ما 5234 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

زیاد رەشاد قادر

دەبێ لەمەودوا واز لەم تەبیعەتە وشکەم بێنم

چى تێدەچێ ئەگەر

لە بزەکردن بۆ چقڵیش کەمتەرخەم نەبم

تەنانەت لە نزاى خێر بۆ هاتنە سەر ڕێى هیدایەتى گورگیش

ڕەزیلى نەکەم

 

هەقە ئیدى بزانم

 

زیاد ڕەشاد قادر

 

من کە بەیانییەک لە خەو هەڵدەستم و

بزەى شەرمنى شاگوڵ نابینم

ئەوسا تێدەگەم

چ خەمگینە باخى ژیان بێ ئاوازى گوڵ

من کە هێوارەیەکى نارنجى

بە بێ حزوورى شیعر بەسەرمدا تێدەپەڕێ

هەنگینێ دەزانم

چ کارەساتێکە غیابى خەیاڵ لەم ڕۆژگارەدا

من بوونەوەرێکى سەیرم سەیر

تا مانگ چارشێو نەخاتە سەر ڕووخسارى

لە سیحرى درەوشانەوە حاڵى نابم

تا ئەو کاتەى

پەلکەزێڕینە لەسەر شنگ و تاقەتى خۆیەتى

ناچم سیڵفییەکى لەگەڵ بگرم

واى لە من

پێش وشکبوونەوەى لەعلى ئاونگ

بەدیار پیربوونى گوڵە جۆیەکەوە

ناچم پێى بڵیم سوبحت بەخێر بووکى بەهار

من لەمەودوا دەبێ بە جۆرێکى تر بڕوانم

دەبێ بە چەشنێکى دیکە جوانى ڕاڤە بکەم

گەرەکە ناوە ناوە بە تەیرولحوب بڵێم

ڕەحمەت لەوەى ئەم گۆرانییە خۆشەى فێر کردى

پێویستە لەمەودوا جارجار

بچرپێنمە گوێى دار قەزوان

چییە ئەوڕۆ لە هەموو ڕۆژێک جوانترى

دەبێ زوو زوو بەهانەیەک بدۆزمەوە و

بە پەنگوینە ڕەنگپەڕیوەکەى باخچەى ئاژەڵان بڵێم

ئۆه ئەوڕۆ ڕەنگت زۆر خۆشترە لە دوێنێ

دەبێ لەمەودوا واز لەم تەبیعەتە وشکەم بێنم

چى تێدەچێ ئەگەر

لە بزەکردن بۆ چقڵیش کەمتەرخەم نەبم

تەنانەت لە نزاى خێر بۆ هاتنە سەر ڕێى هیدایەتى گورگیش

ڕەزیلى نەکەم

هەقە ئیدى ئەزموونى ژیان ئەوەندەى فێرکردبم

تا دڵى ڕەنجاوى گەڵایەک چاک نەکەمەوە

چاوم نەچێتە خەو

هەقە ئیدى فێر ببم

لەباتى تاکێ نەعل

بە دوو قسەى خۆش

سیسرکە لە ماڵەکەم بکەمە دەرەوە

هەقە ئیدى ئەگەر هاوڕێکەم

قسەیەکى تاڵیشى پێ گوتم

ئەوەندە ئازایەتیم تێدا هەبێ بڵێم

کە خۆت ئەوەندە شیرینى

قسەیەکى تاڵیش پێویستە بۆ هاوسەنگى ژیان

هەقە ئیدى بزانم

ئەم دونیایە کە پێنج و دوو ڕۆژێکە

دڵى دڵشکێنەکانیش نەشکێنم

لەگەڵ جەفاکارەکانیش جەفا نەنوێنم

هەقە ئیدى بزانم

وەک چۆن ژیان ئەو ئاهەنگە چراخانە نییە

کە من دەمەوێ

وەلێ ئەوەندەش جەنگەڵستانێکى تاریک نییە

کە هەندێ جار بیرى لێ دەکەمەوە

 

 

 

 

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت