ما 6409 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

ئەو لۆژیکەی لە ئەخلاقی کۆنفۆسیوسی دا هەیە، ئێمە بیری ئوتیلیتاریسم (فایدەگەرایی) و 'ئەخلاقی ئاکام' واتە 'ئاکامگەرایی' دەخاتەوە کە سەدان ساڵ دوواتر لە رۆژئاوا سەریانهەڵدا. نۆرمێکی گرینگ بریتی بوو لە رەچاوکردنی 'رێگای زێڕینی میانەڕەوی' بە مەبەستی لەگەڵ یەکترسازان و هاوئاهەنگی. کەسی زیرەک دەبێ لە چەندین لاوە سەیری بابەت بکا کە ئەمە تا رادەیەک لە ئێتکی ئەرەستوی یۆنانی دەکا.

هیومانیسم و ژین ـ روانگە دونیاییەکانی تر (٦)

لاش گوننار لینگۆس

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

 

 

کۆنفۆسیوس و بڕوا بە مرۆڤ و زانست

لێرە لە رۆژئاوا کاتێک باس لەسەر زانای 'چین'ی کەونارایە، سەرنج یەکەوڕاست دەچێتە سەر کۆنفۆسیوس. 'کۆن' نازناوی(fu-tze)  وەرگرت کە بە مانای مامۆستا دێت و بە ناوەکەی زیادکرا و، لێرەوە لە رۆژئاوا بە کۆنفۆسیوس ناوی دەرکرد. کۆنفۆسیوس خاوەن ئایدیای خۆی بووە و لە پێش زایین دا ژیاوە. زۆر یەک لە زانایان لەسەر ئەو بڕوایەن کە بیروڕاکانی کۆنفۆسیوس (کۆنفۆسیوسیسم)، لە لایەن مامۆستاکانی ترەوە (واتە لایەنگرەکانی ـ وەرگێڕی کوردی) گەشەی پێدراوە. دەقێک لە تێکستە کۆنەکانی ئەم زانایە کە لە خودی کۆنفۆسیوسەوەیە بە ناوی 'ئانالێکتین'ە Analectene. ئەم تێکستە دەگوترێ تێکستی سەرەکییە، پێی زیادنەکراوە و تێیدا هەوڵدراوە ئاراستەی دونیایی کۆنفۆسیوس لەگەڵ ئایینە باوەکانی بەشی ناوەڕاستی سەرزەمینی پاشایی چین یەکبخرێن.

خاڵی دەستپێکی کۆنفۆسیوسیسم تێگەیشتنی زانستیانەیە لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی. بۆیە تێکستەکانی لە ژێر کاریگەریی کۆمەڵگای ئەو سەردەمی وڵاتی چینە. کۆمەڵگایەک کە دەوڵەتێکی بیرۆکراتیی بەهێز و نەزمێکی کۆمەڵایەتی یەکجار توند و تۆل بەسەریدا زاڵبوو و قەیسەرەکەیشی لە خودای دەکرد. کۆمەڵگایەکی خاوەن نەریتی بەهێز و قەیسەرێکی ئۆتۆریتەخواز.

