لە نۆروێژییەوە: سایتی قەلەم

ئەم رەوتە بە چاک و خراپ خاوەن شوێنێکی ناوەندی بوو. چاکەکەی ئەوە بوو توانی یارمەتی ئەو بدات گەلێک خێو لە دارستانی زانست لە رێگای ئەقڵانیەتەوە راوەدووبنرێ و، خراپەکەیشی ئەوە بوو خاوەنی وردبینی و مەرجی پێویست بۆ راڤەی قووڵ نەبوو. بەڵام بەهەرحال پوزیتیڤیسم شوێن پێی قووڵی لە دووای خۆی جێهێشت، بە تایبەت لە زانستدا.

 

پوزیتیڤیسم ـ ژینڕوانگە و رەوتی زانستی

کلیسای پوزیتیڤیست لە بڕازیل

لە 'ریو دێ ژانیرۆ' بینایەکی شێوەکلیسایی دەبینین کە هەموو هەفتەیەک باوەڕداران بۆ بەڕێوەبردنی رێ و رەسم تێیدا کۆدەبنەوە. گەر سەردانی ئەم کلیسایە لەم کاتانەدا بکەیت، پێت وایە ئەو خەڵکە خەریکی بەڕێوەبردنی رێ و رەسمی ئایینین. بەشداران دیارە خۆیان وەک کەسی ئایینی دەبینن، بەڵام ناوی ئایینەکەیان 'ئایینی مرۆڤ'ە. ناوی کلیساکە، 'کلیسای پوزیتیڤیستی بڕازیل'ە. لایەنگرانی ئەم کلیسایە دەڵێن خۆشەویستی پرینسیپی ئەوانە، نەزم بنەما و پێشکەوتنیش ئامانجیان. کاتێک ئێمە لەوە تێدەگەین کە دوو تایبەتمەندییەکەی ئاخر لە ئاڵای بڕازیلدا هەن، ئەمە هەندی شت لە لای ئێمە دەدرکێنێ سەبارەت بە کاریگەریی مێژوویی ئەم بزووتنەوەیە لەم وڵاتە پڕ حەشیمەتە. کلیسای پوزیتیڤیستی بڕازیلی ئەوەمان پێ نیشان دەدا کە پوزیتیڤیستەکان لەم وڵاتە کاریگەریی گەورەیان لەسەر سیاسەت، مێژووی کۆمەڵایەتی و سەربازی هەیە.

گەر سەردانی ئەم کلیسایە بکەی گوێت لەم دۆعایەی ئەوانە کە دەڵێن: "بە ناوی مرۆڤ: خۆشەویستی وەک پرینسیپ، نەزم وەک بنەما و پێشکەوتن وەک ئامانج! ئەی ژن، بەم شێوەیە تۆ خاوەنی هێزی فریشتەی، ئەو کەسەی بە شوێن رزگارییەوە و لەم بارەیەوە لێت ناپرسێ، تەنانەت گەر حەزیش بکات و خاوەن باڵیش بێت ناتوانێ بفڕێ. چاکەی تۆ ناتوانێ یارمەتی ئەوانەی بدا وا تەنیا دەپاڕێنەوە و دۆعا دەکەن بۆ چاکە. لە تۆدا بەخشش هەیە، لە تۆدا عەداڵەت هەیە. لە تۆدا گەورەیی هەیە، لە تۆدا هەموو شتە چاکەکانی دونیا هەن! ئەی دایکی بە کچیەتی ماوە و کچی کوڕەکەت! لێگەڕێ زیاتر لە خۆمان لەبەر تۆ بە بێ راوەستان خۆشەویستی لە دڵماندا هەبێ و، ئەو ئەشقە خاوێنەی تۆیە کە دەبێتە هۆی هەبوونی خۆشەویستی لە دەروونی ئێمەدا."

