ما 12680 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

بەگوێرەی وات، ریچاردسۆن و دیفو وەک یەکەمین نووسەرەکان نەقشەی (پلۆت) بەرهەمەکانی خۆیان لە میتۆلۆژیا، مێژوو یاخود ئەدەبی زووترەوە نەدەهێنا. ئەو باس لەوە دەکا رۆمانی ئینگلیزیی سەدەی هەژدەیە دەربڕی سەرەتای سەرهەڵدانی ئەم ژانرەیە و دەبێ بە ئامانجێکی واقعی و دوواتر لە سەدەی هەژدەدا زیاتر پەرەدەستێنێ.

 

فۆرمی سەردەمی نوێ

لێکۆڵینەوەی بەناوبانگی 'یان وات' بە ناوی 'سەرهەڵدانی رۆمان' (١٩٥٧)، لە رۆمان وەک بەرهەمی شۆڕشی پیشەیی لە سەدەی هەژدە، سەرهەڵدانی چینی مامناوەندی و گۆڕانی رۆڵی کۆمەڵایەتی ژنان دەڕوانێ. هەنووکە ئیتر ئەو کتێبانە دێنەئاراوە وا تایبەتن بە گروپی خۆیان، وەک ژنان. 'وات' سەرقاڵی ئەوەیە چلۆن لەم سەردەمەدا ئێمە دەبینە خاوەن کۆمەڵگایەک کات، پارە و هەروەها لێهاتوویی خوێندنەوەی تێدایە. بەگوێرەی وات ئەوە رۆمانی ئینگلیزیی نوێی سەردەمی سەدەی هەژدەیە کە ئەزموونەکانی ئەو سەردەمە و رۆحی کۆمەڵایەتی دەنوێنێتەوە. ناوی ئینگلیزیی رۆمان novel ئاماژە بەم دیاردە رەسەن و نوێیە دەدات. 'وات' سەرنجی رۆمان بۆ تاک دەبینێ، هەروەها ئەو ئەزموونە بێ وێنەیەی رۆمان پێشکەشی دەکا لەم رووکردنەی بۆسەر تاک کە لەوە پێش لەسەدەی هەفدەی زایین لای 'رنە دێکارت'ی فیلسووف هەبووە. لای دێکارت گەڕان بەشوێن حەقیقەتدا دەبەسترایەوە بە توانای تاک بە بێ وابەستەبوون بەنەریتە فکرییەکان.

بەگوێرەی وات، ریچاردسۆن و دیفو وەک یەکەمین نووسەرەکان نەقشەی (پلۆت) بەرهەمەکانی خۆیان لە میتۆلۆژیا، مێژوو یاخود ئەدەبی زووترەوە نەدەهێنا. ئەو باس لەوە دەکا رۆمانی ئینگلیزیی سەدەی هەژدەیە دەربڕی سەرەتای سەرهەڵدانی ئەم ژانرەیە و دەبێ بە ئامانجێکی واقعی و دوواتر لە سەدەی هەژدەدا زیاتر پەرەدەستێنێ. ئەم نووسەرە لە ریچاردسۆن، دیفو و فیلدینگ وەک نموونە سەرەتاییەکانی نووسەرە مودێڕنەکانی بواری رۆمان دەڕوانێ و، جیاوازی دادەنێ لە نێوان رۆمانسی پێشوو و رۆمانی ریالیستیی نوێ.

خوێنەرێکی ئێستا رەنگە جیاوازیی نێوان کۆن و نوێ بخاتەوە بەر گفتوگۆ ئەگەر رووبەرووری کتێبێکی وەک رۆمانی 'پامێلا'ی ریچاردسۆن بێت، لەبەر ئەوەی لەم بەرهەمەدا ئایدیای خۆشەویستییەکی رۆمانتیکی رۆڵی سەرەکی دەبینێ. خوێنەرە گەنجەکان لەم رۆمانە بەزەحمەت وەک رۆمانی مۆدێڕن دەڕوانن. بەڵام لایەنی نوێ لەم کتێبەدا بەتایبەت لەوەدایە ئەم بەرهەمە قارەمانی سەرەکی پامێلا دەکا بە کەسێکی جیا و بەتاککراو. بەم رۆمانە ریچاردسۆن ژنە قارەمانێکی سەربەخۆی خوڵقاندووە، خزمەتکارێک کە جورئەتدەکا لەبەرامبەر خاوەنەکەیدا راوەستێ و پێوەندییە چینایەتی و جنسییەکان بەتووش کێشەوەبکا و بەهۆی ئەم راوەستانەوە بە کۆتاییەکی بەختەوەرانە بگات. ئەو تاقیکاریانەی ئەم ژنە بە ناویاندا تێدەپەڕێ لەناو پلۆتێکدا کۆدەبنەوە و، ریچاردسۆن قارەمانەکەی خۆی بە وشیارییەکی ئەخلاقی چەکداردەکا. لەم بەرهەمەدا هەموو شتێک لە رێگای ئەو نامە جوان نووسراو و بە گەلێک شێواز پێشکەوتووانەوە دەگەیەندرێ کە پامێلا بۆ دایک و باوکی دەیاننوسێ، ئەو نامانەی جیهانی دەروونی ئەو بە هەمان باشیی دۆخە دەرەکییەکان بۆ ئێمە دەردەخەن.