یەکێک لە لایەنگرانی کۆنفۆسیوس کەسێک بوو بە ناوی 'مان زە' Men Tze  کە چەند نەوەیەک لە دووای خودی کۆنفۆسیوس ژیا (٢٨٩ ـ ٣٧٢ پێش زایین). ئەو دەورانەی وا کۆنفۆسیسوسیسم تێیدا گەشەی کرد خەڵک لە خولیای رۆژانی گەشی رابردوودا بوون. لەبەر ئەوەی چین لەم دەورانەدا خاوەنی دەسەڵاتێکی ناوەندیی بەهێز نەبوو. وڵات پڕی توندوتیژی، بێ سەرەوبەرەیی و فەسادی دەسەڵاتداران بوو. پەیامی کۆنفۆسیوس کە لە دژی ئەم دیاردانە بوو، بووە هۆی گرینگی و نفوزی ئایدیاکانی لە نێو وڵاتدا. لە مێژووی جیهاندا 'مان زە' یەکێک لەو یەکەمین کەسانە بوو بانگەشەی بەرابەریی مرۆڤەکانی کرد و، وتی مرۆڤ خۆی مافی ئەوەی هەیە بڕیار لە ناو کۆمەڵگادا بدا. ئەمە فۆڕمێکی دیمۆکراسی بوو. کۆنفۆسیوسیسم خاوەن نەریتێکی کۆنسێرڤاتیڤانە (محافظەکار) بوو کاتێک خەونی بە گەڕانەوەی چین بۆ رابردوو و بۆ سەردەمی دەسەڵاتە باشترەکان دەبینی. کەڵک وەرگرتن لە ئەقڵ بۆ بەکاربردنی ئەزموونە مێژووییەکان و تێگەیشتن لە کۆمەڵگا، کەم تاکورت جێگای بە خوداکان و وەحی لێژکرد. هەڵبەت زەحمەتە لە وشەگەلی وەک بەرابەری، دیمۆکراسی و ئەقڵگرایی سەبارەت بە کۆنفۆسیوسیسم کەڵک وەربگرین، چونکە ئەم وشانە رۆژئاوایین و لە بەستێنی مێژوویی ئەوێدا خەمڵیون، بەڵام هاوکات مافی ئەوەمان هەیە ئاماژەبدەین بە هەندێ لێکچوون لە نێوان ئەم ئایدیا کۆنانەی چین و ئەو بیروڕایانەی وا سەدان ساڵ دوواتر لە جیهانی رۆژئاوا هاتنە ئاراوەوە و گەشەیان کرد.

بێگومان ئەمە ژینڕوانگەیەک بوو بەری لە باوەڕ بە خوداکان، رەچاوی پراگماتیزم و ئەوەی دەکرد وا دەکرا بەکەڵک بێت. هەربۆیە ژیرانەیە کە لە کۆنفۆسیوسیسم وەک ژینڕوانگەیەکی دونیایی بڕوانین. چونکە پێ لەسەر پێوەندییە لۆژیکییەکانی وەک 'هۆ و هۆگر' دادەگرێ. وە زیاتر لە هەموویان بەو هۆیە کە بەرییە لەو وێنا ئایینیانەی وا باوەڕیان بە هێزە بانسروشتییەکان هەیە. کاتێک لە کۆنفۆسیوس سەبارەت بە رۆحەکان دەپرسن، بەم چەشنە وەڵام دەداتەوە:

"ئەگەر تۆ نەزانی خزمەتی مرۆڤەکان بکەی، چلۆن دەتوانی خزمەتی رۆحەکان بکەی؟ ئەگەر تۆ ژیان نەناسی، چلۆن دەتوانی مردن بناسی؟"

ئێتێکی کۆنفۆسیوسیسم لە بواری بنەماڵەد خاوەن موڕاڵێکی باشە، بەڵام هاوکات پێ لە سەر چلۆنایەتیی دەروونی مرۆڤەکان و فەزیلەتە ئەخلاقییەکانیش دادەگرێ. هۆکاری فەزیلەت و موڕاڵ ئەوەیە کە نۆڕم و بایەخەکان دروستکراوی دەستی مرۆڤن و بوونیان وابەستەیە بە مرۆڤەوە. چاکە بەم شێوازە بەدەست دێت:

"لە ئامانجی کەسێکی تر بڕوانە. هەروەها لەو ئامرازانەی بۆ گەیشتن پێیان کەڵکیان لێوەردەگرێ. لێکی بدەوە چی خۆشحاڵی دەکا. داخۆ بایەخی راستەقینەی ئەو لەبەر چاوتدا ونە؟"

ئەو لۆژیکەی لە ئەخلاقی کۆنفۆسیوسی دا هەیە، ئێمە بیری ئوتیلیتاریسم (فایدەگەرایی) و 'ئەخلاقی ئاکام' واتە 'ئاکامگەرایی' دەخاتەوە کە سەدان ساڵ دوواتر لە رۆژئاوا سەریانهەڵدا. نۆرمێکی گرینگ بریتی بوو لە رەچاوکردنی 'رێگای زێڕینی میانەڕەوی' بە مەبەستی لەگەڵ یەکترسازان و هاوئاهەنگی. کەسی زیرەک دەبێ لە چەندین لاوە سەیری بابەت بکا کە ئەمە تا رادەیەک لە ئێتکی ئەرەستوی یۆنانی دەکا.

