ما 749 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

گاندی ئایینیی خۆی لە تێکەڵکردنی هیندویسم و پانتەئیسمەوە هێنا هاوکات لەگەڵ رێزێکی قووڵ کە بۆ ژینڕوانگەی ئەخلاقییەکانی تر بۆ وێنە ئەخلاقی ئاتەئیستی هەیبوو. بڕوا بەوەی هەموو زیندەوەرەکان، بە گوێرەی پرینسیپێکی گەورەتر، پێکەوە گرێدراون ئەوی بەوە گەیاند هەموو ژیانەکان پیرۆزبکات و لایەنگری لە ئەخلاقێکی سیاسی بکات کە هەمیشە کەڵک لە ئامرازە ئاشتیخوازەکان وەردەگرێ بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی.

 

حورمەتی ژیان

لایەنێکی سەرەکیی مرۆڤبینیی هیومانیسم، رێزگرتن لە ژیانە؛ چونکە هیومانیسم لەم ژیانە وەک تاکە ژیان دەڕوانێ و بۆیە بۆ هەموو مرۆڤەکان گران بەهایە. هۆکاری ئەوە چیە ئێمەی مرۆڤ پارێزگاری لە ژیان دەکەین و، بە پێچەوانەی زۆربەی ئاژەڵان، یارمەتی لاوازەکان دەدەین؟ داخۆ ئێمە خاوەن غەریزەی پارێزگاریکردنین لە مرۆڤ وەک 'چەشن'؟ یاخود هۆکاری مافی سرووشتی لە پشتی ئەمە راوەستاوە: ئەوەیکە غەریزەی پاراستنی خۆ، دەبێتە هۆی ئەخلاقی دوولایەنە وەها کە ئێمە لە بەرامبەر کەسانی تردا بەو شێوەیەی رەفتاردەکەین کە حەز دەکەین ئەوانیش بە هەمان شێوە لەگەڵ ئێمە رەفتار بکەن؟

رادەی ئەوەی ئێمە هەست بکەین ئەوانی تر تا چەندە ئێمە بە هی خۆیان دەزانن، یاخود ئێمە تا چەندە توانای ئەوەمان هەیە لە دۆخی ئەوانی تردا خۆمان ببینەوە، دیاریدەکا لە چ ئاستێکدا رێزمان بۆ ژیانی خەڵکی دیکە هەیە. کاتێک ئەوانی تر دەستدەکەن بە نائینسانیکردنی کەسانی تر، بەو شێوەیەی لەوە پێش باسم لێکرد، دەبێتە ونبوونی ئەو بنەما ئەخلاقییەی وا من هاندەدا لە 'ئەوی تر' وەک مرۆڤ بڕوانم. ئەمە ئامانجی هیومانیسمە کە لە هەموو ئەو شتانەی دەتوانن بەر بە شکاندنی حورمەتی ژیانی مرۆڤ بگرن، کەڵک وەربگرێ.

 پێشکەوتنی زانست ئەو دەرفەتەی رەخساندووە دەستکاری ئەو شتەی بکەین لەوەپێش سنووری خودی سرووشت بوو لە نێوان ژیان و مردن، لە نێوان ژیانی بایەخدار و بێ بایەخ (هەروەها مردنی بایەخدار و بێ بایەخ)و، کۆنتڕۆلی بکەین. ئیستا دەرفەتی ئەوە هەیە بە شێوەی دەستکرد زاوزێ بکەین، دەتوانین دەستکاریی منداڵ لە منداڵداندا بکەین پیش لەوەی ژیانی دەست پێبکا و، هەروەها دەتوانین بە شێوەی دەستکرد بەردەوامی بە ژیان ببەخشین (Westlie 1988). بۆیە تکنۆلۆژیا کاریگەریی دادەنێتە سەر سنوورە ئەخلاقییەکانی: نێوان ژیان و مردن، نێوان نەخۆشیی و لەشساخی و نێوان کامەرانی و ئازار. دەرفەتە باشەکان دادەخرێن، لە کاتێکدا ئاسەوارە نەرێنییەکان دەمانترسێنن. هەندێ، لە هەوڵەکانی مرۆڤ بۆ 'خۆبە خوداکردنی خۆی' لە پێناوی دەسەڵاتی بەسەر سرووشتدا دەترسن. هەندێ ئەو دەرفەتانە دەبینن بۆ بەحەقیقیکردنی ئەو ئارەزوو و خەونە باشانەی لەناو مرۆڤەکاندا هەن. هەندێ دەترسن دەرفەتەکان لەلایەن هێزی بەتوانای سەرمایەی تاکەکەسییەوە، یاخود لەلایەن سەرەڕۆ سیاسییەکانەوە کەڵکی خراپیان لێ وەرگیرێ. کەسانی تر هیوای ئەوەیان هەیە ئایدیا هیومانیستییەکان لەمەڕ توانای خۆبڕیادانی مرۆڤ، لە ژیانی مودێڕندا سەرکەوێ.

