ما 3988 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

ئەقڵگەرایی فەلسەفی پێش لەهەر شتێک رەوتێکی فەلسەفییە بۆ ناسین. واتە بە شوێن زانستێکەوەیە لەسەر ئەوەی چلۆن مرۆڤ دەتوانێ راستییەکان بدۆزێتەوە. ئەقڵگەرایی فەلسەفی باس لەوە دەکا ئەقڵ سەرچاوەی ناسینی راستییە. ئەوان دەڵێن بە یارمەتی بیر ـ وە تەنیا بەم هۆی بیرەوە ـ مرۆڤ دەتوانێ راستییەکان بدۆزیتەوە.

بڕوا بە ئەقڵ

ئەقلگەرایی Rasjonalisme وەک دەستەواژە لە وشەی لاتینی 'ئەقڵ'ەوە ratio هاتووە. ئەمرۆکە ئەقلگەرایی لە دوو مانادا بەکاردێ: یەکەم، ئاماژەیە بە ئەقڵگەرایی وەک ژینڕوانگە، کە تێیدا دەرکی واقع لە سەر ئاراستەیەکی ئەقڵیی گشتی راوەستاوەو، دووهەم ئاماژەیە بە نەریتێکی تایبەت لە فەلسەفەدا کە تێیدا پێ لەسەر ئەپیستمۆلۆژی و توانای مرۆڤ بۆ بیرکردنەوە بە گوێرەی کاتەگۆرییەکانی ئەقڵ دادەگیردرێ. من ئەمەیان ناودەنێم ئەقڵگەرایی فەلسەفی. وە یەکەمیان، واتە نەریتی ئەقڵگەرایی، لە پێوەندی لەگەڵ ژینڕوانگەدا مانا وەردەگرێ. لەم پاژەدا من باس لە هەر دووکیان دەکەم. هەروەها باس لە ئەزمونگەرایی empirism دەکەم کە کاتێک قسە لە سەر ناسینە، خۆی لە بەرامبەر ئەقڵگەرایی فەلسەفیدا دەبینێتەوە. رووبەڕووبوونەوەی نێوان ئەم دوو رێچکەیە کاریگەریی هەبووە لەسەر گەشەی ئەقڵگەرایی و ئەزمونگەرایی. ئەقڵگەرایی وەک ژینڕوانگە، هەم لە ئەقڵگەرایی و هەم لە ئەزمونگرایی چەمکی وەرگرتووە.

ئەقڵگەرایی وەک ژینڕوانگە

ئەقڵگەرایی وەک ژینڕوانگەیەکی دونیایی، بە تایبەت لە ئینگلستان و هیندستان پەرەی سەندووە. لەم وڵاتانە رێکخراوی ژینڕوانگەیی هەیە ناوی خۆیان ناوە ئەقلگەرا. کەڵک وەرگرتن لەم ناوە پێش لەهەر شتێک دەگەڕێتەوە بۆ کەڵک وەرگرتنی گشتی لەم وشەیە، ئەوەیکە ئێمە دەتوانین تەنیا بڕوا بەوە شتانە بێنین کە لەسەر ئەزمون و ئەقڵ بنیاتنراون، بە واتایەکی تر پشت ئەستوورن بە ئەنالیزەی زانستی. (ئەم جۆرە ئەنالیزانە دەکرێ 'استقراء'ی بن، واتە سەرەتا هەندێ 'فەڕز' دادەنرێن بۆ ئەوەی لە رێگای کەڵک وەرگرتن لەوانەوە 'ئەنجام' بونیات بنرێ. بۆ نمونە: ئەگەر سێبەری زەوی لەسەر مانگ لە کاتی مانگگیراندا خوارە، ئەمە ئەوە نیشان دەدا زەوی خڕە. یان ئەنالیزە دەکرێ 'قیاس'ی بێت، واتە ئێمە بە هەندێ 'ئەنجام' دەگەین لە رووی 'ئەنجام'ی دیکەوە کە راستییەکەی سەلمێندراوە. بۆ وێنە کاتێک ئێمە دەزانین زەوی خڕە، دەتوانین بە درێژپیدانی رێگاکەمان بەرەو رۆژائاوا سەرئەنجام بگەڕێینەوە ئەو شوینەی وا لێیەوە هاتبووین.)

