دەگوترێ بەڵگەهێنانەوە بۆ مرۆسەنتەری لەم ئایینانەدا ناڕاستەوخۆیە. هیومانیسم مرۆڤ لە سەنتەردا دادەنێ. ئەگەر خودا لە سەنتەردا دابنرێ، ئەوا پێی دەگوترێ خوداسەنتەری. لەو سێ ئایینەدا رکەبەرایەتی گەورە لە نێوان مرۆسەنتەری و خوداسەنتەریدا هەبووە و بەردەوامیش درێژەی هەیە.

مێژووی مەسیحییەت لە ئۆرووپا لە ژێر کاریگەریی خوداسەنتەریدا بووە، کە شان بە شانی ئەخلاقێکی ئۆتۆریتەیی رێگای بڕیوە. ئەمە بووەتە هۆی ململانێیەکی دژوار لە نێوان مرۆڤە ئۆتۆریتەخوازەکانی سەر بە کلیسا و ئەو هیومانیستانەی وا دەیانویست مرۆڤ لە سەنتەردا دابنێن.

لە کۆتایی ١٩٥٠، ئۆسقۆفی نۆروێژی 'ئەیڤین بەرگراڤ' وتی کە مەسیحییەت و هیومانیسم ناتوانن یەکبگرن، چونکە هیومانیسم مرۆڤی لە سەنتەردا داناوە، نەک خودا.

بیری مرۆسەنتەری ریشەی لە فەلسەفەی رەواقیانی کۆن و فەلسەفەی ئەرستودا هەیە. ئەرەستو پێی وابوو مرۆڤ بە هۆی توانای تایبەتییەوە دەتوانێ پێشبینی ژیان بکا. ئێمە سنوری رووەک دەبەزێنین، چونکە تەنیا سەرقاڵی خواردن نین. ئێمە سنوری ئاژەڵ دەبەزێنین، چونکە تەنیا بە شوێن غەریزەکانمانەوە نین. ئەرەستو دەڵێ "مرۆڤ تەنیا ئاژەڵێکە دەزانێ دەمرێ." 'هیپوکراتوس'یش لە ئەخلاقی دکتۆریدا کە ٢٤٠٠ ساڵ لەوە پیش دایناوە، باس لە هەندێ نۆڕم دەکا کە شاهیدی لەسەر بیری مرۆسەنتەری دەدەن. هیپوکراتوس ئەو نۆرمانەی لە دژی جیاکاری و هەڵاواردن هێنایە ئاراوە. ئەو دەیگوت پزیشکی دەبێ بە بێ گوێدان بەوەی کەسی نەخۆش ژنە یان پیاو، یاخود کۆیلەیە یان ئازاد، خزمەتگوزاریی پێشکەش بکات. چوارسەد ساڵ دوواتر، 'پاولوس'ی یاریدەدەری مەسیح، نۆڕمی هاوبایەخبوونی مرۆڤەکانی بە هەمان شێوە فۆرمولە کرد.

ریشەکانی هیومانیسم

لە سەدەی ١٥٠٠، بۆ یەکەم جار دەستەواژەی 'بایەخی مرۆڤ' لە لایەن هیومانیستی رێنسانسەوە 'پیکو دێللا میراندۆلا'وە بەکاردەبرێ. سەبارەت بە بایەخی مرۆڤ لە (Oratio de Hominis Dignitate)دا ئاوا دەڵێ:

" نە ئاسمانی و نە زەوینی، نە کاتی و نە ئەبەدی ئێمە تۆمان نەخوڵقاند، لەبەر ئەوەی تۆ دەبێ بە گوێرەی مەیل و شەرەفت ئازاد بیت، خوڵقێنەری خۆت و داڕێژەری خۆت بیت. مەیلی ئازادمان تەنیا بە تۆ بەخشی تا بە گوێرەی بتوانی گەشە بکەیت و پێش بکەوی."

ئەگەرچی دەستەواژەی هیومانیسم لە پێش ١٨٨٩ نایەتە ئاراوە، بەڵام دەتوانین بە 'بایەخی مرۆڤی' 'میراندۆلاس'یەوە گرێی بدەین. هیومانیسمی سەردەمی رێنسانس، مەسیحییەت و فەلسەفەی کۆنی پێکەوە گرێدا وەها کە بە هۆی ئەمەوە بیرە نوێیەکان سەریانهەڵدا. پەیامی مەسیحییەت لەمەڕ 'خۆشەویستی سەبارەت بە مرۆڤەکانی تر' و 'بەخشین'، لە رێنسانسدا  مانایەکی تری وەرگرت و خۆی لە ئایدیاکانی فەلسەفەی کۆن لەسەر بایەخی مرۆڤ و دیمۆکراسی جیاکردەوە. بەم شێوەیە روانگەی مرۆسەنتەریانەی هیومانیستی و ئەخلاقی کۆمەڵایەتی، رەگ و ریشی نوێ وەردەگرێ لەو میراتەی وا لە مەسیحییەتی ئۆرشەلیم و لە فەلسەفەی کۆنی 'ئاتێن'ی بۆی بەجێدەمێنێ.