خۆبڕیاردەریی و بایەخی زاتیی ژیان

ژینڕوانگەیەک کە پێ لەسەر ئەوە دادەگرێ ئەم ژیانە تاقە ژیانە، خاڵی دەستپێکی دەبێ بە بایەخی زاتیی ژیان. واتە ژیانی تاکەکەسی هەم بۆ خودی کەسەکە و هەم بۆ ئەوانی تر خاوەن بایەخە. مافی بڕیار لەسەر ژیانیخۆدان، ئەوەیکە ژیانی کەسەکە خۆی چۆن بێ و چۆن فۆڕمی پێبدرێ، بەتوندی بەمەوە گرێدراوە. بۆیە خۆبڕیاردەری بایەخێکی زۆر گرینگی هیومانیستیە. لە نەریتی مافەکانی مرۆڤدا خۆبڕیاردەری وەک مافێک سەیردەکرێ کە مرۆڤەکان لەسەری رێکەوتوون، مافێک کە تاک دەپارێزێ لەدەستێوەردانی ئەوانی دی بەبێ ئیزنی خۆت. بەڵام ئەم ئایدیاڵە هیومانیستیە زیاترە لەمە. ئەمە ئەو مافە پوزیتیڤەیش دەگرێتەوە کە مرۆڤ بتوانێ هەم تواناکانی خۆی گەشە پێبدا و کەڵکیان لێوەربگرێ، هەمیش لە دەرفەتەکانی خۆی لە پێوەندیی و رێزی دوولایەنە لەگەڵ ئەوانی تر کەڵک وەربگرێ.

خۆبڕیاردەری دەتوانێ لە ئاراستەی بەرامبەری خۆیشیدا ببینرێ، وەک ئەوەی ئەوی تر بڕیار لەسەر 'من' بدات. لەم حاڵەتەدا خۆی لە خۆیدا دەبێ بە بایەخێکی روون. هەروەها دەتوانرێ لە پێوەندێکی مێژوویی لە خۆبڕیاردەری بگەین، ئەوەیکە ئەم بایەخە بە تووندی گرێدراوە بە پێشکەوتنی هیومانیسم و 'دۆزینەوەی' تاکەوە. هاوکات ئەم بایەخە دەتوانێ هەڵگری کێشە بێت کاتێک خۆی لە کۆنتێکستی مودێرنیتەی بەتاککردن و بە پریڤاتکردندا نیشان بدات و، لێرەوە خۆی گرێ بدات بە لایەنە نگەتیڤەکانی خۆخوزاییەوە. وەڵامی هیومانیسم بۆ ئەمە ئەوەیە کە خۆبڕیادەری هەروەها بەو مانایەیە کە هەڵگری دەرفەتی بەرپرسایەتییە لە پێناوی گشت و ئەوانی تردا. ئەمە بایەخێکە کە لە بایەخە گرینگەکانی تر جیاناکرێتەوە .

دوو نمونە کە کێشەی خۆبڕیادەری پیشاندەدەن، ئەمانەن: لەباربردنی منداڵ و ئۆتانازیا. جیاوازییەکان لە بیروڕا سەبارەت بە مافی خۆبڕیاردانی ژنان سەبارەت بە لەباربردنی منداڵ، دەگەرێتەوە بۆ روانگەی هاوسەرەکان سەبارەت بە ژیانی مرۆڤ. ئەوانەی ئەم مافە (مافی ژیان) وەک یەک بۆ مرۆڤ و بۆ منداڵی ناو سکی دایک قایلن، بایەخی مرۆڤ لایان دیاردەیەکی موتڵەقە و بۆیە لەدژی لەباربردنی منداڵن. لە لایەکی ترەوە تا ئەو جێگایەی منداڵەکە ئەوەندە بچوکە کە وەک بەشێک لە جەستەی دایکەکە چاوی لێدەکرێ، لەباربردنی منداڵ وەک مافی دایک سەیری دەکرێ کە ئەمە لە رێز بۆ بایەخی مرۆڤەوە دێت. بە گوێرەی روانگەی هیومانیستی، بەڵگەی ئەخلاقیی بەهێز هەیە سەبارەت بە یاساکانی خۆبڕیاردان بۆ لەباربردنی منداڵ لە کۆمەڵگای ئیستای نۆروێژدا. یاسای دوازدە هەفتە (لەباربردنی منداڵ لە دوازدە هەفتە یەکەمی سکپڕیدا ـ وەرگێڕی کوردی) دەتوانرێ لە زۆر پێوانەوە بەڵگەمەند بێت(Saugstad 1993) .

لەباربردنی منداڵ لە قۆناخێکی درەنگتر، کێشەیەکی تری ئەخلاقییە؛ کە ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ رزگاری کردنی ژیانی یەکیان بە قیمەتی لەناوبردنی ژیانەکەی تریان. کاتێک ئەمڕۆکە دەرفەتی ئەوە هەیە منداڵێک کە لە دووای ٢٢ هەفتە لەدایکبووە رزگار بکرێ و بەردەوام بێت لە ژیانکردن، لەباربردن دەتوانرێ لە قۆناخی درەنگتریشدا ئەنجامبدرێ (لێرەدا مەبەست ئەوەیە منداڵەکە لە سکی دایکی بهێنرێتە دەر بە بێ ئەوەی بمرێ ـ وەرگێڕی کوردی). گەشەی دەرمان پرسێکی تری ئەخلاقی هێناوەتە گۆڕێ لەسەر ماوەی قۆناغی بچووکبوون لە سکی دایکدا و لەدایکبوونی زووتر. ئالێرەدا پێناسەکردنی ئەوەی منداڵی ناو سکی دایک کەی مرۆڤە و کەی نیە، دژوارتر بووە.

