قادر نیکپوور
هۆکارەکانی سەرەکی درۆ، ترسە، بێزاربوونە، خۆ بە بچۆک زانینی، خۆ بە زل زانینە، ناسازگاری دەروونییە، هەست بە کەمی کردن لە هەمبەر هەواڵانە، جێگرتنەوەی منداڵێک کە زۆرتر لەو جێگای سەرنجە و هتد. ترس سەرچاوەیەکی گرینگە بۆ درۆ کردن.
لەم بابەتە تیشک دەخەینە سەر ئەوە، بۆچی مناڵ درۆ دەکات، هۆکاری سەرەکی درۆ لای مناڵ چیە؟هەر وەک هەموومان باش دەزانین درۆکردن دیاردەیەکی ناشرینە کە مرۆڤی درۆزن بە چاویکی کەم سەیر دەکرێت، هەروەها درۆکردن دەتوانێ کاریگەری خراپ لەسەر کەسایەتی مرۆڤ دابنێ. بابەتەکەی ئێمە کە سەبارەت بە مناڵە، ئەم پرسیارە دێتە ئارا کە داخۆ درۆکردن لای مناڵیش بەهەمان شێوە کاریگەری دەخاتە سەر کەسایەتی ئەو؟ لێکۆڵینەکان بە گشتی باس لەوە دەکەن کە درۆ لای مناڵ بەشێکی هەرە گرینگە لە گەشە کردنی مناڵ، چونکە مناڵ لەم رێگەوە خۆت تاقی دەکاتەوە تاکو بزانێ هەڵوێستی گەورەکان لەو بوارە چۆنە. هەر چەند ئەوەی کە ئێمە وەک درۆ تەعبیری دەکەین، لای مناڵ تەعبیرێکی دیکەی هەیە. مناڵ زۆرجار بۆ خۆدەرباز کردن لە رووداوەیەک یان کەم نەهینان لای هەوڤاڵەکانی شتێک دەڵێ کە دوورە لە حەقیقەت. دروست بەراورد کردن و دادوەری ئێمە دەتوانێ رووداوەکە باشتر روون کاتەوە.
هەروەها لێکۆڵینەوەکان ئەوەمان بۆ دەردەخەن، یەکێک لە هۆیە سەرەکییەکانی درۆ کردنی مناڵ، دایکوباوک یان گەوەرەکانن، بە تایبەتی ئەو کەسانەی راستەوخۆ لەگەڵ مناڵ درۆ دەکەن، یان دایکوباوک بە شێوەی نادروست لەگەڵ مناڵ هەڵس وکەوت ئەکەن. ئەمەش دەبێتە هۆی سەرەکی درۆ کردن لای مناڵ. گرینگە خەون و خەیاڵی (فانتازی) مناڵ لەگەڵ درۆ لێک جیاکەینەوە، کە ئەم بەشە زۆرجار توشی هەڵەمان دەکات. کاتێک مناڵ بوین گەورەکان وایان دەوت: هیچ شتێک عەیب نیە، غەیری درۆ و دزی. بەڵام داخۆ ئەم دوو خاڵە مناڵیش لە خۆ دەگرێ؟
با بزانین مناڵ چۆن فێری درۆ دەبێت؟ درۆ کردن بە گشتی رەفتارێکی ناپەسەندە، چ لای مناڵ و چ غەیری مناڵ. گرینگ ئەمەیە پێش بە درۆ کردنی مناڵ بگرین، تاکو گەشە نەکات، ئەوکاتەی مناڵە ئەتوانین چارەسەری بکەین، ئەگینا درەنگە. مرۆڤی درۆزن ناچێتە نێو دڵی خەڵک و هەموو پردەکانی دەورووبەری خۆی وێران دەکات. ئەوانەی درۆ دەکەن، لە نێو کۆمەڵگا بە جۆرێک خۆیان بەکەم دەزانن، بەلام بەداخەوە وەک خۆڵق و خویەکی ناپەسەند لەگەڵی گەورە بوون. کاتێک باس لە مناڵ ئەکەین دەبێ جیاوازی لە مابەینی مناڵ و غەیری مناڵ دابنێین. چونکە مناڵ وەک کانییەکی روون وایە، کە ئێمە قوڕاوی دەکەین، گرینگە باش ئامۆژگاری ئەم کانییە بکەین تاکو قوڕا نەبێت.