هیومانیسم وەک ئایدیا لە چوار جێگاوە بۆمان بەمیرات ماوەتەوە: ئورشەلیم و ئاتێن یەکەمینەکانن و، پاشان 'رۆم' و 'پاریس' یش.

فیلسوفەکانی سەردەمی رۆشنگەری (سەدەی ١٧٠٠)، جۆن لۆک، فرانسیس ڤۆڵتێر، ژان ژاک رۆسۆ و مۆنتسکیۆ لە دژی ئابسولیتیسم (موتڵەقگەرایی)، واتە دۆگمای مەسیحی سەبارەت بە چۆنیەتی تێگەیشتنیان لە جیهان، راپەڕین. ئەو کات کلیسا هیچ چەشنە رەخنەیەکی لە خویندنەوەی خۆی بۆ ئینجیل قبوڵ نەدەکرد. کە ئەمە بە مانای کەمڕوانین لە بایەخی مرۆڤ و مافەکانی بوو. فیلسوفانی رۆشنگەری پێیان وابوو مرۆڤ بە گوێرەی ئەوەیکە مرۆڤە خاوەنی هەندێ مافی سروشتیە، وەک مافی بیروڕا و ئازادی بەیان. ڤۆڵتێر دەڵێ "من لەگەڵ هەموو ئەو شتانەی تۆ دەیڵێی نیم، بەڵام گیانی خۆم دەدەم لە پێناوی مافی تۆ بۆ دەربڕینیان!"

ئەو داوا سیاسی و کۆمەڵایەتییانەی وا ئازادی لەگەڵ خۆیان دەیانهێنێ لە ژێر کاریگەریی میراتی 'رۆم' یشدا بوون. مافی رۆمی، ئایدیای لەمەڕ عەداڵەتی تاکی گەشە پێدا. یەکێک لەو کەسانەی لە لایەن فیلسوفانی رۆشنگەرییەوە خوێندرایەوە فیلسوف و سیاسەتمەدار 'مارکوس تولوس سیسێرۆ' بوو (١٠٦ ـ ٤٣ پێش زایین). لە فەلسەفەی ناسینەکەیدا ئەو وەک کەسێکی دڕدۆنگ (سکێپتیسک) دەردەکەوێ. بۆیە دەرگا لە هەموو جۆرە پرسیارێکی رەخنەیی دەکاتەوە. لە فەلسەفەی ئەخلاقی خۆیدا سیسێرۆ لە ژێر سریمەی رەواقیەکانی یۆناندا بوو. لە 'یاسا'ی وەک بەرزترین ئاستی ئەقڵ دەڕوانی کە هەم داواکانی تاک دەپاراێزێ و هەم داواکانی گشتی. ئایدیاکانی رۆم لەبابەت ماف و عەداڵەت کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر سەردەمی رۆشنگەری دانا.

ئایدیا سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی پەیوەنددار بە ئازادی، لە کۆتایی سەدەی هەژدەدا بوونە هۆکاری راگەیاندنی یەکەمین راگەیەندراوەکان لەمەڕ مافەکانی مرۆڤ، کە لە هەندێکیاندا، بایەخی مرۆڤ وەک دیاردەیەکی سروشتی و دونیایی باسیلێکراوە.

هیومانیستە سەرەتاییەکان 'دەیست' واتە خوداپەرست بوون. 'دەیسم' تیۆلۆژییەکی (زانستی ئایینی) ئەقڵگرایانە بوو کە لە رۆژئاوای ئۆرووپا لە سەدەی ١٧ لە بەستێنی مەسیحییەتدا سەریهەڵدا. دیارە بەشێکی کەمیشیان لە دەرەوەی ئەم بەستێنە بوون. دەیستەکان دەیانگوت خوداباوەڕی (مەبەست خودای مەسیحییەکانە)، لەو ئاستەدا ئەقڵانییە کە خودای تاقانە تەنیا دونیای خوڵقاندووە و بەس. ئەوان دەیانگوت ئەم خودایە لە کاری دونیا دەست وەرنادا و، تەنیا جوڵێنەریەتی و بەس، جا مرۆڤ دەبێ بۆخۆی ژیانی خۆی هەڵسوڕێنێ، بە بێ هیچ چەشنە دەست تێوەردانێک لە لایەن خوداوە. هەندێ لە دەیستەکان باوەڕیان بە ژیانی پاش مەرگ هەبوو. زۆربەیان دەیانگوت هەموو ئەو بەشانەی ناو ئایینی مەسیحییەت کە نائەقڵانی دەنوێنن، خورافەن. ئەوان 'وەحی'یان رەددەکردەوە و هەروەها ئەو قسەیەی وا دەیگوت مەسیح کوڕی خودایە. ئەوان لەدژی دۆگماتیسمی کلیسایی و ئیمتیازاتی قەشەکان بوون و هەموو ئەو دیاردانەی ناو ئایینی 'مەسیح'یان رەددەکردەوە وا پێیان وابوو لەگەڵ رۆشنگەری ناتەبان.