گومانی تیانیە ئەم دۆعایە لە شێوازدا ئایینییە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا بە بێ هیچ چەشنە خودایەک. کە مەبەستی داهێنەری ئەم ئایینە دونیاییەیش، واتە فیلسووفی فەڕەنسی ئۆگۆست کۆمت (١٨٥٧ ـ ١٧٩٨)، هەر ئەمە بوو. ئەم فیلسووفە وەک بنیاتنەری ئەم کلیسایە رۆڵی گرنگ و سەرەکی وەک پەیامبەرێک لەم بوارەدا هەیە. ئەو ژنەی لەم نزایەدا دۆعاکەی ئاراستە دەکرێ 'کلۆتیلدە دێ ڤۆکس'ی جوان و جەوانە کە لە دووای یەک ساڵ ئاشنایی کۆمت لەگەڵیا مرد. ئەو کچەی ئەو دوواتر وەک سیمبولێک بۆ 'بوونی گەورە'، یاخود بۆ مرۆڤایەتی پەرستی.

کلیسای پوزیتیڤیستی لە بڕازیل لە یانزەی مانگی مەی ١٨٨١ بنیاتنرا، بەڵام لایەنگرەکانی رۆژژمێری خۆیان بەکاردێنن کە لە لایەن 'کۆمت'ەوە چێکرا، کە تێیدا بە هەمان بەروار دەڵێن 'سێزاری ٢٩، ساڵی ٩٣. چونکە ئەوان لە شۆڕشی فەڕەنسی لە ساڵی ١٧٨٩ وەک دەسپێکێکی تازە دەڕوانن و بۆیە ئەو ساڵەیان وەک ساڵی سفر ناوناوە. لەم رۆژژمیڕەدا مانگەکان بە پێی پاڵەوانە مێژووییەکانی وەک سێزار ناونراون، بەڵام هەروەها بە گوێرەی ناوی شاعیر و فیلسووف و داهێنەرەکانی وەک 'هومێر'، ئەرەستو، گۆتەنبەرگ، شکسپیر، دێکارت و 'کانت'یش.

لەگەڵ ئەم کلیسایە لە بڕازیل، رێکخراوی پوزیتیڤیستیش لە فەڕەنسە و ئیتالیا دەستدەکەون، بەڵام ئەوان بە هەمان رادە خۆیان بە رێ و رەسمە ئایینییەکانەوە سەرقاڵ ناکەن، ئەوان زیاتر فیلسووفە پوزیتیڤیستەکان بەرجەستەدەکەنەوە.

ئۆگۆست کۆمت، وەک بنیاتنەری پوزیتیڤیسم

چی بووە هۆکاری ئەوەی 'ئۆگۆست کۆمت'ی فیلسووفی فەڕەنسی و دونیایی کە فەلسەفەی سەردەمی رۆشنگەری خوێندبووەوە و لە کلاسەکانی ئیمانویل کانت گوێی لەم فیلسووفە گرینگە گرتبوو، ئایینێکی نوێ چێبکا؟ ئەو ئایینەی وا وەک هەندێ لە قوتابییەکانی ـ دووای ئەوەی خۆیان لەو دابڕی ـ ناویان لێنا 'کاتۆلیسمی بێ مەسیحییەت'! بەکورتی کۆمت منداڵی شۆڕشی فەڕەنسە بوو. ئەو دەستیکرد بە خوێندن کاتێک کاردانەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە دووای شکستی شۆڕش هاتنە ئاراوە. بەڵام ئەو باوەڕی بەوە هەبوو کە ئەقڵ سەرئەنجام بەسەر هەست و بیرە رووخێنەرەکانی مرۆڤدا سەردەکەوێ. سوسیالیستی یۆتۆپیایی فەڕەنسی 'ساینت سیمون' کە قوتابی ئەو بوو دەیگوت پێش ئەوەی مرۆڤەکان ئەقڵانی بن دەبێ کۆمەڵگا بگۆڕدرێ، بەڵام کۆمت پێی وابوو دەبێ بردنە سەری ئاستی ئەخلاقیی مرۆڤەکان پێش گۆڕانی کۆمەڵایەتی بکەوێ. بۆیە گەیشتە ئەو باوەڕەی کە دەبێ نوخبەی ئەقڵانی کۆمەڵگا بەڕێوەببات. هەر وەک چۆن ئیفلاتون کاتی خۆی باوەڕی بە دەسەڵاتی فیلسووفەکان هەبوو.

