ما 2547 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

بۆ ژینڕوانگەی هیومانیستی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئایینەکان پڕبووە لەفێربوون. زۆر هۆکار ژینڕوانگەی هیومانیستی دنەداوە بۆ ئەوەی لە پرۆژەی دیالۆگ لەگەڵ ئەوانی تردا بەشداری بکا: هۆکارێک دەتوانێ درووستکردنی رێز و تێگەیشتنی دوولایەنە بێت لە نێوان باوەڕداران و باوەڕنەداران بە خودا. کاتێک هیومانیسم باوەڕی بە وەها شتێک هەیە، گرینگیشە بە کردەوە بەڕێوەی ببات.

 

فرەچەشنیی ژینڕوانگەکان لە مودێرنیتەدا

فرەچەشنی لە نۆروێژ

بە دەستپێکی سەدەی نوێ، دەبینین نۆروێژ کۆمەڵگایەکی چەند کلتورییە. جیاوازییەکان و فرەچەشنی تەنیا ئاکامی رەوتی پەنابەری نیە، بەڵکو لە ناو نۆروێژییەکانیشدا هەیە. لێرەدا من دەمەوێ باسەکە تەنیا لە سەر چەند لایەنێک لە فرەچەشنی لە بواری ژینڕوانگەدا خڕبکەمەوە.

باسەکەمان بە هەندێ ئامار سەبارەت بە فرەچەشنی دەستپێدەکەین. نزیکەی لەسەدا هەشتا و شەشی خەڵکی ئەندامی کلیسای نۆروێژین کە لە خۆیدا نیشانیدەدا ئایینی زۆرینە لەم وڵاتە بەشێکی باشیان هەیە. بەڵام کلیسای دەوڵەتی بەو شێوەیەی لە پاژی ١٢دا شیمکردەوە لەژێر کاریگەریی سکۆلاریزمدایە. زۆربەی ئەندامانی کلیسای دەوڵەتی لە ژێر کاریگەریی هەم نەریت و هەم شێوازەکانی ئەو جۆرە ناونووسیکردنە لە کلیسادان کە ئەم ئەندامەتییە بەرجەستەدەکەنەوە. بۆیە لۆژیکیە وا بیربکەیەنەوە کە زۆریەک لە ئەندامانی کلیسا، سەرەڕای ئەم ئەندامەتییەیان هیچ چەشنە لایەنگرییەکیان بۆ مەسیحییەت نیە. لەم ئامارانەدا دەبینین زۆر لە بنەماڵەکان ئەندامی کلیسای دەوڵەتین ئەگەرچی لە رێکخراوی ئەخلاقی مرۆیی بۆ رێوڕەسمی گەورەبوونی منداڵەکانیان کەڵک وەردەگرن. لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە ئایین، ئاستی کەمی باوەڕمەندی خەڵکی بە ئایین نیشاندەدەن. کلیسای نۆروێژی هەروەها لەخۆیدا هەڵگری فرەچەشنیە، هەر لە کۆنسێرڤاتیسمی ئۆرتۆدۆکسەوە بگرە تا سوسیالیزمی مەسیحی، لەو خەڵکانەی تەنیا خیتابە ئایینییەکانی لا گرینگە تا سیستمی کلیسا و،... هتد(Leirvik 1996).         

لەدەرەوەی کلیسای دەوڵەتی، کۆمەڵی مەسیحییە پرۆتستانەکان هەیە کە لە 'شورای کلیسای ئازادی نۆروێژ'دا کۆبوونەتەوە. بەگشتی سەدوسی هەزار کەسن کە تێیاندا باوەڕمەندان بە 'بزووتنەوی پینس' (رەوتێکی مەسیحین ـ وەرگێڕی کوردی)، چل و پێنج هەزار کەس پێکدێنن. بزووتنەوەی کلیسای ئازاد هەر لە رادیکاڵەکانەوە بگرە تا گرووپە کۆنسێرڤاتیڤەکان لەخۆی دەگرێ. زۆربەی گرووپەکان ئەندامەکانیان کەمیان کردووە، لە کاتێکدا کلیسای کاتۆلیک لەم بیست ساڵەی دوواتر رادەی ئەندامانی سی جار زیادی کردووە، کە زۆربەی بۆ رەوتی پەنابەری لە وڵاتانی کاتۆلیکەوە دەگەڕێتەوە. هەروەها 'شاهیدانی یەهووە' پازدەهەزار ئەندامیان هەیە، 'ئادڤێنتیستەکان' شەش هەزار و 'مورمون'ەکان چوارهەزار. دیارە ئەمانە گرووپە گەورەکانن.