پرسی ئۆتانازیایش بەهەمان رادە دژوارە. ئەم چەمکە کە لە وشەی یۆنانیی Eutanasi (بە مانای مردنی چاک) دێت، تێرمێکی دەرمانییە سەبارەت بە مەرگی چاک بەشێوەی چالاک. ئۆتانازیای ناچالاکانەیش بەو مانایە دێت کەسەکە نایەوێ یارمەتی وەربگرێ، یارمەتییەک کە دەبێتە هۆی ئەوەی کەسەکە ئەو ئازارە نەچێژێ کە رەنگە لە مردنی سرووشتیدا بیکێشێ. ئۆتانازیای چالاکانەیش بەو مانایەیە نەخۆشەکە بە شێوەی چالاکانە یارمەتیدەدرێ بۆ ئەوەی پێش مەرگی سرووشتی بمرێ. سەرەڕای جیاوازیی ژێنڕوانگەکان، زۆربەی خەڵک رایان لەسەر ئۆتانازیای ناچالاکانەیە. کەم کەس لەگەڵ ئۆتانازیای چالاکانەن. هیومانیستە نۆروێژییەکانیش سەبارەت بەم پرسە رای جیاوازیان هەیە، ئەگەرچی زۆربەی هیومانیستە گرینگەکان هەوڵدەدەن لە یاساکانی وڵات لەم بوارەدا گۆڕان پێکبێنن. خاڵی بنەڕەتی پرسەکە ئەوەیە داخۆ مرۆڤ مافی ئەوەی هەبێ بڕیار لەسەر وەرگرتنی یارمەتی بۆ مردنی خۆی بدات لە جیاتی ئەوەی لە قۆناغێکی ئازاراوی درێژە بەژیانی بدات یان نا.

ئەوانەی دەیانەوێ ئۆتانازیا مەمنوع بکەن، پێ لەسەر پەرەسەندنی کرداری خراپ لە کۆمەڵگادا دادەگرن. ئەوان دەڵێن بەهەرحال ئۆتانازیا لە لایەن دکتۆرەکانەوە لە بیمارستانەکانی نۆروێژدا بەڕێوەدەبرێ و لە لایەن هەندێ دکتۆرەوە یارمەتی دەدرێ و دەیشڵێن ئەمە هەڵبەت بە شێوەی نهێنییە. نەیارانی ئەم مافە دەڵێن ئێمە ناتوانین کێشە ئەخلاقییە چارەسەرنەکراوەکان بە ئاشکراکردنی راستییەکان چارەسەربکەین. دووهەم قسەی ئەوان ئەمەیە کە بەهۆی پێشکەوتنی تکنۆلۆژیای دەرمان ئیستاکە دەتوانرێ ژیانی خەڵکانی زۆرتر لەچاو جاران رزگاربکرێ. سنووری نێوان ئۆتانازیای چالاک و ناچالاک بگۆڕە، چونکە زۆرجار ئەو بڕیارەی لە پشت هەندێ کردەی دەرمانییەوە راوەستاوە بۆ هەر دوو بەش دەخوا. ئەوانەیشی پشتیوانی لە مافی ئۆتانازیا دەکەن، دەڵێن کاتێک مافی خۆبڕیاردان لە بواری ئۆتانازیای ناچالاک رێزی لێدەگیردرێ، نامەنتقی دەبێ ئەگەر رێز لە هەمان ماف لە بواری ئۆتانازیای چالاک نەگیردرێ. لە درێژەی باسەکەیاندا دەڵێن بەلەبەرچاوگرتنی دەرفەتە دەرمانییەکانی ئەمڕۆکە ئێمە زیاتر لە جاران ئەرکی ئەوەمان لەسەر شانە ئەو مافە بدەینە ئەوانەی وا ئازارێکی یەکجار زۆر لەدوواقۆناغی تەمەنیاندا دەکێشن بتوانن خاوەن مەرگێکی شیاوبن (Vigeland 1996).

ئەوانەی لەدژی ئۆتانازیان، کەڵک لە ئەخلاقی ئەرکگەرا وەردەگرن کە دەڵێ ئێمە سەرەڕای هەر شتێک دەبێ رێزی ژیان بگرین. بەڵام لەهەمان حاڵدا لە ئاستێکی بەرزیشدا کەڵک لە ئەخلاقی ئاکامگەرایش وەردەگرن. ئەوان دەلێن ئەمە دەبێتە هۆی ترس و دڵەڕاوکێ لای نەخۆشەکان کاتێک دەبینن هەندێ ئەو دەرفەتە پەیدادەکەن کە ژیانی ئەوان بێ نرخ هەڵسەنگێنن. لێرەدا ئاماژە بە هەندێ قسە دەکرێ لەسەر ئەو لادانانەی لە وڵاتی هۆڵەند کراون، ئەو وڵاتەی ئۆتاناسی تیایا ئازادە. باڵی بەرامبەریش لە دژی ئەم قسانە رادەوەستن و ئەوە رەددەکەنەوە کە سنوری نێوان ئاتانازیای چالاک و ناچالاک کێشەیەک بێت، چونکە لای ئەوان پاڵنەرەکانی یارمەتیدان جۆراوجۆرن. هەروەها ئەوان پێ لەسەر ئەوە دادەگرن کە زۆر گرینگترە لە کاتی ئازاری زۆری نەخۆشەکە لە دوواقۆناغی ژیانیدا زیاتر بیرمان لای یارمەتیدانی بێت بۆ بەردەوامبوون لە ژیاندا. ئەوان هەروەها دەڵێن دانی بەرپرسایەتی بە دکتۆرەکان بۆ مراندنی نەخۆش، کێشەی لێدەکەوێتەوە.

