ما 1437 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور
بە زمانی هیگلی، لە دیالکتیکی ئەم دوو جەمسەرەدایە 'چێژ' لەدایک دەبێ. کە دیالکتیک کەوتە نێوانەوە ئەوا پێوەندییەکە لە خودی بەشەکان بەرجەستەتر دەبێتەوە. لۆژیکی پێوەندی زاڵدەبێ بە سەر خودی جەمسەرەکاندا وەک جەمسەر. ئەوسا تێگەیشتن و هەست دەبێ بە دیاردەیەک کە بەردەوام لە هاتوچۆدایە لە نێوان جەمسەرەکاندا.

 

 

کە چێژ خۆی دەخەمڵێنێ

 

فەڕۆخ نێعمەتپوور

خوێندنەوەی بەرهەمی ئەدەبی لەگەڵ 'چێژ' رووبەڕووە. کاتێک شیعر یان چیرۆک و رۆمانێک دەخوێنینەوە و چێژمان لێوەرگرت ئەوا بە دەربڕینی وشەی 'خۆشە' رایدەگەیەنین کە بەدڵمان بووە و کاریگەریی هەبووە لەسەرمان.

بەڵام بەرهەمی ئەدەبی تەنیا لە رێگای چێژەوە خۆی ناکا بە ناو دونیای دەروونماندا. لەگەڵ ئەم چێژە (یان خۆشییە)، جۆرێک لەئازارکێشانیش هەیە. واتە چێژەکە تێکەڵ بە ئازارە، بەو مانایە جاری وایە دەقەکە دەمانخاتە گریان و هەستێکی بەکوڵ کە واوەترە لە خۆشی.

لە راستیدا دەتوانین بڵێین تەنانەت کاتێک دەڵین ئەو بەرهەمە خۆش بوو یان چێژمان لێ بینی، مەبەستمان لە بنەڕەتدا ئەوەیە ئەو خۆشییە هەم لەززەتە و هەم ئازار و، بەڵام چونکە ئەمانە پێکەوە دەمانوروژێنن ئەوا تەنیا بە تەعبیری 'خۆش' دەریدەبڕین.

کەواتە چێژ بریتییە لە دوو بەش: لەززەت و ئازار. دەقی چاک و بەهێز هاوکات هەم لەززەتمان پێدەبەخشێ و هەم ئازارمان دەدا. لەززەتەکە دەبێتە هۆی ختوکەدانی هەستەکانمان و بەرینکردنەوەی خەیاڵمان، ئازارەکەیش دەبێتە هۆی قووڵبوونەوەی دەرک و تێگەیشتنمان لەوەی لە دەقەکەدا دەگوزەرێ.

بۆیە چێژ خاوەنی دوو بەشە: لەززەت و ئازار. ئەمانە بە تەنیا مانا نادەن و لە راستیدا پێکەوە رێدەکەن. بۆیە نە لەززەتەکە لەززەتێکی رووتە و نە ئازارەکە ئازارێکی رووت. ئەم دەکەوێتە ژێر کاریگەریی ئەوی تریان و ئەوی تریان ژێر ئەمیان. دەتوانین بڵێین کاتێک دەکەوینە ژێر کاریگەریی دەقێکەوە، لەززەتێکی ئازاراوی تیاماندا سەرهەڵدەدا، یاخود ئازارێکی لەززەتاوی.

بە زمانی هیگلی، لە دیالکتیکی ئەم دوو جەمسەرەدایە 'چێژ' لەدایک دەبێ. کە دیالکتیک کەوتە نێوانەوە ئەوا پێوەندییەکە لە خودی بەشەکان بەرجەستەتر دەبێتەوە. لۆژیکی پێوەندی زاڵدەبێ بە سەر خودی جەمسەرەکاندا وەک جەمسەر. ئەوسا تێگەیشتن و هەست دەبێ بە دیاردەیەک کە بەردەوام لە هاتوچۆدایە لە نێوان جەمسەرەکاندا. لە سەر هیچ کامیان ئۆقرە ناگرێ و لە هاتوچۆی بەردەوامیدایە مانای "چێژ" لە دایک دەبێ.

لەززەت و ئازار لە زمانی ئاساییدا لە بەرامبەر یەکتردا رادەوەستن. لە شوێنێک لەززەت هەیە ئازار ونە و، لە شوێنێک ئازار هەیە لەززەت ون. ئەوە رەنگە تەنیا دەقی ئەدەبی بێت دەتوانێ جۆرێک لە پێوەندی تر لە نێوان ئەم دووانەدا دروست بکا و، لە پێوەندە ئاساییەکانیان دووریان بخاتەوە و دۆخێکی تریان بەسەردا بسەپێنێ. دەقی ئەدەبی وەک یەکەیەکی یەکانگیر و واحد کە دەتوانێ ژیان یاخود رووداوێکی ژیان لە دوو توێی کتێب یان دەقێکدا چڕ بکاتەوە، دەرفەتی پێوەندێکی تر لە نێوان شتە بەرواڵەت دژەکاندا دەڕەخسێنێ. ئەم چڕبوونەوەیە، مەوداکان کورتتر دەکاتەوە و بۆیە تێدەگەین کە دەکرێ خوێندنەوەی تر هەبێ بۆ ژیان و رووداوەکانی ناوی.

وەک چۆن لەززەت شادمان دەکا، ئازاریش دەتوانێ دەروونمان لە هەڵچوونێکی ئیحساسی دا پاکژ بکاتەوە. بۆیە لەززەت دەبێ بە دراوسێی پاکژبوونەوە و ئازاریش دەبێ بە دراوسێی شادمان بوون.

بەڕاستی دەقی ئەدەبی چ دونیاکەی سەیر و نامۆ سازدەکا! سەیر و نامۆیەک، ئاسایی تر و ئاشناتر لە هەموو شتێکی دیکە!

Bilderesultat for smak art

   

گەڕان بۆ بابەت