 

هەروەها رێکخراوە ژینڕوانگە دونیاییەکان کە بە خۆیان دەڵێن هیومانیست، بە شێوەیەکی بەهێز ئەقڵگەران. لە پێڕەوی 'ئەنجوومەنی ئەخلاقی ئینسانی' لە نۆروێژ و لە 'ئەنجوومەنی جیهانیی هیومانیستەکان' (IHEU)  لە دەستەواژەی 'بیری ئاقڵانە' کەڵک وەرگیراوە.

بیری رەخنەیی و ئەقڵی رەخنەگرانە لەم ژینڕوانگە دونیاییانەدا خاوەن ئەستێرەیەکی گەشە. واتە ئەقڵگەرایی دەبەسترێتەوە بە گومانێکی تەندروستەوە. لە یەکەم قۆناغدا رەخنە خۆی دەبینتەوە لە بەرامبەر خورافە و بیرە نائەقڵانییەکاندا. بزوتنەوەی گومانکارەکان، کە لە ناو گەلێک لە رێکخراوە ژینڕوانگەییەکاندا دەبینرێ، لە جووڵەیەکی بەرفراواندایە لە بەرامبەر هەموو فۆڕمە نائەقڵانییەکانی بیردا، واتە ئەو بیرانەی وا ئەوان وەک خورافە لێکیان دەدایەوە، بۆ نمونە وەک عیرفان و هەموو ئەو رێچکانەی وا پێیان وابوو لە رێگای هێزێکی دەروونییەوە لە گەڵ خوداکان و دیاردە بانسروشتییەکان دەتوانن پێوەندی بگرن. تا رادەیەکیش لە بەرامبەر ئەو فێڵانەدا رادەوەستان کە دەیانویست جێگای داودەرمانی زانستی بگرنەوە.

زۆر جار ئەقڵگەراکان و گومانیستە نوێیەکان بەوە تاوانبار کراون کە بە هۆی بەرامبەربوونەوەی توندیان بە دژی نائەقڵگەرایی بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی باوەڕێکی نەگۆڕاو بە راستییە زانستییەکانی سەر بە زانستە سروشتییەکان و سەردەمی زێڕینی پوزیتیڤیسم لە نیوەی دووهەمی سەدەی نۆزدە (کە تێیدا پوزیتیڤیستەکان دەیانگوت ئەوەی نەتوانرێ بژمێردرێ، ئەندازەی بگیردرێ و کێشی دیاری بکرێ، ناچێتە خانەی زانستەوە). بە واتایەکی تر ئەم رەخنەگرانە دەیانگوت ئەقڵگەرایی بریتییە لە کردەیەکی خۆبەزلزانانە کە لە دژی بیری نوێ، توێژەرەوەیی و کراوەییە لە روانگەمان بۆ ژیان. ئەم رەخنەیە تەنها لە لایەن ئەو کەسانەوە نەبوو کە لە لایەن ئەقڵگەراکانەوە هێرشیان دەکرایە سەر، بەڵکو لە لایەن خودی زانا ئەقڵگەرانیشەوە دەهاتە گۆڕێ. ئەم جۆرە زانایانەیش ئاگاداریان دەکردینەوە لەسەر مەترسیی وێنا ئەبەدییە دروستکراوەکان لەسەر راستییە زانستییەکان. رەنگە بە تایبەت شۆڕشی 'ئەنشتەین' لە فیزیکی 'نیۆتۆن'ی دا بوو کە بووە هۆکاری وەها کردەیەکی خۆڕەخنەییانە لە ناو ئەقڵگەراکاندا.

زۆربەی ئەو کەسانەی ئەم رەخنانەیان ئاراستەی ئەقڵگەرایی دەکرد، ئەوەیان لەبەرچاو نەدەگرت کە ئەقڵگەرایی خۆی لە خۆیا بریتییە لە رەخنەیەکی بنەڕەتیانە. ئەقڵگەرایی تەنیا رەخنە نیە لە نائەقڵگەرایی (Emberland 2001). ئەقڵگەرایی رەخنەیی، بەدوورە لە هەر چەشنە خورافەیەک کە لە باوەڕی خەتابارنەبوونی ئەقڵەوە سەرچاوە دەگرێ. ئەقڵگەرایی لە گەڕان بە شوێن ناسیندا چاوی بەڕووی خەیاڵ و ئیلهامدا دانەخستووە و، دان بەوەدا دەنێ کە ئەقڵ ناتوانێ هەموو دیاردەکان بناسێ.