ئەمە لە رۆحی هیومانیستیدا هەیە کاتێک کەسێک لەگەڵ پرسێکی کۆنکرێتیدا دەکەوێ، بۆخۆیشی دەتوانێ بنەماکانی لەگەڵابوونەکەی شیبکاتەوە. ئەمە بنەمای ئەخلاقی هیومانیستییە. هەڵسەنگاندنی وردی هەڵبژاردنە ئەخلاقییەکان دەبێ لە لایەن ئەو کەسانەوە ئەنجام بدرێ تێکەڵ بە پرسەکەن و، هەروەها دەبێ لە حاڵەتێکی بەرابەردابێ. بەڵام بەهەرحاڵ لێرەدا کاتێک دەمانەوێ لە داوایەکی وەک ئۆتانازیا بکۆڵینەوە، کێشەیەک سەبارەت بە مەرجەکان سەرهەڵدەدا. لەبەر ئەوەی ئەم پرسیارانە دێنە ئاراوە: "ئەوە کێیە سەری بە مەسەلەکەوە هەیە؟ تەنیا نەخۆشەکە خۆی؟ یان خزمە نزیکەکانیشی؟ رەنگە ئێمە هەر هەموومان بە قووڵی بە کێشەکەوەین؟" ئەو کەسەی بەتەمای یارمەتییە، تێکەڵ بە کێشەکەیە. کۆمەڵیک کەس دەڵێن گەر هەندێ دەیانەوێ خاوەن مافی خۆبڕیاردان بن، دیارە مەبەست لێرەدا یارمەتیدانە بۆ مافی خۆبڕیاردان لەسەر مەرگ، ئەمە ئەرکێک لە گەڵ خۆی بۆ ئەو کەسەی دێنێ وا دەیەوێ یارمەتیدەر بێت. لایەنگرانی ئۆتانازیای چالاک دەڵێن پزیشکان دەبێ بە ویژانی ئاسوودەوە لەم بوارەدا بە ئەرکی خۆیان هەستن، هەر بەو شێوەیەی لە بواری لەباربردنی منداڵدا خاوەنی ئەم ئاسوودەییەن. رەنگە دژبەران لەوە دەترسن پزیشکەکان بە 'بەڵگەی یاسایی بۆ کوشتن' چەکداربکرێن! بەڵام داخۆ پزیشکەکان بەپێچەوانەی ئەو نەریتەی لە بواری کاری خۆیاندا هەیانە، وەها شتێک قبوڵدەکەن؟ دیسان پرسیار ئەوەیە، کەنگێ وەها حەقێک ئەو دەرفەتە دەڕەخسێنێ کە لێکی بدەنەوە کام ژیانە شیاوی بەردەوامییە و کامەیان نا؟ دەبێ ئاماژە بەوە بدەین کە بە بێ کارامەبوون بۆ یارمەتی، مافی بڕیاردان نایاسایی دەبێ و دەستبەجێ لەناودەچێ. بۆیە بە بێ هەبوونی ئەخلاقی پزیشکی بەگشتی کردنی وەها مافێک دژوارە.

لەو دێباتەی هەنووکە لەم بوارەدا هەیە، زۆر کەس لە دژبەران چاو لەوە دەقونجێنن کە لایەنگرانی ئۆتانازیا بە شێوەی روون و ئاشکرا پێیان وایە مافی خۆبڕیاردان لەوەها پرسگەلێکدا دەبێ رەچاوبکرێ. قسە لەسەر هەبوونی ماف بەشێوەی گشتی لەمەڕ مەرگی خۆویستانە لە هەر کاتێکدا کەسەکە ویستی، نیە. قسە لەسەر رێزگرتنە لەم مافە لەو کاتەیدا کەسەکە حەزناکا ژیانی لێ بستێنن.

