ما 7062 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

رابردوو بابەتی گەلێک رۆمانە. ئەو زەمەنەی دەڕوات، بریتییە لەو مەتریاڵەی رۆمانەکەی پێ چێدەکرێ. هەندێک نووسەری وەک 'پرۆست'، 'وۆڵف' یاخود 'توماس مان' خودی زەمەن و ئەو زەمەنەیشی وا دەڕوات دەکەن بە بابەت. 'فانووس'ی (١٩٢٧) 'ڤیرجینیا وۆڵف' خاوەن زەمەنی خۆیەتی کە تێیدا خانووە هاوینییەکە دەبێتە گوتەبێژی زەمەن و دەبێتە شاهیدی گۆڕانە ئازاراوییەکان لەو ساڵانەیدا وا تێپەڕیون و دووامرۆڤەکانی تێیدا ژیابوون.

 

بێگانەیی و لەیەکجودابوونەوە ـ  بە گوێرەی لوکاچ "ئاوارەیی ترانسندێنتاڵی" ـ بەکورتی زیاتر لەوەی کەموکوڕیی لە فۆرمدا بێت بریتییە لە فاکتەری دنەدەر و بنەمای یاسایی رۆمان. تاسەی دۆزینەوەی ئەو گشتییەتەی نەماوە (لەبەرامبەر هەنووکەی دابڕدابڕ) ئەو مەیلانەیە ئێمە لە رۆماندا دەیبینینەوە، جا چ ئەمە ئاراستەکەی بەرەو رابردوویەکی بەتاککراو بێت یاخود بە کۆکراو. ئەمە لە راستیدا دیاردەیەکی شازە و نەک یاسایەک کە رابردووی لەکیسچوو وەک بەهەشتێکی بێ وێنە دەبینێتەوە، رابردوویەک کە هاوکات ناکامڵ و ئازاراوییە. کاتێک 'مارسل پرۆست' بیر لەسەردەمی منداڵیی خۆی لە 'کۆمبرەی' لە رۆمانی 'لەشوێن زەمەنی لەدەستچوودا" (١٩٢٧ ـ ١٩١٣) دەکاتەوە، بیر لە بەهەشتێکی لەدەستچوو دەکاتەوە کە هاوکات تێکەڵیشە بە دڵەڕاوکێ و نیگەرانی. وشە بەناوبانگەکانی مارسل پرۆست کاتێک لەسەرەتای رۆمانەکەدا دەلێ "ماوەیەکی زۆر بوو من خێرا دەچوومە ناو جێگاکەمەوە... " ئاماژە بەو شەوانە دەکا مارسل چاوەڕوانی دایکیەتی بۆ ئەوەی بێت و ماچی بکا و شەوخۆشی پێ بڵێ، کە زۆر یەک لەم شەوانە دەبنە شەوانی نابەختەوەری چونکە دایکی نایەت.٢٣ زەمەنی لەدەستچوو لە هەنووکەدا دەژیێتەوە، بەڵام نەک وەک جیهانێکی داخراو و یەکدەست، بەڵکو بەپێچەوانەوە.

رابردوو بابەتی گەلێک رۆمانە. ئەو زەمەنەی دەڕوات، بریتییە لەو مەتریاڵەی رۆمانەکەی پێ چێدەکرێ. هەندێک نووسەری وەک 'پرۆست'، 'وۆڵف' یاخود 'توماس مان' خودی زەمەن و ئەو زەمەنەیشی وا دەڕوات دەکەن بە بابەت. 'فانووس'ی (١٩٢٧) 'ڤیرجینیا وۆڵف' خاوەن زەمەنی خۆیەتی کە تێیدا خانووە هاوینییەکە دەبێتە گوتەبێژی زەمەن و دەبێتە شاهیدی گۆڕانە ئازاراوییەکان لەو ساڵانەیدا وا تێپەڕیون و دووامرۆڤەکانی تێیدا ژیابوون. ئەم نووسەرە یەکەمین کەس نیە زەمەن و لەناوچوون بە خانوویەکەوە دەبەستێتەوە. کاتێک توماس مان دەیەوێ مێژووی گەورەی بنەماڵەی 'بودێنبروکس'مان بۆ بگێڕێتەوە (١٩٠١) هەروەها بەسەرهاتی "بێ خانەولانەیی"، هەمان کار لەسەر خانووی بودێنبروکس دەکا کە 'ئەلکساندر شێلاند' لەگەڵ 'گارمان و وۆرس'ی دەکا.

