ما 3539 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

بەڵام داخۆ ئەمە بەو مانایەیە ئەو رۆمانانەی خاوەن کەسایەتی ریالیستی و باوەڕپێکراو نین، یاخود دادەبڕێن لە وەسفە دەروونناسییەکانی کەسەکەوە، دەکەونە دەرەوەی سنووری رۆمانەوە؟ بێگومان نا. بەپێچەوانەوە ئێمە ناتوانین بە بێ کەسایەتی وێنای رۆمان بکەین، جا چەندە ئەم کەسایەتییە لە مرۆڤەکانی دەورووبەرمان دوور بن و بە شێوازێکی تر وەسف کرابێتن.

 

مرۆڤ لەکردەدا

 

ڤیرجینیا وۆڵف کە بەوە تاوانبارکراوە ناتوانێ کەسایەتییەکانی خۆی وەسف بکا، دەڵێ: "پێم وابێ هەموو رۆمانەکان بە پێرێژنێک لە گۆشەوکەنارەکاندا دەست پێدەکەن. هەروەها لام وایە هەموو رۆمانەکان باس لە کەسەکان دەکەن، رۆمانەکان بۆ وەسفی کەسەکانن نەک دانی وانەی ئەخلاق، گۆرانی وتن یاخود جەژن گرتنی سەرکەوتنەکانی ئیمپراتوری بریتانی، رۆمان وەک فۆڕم زۆر دەوڵەمەند، زۆر بەربڵاو و زۆر زیندووە و بەردەوام گەشەی کردووە."٣١ لەڕاستیدا قسەی ئەم نووسەرە ئەوەیە مرۆڤ زیاترە لە کۆی وەسفە دەرەکییەکانی خۆی، مرۆڤ خاوەن دەروونێکی پڕجووڵە و پێش بینی نەکراویشە و ئەرکی رۆماننووسانە باسی بکەن.

رۆمان بێگومان یەکەم فۆڕمی هونەری نیە دەتوانێ سەرنجی خوێنەران بەرەو چارەنووسی مرۆڤەکان رابکێشێ، بەڵام رۆمان ئەو فۆڕمە ئەدەبییەیە وا خاوەن بەریناییەکی زۆرە بۆ وەسف و ئەنالیزەکردنی کەسەکان. لە کارکردن لەسەر مرۆڤەکان و پێوەندیی نێوانیانە رۆمان خۆی دادەڕێژێ. 'جەیمز وود' رەخنەگر و نووسەری بریتانی دەنووسێ "هیچ شتێک لە خوڵقاندنی مرۆڤە خەیاڵییەکان دژوارتر نیە." بۆچوونێکی تەوا راست.٣٢ سەرەڕای ئەوەی زۆرجار دەبیستین ئەو کەسانەی رۆمان دەیانخوڵقێنێ، درووستکراون ـ واتە کۆیەکن لە وشە ـ وادەنوێنی رۆمانێکی چاک هەموو جارێک ئێمە بیری لاوازیی ئەم بۆچوونە دەخاتەوە، چونکە ئەم جۆرە رۆمانە بیری ئێمە، تێگەیشتن و هەستەکانمان  دەجووڵێنێ. جا رەنگە لەبەر ئەمەیە بەدەگمەن شت پەیدا دەبێ بەقەدەر ئەو قسانەی وا یەکێک لە کەسایەتییەکانی ناو رۆمانەکە بە زمانیدا دێ تووڕەمان دەکا، کاتێک دەڵێ "گەر ئەمە لە رۆماندا بووایە، ئەوجا..."، یاخود "گەر من کەسێکی ناو رۆمان بوومایە، ئەوکات..."