لە ١٨٣٠یەکاندا کۆمت لەگەڵ 'جۆن ستوارت میل' و ئەزموونگەرایی ئینگلیزی ئاشنابوو. لەوێ تیۆرییە کۆمەڵایەتییە 'استقرا'ییەکانی کۆمت تەقدیریان لێکرا کە لە کتێبی 'ئاراستەی فەلسەفەی پوزیتیڤیستی'دا باسی لێکردبوون. لە وڵاتی خۆی ئەو تەنیا تۆفانی دروێنە کرد. نە کاریان پێدا و نە لە باری دەروونییەوە وەزعی باش بوو، بەڵام لە دووای ئەوەی لەگەڵ 'کلۆتیلدە دێ ڤۆکس' ئاشنا بوو، دۆخی رووی لە باشە کردەوە. کلۆتیلدە ژنی ناو ژیانی ئەو بوو کە تەنیا ساڵێک پاشی پێکەوە ئاشنابوونیان ژیانی جێهێشت. ماوەیەکی کورت لە دووای مەرگی کلۆتیلدە، کۆمت کتێبێکی گرینگی تری خۆی بەچاپ گەیاند کە باسی پێویستیی ئایینی مرۆڤانەی تێدا دەکرا. لەم بەرهەمەدا کۆمت نیگا سرووشتییەکەی جارانی جێدێڵێ و روودەکاتە روانگەیەکی رەمزاوی سەبارەت بە مرۆڤ کە تێکەڵە بە ئەخلاقێکی توند لە فۆڕمی ئاڵترۆیسم دا (ئەوی دیخوازی). ئاڵترۆیسم کە بە پێچەوانەی 'ئێگۆیسم'ە (خۆخوازی)، هەڵگری ئاکارێکی فیداکارانەیە سەبارەت بە ئەوی دی. بەکەڵک وەرگرتن لە ئاڵترۆیسم، کە شیاوی هەموو مرۆڤەکان بوو، مرۆڤ دەیتوانی نیازی ئایینیی خۆی دابین بکا. بە شێوازێک کە ئیتر هیچ نیازێک بەوە نەدەما خەڵکی هێزی خۆیان بۆ خودا ئاسمانی و نەدیتراوەکان بەکاربێنن. کۆمت دەیگوت ئەوەی هەیە و هەستی پێدەکرێ، واقعییە. گریمانە بانسرووشتییەکانی سەبارەت بە بوون، سەرچاوەی ژیان و دوواڕۆژ وەک خەیاڵ لێیانی دەڕوانی. لای ئەو زانستی ئەزموونگەرانە و وێنە گشتییە بەسیستمکراوەکان بنەمای ناسین بوون. لەم بۆچوونەدا باوەڕێکی بەهێز سەبارەت بە گەشە و پێشکەوتنێکی ئەرێنی دەبینرێ. بەڵام بە گوێرەی کۆمت، هاوکات مرۆڤ پێویستی بە ژیانێکی ئەخلاقی هەیە کە لەلایەن ئایینەوە دنەدەدرێت. کۆمت، وەک پیاوێکی ئایینی پیرۆز بەرەو کۆتایی ژیانی خۆی رۆیشت و هێشتی وەک پەیامبەر و داڕێژەرێکی ئایین لەلایەن لایەنگرەکانییەوە ستایش بکرێ.

تیۆری گەشە

کۆمت لای وابوو مرۆڤ پێگەیشتوو نیە، بەڵام لە رێگای گەشەی مودێرنیتەوە لە ئاراستەیەکی ئەرێنیدا بەرەو پێگەیشتوویی زیاتر دەڕوا. ئەو، ئاماژەی بەوەدا مێژووی مرۆڤایەتی ئاوێنەی باڵانمای گەشەی تاکەکانە. بۆ ئێمەی نۆروێژی جێگای سەرنجە کە 'بیۆرنستیەرنە بیۆرنسۆن' لە قۆناغێکی ژیانیدا تا رادەیەکی زۆر کەوتە ژێر کاریگەریی ئەم بیرەوە(Stigen 1994).. لە شێعرێکیدا دەڵێ "بەهاری ئەبەدیی ژیانە هەموو شتێکی خوڵقاندووە!" یان کاتێک دەڵێ "نەوەکان یەکتر دەخوڵقێنن، توانا روو لە گەشەکانە ئەوان دەیگەنێ" دەتوانێ ئاماژە بە نەریتێکی پوزیتیڤیستی بێت.

