شیوا میرەکی
کاتێ کە تەواوی کەڵک وەرگرتنی مرۆڤی کورد لە زمانی دایکی تەنیا لە قسەکردنی ڕۆژانەدا بێ و پاڵپشتی نووسین و پەروەردە و بیرکردنی لە گەڵ نەبێت وشەکان لە بیر دەچنەوە و ئەو زمانە وردە وردە بەرەو گۆڕان نگەتیڤ و تەنانەت لەناوچوون ئەچێ.
کۆمەڵکوژی و جۆرەکانی
شیوا میرەکی
کۆمەڵکوژی یان "ژینۆساید" یەکێ لە گرینگترین تاوانە نێو دەوڵەتییەکانە کە کاریگەریەکی قووڵ و بەرفراوانی لە سەر ویژدانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی هەبووە و تا ئێستا چەندین نەتەوە، و کەمینە لە شوینە جیاجیاکاندا بوونەتەوە قوربانی ئەم تاوانە هۆڤینی و دڕندانەیە.
وشەی کۆمەڵکوژی یان ژینوساید لە بنەمادا وشەیەکی لاتینە و لە دوو وشەی یوونانی(Genos) بە مانای ڕەگەز ، تاقم یان گرووپێکی مرۆڤ پێک هاتووە. ئەم وشەیە له زمانی فارسیدا وەکوو "نسلکشی"، "کشتار جمعی" و "نسلزدایی" باسی لێکراوە. بەڵام وێدەچێ "نسلکشی" لە واتای ژینوساید نزیکتر ببێت . هەر چەند پێویست ناکات بۆ ئەوەی ئەم تاوانە هۆڤینییە ڕوو بدات دەبێ حەتمەن کۆشتنی تێدا بێ و تەنیا بە کوشتن و قەڵاچۆ کردنی خەڵکێک، نەتەوەیێک یان هەر دەستە و کۆمەڵێک ژینۆساید ڕوو بدات، بەڵکوو تواندنەوە و بێ شوناسکردنیش، جورێک لە ژینۆساید و لەناوبردنە.
ئەگەر ژینۆساید و لەناوبردنی جەستەیی بە ئاشکراو بێڕەحمانە و بە بێ شاراویی روو دەدات و ڕەنگە بەرنگاربوونەوەی بکرێت، ئەوە ژینۆسایدی نەرم یان خشۆک، هێدی هێدی بارودۆخێکی وا بە سەر قوربانیەکانیدا دەسەپێنێ کە بۆ خۆیان بەرەو لە ناو چوون بڕۆن و لە ئاکامدا بە بێ تۆند و تیژی بەرچاو، هەمان ئاکامی قەڵاچۆکردن بەدی بێنێ.
ڕافائێل لێمکین، یاسانووسی لەهستانی، وەکوو یەکەمین کەس کە وشەی کۆمەڵکوژی بەکار هێنا، ئەم تاوانەی بەم چەشنە واتا کردووتەوە؛ "لە ناو بردنی خێڵ یا نەتەوەیێک"
دیارە مەبەست لە کۆمەڵکوژی پاکتاو کردنی خێرای یەک نەتەوە نییە ، بەڵکو مەبەست لە کومەڵکوژی بەڕێوە بردنی گەڵاڵە و پلانێکە کە زەنجیرە کردارێکی بەر بڵاو و جۆراوجۆر لە خۆ دەگرێتەوە و بنەما سەرەکییەکانی ژیانی نەتەوەیەک یا کەمینەیەک، بەرەو وێرانی و کاول کردن دەبات تا لە ئاکامدا بتوێتەوە و بە جۆرێ لە جورەکان لە ناو بچێت. مەبەست لەو پلانە ئەوەیە کە ڕێکخراوە ڕامیاری و کۆمەڵایەتیەکان، چاند و کولتوورییهکان و هەستی پێکەوەبوونی ئەو گرووپە لەناو بچێت. ههروهها لە ناو بردنی ئاسایشی کەسایەتی ، ئازادی ، کەرامەت و هەر وەها ژیانی کەسانێکی پەیوەندی دار بەم نەتەوە و گرووپانەوە .