هەر وەک رۆسۆ دهڵێ: ''روحی منداڵ وهک کانییهک وایه که سهر چاوهکهی روونه، تاکو بهردی تێنههاوێن، قوڕاو نابێت''. ئهوهی که جێگای داخه ئینسان له تهمهنی منداڵی فێری درۆ دهبێت که له دوایی دهبێت به عادهت و ناتوانێ وازی لێ بێنێت. ههر بهم مهبهسته پهروهرده و باراهێنانی منداڵ به راست گۆیی خویهکی پهسهند و شایستهیه، لهگهڵ ئهوهش ئهرکێکی ئینسانی و ئهخلاقیه. راست گۆیی لهگهڵ سروشتی ئینسان خولقاوه، چونکه ئینسان به راست گۆیی له دایك دهبێت، له کاتی مردنیش له گووناحهکانی پاک دەبێتەوە، له گهڵ راستی بهرهنگار دهبێتهوه. هەر وەک دەڵێن: "مردن بۆ مرۆڤی درۆزن باشترین خەڵاتە". بێ شک ههر کهسێک حهز لهراست گۆیی و راست بیستن بکا، راست گۆیی دەکا بە پیشەی ژیان. هەموو کەس حەز دەکا ئەم پیشەیە رەچاو کات، بیکاتە سەرمەسقی ژیان، بەڵام بەداخەوە زۆرکەس لەگەڵ درۆ گەورە بوون، کە درۆکردنیان کردۆتە سەرمەشقی ژیان، کە ئەمەش لەمناڵی پێشی پێ نەگیرتراوە.
هۆی درۆکرن چیە؟
مناڵ بە گشتی درۆ لە دایکوابوک یان خوشک و برا فێر دەبێت. دایکوابوک کە درۆ دەکەن، مناڵەکەش درۆ فێر دەبێت. کەم هەیە دایکوباوک راستگۆ بن بەڵام مناڵ درۆزن. مناڵ درۆ لەو کەسانەی راستەوخۆ پێوەندی نزیکیان لەگەل ئەو هەیە فێر دەبێت. دایکوباوک بەڵێنی بە مناڵ ئەدەن، بەڵام بەڵێنی دەشکێنن. ئەم کارە دەبێتە هۆی بێ باوەڕی مناڵ لە هەمبەر دایکوباوک. مناڵ کاتێک خۆی بەکەم دەزانی، چ لەباری ماڵی یان لە بواری بڕست و هۆشەوە، بە جۆرێک قەروبووی کەم و کوڕییەکانی خۆی بە درۆ کردن دەکاتەوە. مناڵ کە دەبینێ بە هۆی هەڵەیەک لە لای گەوەرکان سزا دەدرێت، بە جۆرێک درۆ ئەکات تاکو خۆی لە سزادان بپارێزێ. جیاوازی دانان لە نێوان خوشک و برا، یان قوتابی لە قوتابخانە بە هۆی زیرەکی دەبێتە هۆی درۆکردن، چونکە مناڵ حەز لە جیاوازی کردن ناکات. کاتێک مناڵێک بە راشکاوی لە چوارچێوەی ماڵەوە جیاوازی دیبنێت، هەست بە کەمی دەکات و هەوڵ ئەدا بە جۆرێک سرنجی دایکوباوک یان خوشک و براکانی بە خۆی راکێشێ، کە ئەم حاڵەتە لە روانگەی دەروونناسی وەک خاڵێکی رەش و تاریک لەبواری پەروەردە بارهێنان سەیر دەکرێت.