بە بێ ئەوەی بمەوێ بە وردی بچمە ناو کۆمەڵناسیی کۆمت، حەزدەکەم  ئاماژە بەوە بدەم کە لە تیۆری کۆمەڵایەتی ئەودا تێۆرێکی سەرنجڕاکێش هەیە سەبارەت بە چۆنیەتی ناسین و گەشەی کۆمەڵگا. کۆمت وەک زۆر کەسی تر لەو سەردەمەدا (دیالکتیکی هێگل، تیۆری گەشەی داروین، یاسا ئاسنینەکانی ماڵتوس٥، مەتریالیزمی مێژوویی ـ دیالکتیکی مارکس)، یاسایەکی گەشەی چێکرد. یاسا پوزیتیڤیستییەکەی کۆمت خەسڵەتی مێژوویی هەیە، واتە باس لەوە دەکا مێژوو بە گوێرەی یاسا بەرەوپێش دەڕوا.

کۆمت زانست و بیری بەسەر سێ قۆناغدا دابەشکرد: تیۆلۆگی، مێتافیزیک و پۆزیتیڤ. لە قۆناغی تیۆلۆگی، مرۆڤ هەموو شتێ بە گوێرەی دەسەڵاتی خوداکان لێکدەداتەوە. لەوەها قۆناغێکدا دەسەڵاتی پاشا و هێزی سەربازی بە سەر کۆمەڵگادا زاڵە. لە قۆناغی میتافیزیکدا مرۆڤەکان هەموو دیاردەکان بە گوێرەی ئایدیا ئەبستراکتەکان و هێزە گشتییەکان لێکدەدەنەوە، بۆ وێنە وەک دێکارتی فیلسووف. لەم قۆناغەدا کۆمەڵگا لە ژێر سریمەی بێسەرەوبەریی و حەزە خۆییەکاندایە، دیمۆکراسی هەوڵدەدا دەسەلاتی پاشا لەناو ببات و یاسا سەروەربێت. وەسفەکانی ئەو لەم بابەتە بە جوانی ئەو دۆخەی وا ئەوی تیا دەژیا رووندەکاتەوە. تەنیا لە قۆناغی پۆزیتیڤدایە کە خەڵکی ئەوە قبوڵدەکەن بۆ لێکدانەوەی دیاردەکان دەبێ لە خودی دیاردەکانەوە دەست پێبکەن. وە بۆ ئەم مەبەستە ئێمە دەبێ ئەو شتانەی وا لە رێگای ئەزموونەکانمانەوە وەریاندەگرین یادداشتیان بکەین و رێکیانبخەین. لەم قۆناغەدا ئیتر باوەڕ بە هێزە بانسرووشتییەکان لە ئارادا نامێنن. کاتێک مرۆڤ بەم ناسینە پۆزیتیڤییە دەگا ئەوسا دەتوانێ پێش بینی بکا و بەسەر سرووشت و رەوتی کۆمەڵگادا کۆنتڕۆڵی هەبێ. بەم شێوەیە دەگەینە ئەو ئاستەی بتوانین کۆمەڵگایەکی ئەقڵانی، بەجوانی رێکخراو و پوزیتیڤ چێبکەین. وەک دەبینین وشەی 'پوزیتیڤ' بەردەوام کەڵکی لێوەردەگیردرێ. کۆمت لەم وشەیە لە جۆرەها مانادا کەڵکی وەرگرت، هەم لە تیۆری ناسیندا، هەم لە کۆمەڵناسی دا و هەم لە بەشی ئەخلاقدا: شتە واقعییەکان (پێچەوانەی خەیاڵییەکان)، بەکەڵکەکان (پێچەوانەی بێ ئامانجەکان)، جێی باوەڕ، ورد و بایەخدار (Stigen 1994)..

