ما 2356 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

جۆرێکی تر لە روانین

"رێنە مارگریتە" هونەرمەندی بلژیکی لە ساڵی ١٩٣٤ وێنەی سوریالیستیانەی "داهێنانی گشتی" کێشا. لەم وێنەیەدا پەیکەری ژنێک دەبینین کە لە ناوقەدی بەرەو سەر، ماسییە و لە قەراغ دەریایەک پاڵکەوتووە. وێنەیەک کە رۆژانە ناتوانین ئەزموونی بکەین و بیبینین. مەبەستەکەیش رێک هەر ئەمەیە!

"کامیلە سکوڤیبەرگ پالدام" لێکۆڵەری دانمارکی سەبارەت بە سورریالیزم دەڵێ کە سورریالیزم لەو توانایە بەهرەمەندە ئەو وێنە رۆژانەیەی ئێمە لە سەر دونیا هەمانە و عادەتمان پێگرتوون، بگۆڕێ. واتە یارمەتیمان دەدا کە شتەکانجۆرێکی تریش ببینین. بە زمانێکی تر، سورریالیزم لە رێگای گۆڕینی وێنەکانی زەینییمانەوە دەتوانێ وێنایەکی ترمان لە ژیان و لە بوون پێشکەش بکا. خەیاڵمان بەرفراوانتر دەبێ.

 

 

زۆر بواری تر لە داهێنانەکانی مرۆڤ هەن کە هەوڵ دەدەن وێنەکانی باوی جیهان لە بەرچاوماندا بگۆڕن. بۆ وێنە ئایدیۆلۆژییە رادیکاڵەکان کە هەوڵ دەدەن جیهانێکی تر نە تەنها لە دەروونی ئێمەدا چێ بکەن، بەڵکوو بە کردەوە داشیمەزرێنن. مرۆڤ هەمیشە عەوداڵی جۆرێکی تر لە روانین و لە فۆڕمی شتەکانی دەورووبەری بووە.

بەڵام سورریالیزم بە پێچەوانەی ئایدیۆلۆژیاکان تەنیا هەوڵ دەدەن جۆری روانینمان بگۆڕن، ئەوان تەنیا لە ناو نیگارەکاندا دەستکاری دونیا دەکەن، لە سەر پەڕە، نەک لە واقعدا. بەڵام بڵێی پێش ئەوەی بە کردەوە بڕیاری گۆڕینی جیهان بدەین، جۆرێک لە نیگاری هونەریشمان پێویست نەبێ بۆ ئەو جیهانەی یان ئەو شتەی وا خەونی پێوە دەبینین؟

ئەو ژنەی بە پەیکەری نیوە ماسییەوە لە قەراغ دەریا راکشاوە، هیچ شتێک لە سەر دۆخە کۆمەڵایەتی و سیاسییە دڵخوازەکانی ئێمە لە داهاتوودا ناڵێ، بەڵام ئەو پەیامەمان دەداتێ کە شتە نامومکینەکانیش دەکرێ مومکین بن. سورریالیزم رادەی ئەگەرەکان لە خەیاڵ و دەروونی ئێمەدا دەباتە سەر، خەیاڵ و دەروونێک کە یەکێک لە مەرجەکانی گۆڕانەکانن.

سایتی قەڵەم

٢٣ نوڤێمبری ٢٠١٤

 

 

 

Read More 

 

گەڕان بۆ بابەت