ما 7563 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ژیان گرینگتر لە موڕاڵ

یاسا موڕالییەکان یەکێک لە کۆنترین یاساکانی مرۆڤن. دزی مەکە، درۆ مەکە، مەکوژە و... ئەو یاسایانەن وا بۆ وێنە لە یەکێک لە ئایینە هەرە کۆنەکانی مرۆڤ وەک ئایینی جولەکەدا هاتوون، بەڵام سەیر ئەوەیە هەتا هەنووکە مرۆڤ دزی دەکا، درۆ دەکا، دەکوژێ و هتد.

راستییەکەی ئەوەیە ئەخلاق لە باشترین حاڵەتدا تەنیا توانیوویەتی بەر بە تەشەنەسەندی زیاتری کردە ناموڕاڵییەکان بگرێ، ئەگینا قەت نەیتوانیوە بۆ هەمیشە کۆمەڵگایەکی ئەخلاقی دەستەبەربکا.

بۆ؟ دەبێ بڵێین رەنگە لەبەر ئەوەی کێشە و دیاردەی گرینگتر لە ئەخلاق لە کۆمەڵگادا هەن. بۆ وێنە هەژاری و برسیەتی.

لە کۆمەڵگای ناعادڵانەدا دزی دەبێ بە شێوازێک بۆ سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی سەروەت و سامانی بەرهەمهاتوو لە کۆمەڵگادا. ئەگەر کۆمەڵگا و سیستمی دەسەڵات ئامادەی ئەم کارە نەبێ، ئەوا خەڵکی بۆ خۆیان دەستبەکاردەبن و لە رێگای بۆ وێنە دزییەوە ئەم عەداڵەتە ئیجرادەکەن!

دەتوانین بڵێین هەژاری ناتوانێ پاساوی دزی بداتەوە، بەڵام قسە لەسەرئەوەیە وەها گوتەیەک ناتوانێ بەر بە دزی بگرێ. لە وەها حاڵەتێکدا بەردەوامیی ژیان گرینگتر دەبێ لە یاسایەکی ئەخلاقی.

کەواتە بۆ جێبەجێکردنی یاسا موڕاڵییەکان سیستمێکی بەڕێوەبەری وەها پێویستە کە بتوانێ بە دابینکردنی نیازەکان، لەبارترین دەرفەت بۆ ئەخلاق بگونجێنێ.

سایتی قەڵەم

٣ی سێپتامبری ٢٠١٩

Bilderesultat for ‫اخلاق فلسفی‬‎

گەڕان بۆ بابەت