درۆ یانی چی؟
ههر وهک له ماناکهی دیاره، درۆ شتێکی خەیاڵییە، یانی غهیری حهقیقهت، شتێک که لە ئارادانهبێ. چونکە حهقیقهت سهلماندنی رووداوەیەک یان شتێکە کە هەیەو لە ئارادابێ. ههر وهك لۆسن دهڵێ: '' درۆ بیرو بۆچوونێکی خهیالییه، بهدووره له حهقیقهت، هیچ بناغە و ئەساسێکی نیە.'' درۆکردن هۆی بێدەسەڵاتی، یان هەست بە کەم کردنە. لهراستیدا کهسێک درۆدهکات کە بێدهسهڵاته، لە زۆر بوارانەوە کەمی هێناوە. مرۆڤی خاوهن دهسهڵات ههرگیز درۆ ناکات، هەروەها سهرچاوهی درۆ بە گشتی ترس و خۆفه، چونکه سهرچاوهی سهرهکی درۆ له ترس را دێت، چونکە ئەوەی درۆزنە بە گشتی ترسنۆکە. نموونه، منداڵ که شت دهشکێنێ یان کارێکی خەراپ دەکا، ترسی رێدەکەوێ بۆ ئەوەی بە تاوانبار نەناسرێت و سزا نەدرێت، بە جۆرێک حاشا لە راستی رووداوەکە دەکا. هەر بەم مەبەستە هەوڵ ئەدا بە شێوەیەک هەڵەکەی داپۆشێت و حاشای لێبکا، چونکه دەبێ لەهەمبەر دایک وباوک جوابگۆ بێت.
شێوازی پرسیار کردنی ئێمهیە دەوری سەرەکی هەیە. مناڵ بە پێی ئەو تەجرەبەی کە خۆی هەیەتی مامڵە دەکات. ئەگەر لە دۆخێکی ئاوا بە توندوتیژی لە گەڵ ئەو رەفتار بکەین بە جۆرێک قسەکانی ئێمە نیشانەی ترس بێ یان بۆنی هەڕەشەیان لێ بێت، ئەویش هەوڵ ئەدا رووداوەکە بە شێوەیەکی نادروست بگێڕێتەوە. ئەگەریش بە شێوەیەکی نەرم و نیانی و پسپۆڕانە پرسیاری لێبکەین، بێگومان راستییەکەمان بۆ دەگێڕێتەوە. ئەم شێوە مامڵە کردنە دوو ئەزمونی سەرەکی بە دایکوباوک و مناڵ دەبەخشی، وە هەر یەک بە پێی تەجرەبەی خۆی مامڵەی بارودۆخەکە دەکەن. ئەزمونێکی باش و بە نرخ دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ مناڵ و دەبێتە سەرمەسقی ژیان، یان بە پێچەوانە دەبێتە هۆی ترس و خۆف و درۆ کردن. زۆرجار منداڵ به یەک چاو لێکردن دهزانێ که چۆن مامڵەی لەگەڵ دەکردرێت. هەرچی ئێمە پشوومان لەسەرخۆ تربێت، لە حەقیقەت زۆرتر نزیک دەبینەوە، هەروەها مناڵیش لە درۆکردن دوور دە بێتەوە.
شێوازی پرسیارکردن یان روون کردنهوهی رووداوهیهک یان کارهساتێک که منداڵ توشی دهبێت زۆر گرینگه. تازه ئهو شتەیە روویداوە، چ عەمدی بێ یان غەیری عەمدی. تازە شتەکە وهک خۆی لێنایهتهوه، گرینگ ئەوەیە خەراپتری نەکەین. گرینگ ئەوەیە دڵی مناڵ بۆ شتێک تازە کە روویداوە یان شکاوە نەشکێنین. کاتێک منداڵ به هۆی شکاندن یان بزر کردنی شتێک لەباری دەروونی ئازار دەردرێت یان لە باری جسمانی تەنبێ دەکرێت، بۆ جاری دووههم یان جارهکانی دیکه پێش ئهوهی پرسیاری لێ بکرێت، خۆی دهشارێتهوه یان بە جۆرێک خۆی لە راستی رووداوەکە دوور دەکاتەوە، چونکە تەجرەبەی رابردوو ئەوەی فێر کردووە. ئهگهر کهسێکی دیکه لە رووداوەکەدا بەشدار بووبێت، تاوانهکه دەخاتە ئەستۆی ئەو، بێ ئهوهی بهرامبهرهکەی ئاگاداری بێت.