بە دڵنیاییەوە خۆشەویستی، ئەزموونی هونەری، سەمیمیەت و پێکەوەبوون نە دەکێشرێن و نە دەتوانین ئەندازەیان بگرین. ئەگەرچی ئەقڵگەرایی دان بەوەدادەنێ مرۆڤ هەروەها لە لایەن هێزە نائەقڵانییەکانەوە هاندەدرێ، بەڵام ئەقڵگەرایەکی راستەقینە ناگاتە ئەو ئەنجامە کە دەبێ بهێڵین ئەم هێزانە مرۆڤ بجووڵێنن بۆ ناسینی راستەقینەی دونیای دەرەوە(Emberland 2001).. ئەمە نابێ وەها شیبکرێتەوە کە خۆشەویستی، ئەزموون، سەمیمیەت و پێکەوەبوون نابێ هانی ئێمەبدا بۆ ناسین لە بوارەکانی تری ژیاندا.

بیری بێ رۆحی تێکنۆکراتیش دەکەوێتە بەر رەخنەی ژینڕوانگەی ئەقەڵگەراییەوە. گەلێک هیومانیست پێیان وایە کە روانگەی رەخنەیی، توێژەرەوەیی و گەڕان دەبێ لە پێش هەر شتێکدا بێت، ئەو روانگەیەی وا کاتی خۆی بنەمای پێشکەوتنی هیومانیسمی داڕشت (Lingås i Rasmussen og Thomassen (red.) 1999, s. 552).

ئەقڵگەرایی فەلسەفی

ئەقڵگەرایی فەلسەفی پێش لەهەر شتێک رەوتێکی فەلسەفییە بۆ ناسین. واتە بە شوێن زانستێکەوەیە لەسەر ئەوەی چلۆن مرۆڤ دەتوانێ راستییەکان بدۆزێتەوە. ئەقڵگەرایی فەلسەفی باس لەوە دەکا ئەقڵ سەرچاوەی ناسینی راستییە. ئەوان دەڵێن بە یارمەتی بیر ـ وە تەنیا بەم هۆی بیرەوە ـ مرۆڤ دەتوانێ راستییەکان بدۆزیتەوە. ئەگەرچی زۆربەی فیلسووفە ئەقڵگەراکان ناتوانن نوێنەری ژینڕوانگە دونیاییەکان بن، بەڵام بەگشتی بەشێکن لە رەوتی گەشەی ئەقڵگەرایی. ئەقڵگەرایی یەکێک لە هۆکارەکانی سێکۆلاریسم لە ئۆرووپا و، یەکێک لە سەرچاوە گرینگەکانی ئیلهام بۆ ژینڕوانگە دونیاییەکان بوو.

ئەقڵگەرایەکی فەلسەفی دەڵێ ناسین گرێدراوە بەوەوە مرۆڤ بتوانێ راستییەکان لە هەناوی رستە سەربەخۆکانەوە هەڵێنجێ (واتە ئەو رستانەی لەسەر پێی خۆیان راوەستاون و بۆ سەلماندنی راستیی خۆیان پاڵ بە هیچ شتێکی ترەوە نابەستن ـ وەرگێڕی کوردی). بۆ نموونە 'دێکارت' (١٦٥٠ ـ ١٥٩٦) ئەمەی بەم شێوەیە فۆرمولە کردووە:

"من بیردەکەمەوە، کەواتە هەم!"