گەشەی زانست بۆ قازانج

کۆمت دەیگوت زانستەکان خاوەن گەشەی یاسامەندن. ئێمە دەتوانین تیۆرێکی ناسین لەم رەوتە چێبکەین، چونکە دەبینین ئەستێرەناسی لەسەر بنەمای مەتماتیک گەشەی کردووە و، فیزیکیش لەسەر بنەمای ئەستێرەناسی. شیمی لەسەر بنەمای فیزیک و بایۆلۆژی و سایکۆلۆژیش لەسەر بنەمای شیمی. کۆمت زانستی کۆمەڵناسی وەک بەرزترین ئاستی زانست لێکدەداتەوە، زانستێک کە لە توانایدایە کۆمەڵگایەکی رێک، پوزیتیڤ و چاک دامەزرێنێ ـ واتە خوڵقاندنی بەهەشت لەسەر رووی زەوی! بە هەموو توانای فیکریی خۆیەوە کۆمت دەیویست ئەوە نیشان بدات کە زانست دەبێ بەکەڵک بێ: زانین لە پێناوی توانین. کۆمت هەموو لێکدانەوە خەیاڵییەکانی لەمەڕ هۆکار، هێز و جەوهەری شتەکان رەد دەکردەوە و، پێی وابوو تا ئەو جێگایەی شتێک دەتوانێ بەکەڵک بێت، دەبێ قبوڵی بکەین.

 ئەم تیۆری فایدەیە و ئەم حەزە روواڵەتییە بۆ دیاردەکان (دیاردەکان بەو شێوەیەی خۆیان نیشاندەدەن)، دەبێتە هۆی ئەوەی پوزیتیڤیسم وەک رەوتێکی زانستی، رەخنەیی نەبێ. بۆیە زانیارییەکان دەپارێزرێن. گەلێک لە رەخنەگرانی پوزیتیڤیسم پێیان وایە ئەم رەوتە زانستییە خاوەن بەرنامەیەک بۆ ئەنالیزەکردنی دیاردەکان نیە. بە بێ ئەنالیزەی بەشی نادیاری دیاردەکان کە خۆیان لە ژێر روواڵەتەکان داپۆشیوە، مرۆڤ ناتوانێ بگاتە تێگەیشتنی راستەقینە (Skjervheim 1964) .

شوێن پێی شکستێک

رەنگە بە هۆی داماویی هەوڵەکانی مرۆڤ بۆ گەیشتن بە ئەقڵانییەت بوو کە 'ئۆگۆست کۆمت'ی یاخی و دونیایی، وەک کەسێکی خاوەن راستی قەدی راستکردەوە بە کەمێک تێکەڵکردنی رەمز و راز بە بیرەکانی لەبابەت پوزیتیڤ. رەمز و رازێک کە کردی بە دامەزرێنەری ئایینێکی دونیایی، ئایینێک کە قەت نەیتوانی شۆڕشێک بەرپابکا و جەماوەر و هێزێکی زۆر لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە، بەڵام لەسەردەمی ئێمەدا وەک دیاردەیەکی تایبەت کۆتایی پێهات.

لە لایەکی ترەوە هەوڵی زانستی ئەو، خۆی لە چوارچێوەی داڕشتنی پایەیەک بۆ کۆمەڵناسی بینییەوە کە تێیدا ژماردن، ئەندازەگرتن و کێش رەچاودەکران. ئەم زانستە قەت نەیتوانی بەو شێوەیەی لە خەیاڵیدا بوو ژیانێکی باشتر بۆ مرۆڤەکان چێبکات. هیچ کام لە پرۆژەکان، واتە نە دروستکردنی ئایینی نوێ و نە زانستی نوێ سەرکەوتنی گەورەیان مسۆگەر نەکرد. ئایینە نوێیەکە کەم تا زۆر بە تووش شکستەوە بوو. بەڵام بەهەرحاڵ ناتوانین شانازیی بنیاتنانی کۆمەڵناسی نەدەینە کۆمت. وە پوزیتیڤیسم وەک رەوتێکی زانستی بەردەوام لە چەندین بەشی زانستیدا بەجوانی دەژی. ئەگەرچی پێوەندیی ئەم نەریتە زانستییە وەک جاران بە کۆمتەوە بەرجەستەنیە، بەڵام پوزیتیڤیسم ئەوڕۆکە گریگترین رەوتی تیۆرە لە بواری زانستە سرووشتییەکاندا، هەر وەها تا رادەیەک لە زانستە کۆمەڵایەتییەکانیشدا، بۆ نموونە لە کۆمەڵناسیی چەندایەتی گەرا و زانستی سیاسی دا.

