ما 5734 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

دوو جەمسەری گێڕانەوە

وەک دەگوترێ گێڕانەوە کۆنترین فۆڕمی دەربڕینە. مرۆڤ دەگێڕێتەوە بە دوو هۆکار: بۆ دەربڕینی تێگەیشتنی تایبەتی خۆی لە جیهان و بۆ شیکردنەوەی خۆی، بەڵام دەتوانین هۆکارێکی تریشی پێ زیادکەین: بۆ دروستکردنی پردێک لە نێوان دەرەوە و خۆی.

لە حاڵەتی سێهەمدا هەر دوو فاکتەرەکەی تر هەن، بەڵام لە شێوازێکی نوێدا و لە بوونێکی هاوبەشدا. بۆیە ئیتر ئەو دوو فاکتەرە لە راستیدا وەک خۆیان نامێنن و بەهۆی پێوەندییانەوە دەکەونە حاڵەتێکی ترەوە.

دەتوانین بڵێین لە راستیدا گێڕانەوە لەسەر ئەم فاکتەرە سێهەمە راوەستاوە. تێگەیشتن لە جیهان بە بێ شیکردنەوی خۆ و شیکردنەوەی خۆ بە بێ تێگەیشتن لە دونیا مەحاڵە. لەم پێوەندییە دوولایەنە ئاڵۆزەدایە دەقی گێڕانەوە شکڵ دەگرێ.

بۆیە ئەم پرسیارە دێتەگۆڕێ داخۆ لە گێڕانەوەدا بە بێ دونیا مرۆڤ دەتوانێ هەبێ، یاخود بە بێ مرۆڤ دونیا؟ بێگومان نا. ئەم دوو جەمسەرە وەها پێکەوە گرێدەدرێن کە بنەڕەتیترین بنەمای بوونی دەق پێکدێنن.

بۆیە ئەوەی دەیەوێ بگێڕێتەوە دەبێ ئاگای لەم دوو فاکتەرە بێت. گێڕانەوە لە راستیدا بوونێکی گشتییە، نەک بەتاککراو و دابڕاو. بەڵام لە هەمان کاتیشدا ئاماژەیەکی ئاشکرایە بە تاک. تاکێک کە لە رێگای تاکایەتی خۆیەوە هەڵگری گشتیەتیشە.

سایتی قەڵەم

17.09.2017

Bilderesultat for ‫روایت‬‎

گەڕان بۆ بابەت