بهم رهواله مناڵ فێری درۆ دەبێت، کاتێک دایکوباوک بە ئاسانی سزای دەروونی یان تەنبێی بەدەنی مناڵ ئەدەن، مناڵیش بە ئاسانی فێری درۆکردن دەبێ. راستە کە ئەو مرۆڤێکی بچووکە، لەبواری هێز و توانا لە ئاست ئێمە بێ دەسەڵاتە، بەڵام لە بواری کەسایەتی زۆر بەهێزە، کەواتە ئەرکی سەرشانی ئێمەیە ئەم کەسایەتییە بپارێزین و مافی پێ شێل نەکەین. جاری وا هەیە لە ماڵەوە شتێک دەشکێ یان بزر دەبێ، بێ ئهوی منداڵە ئاگادار بێت به تاوانباری دهزانین، دهست دهکهین به پرسیار کردنی جۆراوجۆر، ئهو بهستهزمانهش دهست دهکات به سوێند خواردن و پارانهوه که ئاگاداری هیچ شتێک نیه، چونکە جاری رابردوو نەیزانیوە هەڵەیەکی بچووکی کردوە یان شتێکی شکاندوە.
منداڵ که ورده ورده لەگەڵ ئەم شێوە رەفتارە ئاشنا دەبێت، بۆی دهردەکەوێ که داێکو باب به چ زمانێک دهدوێن، خۆی لهگهڵ ئەم جۆرە رەفتارە رێک دەخات. ئهگهر رهفتاری دایکوباب ئهوهنده ناشرین بێت که منداڵ بۆ ههر ههڵهیهکی بچووک ئەم بەڵایەی بهسهر بێت، ئهو ترسه رۆژ به رۆژ زۆرتر دهبێت. ئەو مناڵەی لە دایکوباوک ئەترسێ، شێوازی چاولێکردنی، قسەکردنی، نائارامی و بێقهراری، زار ویشک بوونی، دڵە کوتەی بە ئاشکرایی پێوە دیارە، وە ههر یەک لەم خاڵانە نیشانهی ترسێکی بە هێزە.
"متمانە کردن بە مناڵ لە بواری پەروەردە و بارهێنان یەکێک لە خالە گرینگەکانە. مناڵێک کە لەسەر بنەمای متمانە گەورە دەبێت، بە دوور دەبێت لە درۆ کردن. کاتێک پردی متمانە لە چوار چێوەی ماڵەوە قایم و پتەوە، ئەم پردەیە دەبێتە دوولایەن بۆ هەر دوو، بە تاینەتی بۆ مناڵ کە دەبێتە جێگای متمانە لە دەرەوەی ماڵ. مناڵێک کە متمانەی بە دایکوباوکی هەبێ، هیچ پێویست بە درۆ گێڕانەوە ناکات." درۆکردن جگە لەوەی ئاکارێکی ناشرین و نا دروستە، مرۆڤی درۆزنیش ناکەوێتە نێو دڵی خەڵک. بۆ نموونە، درۆ کردن هەروەها لە روانگەی دینی بە ئاکارێکی نادروست سەیر دەکرێ، وە مرۆڤی درۆزن بە تاوانبار و گوناحبارێکی گەورە دەناسرێ. وە لە دینی بودا، مهسیح و ئیسلام که سێ دینی گهورهن، درۆکردن به کوناحێکی گهوره ناسراوە.
