ما 1414 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

بەڵام بە هاتنی پۆستمودێرنیزم دۆخەکە دەگۆردرێ. پۆستمۆدێرنیزم بە رەخنەگرتن لە چەمکەکانی سەردەمی مودێرینتە، واتە چەمکەکانی ئەقڵگەرایی، زانستگەرایی و پێشکەوتن لە راستیدا خودی چەمکی 'شۆڕش'یش دەخاتە بەر رەخنەوە. پۆستمودێرنیزم لە جیاتی چەمکی شۆڕش و شۆڕشگێڕیەتی کە لە سەر وێنای رەش و سپی راوەستاوە، چەمکی رێژەگەرایی رەچاودەکا.

 

شۆڕش و شۆڕشگێڕیەتی

فەڕۆخ نێعمەتپوور

لە جیاوازییەکانی نێوان مۆدێرنیزم و پۆستمۆدێرنیزم (دیارە وا چاکترە بگوترێ مودێرنیتە و پۆستمۆدێرنیتە)، چەمکی شۆڕشگێڕییە. مودێڕنیتە چونکە باوەڕی بە ئەقڵی مرۆڤ، پێشکەوتن، زانست و هەروەها گەشبینی هەبوو، بنەمایەکی نوێی بۆ باوەڕ بە چەمکی 'شۆڕش' یاخود 'شۆڕشگێڕی' هێنایە گۆڕێ. لەم مانایەدا شۆڕش دەبێ بە پرۆسەیەکی پشت بەستوو بە ئەقڵ، بە پێشکەوتن، بە زانست و بە گەشبینی و هیوا بە داهاتوو. لەخۆوە نیە سەدەی بیستەم بەتایبەت لە رێگای مارکسیزمەوە دەبێ بە سەردەمی شۆڕش و دابەشکردنی دونیا بە سەر دوو بەرەی 'شۆڕشگێر' و "دژە شۆرش'. لە راستیدا رۆحی مودێرنیتە لەو سەردەمەدا بەسەر هەموو ژیان بینیەکانی تردا دەگەڕێ و چەمکی 'شۆڕش' دەکا بە موڵکی هەموویان. هەموو کەس بە مەبەستی گۆڕان دەبێ بە شۆڕشگێڕی باوەڕمەند بە شۆڕش. کەمتر کەس جگە لە شۆرش بیر لە رێگای تر بۆ گۆڕان دەکاتەوە.

بەڵام بە هاتنی پۆستمودێرنیزم دۆخەکە دەگۆردرێ. پۆستمۆدێرنیزم بە رەخنەگرتن لە چەمکەکانی سەردەمی مودێرینتە، واتە چەمکەکانی ئەقڵگەرایی، زانستگەرایی و پێشکەوتن لە راستیدا خودی چەمکی 'شۆڕش'یش دەخاتە بەر رەخنەوە. پۆستمودێرنیزم لە جیاتی چەمکی شۆڕش و شۆڕشگێڕیەتی کە لە سەر وێنای رەش و سپی راوەستاوە، چەمکی رێژەگەرایی رەچاودەکا کە تێیدا رێژەگەرایی زاڵە و بەم شێوەیە تەنیا ئەقڵ و زانست نابنە سەرچاوی لێکدانەوە و دیتنی دونیا. ئەقڵ و زانست شوێنی مۆنۆپۆلی خۆیان لەدەستدەدەن. ئەگەر لە دونیای مودێرنیتەدا شۆڕشگێڕ خۆی بە خاوەن حەقیقەتی موتڵەق دەزانێ و بەرامبەرەکەی بە درۆ و ناحەقیقەت، ئەوا لە سەردەمی پۆستمۆدێرندا جۆرێک لە پلۆرالیزمی ئایدیا و لێرەوە پلۆرالیزمی حەقیقەت دروستدەبێ و، ئیتر کەس ناتوانێ ئەوی تر لە پێگەی خۆیەوە لەسەداسەت تاوانبار بکا و هەوڵی حەزفی بیر و جەستەی بدات.

تەنانەت لەو کۆمەڵگایانەی رۆحی پۆستمودێرن زاڵە، شۆڕشگێڕەکانیشی لە گەڵ ئایدیای شۆڕش لەچاو کۆمەڵگا مودێڕنەکاندا (یاخود ئەو کۆمەڵگایانەی لە رەوتی بەمودێڕن بووندان)، مامەڵەیەکی جیاوازدەکەن. بەو مانایە کە لەسەداسەت دیاردەکان رەش و سپی نابینن و بۆیە جۆرێک لە فرەچەشنی تەنانەت لە رێکخراوەکانیشیاندا هەیە.

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی مرۆڤی شۆڕشگێڕی کۆمەڵگای مودێرن یاخود (بەرەو مودێرن)، توندوتیژییە لە کەلام و لە گوتەدا، کە ئەمەیش بە گشتی رەگی لە هەمان بڕوای 'خاوەن حەقیقەت بوون'دا هەیە. کەسی لەم چەشنە بە ئاسانی هەڵدەپڕژێتەوە و تا بۆی بکرێ بە چنگ، نینۆک، دیان و کەلام و گوتار بەرامبەرەکەی بریندار دەکا و هەوڵی سڕینەوەی دەدا. ویژدانیشی ئاسوودەیە چونکە لای وایە ئەوە لایەنی راستەقینەی مێژووی گرتووە و ئەوانی تر بڵقی سەر ئاون و دەبێ بتەقنەوە!

بەڵام هاوکات دەبێ بڵێین کە هەنووکە بە جۆرێک رۆحی پۆستمودێرن بە تەواوی دونیادا بڵاوبووتەوەو بە جۆرێک هەموو کۆمەڵگاکانی گرتووەتەوە. ئەمە دوو دیاردەی لێکەوتووەتەوە:

ـ گوتاری نەریتیانەی شۆڕشی خستووەتە ژێر گوشارەوە و، بۆیە دەبێ خوێندنەوەیەکی تر بۆ ئەم چەمکە لەلایەن باوەڕمەندانییەوە بێتە گۆڕێ. ئەمە دەسەڵاتدار و نادەسەڵاتدا بەیەک ئەندازە دەگرێتەوە،

ـ ئەم رۆحە نوێیە چەمکی شۆرشی بە تووش قەیرانێکی سەیرەوە کردووە. کە ئەم قەیرانە پێش لە هەر شتێک مەسەلەی 'حەقیقەتی موتڵەق' و خاوەنداریەتییەکەی خستووەتە ژێر پرسیارەوە.

بۆیە 'گۆران' لەم سەردەمەی ئیمەدا پێدەچێ پرۆژەیەکی زیاتر از چەمکی شۆرش، فرەچەشن بێت. شۆڕشگیڕەکان واچاکە واز لە ئەقڵی نەریتیانەیان بێنن و شوێن بۆ خەڵکی تریش بهێڵنەوە. ئەوان دەبێ لە خۆیان وەک یەکێک لە گوتارەکان بڕوانن لە پاڵ هەموو گوتارەکانی تردا کە دەکرێ بە هەڵگری بەشێک لە حەقیقەت بن. لێرەوە خۆبەخۆ زمان و کلتوریش گۆڕانی گەورەی بەسەردا دێت.

Bilderesultat for postmodernisme

گەڕان بۆ بابەت