زۆر لایەنی ئەخلاقیی تریش هەیە، دەبێ لێی بکۆڵرێتەوە. بایەخی 'ئازاری کەمتر' کە لە رێگای ئەو دەرفەتانەوە مسۆگەردەکرێ وا لە بواری تکنۆلۆژی دەرماندا هەیە، دەتوانێ ببێتە کەمکردنەوەی داوای ئۆتانازیای چالاک لای نەخۆشەکان، تەنانەت لە دۆخە هەر دژوارەکانیشدا. هەروەها خاڵی دەستپێکی ئەو هیومانیستانەی وا لایەنگری بەیاساییکردنی ئۆتانازیان، لە راستیدا پاراستنی ژیانی کەسەکە و هیشتنەوەی ژیانیەتی. دەرفەتی کەمکردنەوەی ئازار و یارمەتیدانی نەخۆش، پێش لەهەر شتێک راوەستانە لەبەرامبەر ئۆتانازیادا. بۆیە بۆ کەسی هیومانیست هەموو پرسەکە کێشەیەکە لەسەر بایەخەکان کە ئێمە لە دۆخە تایبەتییەکاندا بە گوێرەی ئەخلاق دەبێ لێکیان بدەینەوە. لەو دێباتەی لە نۆروێژ لەسەر ئەم باباتە هەیە، بە رای من لە ئاستێکی زۆردا دابەزیوە بۆ پرسێکی یاسایی و ئەخلاقی ئۆتۆریتەیی. هەم لایەنگرانی ئۆتانازیای چالاک و هەم دژبەرانی لە ناو هیومانیستەکاندا بە رای من دەبێ دووری بکەن لە لێکۆڵینەوەی ئۆتۆریتەیی بۆ سەلماندنی بیروڕاکا ئەخلاقییەکانی خۆیان.

بەهەرحاڵ دێباتی ئەخلاقی هەم لەمەڕ سنوورەکانی خۆبڕیاردان و هەم لەمەڕ سنوورەکانی ژیان، لە ناو بزووتنەوەی هیومانیستی و هەروەها لە ناو کۆمەڵگادا درێژەی هەیە. بۆ هەر دوو بەشەکە قسە لەسەر گرینگیی بایەخی مرۆڤ و رێزگرتنە لە ژیان و لە مردن.

منداڵیش مرۆڤن

 گەلێک هیومانیست سەرقاڵی بایەخی مرۆڤانەی منداڵانن. لە کلتوری ئیمەدا یەکەم جار لەدووای هاتنەئارای رۆشنگەری و هیومانیسمەوە بوو پەروەردەی منداڵ بەئینسانیکرا. 'ژان ژاک رۆسۆ' (١٧٧٨ـ ١٧١٢)، فیلسووفی سەردەمی رۆشنگەری یەکێک لەو کەسە پێشڕەوانە بوو کە لە کتێبی پەروەردەی بەناوبانگی خۆی 'ئێمیل' باسی لە روانگەیەکی هیومانیستی کرد سەبارەت بە منداڵ. ئەو سەبارەت بە گەشەی منداڵ، بەگوێرەی جیاکردنەوەی سرووشت لە کلتور تیۆرێکی تری هێنایە گۆڕێ.١٩ منداڵ نوێنەرایەتی سرووشت دەکا و، گەورەکان کلتور. بە گوێرەی رۆسۆ منداڵ کە هێشتا فێری داب و نەریت نەکراوە، بە هۆی سرووشتەوە چاکە. وەها منداڵێکی خاوێن و بێتاوان، دەربڕی سرووشتی سەرەتایی مرۆڤە. گەشەی منداڵ لە قۆناغە سرووشتییەکاندا روودەدا و، ئەوە داواکارییەکانی کۆمەڵگا و کلتورە دەبێتە هۆی ئەوەی کۆمەڵێک مەرجی پێویست لە نێوان سرووشت و بایەخە ئەخلاقییەکاندا بێنەئاراوە. رۆسۆ لای وابوو دەکرێ بەهەشت لەسەر زەوی چێبکرێ، تەنیا بەو مەرجەی "بگەڕێینەوە بۆ سرووشت". زەینی مرۆڤ بە بۆچوونی ئەو دوور بوو لە گوناح و لە تاوان و، باوەڕی بەو قسەیەی مەسیحییەکان نەبوو کە دەڵێن مرۆڤ تاوانی لە ئادەم و حەواوە بۆ بەمیرات بەجێماوە. ئەوە کلتور یاخود کۆمەڵگای گەورەکانە کە سرووشت لە رێگای پەروەردەی ئۆتۆریتەیی و چەوسێنەرانەوە پیسدەکا.

روانگەی 'مرۆڤسەنتەری'یش بە قازانجی منداڵان شکایەوە. منداڵ بوون بە مرۆڤ! ئەم روانگەیە بەشێوەی سەرەکی ئاکامی پیشکەوتنی زانست بوو. زیگمۆند فرۆید لە کەسە یەکەمەکان بوو کە بە گوێرەی بنەمای زانستی سەلماندی یەکەم ساڵی ژیانی منداڵ لە راستیدا چلۆنایەتی گەشەی مرۆڤ پیشاندەدا. بۆیە لەوەبەدووا گرینگ بوو کە چلۆن گەورەکان لەگەڵ منداڵ هەلسوکەوت دەکەن. لەدووای ئەمە، بایەخی مرۆڤانەی منداڵ بە گوێرەی ئەو شتەی منداڵەکە لێی دەردەهات دانی پیانرا. گەلێک کەس رێبازی فرۆیدیان گرتە بەر. 'ئۆسە گرودا سکارد' (١٩٨٥ ـ ١٩٠٥)، دەروونناسی منداڵان لە وڵاتی ئێمە، لە پێوەندی لەگەڵ روانگەی ئێمە بۆ منداڵ و چۆنیەتی پەروەردی، جێگایەکی مەزنی هەیە. ئەم ژنە بەتوانایە، نوێنەرایەتی مودێڕنیتەی هیومانیستی دەکا لەم بوارەدا. ئەم هیومانیسمە پێویستییەکانی منداڵ دەکا بە پرسی رۆژ و، لە ئاستێکی دیاریکراویشدا پەروەردی منداڵ بەزانستی دەکا. نوێنەرانی ئەم زانیارییە نوێیە کە لە سەر زانست دامەزراوە، لە هاوکارییەکی نزیک لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری، بیری خەڵکیان لەسەر تەندروستی و پەروەردەی منداڵ زۆر روونکردەوە.