مێژووی دروستبوونی پامێلا دەتوانێ زانیاری لەسەر ئامانجی راستەقینەی رۆمان و ئەوەی کە چلۆن رۆمان لەسەر بنەمای ژانرەکانی تر گەشەدەکا، بەئێمە بدات. ریچاردسۆن دەیویست سەرەتا کتێبێک لە قەوارەی نامەدا بنووسێ، لەبەر ئەوەی توانای نووسین یەکجار لە توانای خوێندنەوە لاوازتر بوو. مەبەست پێشکەشکردنی نموونەیەک بوو بە شێوازی نامە، بەڵام بوو بە رۆماننامەی پامێلا و نامەکانی وەک رۆڵی سەرەکی. ئەوەی کە چەندە پامێلا قارەمانێکی ئازایە یان دووڕوویەکە کە دەیەوێ بەمەبەستی خۆی بگا، دەتوانین گفتوگۆی لێبکەین، بەڵام لەم رۆمانەدا هەستەکان تێکەڵ بە کۆنتێکستی کۆمەڵایەتی کراون: بە گوێرەی وات پێوەندی نێوان پامێلا و 'مستەر بێ' بەهەمان ئەندازەی کێشە کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییەکان پێوەندی سێکسیش دەگرێتەوە و بەشێوەیەک نیشانی دەدا کە لە رۆمانسدا نەدەکرا.١١ رۆمانسی ئینگلیزی نووسینێکی رۆمانتیکی واتە ئاشقانەیە کە ئیزنی ئەوە نادا ژیانی رۆژانە و جیاوازیی چینایەتی باسیان لێبکرێ، یاخود کێشەکانی نێوان سێکسواڵیتە و ئەخلاق، بەڵام لە پامێلادا ئەمانە هەن. بەکورتی ئەوەی ئەم رۆمانە دەیکا بەکێشەکردنی نیگای سەردەم سەبارەت بە شوێنی خزمەتکارێکە لە هیرارشی کۆمەلایەتی و، هەروەها بەرینکردنەوەی ئەو دەرفەتانەیە گێڕانەوەیەکی پەخشان ئامێز دەتوانێ خۆی تیا ببینێتەوە.

نووسەرانی وەک ریچاردسۆن و فیڵدینگ بۆخۆیان دەیانزانی خەریکی چێکردنی شتێکی نوێن، ئەگەرچی ناوی گێڕانەوە پەخشان ئامێزەکەی خۆیان ناونانێن رۆمان. ناوی رۆمان novel سەرەتا لە کۆتایی سەدەی هەژدە کەڵکی لێ وەردەگیردرێ. لە پێشەکیی 'جۆزێف ئاندروس' فیڵدینگ لە لایەکەوە لە رۆمانس دووردەکەوێتەوە و لە لایەکی ترەوە لە کۆمێدیای گاڵتەجاڕانە و هاوکات پێ لەسەر ئەوە دادەگرێ دەیەوێ جۆرێکی تر لە گێڕانەوە چێبکا: "ئەدەبێک من لەبیرم نیە دیتبێتم و کەسانێکی تریش لە زمانی ئێمەدا هەوڵی تاقیکردنەوەیان دابێ."١٢ هاوکات ئەو ئاماژە بە پێوەندێک دەکا لەگەڵ شیعری حیماسی epos و شێوازێکی نووسینی نزمتر کاتێک بە رۆمانەکەی دەڵێ شیعرێکی حیماسیی کۆمێدی بەشێوازی پەخشان comic epic in prose.

بەڵام هۆکار چیبوو لە سەدەی هەژدە لە وڵاتی ئینگلیز پەخشان لە ئاراستەیەکی نوێدا گەشەی کرد؟ ئەوەی وات ناوی لێدەنێ ریالیزم، سکۆلاریزم، کاپیتالیزم، بەهێزبوونی نەتەوەیی و هەروەها هاتنەئارای بۆرژوازی، دەتوانن روونکەرەوە بن. چینی مامناوەندیی نوێ سەرچاوەی جەماوەری خوێنەر بوو، ئەو دیاردەیەی درنگتر لە چاو شوێنەکانی تر گەیشتە ئێرە، چینێک حەزی دەکرد لەسەر خۆی بخوێنێتەوە. ئەوان خوێنەری عەمەلگەرا و مەتریالیست بوون کە بەخەیاڵیکردنی ئەگەرەکان و بەناموکردنی ناسراوەکانیان رەدەکردەوە. بەڵام ئەمە بەشێکی وێنەکەیە، چونکە رۆمانی سەدەی هەژدە تەنیا لەسەر ژیانی رۆژانە و شتە ناسراوەکان نەدەدوا، بەڵکو هەر بەو رادەیەیش  خۆی بە خەیاڵەوە گرێدەدا، بڕوانە 'سەفەرەکانی گالیوێر' (١٧٢٦)، یاخود 'تریسترام شاندی' (١٧٥٩ ـ ٦٧).