ئایینە جیهانییەکانی تر روویان لە نۆروێژ کردووە. کۆمەڵی ئایینی موسایی نزیکەی هەزار ئەندامی هەیە و، کۆنترین کۆمەڵی ژینڕوانگەی نامەسیحی لە نۆروێژە. ئەندامانی ئەم ئایینە خۆیان لە ئاستێکی بەرزدا بە نۆروێژی دەزانن و، بۆیە وەک ئایینێکی پەناخواز سەیری ناکرێ. نۆروێژ بەربەرە نەوەد هەزار موسوڵمانی تیا نیشتەجێ بووە کە زیاتر لە پەنجاهەزاریان لە رێکخراوەکاندان، دابەشکراو بەسەر پەنجا دانەدا. زۆربەی موسوڵمانەکان پەنابەرن. هەر هەمان شت نێزیکەی حەوت هەزار بودیست (کە زۆربەیان بودیستی ماهایانان) و، دووهەزار هیندویی و هەزار و سێ سەد 'سیک'یش دەگرێتەوە. کۆمەڵی بەهاییەکانیش شەش سەد ئەندامی هەیە کە لە ناویاندا زۆربەیان خاوەن باکگراوندی نۆروێژین.

لە دەیەی ١٩٩٠، ژمارەی ئەو کەسانەی خۆیان بە لایەنگری گرووپە جۆراوجۆرە نوێیە ئایینیەکان (کە ئاراستەی بەرەو ژیانیان هەبوو) دەزانی، لە ئاستێکی زۆردا رووی لە زیادبوون کرد. زۆربەیان ئەو گرووپە بچووکانە بوون وا نیازە رۆحییەکان پێکیهێنابوون، بەڵام بنەما باوەڕییەکانیان بەتەواوی خاوەن کاراکتێرێکی تر بوو. ژمارەیەکی کەمیان وەک کۆمەڵی ژینڕوانگەیی ناویان لەلای دەوڵەت نووسراوە، بەڵام ئەوان لەژێر چەترێکی هاوبەش بە ناوی 'تۆڕی جێگرەوە'دان Alternativt Nettverk. وا دێتەبەرچاو کە گەشەی ئەوان راوەستابێ لەوەی تا بەرەوپاش گەڕابێتنەوە. هەنووکە کاردەکرێ لەپێناوی دامەزراندنی 'کۆنفێدراسیۆنی گشتی' Holistisk Forbundبۆ ئەم ژینڕوانگانە.

رێکخراوی ئەخلاقی مرۆیی گەورەترین رێکخراوی ژینڕوانگەییە لەدەرەوەی کلیسای نۆروێژی و خاوەن ٦٣٠٠٠ ئەندامە (بڕوانە پاژی ١٢). بەشێک لە پەنابەرەکان لەگەڵ ئەم رێکخراوەیەدان، بەڵام زۆربەیان خاوەن باکگراوندی نۆروێژین. 'کۆمەڵی بێخوداکان'یش چەند سەد ئاتەئیستێکی لەخۆیدا رێکخستووە.

ئەمەی پێشکەشکرا زیاتر لەسەر ژمارەی ئەندامانی رێکخراوەکان بوو و، پۆششی ئەو جۆراوجۆرییەی دەدا وا لە پشتەوەی ژمارەکان خۆی حەشارداوە، وەها کە من لە پێوەندی لەگەڵ کلیسای نۆروێژی نیشانمدا. کاتێک قسە لەسەر پرسی ئەخلاق و موراڵە لەناویاندا، رەوتی جۆراوجۆر هەیە. بۆ وێنە لەناو موسوڵمانەکان، جوولەکە، کاتۆلیک و پرۆتستانەکاندا. وەک 'هیلاند ئێریکسن'ی ئانترۆپۆلۆگ دەڵێ لە بواری نۆڕمە ئەخلاقییەکاندا هاوبەشیی زیاتر هەیە لەناو بنەماڵەیەکی نۆروێژی لە باشووری وڵات، بنەماڵەیەکی پاکستانیی موسوڵمان لە رۆژهەڵاتی ئۆسلۆ و، بنەماڵەیەکی مودێڕنی نۆروێژی لە رۆژئاوای ئۆسلۆدا. لە پرسی ئەخلاقی جنسی لە بواری پەروەردەی منداڵ، لەباربردنی منداڵ و ئاگالێبوونی گەورەسالان و ترس لە خودا، بنەمالە باشوورییەکە و بنەماڵە موسوڵمانەکە سەرەرای جیاوازیی ناوی خوداکانیان، زیاتر لەیەکدەچن، بەڵام هاوکات زیاتریش لەیەکتر دەترسن.