 بەڵام لەم پێشکەوتنەدا مەترسییەک خۆی حەشارداوە، ئەویش ئەوەیکە منداڵ بەشتبکرێ. مێتۆدی هەرەباشی زانستی بۆ پەروەردی منداڵ دەتوانێ، بەهۆی سیستم و ئەقڵانیەتی زاتیی خۆیەوە، لە شێوازی بیرئامرازی و بیرە داخراوەکاندا خۆی دەربخا و منداڵ بخاتە ژێر گوشارەوە. هەموو ئەو روانگانەی شوێن و پێگەی مرۆڤ (مندالیش) وەک بکەر لە گەشە و بەکۆمەڵایەتی بوونی خۆیدا بەکەم وەردەگرن، دەتوانن بگەنە ستەمکاری. بۆیە تیۆرە هیومانیستییەکانی لەمەڕ پەروەردەی منداڵ دەتوانن بگەنە ئەو شتەی وا من ناوم لێناوە تەڵەی زاتیی ئەقڵگەرایی(Lingås 2001): "ئێمە دەتوانین وەها بکەوینە ژێر کاریگەرییەکانی زانستەوە کە فەرامۆشی بکەین تا چ رادەیەک دەتوانن بە قازانجمان بن. مرۆڤ لەژێر ئەو مەترسییەدایە کە لە پێناوی چێکردنی 'مرۆڤی نوێ' بایەخی مرۆڤ تێکبشکێنێ. چێکردنی 'مرۆڤی نوێ'، گەر ئاگامان لەخۆمان نەبێت، دەتوانێ پڕمەترسیترین دەرکەوتەی پەروەردەیەکی بەزانستیکراو، یەکجار لۆژیکی و مودێڕن بێت."

بۆیە، بەو شێوەیەی من پرسەکە دەبینم، ئەوەیە کە دەبێ لە منداڵان وەک ئەو بوونەوەرانە بڕوانین لە پێوەندی لەگەڵ ئەوانی تردا خاوەن پێگەی 'بکەر'ن. منداڵ خاوەن رۆڵە، نەک شت.

هەم گرینگیی منداڵ و هەم ئەو بایەخانەی دەبنە هۆی ئەوەی ئێمە لە منداڵ وەک مرۆڤ بڕوانین، لە کۆنوانسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بە شێوەیەکی جوان سەبارەت بە مافەکانی منداڵ باسی لێکراوە: "... بەفەرمی ناسینی بایەخی زاتیی و مافی بەرابەر بۆ هەموو ئەندامانی خیزانی مرۆیی... ."

لە هەموو بابەتەکانی پێوەندیدار بە منداڵ، ئێمە دەبێ مافەکانی منداڵ و بایەخیمان لەبەرچاودابێت. لە ژینڕوانگەی هیومانیستیدا، منداڵ شوێنێکی تایبەتی هەیە.

رێزگرتن لە چەشنەکانی تری ژیان

رێزگرتن لە ژیان، هەروەها جگە لە خودی مرۆڤ، رێزگرتنە لە چەشنەکانی تری ژیانیش. 'ئاڵبێرت شوایتزێر' (١٩٦٥ ـ ١٨٧٥)، پزیشک و وەرگری جایزەی نوبێل دروشمی هاوبەشی هیومانسیمی بەم شێوەیە فۆرمولە کردووە: "رێزی زۆرت بۆ ژیان هەبێ!" ئەو بناخەی ئەم نۆرمەی بەوە لێکدایەوە کە مەیلی مرۆڤ لەوەدایە رێز لە ژیانی تر بگرێ، جا چ هی مرۆڤەکانی تر و چ هی چەشنەکانی تر. شوایتزێر دەڵێ پاراستنی ژیانی تر، خۆی لە خۆیدا رۆحێکی پاک بە مرۆڤ دەبەخشێ و دەتوانێ سەرچاوەی لەززەت بێت. بۆیە هەم خۆویستی دەتوانێ هاندەری ئەویدیخوازی بێت و هەم ئەویدیخوازی هاندەری خۆویستی(Tau 1969). ئەمە بیری ئایدیاکانی فیلسووفی مافەسرووشتییەکان 'تۆماس هۆبز'مان دەخاتەوە لە سەدەی هەفدەی زاییندا.