وەک لە پاژی یەکەمدا بینیمان، رۆمان هاوکات لەگەڵ سەرنجی مرۆڤ بۆ سەر تاک بە شێوەی جیددی لە ژیانی رۆژانەدا گەشەی کرد و خۆی خەمڵاند. بۆیە بێهۆ نیە فۆڕمی رۆمان گڕیدەدرێتەوە بە تاکی بۆرژوای مودێڕنەوە. رۆمان مرۆڤەکان لە کردەدا دەدۆزێتەوە، ئەنالیزەیان دەکا و لێیان دەکۆڵێتەوە. بەڵام داخۆ ئەمە بەو مانایەیە ئەو رۆمانانەی خاوەن کەسایەتی ریالیستی و باوەڕپێکراو نین، یاخود دادەبڕێن لە وەسفە دەروونناسییەکانی کەسەکەوە، دەکەونە دەرەوەی سنووری رۆمانەوە؟ بێگومان نا. بەپێچەوانەوە ئێمە ناتوانین بە بێ کەسایەتی وێنای رۆمان بکەین، جا چەندە ئەم کەسایەتییە لە مرۆڤەکانی دەورووبەرمان دوور بن و بە شێوازێکی تر وەسف کرابێتن، بۆ نموونە وەک چۆن لە رۆمانی 'تۆ ئاژەڵی، ڤیسکۆڤیچ' (١٩٩٨) لە نووسینی نووسەری ئیتالیایی 'ئالێساندرۆ بوفا'دا مرۆڤەکان لە شکڵ و شێوازی ئاژەڵدا هاتوون. رۆمان ئەو شوێنەیە ژیانی مرۆڤ تێیدا خۆی دەنوێنێ، تەنانەت کاتێک لەت لەتیش کەسایەتی مرۆڤەکانمان پیشکەش دەکا، یان تەنیا بەشێک لە هەستەکان، یاخود بەپێچەوانەوە کەسەکان بە بێ قووڵاییەکی تایبەتی "تاکەکەسی"یان.

میلان کۆندرا دەڵێ "تەنیا هۆکاری هەبوونی رۆمان، گوتنی ئەو شتەیە وا تەنیا رۆمان دەتوانێ بیڵێ."٣٣ دیارە دژوارە بڵێین ئەم شتە چییە و، پێم وابێ دژوارتریش دەبێ کاتێک باس لەسەر ئەوەیە فۆڕمی رۆمان  زانیارییەک دەبەخشێ کە جیاوازە لە فۆڕمەکانی تر، یاخود ناتوانێ لە فۆڕم یان ژانرەکانی تردا باسی لێبکرێ. وەک کۆندرا باسی لێدەکا "رۆحی رۆمان" فیگۆرێکی رۆح ئاسایە زیاتر بەکەڵکی تاریککردن دێ تا روونکردنەوە. بەڵام سەرەرای ئەمە من سیمپاتیم هەیە بۆ ئەم قسەیە، خۆمی لێ بەنزیک دەزانم و لام وایە حەقیقەتێکی تێدایە. وەک هەموو ئاشقانی رۆمان کاتێک رۆمانێکی چاک دەخوێنمەوە، جا ئەو رۆمانە 'فانووس' بێت، 'یوجنی گراند'، 'ئۆستێرلیتز، 'دۆن کیشۆت' یاخود 'میدەلمارچ'، دان بەوەدا دەنێم ئەوەی دەیخوێنمەوە نەدەتوانرا بە شێوازی تر بگوترێ و گەر ئەم کارەیش بکرایە ئەوا دەبوو بە شتێکی تر، دیارە بە باری خراپتردا. جا بۆیە من بەردەوامم لە خۆێندنەوەی رۆمان. دیارە دەتوانین ئەمە لەسەر وتارێکی باشیش بڵێین، یاخود شیعر و نامەیش، بەڵام تایبەتمەندییەکی رۆمان، کە خاوەن هێزێکی ئانترۆپۆلۆژیانەیە، توانایەتی بۆ وەسفی مرۆڤەکان. بێگومان رۆمانێکی چاک بەناچار لەچاو دراما یان شیعر تێڕوانینێکی باشتر یان قووڵتر لە مرۆڤ پیشکەش ناکا، بەڵام هەنگاوی گەورەی رۆمان ئەوەیە دەرفەتی تێکەڵکردنی رەوایەت و قسەی راستەوخۆی هەیە؛ هەروەها بیر و راپۆرت بە مەودای زەمەنێکی درێژی سرنجڕاکێش، بۆیە دەتوانێ گەلێک روانگە لەناو رووداوەکاندا پێکەوە ببەستێتەوە.