لەسەر بنەمای ئەم راستییە بنەڕەتی و رەدنەکراوەیە دێکارت زانیاری نوێی لەسەر جیهانی فیزیکی و میتافیزیکی پێشکەشکرد. دێکارت بۆ خۆی باوەڕی بە خودا هەبوو و دەیگوت ئەم رستە بنەڕەتیانە لەلایەن خوداوە بە ئێمە دراون. نموونەیەکی دیکە لەم پێوەندییەدا دەتوانێ خاڵی ناوەندی لە جەغزێکدا بێت کە بە یەک ئەندازە لە گەڵ هێڵی دەوری جەغزەکە فاسڵەی هەیە. هاوکات ئەو لە سەر ئەو رایە بوو قسەوباس لەسەر ئەم جۆرە رستە بنەڕەتییانە کراوەیە. دێکارت لە نێوان دوو کاتەگۆریی بنەڕەتی کە پێی وابوو لەبەرامبەر یەکتردان، جیاوازی دادەنا، واتە لە نێوان جیهانی وشیاری (res cogitans)  و جیهانی ماددە (res extensa). لە دونیای فەلسەفەی ئەودا بەمە دەگوترێ دوالیسم.

'بروچ دی سپینوزا'ی هۆڵەندی (١٦٧٧ ـ ١٦٣٢)و، 'گۆتفرید و. لایبنیز'ی ئاڵمانی (١٧١٦ ـ ١٦٤٦)، دوو فیلسووفی تر بوون کە کاریگەریی زۆریان لەسەر گەشەی ئەقڵگەرایی دانا (هەردووکیان لە یەکەمین سروشتگەراکان بوون، دوواتر لە پاژی هەشت دا دەگەڕێینەوە سەریان). یەکەمین ئەقڵگەراکان دەیست بوون، بڕوایەک کە دەیگوت خودا خۆی لە کاروباوی جیهان یاخود بەڕێوەبردنی مرۆڤەکان وەرنادا. مرۆڤ لای ئەوان بوونەوەرێکی ئازاد و بیرمەند بوو. ئەوان ئەمەیان رەددەکردەوە کە کردەی مرۆڤ بەرنامەبۆ داڕێژراو و هەربۆیە پێشبینیکراو بێت. ئەوان دەیانگوت مرۆڤ خاوەن توانایەکی زگماکییە بۆ جیاکردنەوەی راستی و ناڕاستی، ئیلهامێک کە ئێمە دەتوانین ئازادانە بۆ ناسینی جیهان بەکاری بەرین، وەها کە راستەوخۆ و بە بێ هەڵە دەتوانین لەگەڵ دیاردەکانی دەورووبەمان پێوەندی بگرین و بڕیاریان لەسەر بدەین.

ئەقڵگەرایی فەلسەفی دەڵێ مرۆڤ وەک بوونەوەری بیرمەند دەتوانێ واوەتر بچێ لەو راستییانەی وا وەک راستی دەیانژمێرێ. ئێمە دەتوانین ئاکامی تر هەلێنجین چونکە وشیاریی ئێمە لەگەڵ ئەو ئایدیا و دەستەواژانە لەدایک بووە کە رەگیان لە ئەزمووندا نیە، بەڵام هاوکات توانای ئەوەمان پێدەبەخشن پێیان ئەزموونەکانمان لێکبدەینەوە. بە بێ ئەمانە، هەستەکان و ئەزموونەکان بێمانا دەبن. کاتێک پیاوێک دەبینین بە شوێن مداڵیکدا رادەکا، بە یارمەتی بیر و دەستەواژەکانی دەروونمان دەتوانین لێکی بدەینەوە ئەو پیاوە دەیەوێ منداڵەکە لە نەهامەتییەک رزگار بکات. بەڵام هەر ئەو پیاوە ئەگەر بە باوەشی کراوەوە رابکا بە بێ ئەوەی منداڵێک لەپیش دەمییەوە بێت، ئەوا لەلامان کردەیەکی بێمانا دەبێ.