هەبوونی ژینڕوانگە دونیاییە نوێیەکان لە نۆروێژ دەرفەتی نوێیان بۆ کار و تێکۆشان رەخساندووە. یەکەم، ژینڕوانگەی هیومانیستی، وەک ژینڕوانگەی سەرەکی، شەریکی تازەی لە بواری هەڵسوکەوتکردنی عادڵانە لەگەڵ ژینڕوانگە کەمایەتییەکان بەدەست هێناوە. دووهەم، ژیانێکی نوێ و ناوەڕۆکێکی تر بۆ دیالۆگ لەسەر ژینڕوانگە لەچاو ئەو ساتانەی تەنیا دیالۆگ لە نێوان مەسیحییەکان و هیومانیستەکاندا بوو، رەخساوە. سێهەم، ژمارەیەکی کەمیان سنووری تۆلێرانس و تەحەمول دەبەزێنن. کاتێک کەسێکی مودێڕنی هیومانیست رووبەڕووی موسوڵمانێک دەبێتەوە کە دەیەوێ ژیانی سەلمان روشدی بسەنێ، بەزۆر کچەکەی بەشووبدات و یاخود پشتیوانی لە کوشتنی جودابیران لە وڵاتی خۆی بکا چاوپێکەوتنەکانیان لە نۆروێژ لەگەڵ دژبەرانی لەباربردنی منداڵ وەک جاران نامێنن.

رەنگە بتوانین بە گێڕانەوەی بەسەرهاتێک فرەچەشنیی نۆروێژی جوانتر روونبکەینەوە. قەشە 'بیسکۆپ گوننار ستۆلسێت' ئەندامی کۆمیتەی ئاشتی، جارێکیان گێڕایەوە: "لەسەر مێزی نانخواردن لەگەڵ 'داڵایی لاما'ی براوەی خەڵاتی نۆبێل، یەکێک لە ئەندامە مەسیحییەکانی کۆمیتەکە پرسیاری لەسەر خودا لێکرد: "تۆ باوەڕت بەخودا هەیە، وانیە؟" داڵایی لاما وەڵامی دایەوە: "بە هیچ شێوەیەک،... ئێمەی بودیست خاوەن هیچ خودایەک نین." ئەندامەکە پرسیاری کردەوە: "بەڵام خۆ نوێژدەکەی، وانیە؟" داڵایی لاما وەڵامی دایەوە: "هەم ئا و هەم نا، لە راستیدا ئەوەی ئێمە دەیکەین نوێژ نیە، بەڵکو جۆرێکە لە قووڵبوونەوە لەناخی خۆدا meditasjon. لەم کاتەدا ئەندامێکی تری کۆمیتەکە بەناوی 'ئۆدڤار نوردلی' بەسەر مێزەکدا چەمییەوە و وتی: "سەرنجڕاکیش بوو، ئەمە رێک لەوەی دەچێ لە 'هێدمارکێن' دەیکەن!' (‌هێدمارکێن Hedmarken شوێنێکە لە پارێزگای هێدمارک لە نۆروێژ ـ وەرگێڕی کوری)