 با نموونەیەک لە رۆمانی 'میدەلمارچ'ی (١٨٧٢ـ ١٨٧١) 'جۆرج ئیلیۆت' بێنمەوە. زۆر دیمەن لەم رۆمانە بەرزەدا هەن کە بەجوانی توانای رۆمان بۆ وەسفی مرۆڤ نیشاندەدەن، بەشێک لە هەرە دیمەنە بەهێزەکانی ئەم رۆمانە باس لە ژیانی هاوبەشی پڕ لە ناخۆشیی نێوان 'دۆروتە'ی گەنج و حەزبەژیان لە لایەک و 'کۆزابۆن'ی زانا و بێ رۆح لەلایەکی ترەوە دەکا. لەدووای ئەوەی ئیلیۆت کەسایەتی کۆزابۆن دەکوژێ ـ لەخۆڕازیبوونەکەی، سیستمی ئارشیوەکەی بەو نۆتانەوە ناگەنە هیچ شوێنێک، کلیلی چوونە ژوورەوەی ناو میتۆلۆژیا، هەروەها دەسەڵاتی رووخێنەرانەی بەسەر دۆروتەدا ـ بەڵام لە هەوڵێکی تردا گشتیەتی وێنەکە دەگۆڕێ و ئەمە بیری خوێنەر و دۆروتە دەخاتەوە کە کۆزابۆنیش  مرۆڤێکە و شیاوی رەحم و هاودڵی. لەدووای باسکردن لە بیرەکانی دۆروتە لە سەفەری زەماوەندەکەیدا، بەرەبەرە ئەوەمان پیشاندەدا دۆروتە دەگاتە ئەو ئەنجامەی خەونەکانی نایەنە دی، ئەم نووسەرە بەم شێوەیە٢٩ باسی ئەمە دەکا:

"دووانیوەڕۆیەک لەدووای ئەوەی هاتنەوە بۆ ماڵەوەی خۆیان لە 'لۆویک'، دۆروتە دانیشت... بەڵام بۆچی هەمیشە دۆروتە؟ داخۆ تێگەیشتنی ئەو لەم هاوسەریەتییە تەنیا تێگەیشتنی مومکین بوو؟ من لەدژی هەموو حەزەکانمان بووم، هەموو هەوڵەکانمان بۆ تێگەیشتن، خۆقوربانی کردنمان لەپێناوی منداڵەکان کە هەمیشە سەرەڕای کێشەکانی ژیانمان ساخ و سەلامەت دەیاننواند. ئەوانیش دەبا بکەونە ناو کێشە و خەمەکانەوە و قووڵتر بیانناسن، ئەو کێشەو خەمانەی ئێمە هەوڵماندەدا نەیانبینین. رۆحی کۆزابۆنیش لەئێمە کەمتر زیندوو و دەردەدار نەبوو، ئەویش سەرەڕای ئەوەی چاوی دەپەڕی و روخسارێکی خاڵ خاڵاوی هەبوو کەمتر لە ئێمە بەشوێن دەروونێکی پڕ رۆحەوە نەبوو، ئەوێک کە... "٣٤

ئەوەی لێرەدا جۆرج ئیلیۆت بیری ئێمە دەخاتەوە ئەوەیە کە هەموو مرۆڤەکانی خاوەن دەروونێکن و ئەم دەروونە شیاوی گوێی لێبگرتنە؛ کۆزابۆنیش خاوەن خەم و نهێنییەکانی خۆیەتی، ئەو خەم و نهێنییانەی وا ئەویش وەک دۆروتە شیاوی ئەوەدەکا یارمەتی بدرێ. سەرەڕای ئەوەی ئەم پیاوە چەندە نالۆژیکی و داماو دەنوێنێ، بەڵام پێویستی بە دلسۆزی و بەدەمەوە چوونی ئێمە هەیە.