له بودایان پرسی،
ئینسانی دیندار کاری بێ ناموسی دهکات؟
وتی، رهنگه
ئینسانی دیندار دزی دهکات، ماڵی خهڵک داگیر دهکات؟
وتی، رهنگه
ئینسانی دیندار درۆ دهکات؟
وتی، نهخێر
راستگۆیی بەشێکە لە ئەخلاق. کەسێکی راستگۆ ژیانێکی خاوێن و بێ پێچ و پەنای لە پێشە، بە پێچەوانە کەسێکی درۆزن ژیانێکی هاڵۆز و پر لە شک و گومانی لە پێشدایە، وە هەمیشە لە مەترسیدایە. بە واتەیەکی تر، ئینسانی درۆزن لە نێو دوو رێگە گیری کردووە کە زۆرجار باوەڕ و متمانەی بە خۆشی نیە، لە راستیدا سەری لێ شیواوە. ژیانێکی بهختهوهر، پڕ لە ئاسودهیی له گرهوی راستگۆیی دایه. ئینسانی راستگۆ له زۆربەی بوارهکانی ژیان سهرکهوتوویه، ترسی له دڵی دانیه، کەچی ئینسانی درۆزن بهردهوام دڵهراوکهیه ههیه و ترسی لە نێو دڵی دایە. لهبواری فهلسهفی، گهورهترین عهزابی ئینسان ئهو ترسهیه که ناوێرێت راستێک ئاشکرا بکا یان دهری بڕیت. کهسێکی کە درۆ دەکا دائیم لهگهڵ ترس دهژی، بە ترسەوە ژیان بەسەر دەبا، لە نێو زیندانی دەرووندا دەژی، وە خۆرزگار کردن لەم زیندانە کارێکی ئاسان نیە.
ئهگهر گشت تاوان و گوناحهکان له شوێنێکی بهستراو یان هۆدهیهک کۆکهینهوه هاچهر یان کلیلی ههموویان درۆکردنه. کاتێك مرۆف هەڵە دهکا، بۆ حاشاکردن یان خۆدزینهوه له هەڵەکە پهنا بۆ درۆ دەبا. ههر هەڵەیەک کە مرۆف له قهست دهیکات، رهگێکی درۆی لێڕواوه. گرینگترین و گهورهترین ئهرکی قورسی دایکوباوک له بواری پەروەردە و بارهێنان، بارهێنانی مناڵ لە سەر بنەمای راستی و دروستییە. ههرچهند دایکوباوک له هەموو بوارهکانی پەروەردەیی بهرپرسن، بهڵام کردارو رهفتاری دروست، راستگۆیی له گهڵ منداڵ، خووگرتنی مناڵ بە راستگۆیی باشترین شێوەی پەروەردە و بارهێنانە.
بهشێک له ههڵس و کهوتی رۆژانهی ئێمه وهک خوویەک له گهڵمان گونجاون. کاتێک لە چوار چێوەی ماڵەوە دەدوێین، گرینیگە بزانین باسی چی دەکەین بە تایبەت لای مناڵ. زۆرتری کاتەکان بە بیر کردنەوە و قسەکردن بەسەر دەچێ، گرینگە دروست بدوێین تا مناڵ دروستی گوێ لێ بێت. مناڵ زۆر بە ئاسانی شت فێر دەبێ، بە تایبەتی شتی خەراپ، بەڵام بە داخەوە زۆر بەسەختی وازی لێ دێنێ. خوو گرتن بە خەراپی لای مناڵ کارێکی ئاسانە بەڵام بە پێچەوانە تەرک کردنی کارێکی سەختە، وە ئەمە گەوەرەسالانیش لە خۆ دەگرێ.
دایکوباوک بە گشتی لە هەمبەر درۆکردنی منداڵ سستن، بە دوای هۆکاری درۆ ناکەون. کاتێک مناڵ نەخۆشە یان توشی رووداوەیەکی خەراپ دەبێت، به پڕتاو دهیفرێنن بۆ لای دکتۆر به مهبهستی چارهسهرکردن. بەڵام کاتێک درۆدهکات زۆر خۆیان هیلاک ناکەن، لە کاتێکدا هۆی زانینی درۆ فرە گرینگە، وە چارەسەر کردنی زۆر گرینگتر. پێویست ناکا بە هەرەشە و هات و هاوار چارەسەری کێشە بکەین. دەبێ پشوومان لەسەر خۆ بێ، بە وردی و شێنەیی مناڵ روون کەینەوە درۆکردن کارێکی ناشرینە. بە داخەوە زۆر دایکوباوک بە بیستنی درۆ مناڵ ئازار ئەدەن یاخۆ بێ حورمەتی پێدەکەن کە ئەم کردەوەیە زۆر لە لێدان و ئەشکنجە خەراپترە.