مهاتما گاندی (١٩٨٤ ـ ١٩١٧)، رێبەری رزگاریی هیندستان، ئەخلاقی ناتوندوتیژانەی خۆی لەو روانگەیەوە دادەڕێژێ کە هەموو زیندەوەران گشتییەتێکی پێکەوەگرێدراو پێکدێنن. گاندی ئایینیی خۆی لە تێکەڵکردنی هیندویسم و پانتەئیسمەوە هێنا هاوکات لەگەڵ رێزێکی قووڵ کە بۆ ژینڕوانگەی ئەخلاقییەکانی تر بۆ وێنە ئەخلاقی ئاتەئیستی هەیبوو. بڕوا بەوەی هەموو زیندەوەرەکان، بە گوێرەی پرینسیپێکی گەورەتر، پێکەوە گرێدراون ئەوی بەوە گەیاند هەموو ژیانەکان پیرۆزبکات و لایەنگری لە ئەخلاقێکی سیاسی بکات کە هەمیشە کەڵک لە ئامرازە ئاشتیخوازەکان وەردەگرێ بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی. گاندی هەندێ بەشی لە فەلسەفەی رۆژئاوائی خستە ژێر کاریگەریی خۆیەوە، بۆ وێنە هیومانیستە نۆروێژییەکانی وەک 'ئارنە نەس' و 'یوهان گاڵتونگ' (Galtung og Næss 1955). گاڵتونگ لە هەوڵەکانی خۆی بۆ ئاشتی جیهانی و ناوبژیوانیکردنی کێشەکان، کەڵکی زۆری لە ئەخلاقی سیاسیی گاندی وەردەگرت. 'نەس' و زۆریەک لە هاوکارانی لە تیۆر و ئۆکۆسوفی ecosophy خۆیان کەڵکیان لە روانگەی گاندی وەرگرت بۆ پاراستنی حورمەتی ژیان. کاکڵی ئەم بیرە ئەوەیە جۆراوجۆریی زیندەوەرەکان، کە مرۆڤیش دەگرێتەوە، بەشێوەی ئۆکۆلۆژیک پێکەوە بەستراون و بەگوێرەی سرووشت لە هاوکێشەدان. لەناوبردنی جۆراوجۆری کە دەبێتە هۆی لەناوبردنی هاوکێشەکە لە سیستمی سرووشتدا، زیاتر لەوەی لە هەوەڵین هەنگاودا دەردەکەوێ، کاریگەری دادەنێ. دەستێوەردانی مرۆڤ لە سرووشت دەستێوەردانیشە لە مرۆڤ خۆی، وەها کە دەستێوەردانە وەحشیانەکان لە سرووشت دەبێتە هۆکاری تێکچوونی هاوکێشە لە خودی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیشدا. بۆیە بەرگریکردن لەو دەستێوەردانانەی سرووشت وێراندەکەن، ئەخلاقین و بە گوێرەی مافی سرووشتین ـ لێرەدا ئەم مافە سرووشتیش دەگرێتەوە ـ (Næss 1998).

زانستی سرووشتی پێوەندییە ئۆکۆلۆژییەکانی لەمەڕ ئەوەی مرۆڤەکان وابەستە بە فۆڕمەکانی تری ژیانن، سەلماندووە. ئێمە هەتا دێت زیاتر لەسەر ئەوە وشیاردەبینەوە کە فۆڕمەکانی تری ژیان دەبێ بەو شێوازەی هەتا هەنووکە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ کراوە، لەگەڵیان نەکرێ. هۆکارەکە لەو پێوەندییە دوولایەنە ئاڵوز و ناسکەدایە کە لە نێوان فۆڕمەکانی ژیاندا هەیە. تێکدانی ئەم پێوەندییە و وێرانکردنی، دەتوانێ ئاسەواری هەبێ لەسەر بەرهەمهێنانی خواردن و، هەروەها بەردەوامیی گۆی زەوی.

هەروەها وێرانکردنی ژیانەکانی تر، بەتایبەت ئازاردانی ئاژەڵی دەستەمۆ، ئاژەڵی ناوماڵ و چەشنە هەستیارەکانی تر کاریگەریی لەسەر رێزی خۆمان بەرامبەر بە خۆیشمان دادەنێ. راگرتنی ئاژەڵ بە شێوەی مرۆڤانە بەو مانایە کە مرۆڤ لەگەڵیان بە گوێرەی ئەو رێزەی بۆخۆی هەیەتی هەڵسوکەوت دەکا(Selnes 1997).

بنەما ئەقڵانییەکانی بایەخی مرۆڤ

دەتوانین بڵێین ژینڕوانگەی هیومانیستی هەمیشە بە شوێن لێکدانەوەی ئەقڵانییە بۆ سەلماندنی بایەخی مرۆڤ. لە پشت تێگەیشتن لە مرۆڤ، وەک بوونەوەرێکی حورمەتدار و نەجیب، ئەقڵێکی فۆرمولەکراو هەیە. وەک لەم پاژەدا بینیمان، بایەخی مرۆڤ دەتوانرێ لەم روانگەوە هەڵسەنگێندرێ کە مرۆڤ بە توانای بەرپرسیارەتی، خۆشەویستی، ماف و دەرفەتی ئازادی و، هەروەها توانای هەڵگرتنی بەرپرسیارەتی تەیارکراوە. وە هەموو ئەم توانایانە خاوەن ناوەڕۆکی ئەقڵانین و دەتوانرێن بە بێ ئەوەی ئاماژەبدرێن بە دیاردە بانسرووشتییەکان، وەسف بکرێن.