لەدەستووری دادگای سزای نێودەوڵەتی تایبەت بە یوگسڵاڤیای پێشوو ، ڕواندا و دەستووری دادگای سزای نێوەدەوڵەتی لاهە، کۆمەڵکوژی وەکوو تاوانێکی مەترسیدار بۆ ئاسایشی مرۆڤایەتی ناسێندراوە و تاوانبارەکانی لە بەرانبەر کۆمەڵگای نێوەدەوڵەتی بە بێ لە بەر چاوگرتنی هەر چەشنە حەسانەیەکی سیاسی یان هەر حەسانەیەکی تر، بەرپرسیارن و جەخت لە سزادانیان کراوەتهوه.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان لە یەکەم ساڵی چالاکی خۆیدا، بە هۆی زۆر بوونی ڕادەی ڕوودانی کۆکوژی لە دۆنیادا، بڕیارنامەی ژمارە 1 - 96 لە دێسامبری 1946دا لە سەر بە تاوان ناساندنی کۆمکوژی دەرکرد و ڕایگەیاند ؛ کۆمکوژی بە پێی یاسای نێودەوڵەتی تاوانێکی قورسە و کۆمەڵگای پێشکەوتوو
ئەم تاوانە و تاوانبارەکانی شەرمەزار دەکات
وهکوو چەن نموونە لەم کارەساتانە ئەتوانین ئاماژە بە کۆمکوژی _182000کەسی مەدەنی لە کوردەکانی باشوور لە پڕۆژەی ئەنفالی بەعس و هەروەها کیمیا بارانی 5000 کەس لە خەڵکی شاری هەڵەبجە، بە دەستی بهعس و قەڵاچۆکردنی شێعەکانی باشوور و هەر وەها کاولکردنی شار و شارۆچکەکانی کوردستان و قەڵاچۆکردنی کوردەکانی باکوور بە دەستی ڕەگەزپەرەستانی کەمالیست و نکوولی کردن لە شۆناسی کورد لە سووریا بەدەس پاشماوەکانی میشێل ئەفلەق و کوڕانی ئەسەد ، ڕێگەنەدان بە وەرگرتنی ڕەگەزنامە و ناسنامەی کوردەکان لە سووریا و هێرشی دڕندانەی داعێش لەسەر خەڵکی بێ تاوان، ئەمانە هەمووی نموونەی بەرچاون کە دەکرێ بە ڕوونی سکاڵایان لێ سهر بەرز بکرێتەوە و ویژدانی مرۆڤ بەرەنگاری بێتەوە. بەڵام هاوکات لە گەڵ ئەم کارەساتانەدا کە دەکرێ لە ژێر ناوی ژینوساید یان کۆمکوژیدا باسیان لە سەر بکرێ زۆر کرداری دیکه هەن کە بۆ پاکتاوکردنی نەتەوە، ڕەگەز، ئایین ، زمان ، بیر و ڕای سیاسی یان هەر تاقمێک کەڵکیان لێ وەربگیرێ و توندوتیژی تێدا بەدی ناکرێ بەڵام وەکوو ئەم کردەوە دڕندانە نایەنە بەرچاو، بەڵام لە کۆتاییدا هەمان ئاکامی سڕینەوەو لە ناوبردنی گرووپە قوربانییەکە لێ دەکەوێتەوە.
ئاسمیلاسیون یانێ تاواندنەوەی گرووپێک بە شوناسی جیاوازەوە لە نێو گرووپێکی دیکەدا لە ڕێگەی باڵا دەستی هێژموونەوە، یانێ پاکتاوکردن و لە ناو بردنی گروپێک بە شێوەیەک نەرم و نادیار. بۆ ئەم مەبەستەش یەکێک گرینگترین ئامانجەکان زمانە. بۆ نموونە کاتێک کە زمانی میللەتێک یاساغ بکرێت و بە کار نەبرێ، دیارە ئەو زمانە ئەکەویتە بەر مەترسی کاڵ بوونەوەوە و بگرە لەناوچوون. روونە کاتێ زمانی نەتەوەیک لە ناو بچێ سڕینەوەی مێژووی و یادەوەری ئەو نەتەوەیە زۆر ئاسانتر دەبێتەوە.
کاتێ کە تەواوی کەڵک وەرگرتنی مرۆڤی کورد لە زمانی دایکی تەنیا لە قسەکردنی ڕۆژانەدا بێ و پاڵپشتی نووسین و پەروەردە و بیرکردنی لە گەڵ نەبێت وشەکان لە بیر دەچنەوە و ئەو زمانە وردە وردە بەرەو گۆڕان نگەتیڤ و تەنانەت لەناوچوون ئەچێ. گاڵتە و سووکایەتی کردن بە زمان، ئەبێتە هۆی هەستی خۆ بەکەم زانین، ئەو ڕەوتە تا ڕادەیەک بەرەو پێش دەچێ کە ڕێگە خۆشکەر دهبێت بۆ هێژموونی دەسەڵاتی باڵادەس و دور کەوتنەوە و تەنانەت نکوولی کردنی تاک لە ناسنامە و شوناسی سەرەکی خۆی.
کاتێ کە مرۆڤ لە گەڵ مناڵی بە زمانێ جگە لە زمانی زگماکی قسە دەکات و زمانێ کە بیری پێدەکاتەوە، جیا لە زمانی خۆیەتی ئەو کەسە ئاسمیلە کراوە و شوناسی خۆی لە بیر چووتەوە.
بە پێی بڕگەی 1و2 پەیماننامەی پێش گرتن لە کۆمکوژی و سزادانی و هەروەها بڕگەی شەشی دەستووری سەرەکی دادگای سزای نێودەوەڵەتی هەر چەشنە کردەوەیەک کەبە مەبەستی پاکتاو کردن نەتەوەیەک یان بەشێک لە یەک نەتەوە یان گرووپێکی ئەتنیکی و قەومی ، ئایینی ، سیاسی و یان هەر تاقم و گرووپێکی تر یان دابین کردن و داسەپاندنی دۆخێک کە ئەم گرووپانە بەرەو لە ناو چوون ببات کۆمکوژیە و تاوانێکی قورسی نێودەوەڵەتییە .
هەر چەشنە گۆشارێک یان داسەپاندنی هەر دۆخێکی نالەبار بۆ ئەوەی تاقمێک لەناو بچێ کۆمکوژی و ژینوساید دێنە ژمار.
کە وابوو دەکرێ هەر جۆرە کرداریکی نەرم و خشۆک، بە ئاراستەی ڕێگەنەدان بە پەروەردە و پەرەپێدانی کولتوور و شوناسی بنەمایی گرووپێک و هەوڵی سڕینەوەو و لە بیر بردنەوەی، وەکوو کۆمەڵکوژی نەرم و خشۆک پێناسە بکرێ.
بەچاو خشاندنێک بە ڕواڵەتی شارێک و سیستمی پەروەردە لەو شارە و لە کومەڵگادا و ڕامانێکی قووڵ و ویژدانی لە سیمای کۆمەڵگادا دەکرێ نموونەی ئەم تاوانە نەرم و خشۆکە بۆ هێدی هێدی پاکتاوکردنی نەتەوەیەک هەست پێ بکرێ.