ما 1953 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ساتەوەختی ترسناک

لە نێوان گەنجیەتی و پیری دا ساتەوەختێک هەیە تێیدا رەنگە هەموومان کتوپڕ لەوە تێدەگەین زمەن چەندە رەوتێکی خێرای ترسناکە و ژیان چەندە کورتە. لەو ساتەوەختەدا هەموومان بە قسە و بە نووسینی کورتی سەر دیواری تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان باسی ئەم تێگەیشتنە کتوپڕییەی خۆمان دەکەین و، حەزدەکەین لەگەڵ کەسانی تر باسی بکەین.

بەڵام دیسان ساتەوەختێک دەگا کە لەمەیش تێردەبین و تێدەگەین کە ئەم راستییە تاڵە وەک حەقیقەتێکی ژیان وەربگرین و لەبیری بکەین و وەک رۆژانی رابردوو درێژە بە ژیانی خۆمان بدەین بە بی بیرکردنەوەیەکی ئەوتۆ لەسەر حەقیقەتێکی وەها تاڵ. لە راستیدا ژیان پێمان دەڵێتەوە کە بژین هەتا هەین و زۆر ئەوەندە بیرەکانی خۆمان بە هێند وەرنەگرین کە ژیان گرینگترە لە هەر هەموویان.

واتە ژیان، رەوتێکی زاڵترە لە هەر هەموو شتێک هەتا هەین. ئەوە ئەوە خۆی دەسەلمێنێ و یاسای خۆی کە 'ژیانکردنە' بە سەر مرۆڤەکاندا فەڕزدەکا. ژیان نۆستالۆژیا و پووچیش قووتدەدا.

دەتوانین بڵێین ژیان رەوتێکە بریتی لە هەموو رووداوە دەرەکی و دەروونییەکان. ئەو شوێنەیە کە بە هەموو ئەمانەوە مانا پەیدا دەکا. بۆیە دەبێ لەبیرمان بێت کە سەرەڕای هەموو ئەزموونە تاڵە دەرەکی و دەروونییەکانیش ئەوە ژیانە دەیباتەوە. ژیان هەموو ئەم رووداوانەی پێویستە بۆ ئەوەی بتوانێ بەرگی مانا لەبەر خۆی بکا.

بەم پێیە ئەوەی زیاتر خەریک ئەم جۆرە ئەزموونانە بێت، ئەوا دەتوانین بڵێین، بگرە سەرەڕای تەمەنی کەمیش، زیاتر ژیاوە. رووداوە دەروونی و دەرەکییەکان چلۆنایەتی ژیان چڕدەکاتەوە و لێرەوە لە رێگای قووڵاییەوە، چێژێکی تر بە خۆی دەبەخشێ.

ژیان ئەو چرکەساتەیە وا ساتەوەختە ترسناکەکانیش قووت دەدا.

سایتی قەڵەم

١٩ مەی ٢٠١٩

Bilderesultat for livets tid kunst

گەڕان بۆ بابەت