ئەقڵگەراکان پێیان وایە ئێمە دەستەواژە ئەقڵییەکان لە زماندا بەکاردێنین. دەستەواژەکانن بیری ئێمە شکڵ پێدەدەن و هاوکات ئەوە نیشان دەدەن مرۆڤ خاوەنی ئەقڵە. ئەم دەستەواژانە بۆ نموونە بریتین لە شوێن، کات، کاریگەریی، لێکچوون و جیاوازی، گشتییەت، بەش، زیندوو، مەرگ، دووری، سوبستانس و زۆری. دونیای بەرهەست و دیاردەکان خۆی لە خۆیاندا هیچ تێگەیشتنێک نانوێنن، رێک وەک ئەو پیاوەی هەڵدەهات. دونیای بەرهەست لە زاتی خۆیدا بە بێ مانایە. سەرەتا لە بەریەککەوتنی نێوان دونیای بەرهەست لە لایەک و، ئەقڵ و ئەزموونەکانی ئێمە لە لایەکی ترەوەیە مرۆڤ دەگاتە ناسینی راستی و ناڕاستییەکان. بۆ نموونە ئەوەیکە ئەو پیاوە بە شوێن رزگارکردنی منداڵەکەوەیە یاخود نا. (سەبارەت بەوەی دونیای بەرهەست خاوەن چ تایبەمەندییەکە، لایبنیز لە چاو دێکارت و سپینوزا خاوەن تێڕوانینێکی تر بوو. ئەم تێڕوانینە لەسەر چەمکی 'موناد' monader راوەستابوو کە پێش فەڕزێک بوو سەبارەت بەو ئامانجەی خودا دابووی و تێیدا 'یەکەی هێز' گونجابوو.)

لە پێوەندی لەگەڵ ئێتیکدا، کە بەتایبەت سپینوزا پێیەوە سەرقاڵ بوو، ئەقڵگەرایی فەلسەفی دەڵی ئاکاری ئەخلاقی و هەڵبژاردن ئاکامی زانیاری و تێگەیشتنی دروستە.

 

ئەزموونگەرایی Empirism

سەبارەت بە چۆنیەتی دەستەبەرکردنی ناسین، ئەقڵگەرایی فەلسەفی لە لایەن ئەزموونگەراییەوە بەتووش دێباتێکی سەختەوە بوو کە ساڵانی دوواتر لە فەلسەفەی ئینگلیزدا گەشەی سەند. ئەزموونگەرایی پێ لەسەر ئەوەدادەگرێ کە ناسین لە ئەزموونەوە دێت. جۆن لۆک (١٧٠٤ ـ ١٦٣٢)، جۆرج بێرکێلی (١٧٥٣ ـ ١٦٨٥)، دەیڤید هیوم (١٧٧٦ ـ ١٧١١) و جۆن ستوارت میل (١٨٧٣ ـ ١٨٠٦) لە ناودارترین فیلسووفە ئەزموونگەراکانی دووای سەردەمی 'فرانسیس بەیکن'ی (١٦٢٦ ـ ١٥٦١) فیلسووفی چاخی رێنسانس بوون. ئەوان دەیانگوت زانستی ئێمە لەمەڕ دونیای بەرهەست رەگی لە هەستەکاندا هەیە. ئەوان ئایدیا زگماکییەکانیان رەددەکردەوە. ئەوەیکە بە یارمەتی وشیارییەک کە پێمان دراوە و لە زماندایە دەتوانین کار لەسەر دراوە هەستییەکان بکەین و دونیای بەرهەست بناسین. ئەزموونگەراکان دەیانگوت کاتێک ئێمە کەڵک لە لۆژیک، بیری ئەنالیزی و ژمێریاری وەردەگرین ئەمە ناسین نیە بەڵکو ئامادەکارییە بۆ ناسین. ناسین دیاردەیەکە واوەتر لە ئەنالیزە. رووانین، بیرهێنانەوە و ئەنالیزەی 'استقراء'ی ئێمە بە زانست لەسەر واقعێکەوە پێوەند دەدا کە لەگەڵ زانستی ئەزموونیی ئێمەدا دێتەوە.