دیالۆگ

بە شوێن زیادبوونی فرەچەشنی لە نۆروێژ بەردەوام دیالۆگی زیاتر لە نێوان نوێنەرانی ژینڕوانگەکاندا روویانداوە. هەندێکیان لە ئاستێکی بەربڵاودا پێشوازییان لێکراوە و، هەندێکیان کەم. 'ئینگە ئەیدسڤۆگ' بەڕێوەبەری پیشووی قوتابخانەی 'نانسن' دوو گرووپی گرینگی بۆ دیالۆگ بانگهێشتکرد کە زۆر پێشوازی لێکرا. یەکەمینیان باسی لە دەرفەتەکانی گەشەپێدانی ئێتیکی هاوبەش لە نۆروێژی فرە کلتوریدا کرد(Nansenskolens årbok 1993). دووهەمینیان باسی لە سیاسەتی ژینڕوانگەیی کرد لەژێر ناوی ئایین، ژینڕوانگە و مافەکانی مرۆڤ لە نۆروێژدا(Nansenskolens årbok 1997). هەر دووکی ئەم پرۆژانە بۆ پرۆژەکانی تری گفتوگۆ و هاوکاری خاوەن مانایەکی گەورەبوون. لە کاتی ناڕەزایەتی دەربڕین لە دژی وانەی 'ک. ر. ل.' (K.R.L.)لە قوتابخانەی ناوەندی لە ساڵی ١٩٩٦، رێکخراوی ئەخلاقی مرۆیی خەباتی بۆ ئازادی ژینڕوانگە لە قوتابخانەی ناوەندی دەستپێکرد کە زۆرینەی ژینڕوانگە کەمینەکانی لەدەوری خۆی کۆکردەوە. ئەمە بووە هۆی ئەوەی سەرۆکی شوورای ئیسلامی و سەرۆکی کۆمەڵی مووساییەکان دەستیان خستە ناو دەستی یەکتر و لە کاتی کۆبوونەوەی دامەزراندن یەکتریان بە برادەر ناوبرد. ئەم هەوڵە مانایەکی گەورەی هەبوو بۆ دامەزراندنی 'شوورای هاوکاریی کۆمەڵە ئایینی و ژینڕوانگییەکان' کە تێیدا رێکخراوە گەورەکانی وەک کلیسای نۆروێژی ئەندامن. هەروەها 'کۆمیسیۆنی بایەخ' بەشدارییەکی چالاکانەی کرد بۆ رێکخستنی دیالۆگی نێوان ژینڕوانگەکان.  

بۆ ژینڕوانگەی هیومانیستی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئایینەکان پڕبووە لەفێربوون. زۆر هۆکار ژینڕوانگەی هیومانیستی دنەداوە بۆ ئەوەی لە پرۆژەی دیالۆگ لەگەڵ ئەوانی تردا بەشداری بکا: هۆکارێک دەتوانێ درووستکردنی رێز و تێگەیشتنی دوولایەنە بێت لە نێوان باوەڕداران و باوەڕنەداران بە خودا. کاتێک هیومانیسم باوەڕی بە وەها شتێک هەیە، گرینگیشە بە کردەوە بەڕێوەی ببات. هۆکارێکی تر چێکردنی یەکگرتووییە لە نێوان گرینگترین پرسە ئەخلاقییەکاندا، وەک کارکردن لە پێناوی ئازادیی بیروڕا لە رێگای سیستمی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، یاخود کارکردن لەدژی رەگەزپەرستی. سێهەمین هۆکار بریتییە لە کارکردن بۆ گۆڕینی روانگەی سیاسەتی دەوڵەت سەبارەت بە ژینڕوانگەکان وەها کە هەموو گرووپەکان بتوانن لە بەربڵاوترین ئاستدا خاوەن دۆخێکی عادڵانە و وەک یەک بن لە قوتابخانە و بەشی گشتی خزمەتگوزاریدا. چوارەم هۆکاریش، کە زۆریەک لە گرووپە دیالۆگییەکانی لوکاڵی و بچووک دەگرێتەوە و ئامانجی بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیە بەناوی 'پردی پێوەندی'، فێربوونی زیاترە لەسەر ژینڕوانگەکانی تر.

لەناو هەموو بەشداراندا دەرکێکی روون لەسەر ئەوە هەیە گفتوگۆی دۆستانەی لەم چەشنە، دەبێتە هۆکاری هێنانەگۆڕ و قسەوباس لەسەر پرسە دژوار و هەستیارەکان. لەهەندێ باسدا دەکرێ هاوبەشی لە بواری بۆچووندا لە نێوان بودیستەکان و هیومانیستەکاندا درووست ببێ، لە پرسی تریش دا لە نێوان مەسیحییەکان و هیومانیستەکاندا، لە هەندێ بواریش دا دەکرێ هیومانیستەکان لەگەڵ روانگەی خۆیاندا بە تەنیا بمێننەوە. گۆڕانی بەردەوام لە هاوڕایی لەنێوان لایەنە جۆربەجۆرەکاندا، جەوێک پێکدێنێ کە تێیدا ترس و دەمارگرژی لەناودەبات.