مناڵ پێش چوونە قوتابخانە هەوڵ ئەدا کۆمەڵێک شت تاقی کاتەوە، سنووری خۆی بناسێت تاکو بزانێ چەندە حەقی پێ دەدرێ، دەتوانێ قسەیەک بکا کە دوور بێ لە حەقیقەت، ئەمە تەنیا بۆ پێناسەی کەسایەتی خۆیەتی، تاکو بزانێ ئەو کەسایەتییە بچووکە چەندە جێگای رێزە. مەرج نیە هەر شتێک کە مناڵ دەیڵێت، بە درۆ سەیری بکەین. فانتازی و دنیای خەیاڵی مناڵ ئەوەندە گەورەیە کە لە خیاڵی ئێمە گەورە ساڵاندا ناگونجێ. راستە ئەوان بچووکن، بەڵام دنیایەکی بێ سنووریان هەیە. ئێمەش کە مناڵ بووین لە دنیایەکی بەم جۆرە خولمان لیدەدا، بۆ نموونە هەموومان حەزمان دەکرد بڕۆینە سەر کێوەکە تاکو رۆژ بگرینە باوەش.
کۆتایی
تاوانباری هەموو تاوانەکانی مناڵ دیکوباوکن، دایکوباوک لە ئاست هەر کردەوەیەکی مناڵ بە چاک و خەراپ بەرپرسن. مناڵ پێش هەموو کەس درۆ لە دایکوباوک فێر دەبێت، دایکوباوکێکی درۆزن مناڵێکی درۆزن رەوانەی قوتابخانە و کۆمەڵگە دەکەن.
هۆکارییەکانی سەرەکی درۆ، ترسە، بێزاربوونە، خۆ بە بچووک زانینە، خۆ به زڵ زانینە، ناسازگاری دهروونییە، هەست بە کەمی کردن لە هەمبەر هەواڵانە، جێ گرتنەوەی مناڵێک کە زۆرتر لەو جێگای سرنجە و هتد. ترس سەرچاوەیەکی گرینگە بۆ درۆ کردن. کاتێک مرۆڤ ترسی نەبێ درۆش ناکات، چونکە مرۆڤی راستگۆ نەترس و بێ باکە.گهورهترین تاوانی مرۆڤی درۆزن ئهوهیه که لهگهڵ خۆشی درۆدهکات، واته ئەو زوڵمی گەورە لە خۆی دەکات، چونکە خۆی گەورەترین شاهیدە بۆ قسەکانی خۆی.
پێوەندی نزیک، هەڵس و کەوتی دروست مناڵ بەرەو راستگۆیی هان ئەدات، چونکە مناڵ بە هۆی نزیکایەتی لە دایکوباوک متمانەی زۆرتر وەردەگرێ، وە متمانەش سەرچاوەی راستییە. هەروەها کاتێک مرۆڤ راستگۆیە، زۆرتر جێگای متمانەی خەڵکە.
لەسەر خۆیی و ئارامی ئێمە لەکاتی روون کردنەوەی هەڵەیەک مناڵ یارمەتی ئەدا راستی رووداوەیەک بگێڕێتەوە تاکو درۆ، هەرچەند خۆشی تاوانبار بوو بێت.
شێوەی پرسیار لە کاتی هەڵە کردن زۆر گرینگە. مناڵ زۆر باش ئاگادارە کە ئێمە تووڕەین یان لەسەر خۆین، بەم چەشنە خۆی لەگەڵ هەڵس و کەوتی ئێمە رێک دەخات.
تووڕەیی بە تووڕەیی چارەسەر ناکرێت، تووڕەیی بە سەبر و لەسەر خۆیی، بە تێگەیاندن و روونکردنەوە.
خوێنەری ئازیز ئەگەر رەخنە یان پێشنیارێکت هەیە تکایە بەم ئی مەیلەی خوارەوە بینێرە، سوپاست دەکەم.
قادر نیکپوور- نۆڕوێژ
این آدرس ایمیل توسط spambots حفاظت می شود. برای دیدن شما نیاز به جاوا اسکریپت دارید