ئەزموونگەراکان ئەو میتافیزیکە رەددەکەنەوە وا هەندێ لە ئەقڵگەرا فەلسەفییەکان باوەڕیان پێی هەبوو، بۆیە لێرەوە زۆربەیان 'دەیسم'یشیان رەددەکردەوە. ئەزموونگەرایی باو زیاتر ئەگنوستیست (نازانمگەرا) بوو. بەم شێوەیە زۆربەی ئەزموونگەراکان لایەنگری ژینڕوانگە دونیاییەکان بوون. لە کۆتایی سەدەی هەژدەوە وەهای لێهات، زانستی ئەزموونگەرا، جێگای میتافیزیای ئایینی و ئەقڵگەرایی گرتەوە. ئەزموونگەراکان باوەڕیان بە توانای زانستی سرووشتی هەبوو بۆ دۆزینەوەی راستی و ناڕاستی و، هەروەها لێدوانە تیۆلۆژیکی و ئەبستراکتییەکانیان رەدکردەوە. ئەمە لەو کاتەدا روویدا کە دۆزینەوە زانستییەکانی بوارەکانی فیزیک، ئەستێرەناسی، شیمی، بایۆلۆژی و جۆگرافی بەکەڵک وەرگرتن لە میتۆدە زانستییەکان، پێشکەوتنی گەورەیان بەدەستهێنا و ئەمە وەها کاریگەرییەکی لێکەوتەوە کە مرۆڤ بە گەشی لە داهاتوو بڕوانێ و پێی وابێ بتوانێ بەشیوەی رادیکاڵیانە ژیان و دۆخی خۆی بەڕووی باشەدا بگۆڕێ.

رەخنە لە ئەقڵی رووت

فیلسووفی ئەڵمانی 'ئیمانویل کانت' (١٨٠٤ ـ ١٧٢٤)، نە ئاتەئیست بوو و نە ئەگنوستیست. ئەم فیلسووفە لە بەشیکی زۆری فەلسەفەکەیدا دەستپێکێکی ئایینی هەیە. هاوکات کانت وەک ئەقڵگەرا دێتە ئەژمار. چونکە وەک ئەقڵگەرایەک هەمان کێشە بنەڕەتییە دەداتە بەر لێکۆڵینەوە و هەروەها لەبەر ئەوەی لە ئەقڵگەرایی وەک سەرچاوەیەکی گرینگ کەڵک وەردەگرێ. وەک خۆی، ئەو حەزی لەم دەستەواژەیە نەبوو و بەشێکی گەورەی بەرهەمەکەی خۆی لە سەر فەلسەفەی ناسین کە ناوی 'رەخنە لە ئەقڵی رووت' بوو دووای ئەوە نووسی کاتێک رەخنەی هیومی لە سەر ئەقڵگەرایی و ئەقڵگەرایی لایبنیزی خوێندەوە. کانت هاوڕای ئەقڵگەراکان بوو لەوەدا کە دەیانگوت مرۆڤ خاوەن جۆرێک لە زانیارییە پێش ئەوەی کەڵک لە هەستەکانی وەربگرێ و ئەمەی ناو ناو 'زانستی لەوە پێش(a priori-viten) . کانت دەیگوت دەبێ جیاوازی دابنێین لە نێوان ئەوەیکە چلۆن 'زانستی لەوە پێش' پێمان دەڵێ دونیا چۆنە (شتەکان لە خۆیاندا) لە لایەک و، لە لایەکی ترەوە چلۆن زانستی رەخنەیی پێمان دەڵێ شتەکان خۆیان پیشانی ئێمە دەدەن (شتەکان بۆ ئێمە). دێکارت و ئەقڵگەراکانی تر دەیانگوت ئەقڵ حەقیقەتی پشتی شتەکان بۆ ئێمە دەردەخا. کانت ئەمە رەددەکاتەوە. ئەو دەیگوت کاتەگۆرییەکانی وەک کات، شوێن و هۆکار جێی باوەڕن و یارمەتی ئێمە دەدەن بۆ ناسین و تێگەیشتن لە جیهان. نەک لەبەر ئەوەی دونیا دەنوێننەوە، بەڵکو لەبەر ئەوەی دۆخێک دەخوڵقێنن بۆ گەیشتن بە زانیاری. بەو شێویەی کانت ئەمە دەبینێ کەواتە 'زانستی لەوە پێش' لە پێوەندی نیە لەگەڵ ئیلهامێکی خودایانەدا. هەروەها بە گوێرەی ئەو، توانای مرۆڤ بۆ ناسینی دیاردەکان ناگەرێتەوە بۆ پێوەندیی نێوان ئەقڵ و هێزەکانی پشتەوەی دونیای واقع.

درێژەی هەیە...

Relatert bilde

گەڕان بۆ بابەت