ئەم روانگەیە لەژێر کاریگەریی روانگەی سەردەمی کەونارایە سەبارەت بە مرۆڤ، کە تێیدا بیری دیمۆکراتیکی ئاتێن لە مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی ئازادی دەڕوانی بۆ بەشداری لە کۆمەڵگادا، هەروەها وەک بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی خاوەن ئەقڵ (ئەرەستو). ئەم روانگەیە لە ژێر کاریگەریی فیلسووفەکانی سەردەمی رۆشنگەرییە کە ئەم تێگەیشتنەیان سەبارەت بە مرۆڤ بەهێزترکرد، ئەوەیکە مرۆڤ ئەقڵانییە، توانای زانستی هەیە و دەتوانێ لە رێگای ناسین و تکنۆلۆژیاوە خۆی و دەورووبەری بەڕێوەببات. لێرەدا بەتووش سەرچاوەی باوەڕ بە پیشکەوتن و بنەمای مودێرنیتەوە دەبین. لە مێژوویەکی نزیکتردا دەبینن کە مرۆبینیی هیومانیستی دەکەوێتە ژێر کاریگەریی وجوودگەراییەوە، ئەو فەلسەفەیەی مرۆڤ لە دۆخی بەرپرسیارەتییەکی بێ سنووردا دادەنێ. هەروەها ئەمە لەژێر کاریگەریی فەلسەفەی ئۆنتۆلۆژی و فێنۆمێنۆلۆژی نوێدایە. لە کۆتاییدا بیر لەو ئاراستانە دەکەمەوە کە پێ لەسەر ئەوە دادەگرن شوناسی راستەقینەی مرۆڤ لە کاتی هەڵسوکەوتی نێوانیاندا خۆی دەردەخا. لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەوی تردایە ئێمە بایەخە هاوبەشەکان دەدۆزینەوە، واتە مرۆڤی راستەقینە و بەرز. مرۆڤ خۆی لە رێگای خوێندنەوەی روخساری ئەوی ترەوە دەناسێتەوە، لە رێگای خۆشەویستی و هاودڵی، بەو شێوەیەی بۆ وێنە 'ئێمانوئێل لێڤیناس' باسی لێدەکا.٢٠

فیلسووفە رۆژئاواییەکانی وەک 'هانا ئارێنت' و 'هاراڵد ئوفستاد'یش کاتێک قسە لەسەر پرسی بایەخی مرۆڤ و ئەخلاق بوو، فوکوسیان لەسەر پێوەندەکانی نێوان تاکەکانی مرۆڤ بوو. ئەم فیلسووفانە هەر دووکیان کاریان کرد لەسەر کارەساتی هۆلۆکاست و وەک تاوان لەدژی مرۆڤ و مرۆڤایەتی لێکیان دایەوە. ئوفستاد بەشوێن دۆزینەوەی ئەو فاکتەرانەوە بوو کە دەیانتوانی نیشانی بدەن چلۆن نەفرەت لە لاوازیی مرۆڤ، هۆکاری دابەزاندی ئاستی بایەخی مرۆڤەکان لای خوڵقێنەرانی هۆلۆکاست بوو (Ofstad 1991). هەم هانا ئارێنت و هەم نووسەری جوولەکە و ئۆتریشی 'جین ئارمی' (١٩٧٨ ـ ١٩١٢)، فوکوسیان لەسەر ئەو ناوەڕۆکە شەیتانییە بوو وا لە فۆڕمی سڕینەوەی خەڵکانێکی زۆردا خۆی نیشاندا(Améry 1994). هەردووکیان هەوڵیاندا ئەوە نیشان بدەن ئەو خراپەیە و ئەو کردارە بە تەواوی نامرۆڤانەیە و بەدوور لە ئەخلاقەی لە هۆلۆکاستدا هەبوون، قەت روویان نەدەدا ئەگەر بکرەکانیان پشت ئەستور بە سەرچاوەی نۆرمە نائەقڵانییەکانەوە نەبوونایە. بەم شێوەیە ئەوان تەئکید لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە ئەقڵانییەت وەک داوای هیومانیستەکان، مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ خوڵقاندنی بایەخی مرۆڤ.

درێژی هەیە...

ژێرنووس:

١٩ـرۆسۆ تەنیا بۆ کوڕان مافی گەشەی ئازاد قایل بوو. ئەو دەیگوت سرووشتی کچان جیاوازە. بۆیە روانگەی پەروەردی ئەم بیرمەندە، سەرەڕای مێژوویی بوونەکەی بایەخێکی کەمی هەیە. روانگەیەک سەبارەت بە منداڵ (بە کوڕان) کە بەهەرحال جێگای سەرنجە.

٢٠ـ ئەم شێوازە بۆ هەڵسەنگاندنی بایەخی مرۆڤ، هەروەها لە نەریتی وجوودگەرایی مەسیحیشدا، لە 'سۆرن شیرکەگۆرد'ەوە تا 'کنود لۆگستروپ' خاوەن مانایەکی گەورەیە. بەڵام هاوکات دەبێ بڵێین ئەمە راستییەکی دیارە کە ئەم باسە لەناو نەریتی مەسیحیدا زیاتر لە هیومانیسم جێگای مشت و مڕ بووە.

Bilderesultat for ‫گاندی‬‎

گەڕان بۆ بابەت