ئەوان بەشێوەی ئەقڵانی رەخنەیان لە کتێبی پیرۆزدەگرت. توماس جفرسن (Ford 1892-99, bd IV, s. 430) دەنووسێ: "تەنانەت پرسیار لە هەبوونی خودایش بکەن، چونکە گەر خودایەک هەبێ، ئەوا زیاتر بایەخ بە باوەڕی ئەقڵانی ئێمە دەدا تا باوەڕێک لە رێگای ترس و خۆفەوە." زۆربەی دەیستەکان بە تایبەت لە ئۆرووپا بەم هۆیەوە وەک کافر لەقەڵەمدران و، لە لایەن کلیساوە بە هۆی بیروباوەڕەکانیانەوە، درانە بەر ئەزیەت و ئازار. بەناوبانگترینیان، گیانبەختکردووی دەیستەکان 'جۆردانۆ برونو'یە (١٥٤٨ ـ ١٦٠٠).

دەیسمە لە سەردەمێکدا سەریهەڵدا کە بڕوا بە ئەقڵی مرۆڤ، یاخود ئەقڵگەرایی، لە بیری فەڕەنسی و ئینگلیزی دا هۆگرێکی زۆری پیدا کرد. دەیسمە و ئەقڵگەرایی لە رێگای شەپۆلی گەورەی پەنابەرانەوە گەیشتە باکووری ئەمریکایش. دەیسمە سەرەتا لە ناو نوخبەدا گەشەی کرد. جوتیاران و سەنعەتگەرە بچوکەکانی ئۆرووپا کە باوەڕیان بە کلیسا هێنابوو، بە شێوەی نەریتی بە میری خۆیان وەفاداربوون. جا بۆیە ئەگەر میرەکەیان بیروباوڕی بگۆڕیایە، ئەوا ئەوانیش دەیانگۆڕی. هەر بەم شێوەیە، لە نۆروێژ، ئەمەیش لە سەردەمی چاکەسازیداreformasjon روویدا.

دەیسمە بە شێوەیەک پێشەنگی ئەو ژینڕوانگانە بوو وا دوواتر سەریانهەڵدا و پرسیاریان لە سەری باوەڕی دەیستی لەمەڕ 'بزوێنەری یەکەم' هێنایە ئاراوە. بیروباوەڕی دەیستەکان یارمەتی ئەوەیدا چوارچێوەی روانگە سیاسییەکان لە زۆربەی وڵاتان بگۆڕدرێن، وەها کە دەوڵەت و یاسای گشتی لایەنی سکۆلاریستی و دونیاییان پەیدا کرد. بەم شێوەیە دەیسمە، بە پرسیارەکانی و فۆکوسی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی خۆی لەسەر دیاردە دونیاییەکان، دەرگای بەڕووی تێڕوانینێکی ئەقڵانی و دونیاییدا کردەوە. بە شوێن ئەمەدا بەرەبەرە جووڵانەوەی بیری ئازاد و هیومانیسمی دونیاگەرا هاتەئاراوە.

ناسراوترینی دەیستەکان لە فەڕەنسە بریتی بوون لە فرانشس ڤۆڵتێر (١٧٧٨ ـ ١٦٩٤)، ژان ژاک رۆسۆ (١٧٧٨ ـ ١٩١٢)و، لە هولەند  باروک سپینۆزا (١٦٧٧ ـ ١٦٣٢). هەرچەند سپینوزا خاوەن باوەڕی موسایی بوو. لە بریتانیایش ئیسهاق نیۆتۆن (١٧٢٧ ـ ١٦٤٢)و، گاتهۆڵد لێسینگ (١٧٨٢ ـ ١٧٢٩)، بوون. لە ئامریکایش بێنجامین فرانکلین (١٧٩٠ ـ ١٧٣٧)، توماس جێفێرسن (١٨٢٦ ـ ١٧٤٢)، توماس پەین (١٨٠٩ ـ ١٧٣٧)و، ساڵانی دوواتریش رۆبێرت ب. ئینگرسول (١٨٩٩ ـ ١٧٤٣). بەڵگەیش لەسەر ئەوە هەیە کە هەر دوو سەرۆک کۆمارە سەرەتاییەکانی ئامریکایش، واتە جۆرج واشنگتن و جۆن ئادامز بە شێویەکی زۆر لە ژێر کاریگەریی دەیسمەدا بوون، هەم لە ڕیگای هاوکارەکانیانەوە و هەم بە هۆی جەوی گشتی لەو سەردەمەدا (Lamont 1988, s. 51).

دەیسمەی سەرەتایی، وەک رەوتێکی ژینڕوانگەیی نەگەیشتە سەدەی بیستەم، بەڵام لە سەردەمی ئێمەیشدا گەلێک مرۆڤ هەن کە لە روانگەی دەیستیەوە دەڕواننە بوون و، وەک دەیستەکان فوکوسیان لەسەر دیاردە دونیاییەکانە ـ رەنگە بە بێ ئەوەی هیچ چەشنە باوەڕێکیان بە ژینڕوانگەیەکی تایبەت هەبێ.

درێژەی هەیە...

Bilderesultat for deismen

گەڕان بۆ بابەت