ئەگەر وشەی ئینگلیزیی نۆڤێل هەم نوێیە و هەم ئاماژەیە بە نوێ، ئەوا ناوی رۆمان لە ئۆرووپادا زووتر کەڵکی لێ وەرگیراوە.ئەم وشەیە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا سەریهەڵدا (لە فەڕەنسیی کۆنەوە، رومانز  romanz) وەک ناوێک لەسەر ئەو دەقانەی لە جیاتی زمانی لاتین کە تایبەت بە نوخبە بوو، بە زمانی خەڵک دەنووسران. لە سەدەی هەفدە کە دەورانێکی گرینگە بۆ رۆمانی باروک، یەکەمین نموونەکانی 'تیۆری رۆمان' دەبینین. ئۆسقوف 'پیەرە دانیەل' ئەم یەکەم نموونەی نووسیوە و وەک کەسی یەکەمی سەرەتای ئەم بوارە چاوی لێدەکرێ. بابەتەکەی دانیەڵ سەرەتا وەک پێشەکیی رۆمانێکی ئاشقانەی فەڕەنسی بە ناوی  Zaïde (١٦٧٠) لە نووسینی 'مادام دی لا فایتێس' دەرکەوت. ئەم رۆمانە ئیستاکە زۆر ناخوێندرێتەوە، بەڵام رۆمانێکی تری ئەم نووسەرە بەناوی 'پرینسێس کلوز' (١٦٧٨) وەک یەکێک لە گرینگترین پێشرەوانی رۆمانی مودێڕن چاوی لێدەکرێ و بەردەوام دەخوێندرێتەوە. رووداوی ناو ئەم رۆمانە لە دەرباری 'هێنریکی دووهەم' لە 'لوور' لە سەدەی شانزدەدا روودەدات کە دیارە سەد ساڵی دوواتر نووسراوە. وەها کە نووسەر بە شێوەی ناڕاستەوخۆ قسە لەسەر لودویکی چواردەهەم دەکا.١٣ رۆمانەکە باس لە دوو تایبەتمەندیی گرینگی ئەم ژانرە دەکا: یەکەم ئەوەیکە رۆمانێکی مێژووییەو، دووهەم ئەوەیکە رۆمانێکی ئاشقانەیە. ژنێکی گەنجی جوان لەگەڵ پیاوێک زەماوەند دەکا کە زۆری خۆشدەوێت، بە بی ئەوەی ژنەکە بزانێ حەزلێکردن چییە، بەڵام ژنەکە دوواتر ئاشقی پیاوێکی جوانی تر بە ناوی 'مورسیور دی نێمروز' دەبێ. پیاوەکەیش هەروەها بەتوندی ئاشقی ژنەکە دەبێ. ئەو پیاوەی سەرەتا هوەسباز بووە و کەچی خۆشەویستی دەدۆزێتەوە و دەگۆڕدرێ، پیاوێکی ئازا، وەفادار و جوان،... دوواتر نامە و ژووان و مەرگی کتوپڕ؛... بەڵێ، داستانێکی کلیشەیی؛ بەڵام ئەوەی ئەم بەرهەمە دەکا بە رۆمانێکی جێی سەرنج، نە ژیانی ناو دەربارە و نە گوناهباربوونی ئەشقە خۆی لە خۆیدا، نا، بەڵکو ئەو تێڕوانینە سایکۆلۆژیانەیە پرینسێس لە مەودای ژیانێکی کورتدا پێیدەگا. ئەوە هەستی تاوان نیە بەرامبەر بە پیاوەکەی کە دووای مردنی بەر بە شووکردنی بە خۆشەویستەکەی دەگرێ، بەڵکو تێگەیشتنی ئەو لەوەیە کە حەزی زۆر و هاوسەربوون پێکەوە ناتەبان. ئەو دەڵێ ئەو دەزانێ خۆشەویستەکەی دەتوانێ سەرلەنوێ ئەو بۆ ژیانی رۆژانە بگێڕێتەوە، ئەو دەزانی ئەشق درەنگ یان زوو دەمرێ و پیاوەکە روو لە ژنانی تر دەکا. پرینسێس دەڵێ ئەوە لەمپەرەکانن لای پیاوان خۆشەویستی دەهێڵنەوە. وە بەمە ئاماژە بە خاڵێک دەکا کە تێمی گەلێک رۆمانن. دووسەد ساڵ پێش ئاننا کارەنینا، پرینسێس کلوز باس لە رێگا دژوارەکانی حەز دەکا و ئاماژە بەو هێزە سایکۆلۆژی و ئانترۆپۆلۆژییە دەکا کاتێک خۆشەویستی و خەیاڵ لە رۆمانێکدا پێکدەگەن، چلۆن خۆی دەردەخا.

درێژەی هەیە...

Bilderesultat for ‫عشق‬‎

گەڕان بۆ بابەت