کات و شوێن، ژیان و مانا، ماڵەوە و بێ خانەولانەیی هەمووی ئەمانە بەشێک لە جیهانی رۆمانن، ئەگەرچی ئاسۆی مێژوویی ئەمڕۆکە لەچاو ئەو سەردەمەی لوکاچ کتێبەکەی خۆی تیا نووسی جیاوازە. ژیان و مانا زۆرجار وەک دووانەیەکی پڕکێشە لە رۆمانی نوێدا پیشاندەدرێن و لوکاچ بە ئەندازەی پێویست لەم بوارەدا خاوەن حەقە. جگە لەمە لایەنێکی تری رۆمان کە ئەمڕۆکە جێگای لێ بەرتەسک کراوەتەوە، کۆمێدیایە. با وا تێنەگەین رۆمان بەرهەمێکی خەندەهێنەرە، بەڵام ئەو لایەنە بنەڕەتییە ناکامڵەی زۆر رۆمان لە ئاستی جیهانیدا دەخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە دەتوانێ کۆمێدیا بێت تا رووداوە تراژێدیاکان. رۆمان تیشک دەخاتەسەر ناکامڵبوونی ژیان، جیهانی رۆمان بریتییە لە سازش، هەڵە و نادڵنیایی، جیهانێک کە زیاتر دژەقارەمانە تا قارەمانگەرا. وەک چۆن 'هێنری جەیمز' لە پیشەکییWhat Maisie Knew (١٨٩٧)،وەسفی دەکا هیچ تێمایەک بەقەدەر ئەو تێمایانە باس لە مرۆڤ ناکەن کە لە بێسەرەوبەریی ژیانەوە دەهێنرێن و باس لە پێوەندی توندوتۆڵی نێوان غەم و دەرد، بەختەوەری و چارەڕەشی دەکەن. ٢٤

رەنگە بتوانین بڵێین رۆمان لەوەدا خۆی جودادەکاتەوە کە زۆربەکەڵکی کۆمێدیا نایەت. پرسی رۆمان وەک فۆرمێک بۆ کۆمێدیا بەهۆی رۆمانی Finklerspørsmålet (٢٠١٠) 'هاوارد جاکۆبسۆن'ەوە کە خەڵاتی وەرگرت هاتەگۆڕێ. رۆمانی جاکۆبسۆن نموونەیەکە بۆ ئەوەی پیشانی بدات چلۆن بابەتە جیددییەکانی وەک دژە جوولەکەبوون لەگرینگی یاخود لە مانای سیاسییان کەم نابێتەوە کاتێک لە شێوازی ساتیردا باسی لێدەکرێ. 'ژولیان' کەسی سەرەکیی رۆمانەکە بەهۆی هاوڕێ یەهوودییەکەیەوە کە ناوی 'فینکلێر'ە دەبێ بە جوولەکە، بۆیە هەر شتێک کە پێوەندی بە شوناسی جوولەکەوە هەیە بە فینکلێرەوە ناوی دەبا: خواردنی فینکلێر، قسەخۆشەکانی فینکلیر و هتد. ژولیان ئاشقی یەهوودیەت دەبێ، بەڵام دووبارەپیناسەکردنەوەکانی ئەو لەژێر ناوی فینکلێر هەموو ئەو جوداکردنەوانە لەسەر جوولەکە بەپێچەوانەی ئەشقی ئەو دەخاتە مەترسییەوە. ئەمە بەجوانی بەرجەستە دەبێتەوە کاتێک تایتڵی "پرسی فینکلێر" جێی پرسی جوولەکە" دەگرێتەوە. لێرەدا بەکەڵک وەرگرتن لە تکنیکی کۆمێدیا لە وەسفی کەسەکان و دیالۆگەکان کتێبەکە دەبێتە ئامرازێکی شیاو لەدژی فاناتیسمی ئایدیۆلۆژیکی.

ئەدەبی بریتانی خاوەن نەریتێکی درێژە سەبارەت بە کۆمێدیا. ئەدەبی بێمانا، رۆمانی کۆمێدی و کۆمێدیای رەفتار، هەندێ ناوی ترن کە لەم ساڵانەی دوواییدا کەمتر سەرنجیان دراوەتێ. لە پێوەندی لەگەڵ وەرگێڕانی کتێبەکەیدا بۆ سەر زمانی نۆروێژی، جاکۆبسۆن لە رۆژنامەی 'مۆڕنبلادە' (11–17. november 2011) لە لایەن 'بیارنە ریسێر گوندەێشن'ەوە  چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ سازکراوە و پرسیاری ئەوەی لێکراوە بۆچی کۆمێدیا ئەوەندە بۆی گرینگە. ئەم نووسەرە بە ئاماژەدان بە ژانری رۆمان دەڵێ: "یەکەم لەبەر ئەوەی ئەمە سەرچاوەی راستەقینە و نەریتی سەرەتای رۆمانە. ژانری رۆمان بەهۆی کۆمیدیاگەرەکانی وەک 'رابێلیاز' و 'سێرڤانتس'ەوە لەدایکبووە. گەر سەیری مێژووبکەین ئەمەیە ئەو رۆمانەی ئێمە بۆ باسکردنی ژیان، پووچی و دیاردە راگوزاری و شێواوەکانی رووی تێدەکەین،... دووهەم ئەوەیکە کۆمێدیا ئامرازێکی یەکجار باشە بۆ دەربڕینی راستی. ساتیر، ئیرونی و تانە ئەو دەرفەتە بە ئێمە دەدەن لە یەکجاردا زۆر شت بڵێین، ئەمانە ئەو ئیزنەمان دەدەنێ بەرەوڕووی دۆگماتیزم و دیاردە یەکجار جیددییەکان ببینەوە. هەروەها ئامرازێکی یەکجار شیاوە لەدژی ئایدیۆلۆژیا کە بەدرێژایی ساڵان ژیانی ئێمەی کوشتووە." پاشان سەبارەت بە کۆمێدیای رەفتار دەڵێ: "من 'ژان ئۆستین'ی جوولەکەم."

درێژەی هەیە...

Bilderesultat for marcel proust

گەڕان بۆ بابەت