 

جۆرج ئیلیوت رۆمانەکانی خۆی ناونا تاقیکارییەکانی ناو ژیان و، رۆمانی 'میدلمارچ' تواناکانی رۆمان نیشاندەدا بۆ نواندنەوە و گفتوگۆکردن لەسەر پرسە دژوارە ئەخلاقییەکان لەکاتی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ هەست و ئەزموونە مرۆییەکاندا. هەموو کەسایەتییەکانی ناو ئەم رۆمانە لەشوێنێکدا مەجبوردەکرێن بۆ تێگەیشتن لەوەی کردەکانیان ناکامڵن و کاریان کردووەتەوە سەر کەسانێکی تر وا ئەوان بە بیریشاندا نەهاتووە. مرۆڤەکان بۆ ئیلیوت دووڕگە تەنیاکان نین، بەڵکو بەوانی ترەوە گرێدراون. لای ئەم نووسەرە هەوێنی مرۆڤبوون لەودایە لەو توانایە بەهرەمەندبێ خۆی بخاتە جێی کەسانی ترەوە.

لای فیلسووفی سەدەی هەژدە 'ئادام سمیت' کە کتێبی 'تیۆری هەستە ئەخلاقییەکان'ی (١٧٥٩) نووسی، تا رادەیەک لەوسەردەمەدا وا رۆمانی ئینگلیزی سەریهەڵدا، بیری دڵسۆزی بەستراوبووەوە بە توانای خۆخستنە جێی ئەوی تر. ئادام سمیت ئەمە ناو دەنێ سیمپاتی.٣٥ 'یان مەکئیوان'رۆماننووسی بریتانی وشەی ئیمپاتی لەسەر هەمان شت بەکاردەبا. ئەم نووسەرە لە وتارێکدا لە رۆژنامەی 'گاردیان' لە دووای یازدە سێپتەمبەر دەنووسێ ئەگەر تیرۆریستەکان توانای ئەوەیان هەبا وەک موسافیرەکان بیریان بکردایەتەوە و هەستیان بکردایە، نەیاندەتوانی لە کارەکەیان بەردەوام بن.٣٦ شتێکی لەم بابەتەیش لەدووای هێرشی تیرۆریستی لە نۆروێژ لە ٢٢ یولی ٢٠١١ گوترا.

رۆمان وێنای ژیانی خەڵکانی تر دەکا و لێیان دەکۆڵێتەوە، هەروەها ژیانی ئەو مرۆڤانەی وا لە خۆیشمان دوورن. بەم شێوەیە رۆمان دەبێ بە سەرچاوەی زانیاری، تێگەیشتن و دڵسۆزی. رۆمان دەتوانێ بەیادهێنەرەوەی مانای  'شوێن' و هەروەها فۆرمێک بێت بۆ لێکۆڵینەوەی ئەوەی ئیمپاتی چییە یاخود چی دەتوانێ ببێ، هەروەها دەتوانێ ئاکامە کارەساتبارەکانی نەبوونی ئیماپتیمان نیشان بدات. ئەمە بەو مانایە نیە رۆمان دەتوانێ فێرمان بکا مرۆڤی باشتر بین. بە پێچەوانەوە، رۆمان فێرمان دەکا یاخود بیرمان دەخاتەوە مرۆڤبوون ئەرکێکی دژوارە. لە پێش هەر شتێکدا دەبێ بڵێین ئەوە مرۆڤە باشەکان نین مەتریاڵی رۆمانن. جیهانی رۆمان وەک باسم لێکرد دونیای کەمایەسییەکانە؛ مرۆڤەکانی جیهانی رۆمان زۆربەی کات کەسانی گێژ، گەمژە و پڕ لە هەڵەن. رۆمان شتەکان ئاڵۆزتر دەکا تا ئەوەی سادەیان بکاتەوە، لەبەر ئەوەی ئاماژە بە گەلێک دەرفەتی دژبەیەک دەکا، ئەو دەرفەتانەی لەگەڵ یەک نایەنەوە. بۆیە دەرگا دەکاتەوە بە رووی هەڵە و هەڵبژاردنە کوشندەکاندا. بەهەرحاڵ، رەنگە لەبەر ئەمەیە رۆمان خاوەن توانای خۆیەتی بۆ راکێشانی سەرنجی خوێنەر سەبارەت بە چارەنووسی مرۆڤەکان.

دەرێژەی هەیە...

Bilderesultat for milan kundera

گەڕان بۆ بابەت