لای کۆنفۆسیوس هەروەها هەمان یاسای زێڕین دەبینینەوە کە باس لە کردەی هاوشێوەی کەسەکان بەرامبەر بەیەکتر دەکا: "بە هەمان شێوە لەگەڵ خەڵکی تر رەفتار بکە کە حەزدەکەی ئەوان بەرامبەر بە تۆ بیکەن!" ئەمە نوسخەیەکی چینیی ئەو یاسا موڕاڵییەیە.(Waley 1971, 37, Bk. XII (8)) یان نۆڕمێکی تر هەیە کە دەڵێ: "ئەوەی ئەنجام بدە وا فێری دەبی!"

سەبارەت بە ناسین کۆنفۆسیوس دەڵێ زیرەکی و بایەخەکان، بیر و رۆح پێکەوە گشتەییەت پێک دێنن و، هەستی بەهێز ئەقڵ دەشێوێنێ:

"دەتەوێ پێت بڵێم زانست چییە؟ کاتێک شتێک دەزانی دانی پیابنێ دەیزانی. کاتێک نایشیزانی، دانی پیابنێ کە نایزانی."

لە قۆناغێکی دوواتری کۆنفۆسیوسیسم، واتە لە سەدەی چوارەمی پێش زایین بە تووش 'موهیسم'ەوە mohismen دەبین کە خاوەنی ئاراستەیەکی رۆحی و داب و نەریتێکی زیاتر بوو. هەروەها ئاگنۆستیستیسم (لاادریون، واتە نازانم گەرایی)، هەر لەم سەردەمەدا لە گەشەدا بوو. لە 'ئاسمان'یش وەک وشەیەک کەڵک وەردەگیردرا کەم تا کورت لە هاومانای 'سروشت'. 'مون زو' دەیگوت "ئاسمان نادوێ!". ئەم قۆناغە لە راستیدا بە ناوی ئەوەوە ناونراوە.

سەد ساڵ دوواتر مامۆستایەکی تر دێت بە ناوی 'سون زو' Hsün Tzu (٢٣٨ ـ ٢٩٨ پێش زایین)، کە ئەگەرچی ئاتەئیست بوو بەڵام هاوکات باوەڕی بەوە هەبوو خەڵک دەتوانن لە داب و نەریتی ئایینی کەڵک وەربگرن. ئەو هاوکات باس لەوە دەکا و پێ لەسەر ئەوە دادەگرێ کە ئەم داب و نەریتانە کە لە کۆنفۆسیۆسیسمی کۆندا گەشەیان سەندبوو تەنیا زیندووەکانیانی دەگرتەوە. ئەم تێگەیشتنە سەدان ساڵ دوواتر گەییە مامۆستایەکی تر بە ناوی 'وانگ چ ئونگ' Wang Ch’ung (٣٠ ـ ١٠٠ دووای زایین). لە دەقە رەخنەئامێزەکانی ئەم مامۆستایەدا دەرکێکی تەواو سروشتگەرایانە سەبارەت بە ژیان و جیهان بوونی هەیە. ئەو پێی وایە سروشت لە خۆیدا خاوەنی هیچ چەشنە ئامانجێک نیە، دیاردە سروشتییەکان لە لایەن هیچ هێزێکی بانسرووشتییەوە رێگایان بۆ دیاری ناکرێ و، سەرئەنجام ئەوەیکە مردن کۆتاییە و رۆح بوونی نیە.

 (Creel 1953, Hiorth 1993)

' وانگ. فو. زی'  کە فیلسووفێکی چینی بوو و لە سەدەی هەفدەدا دەژیا، وەک کەسێکی مەتریالیست دەیگوت هەموو شتێ لە دونیادا تەنیا ماددەیە. ئەو وەک کۆنفۆسیوسیستەکانی تر لە وشەی 'ئاسمان' وەک سیمبولێک بۆ رەوتی سروشت کەڵکی وەردەگرت نەک وەک وشەیەک بۆ دیاردە بانسرووشتییەکان. دوواتر لە لایەن کۆمۆنیستەکانەوە ئەم فیلسووفە وەک کەسێکی مەتریالیست گرنگیی تایبەتی پێدرا، لەوێی وا ئاتەئیسمی دەوڵەتی بنەماکانی خۆی لە مەتریالیزمی دیالکتیکییەوە وەردەگرێ. زۆر کەس دەڵێن مائۆئیسم وەک رەوتێکی مارکسیستی بە توندی لە ژێر کاریگەریی کۆنفۆسیوس و 'وانگ فو زی'دایە.

درێژەی هەیە...

Relatert bilde

گەڕان بۆ بابەت