سەرنجڕاکێشە بڵێین کلیسای پوزیتیڤیستی خۆی لە خۆیدا بنەمایەکی تیۆریکی گرینگە بۆ گەلێک بواری زانستی لە ناو زانستە مرۆییەکاندا. ئەم کلیسایە توانای چوونە ناوەوەی پشتی دیاردەکانی نەبوو. ئەو تیۆرە پێشکەوتنەی وا بنەمای پوزیتیڤیسمە بە هۆی دوو رووداوی مێژوویییەوە، واتە دوو شەڕی گەورەی جیهانیی یەک و دوو لە سەدەی بیستەم لاوازبوو. لە لایەکی ترەوە پوزیتیڤیسم درایە بەر ئەو رەخنە کلتورییەی وا پێی وابوو ئەم نەریتە مەیلی هەیە بۆ پاراستنی دەسەڵاتی کلتورە زاڵەکان و دەسەڵاتی رەگەزە جنسییەکان و رێژیمە سیاسییە باوەکان. جگە لەمە، کەڵک وەرگرتن لە پوزیتیڤیسم لە زانستی کۆمەڵایەتی، لەو بوارەیشەوە درایە بەر رەخنە کە ئەم نەریتە زانستییە خاوەن کەمایەسییە لە بواری روانگە کاتێک پێوەندیی نێوان 'روانین' و 'ئەوەی لێی دەڕوانین' لەگۆڕێدایە. یان وەک 'شەرڤهەیم Skjervheim دەڵێ: "پێوەندیی نێوان بینەر و بینراو!" (Skjervheim 1976). لە کۆتاییدا دەبێ ئاماژە بە پێداگرتنی یەکلایەنەی پوزیتیڤیسم لەسەر پوزیتیڤ بکرێ. ئەو ئاکامانەی لە رێگای شتە ئەندازە گیراوەکانەوە بۆ هەڵێنجانی بژاردە ئەخلاقییەکان دەستەبەردەکرێن، درانە بەر رەخنە، چونکە ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی قازانجی رووت جێگا لەق بکا بە ئەخلاقی ئەرک pliktetikk (یان ئەرک ـ ئەخلاقی کە کانت داهێنەری بوو)و، ئەو ئەخلاقانەی وا لەسەر بنەمای بیر دامەزرابوون.

بەشێکی زۆری ئەم رەخنانە سەبارەت بە کلیسا دەگەڕێتەوە بۆ دووای ١٩٦٠. سەیر ئەوەیە ئەم رەخنانە لە لایەن ئایینەکانەوە نایەن (لەبەر ئەوەی پوزیتیڤیسم داڕێژەری ئاتەئیسم بوو یان سەبارەت بە بایەخەکان بێ لایەن بوو، کەواتە جێگای رەخنەی ئەوانیش بوو). نا، بە پێچەوانەوە ئەم رەخنانە لە لایەن زانا دونیاییە رەخنەگرەکانەوە هاتنە گۆڕێ. بەڵام دەبێ هاوکات دان بەوەیشدا بنێین ئەم رەخنانە ناتوانن گرینگیی شوێنی پوزیتیڤیسم لە ناو زانستدا بشێوێنن.

ئەم رەوتە بە چاک و خراپ خاوەن شوێنێکی ناوەندی بوو. چاکەکەی ئەوە بوو توانی یارمەتی ئەو بدات گەلێک خێو لە دارستانی زانست لە رێگای ئەقڵانیەتەوە راوەدووبنرێ و، خراپەکەیشی ئەوە بوو خاوەنی وردبینی و مەرجی پێویست بۆ راڤەی قووڵ نەبوو. بەڵام بەهەرحال پوزیتیڤیسم شوێن پێی قووڵی لە دووای خۆی جێهێشت، بە تایبەت لە زانستدا. ئەم شوێن پێیانە لە ئاڵای بڕازیل، پێداهەڵگوتنی 'بیۆرنسۆن' بۆ ژیان و ساڵنامەی ئاماریدا دەبینینەوە.

ژێرنووس:

٥ـ تۆماس رۆبێرت ماڵتوس (١٨٣٤ ـ ١٧٦٦)، سۆسیال ئۆکۆنۆمێکی بریتانیایی بوو کە دەیگوت گەشەی حەشیمەت لە جیهان دەبێتە هۆی لەناوبردنی هەبوونی مرۆڤ.

درێژەی هەیە...

Bilderesultat for ‫مثبت گرائی کنت‬‎

گەڕان بۆ بابەت