هەڵبەت ئەمە بەو مانایە نیە هەموو دیالۆگەکان بە ئاراستەی دلخوازدا دەڕۆن. یەکەم هۆکار ئەوەیە لای ژینڕوانگە ئایینیەکان هەموو کەس خاوەن بڕوای ئایینیە، بۆیە ژینڕوانگەی دونیایی بەتووش هەندێ هەڵوێستی بە دوور لە تۆلێڕانسەوە دەبێ. هەروەها رێککەوتن بۆ هەبوونی ناوەڕۆکێکی هاوبەش کاتێک لە گەڵ خەڵکانی زۆر ئایینی دیالۆگ دەکرێ، یەکجار زەحمەتە.

ئەزموونێکی تر ئەوە نیشان دەدا هەندێ کەس لایان وایە مەسیحییەت هی نۆروێژییەکانە و ژینڕوانگەکانی تر هی پەنابەرەکان. ئەمە دەبێتە هۆکاری ئەوەی هیومانیسمی نۆروێژی، جوولەکە نۆروێژییەکان و پەنابەرە مەسیحییەکان بکەونە دەرەوەی بابەتەکەوە.

سێهەمین شت ئەو ئەزموونەیە کە من بۆخۆم بەهۆی بەشداری لەهەندێ پرۆژەی دیالۆگدا بەدەستم هێنا. چەند کەسێ لە نوێنەرانی کلیسای نۆروێژی، بەتایبەت هەندێ نوێنەری بەرزیان، بێگومان ناوشیارانە، دەرکران (من ناوی ئەمە دەنێم لەخۆڕازیبوونی زۆرینە). بەکارهێنانی وشەگەلی وەک 'ئێمە' و 'ئێوە' بەتایبەت لەو بابەتانەیدا کەمایەتییەکانی دەگرتەوە ـ نەک زۆرینە ـ دەبووە هۆی هەڵچوونی بەشدارانی دیالۆگەکان. چونکە ئەم دیالۆگانە لە راستیدا لەسەر رێزی دوولایەنە و گفتوگۆی بەرابەر راوەستابوون بە بێ بیرکردنەوە لە جیاوازییەکانی نێوانیان. چەند کەسێ لەو مەسیحییانەی بۆ خۆیان زووتر بۆ رێکلامەی ئایینی لەو وڵاتانەدا ببوون کە بڕوای مەسیحی لە کەمینەدابووە، وتیان ئەم کێشەیە بۆ ئەوان  کێشەیەکی ئاشنایە.

چوارەمین ئەزموون ئەوەیە زۆرجاران ژینڕوانگەی هیومانیستی وەک ژینڕوانگەیەکی مودێڕنیتەیی پێناسەدەکرێ، پێناسەیەک کە خۆی لە خۆیدا نائەقڵانی نانوێنێ. چونکە هیومانیسم هەم مافەکانی مرۆڤ دەگرێتەوە و هەم تاکگەرایی مودێڕنیتە. ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی لە نێوان هیومانیسم لەلایەک و، لەلایەکی ترەوە چوارچێوە مودێڕنە کۆمەڵایەتییەکان کە دەبنە هۆکاری گەیشتن بە عەداڵەت و مافی یەکسانی ژینڕوانگەکان لە یاساکان و ژیانی کۆمەڵایەتیدا، یەکسانی رەچاوبکرێ. بۆیە هەندێ کەس ئیدیعای ئەوەدەکەن کاتێک یاسا و سیاسەتی گشتی بە شێوەی نۆیتڕال (بێلایەن) دەڕواننە ئایین و ژینڕوانگە دونیاییەکان، لە راستیدا شوێنیکی بەرزتر بۆ ژینڕوانگە دونیاییەکان دیاریدەکەن. ئەوەیکە هیومانیسم بێلایەنە، تێگەیشتنێکی هەڵەیە. ئەوەیکە هیومانیستەکان لایەنگری مافەکانی مرۆڤن، بەو مانایە نیە ئەوان تەنیا پارێزگاری لە هیومانسیم دەکەن. ژینڕوانگەی سیاسیی مودێڕن دەبێ لەدەرەوەی بەرز و نزم نرخاندن بێ و لێگەڕێ کۆمەڵی بڕوا و ژینڕوانگەکان خۆیان کاروباری خۆیان رێکبخەن.

درێژەی هەیە...

Bilderesultat for pluralismen

گەڕان بۆ بابەت