لەتیف بێوار
جارێکی تر به زمانێکی ناشیعریی؛ بابه‌تی سیاسی تێکه‌ڵی ده‌ق ده‌بێت و تیایدا به‌های ئیستاتیکاو ره‌وانبێژی ده‌ق به هێند ناگیرێت و لایه‌ن و دۆخی گشتی کاره‌ساته‌که‌ی شاعیر‌و په‌شیمانی ئه‌و وای لێده‌کات ئاوڕ له‌و لایه‌نانه نه‌داته‌وه.
داکشانی ئاستی شیعرییه‌ت له شیعره‌کانی (که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د)دا
له‌تیف بێوار
ئه‌گه‌ر میلله‌تێك به عاتیفه بیربکاته‌وه نه‌ك به ئاوه،ز ئه‌وا حاڵی له‌م وێران زه‌مینه سیاسییه‌ی کوردایه‌تی باشتر نابێت که هه‌موو به‌هایه‌كیان شکاندووه، ئێمه به چاو بیر ده‌که‌ینه‌وه. کاتێکیش باسی (شۆخ) دێته پێش، زۆربه‌ی ره‌گه‌زی نێر قه‌ڵه‌می ئه‌ژنۆی ئه‌شکێت و ره‌نگی ره‌شی لێ ده‌بێت به سپی و سپیش به ره‌ش. له لایه‌کی تر وێنه‌ی یه‌که‌می ئه‌و که‌سه تا دواهه‌ناسه له مێشکماندا ناگۆڕێت. بۆ نموونه که‌سێك له قۆناغێکدا شیعری جوانی نووسیبێت ئیتر هه‌ر ئه‌و پێوه‌ره ده‌مانباته سه‌ر زه‌وقی گوێگرتنمان له شیعری ئێستای ئه‌و شاعیره، بێ ئه‌وه‌ی بپرسین ئایا ئه‌و شاعیره له شێعری داهێنه‌رانه چووه‌ته‌وه یان نا؟ ئایا هه‌ڵوێستێك یان به‌رنامه‌یه‌ك و گوته‌یه‌کی بوێرانه له بابه‌تێكدا بۆ ساتێکی دیاریکراوی کۆمه‌ڵگای کوردی چ په‌یوه‌ندییه‌کی هه‌یه به ده‌قێکی لاوازه‌وه که دوای لێچوونه‌وه له هه‌موو شتێك به‌رهه‌م هاتووه؟ تاکو بیهکینه سه‌نگی مه‌حه‌ك؟
هه‌ر بۆ نموونه‌ی راستی ئه‌م قسه‌یه ئێوه بنواڕن چۆن له پاشکۆیه‌کی وه‌ك (ئه‌ده‌ب و هونه‌ر) ی هه‌موو ژماره‌یه‌کدا ره‌سمێکی گه‌وره‌ی خانمێك و بابه‌ت یان چاوپێکه‌وتنێك له‌باره‌یه‌وه له یه‌که‌م لاپهڕهیدا داده‌نرێت و دوالاپهڕهش هه‌ر بۆ خۆمانه، ئێ باشه ئه‌مه مافێکی ره‌وا نییه بۆ که‌سه‌که؟ له کاتێکدا مه‌سئوله دزه‌کان له ته‌ڕ و وشك ده‌خۆن و ده‌دزن و ته‌خشان و په‌خشان ده‌که‌ن، ئه‌ویش ده‌ڵێت جا چییه با منیش وا بکه‌م، که‌مێك به کامی دڵ بڕیاربده‌م و هه‌ناسه بده‌م و وه‌ڵامی غه‌ریزه‌کانم بده‌مه‌وه که کۆمه‌ڵگاو حیزب له ده‌یان ساڵی رابردووه‌وه ئاوهایان لێکردووم، چیمداوه له بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌تی پیاوه بۆزه‌کان، خۆ شته‌کانی تر له ژێر کۆنترۆڵی مندا نه‌بێت ئه‌وا ئه‌م چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه به‌ده‌ست خۆمه‌و هیچ ئاغایه‌کم به‌سه‌ره‌وه نییه.
هاوڕێی شرۆڤه‌کار (سه‌دیق سه‌عید ره‌واندوزی) له نووسینێكدا جوان رۆچووه به‌سه‌ر شرۆڤه‌کردنی دیوانی ئه‌م دواییه‌ی خانمی شاعیر (که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د)دا‌و زیاتر له رووی واتا‌و دنیابینیی له شێعره‌کانه‌وه باسه‌که‌ی تاوتوێ کردووه،. منیش هاوڕای ئه‌وم به‌ڵام لێره‌دا من ده‌مه‌وێت له رووی پێگه‌ی شیعرییه‌وه تیشك بخه‌مه سه‌ر ئه‌و شیعره‌ی که ناونیشانی کتێبه‌که‌شی هه‌ڵگرتووه، منیش له‌گه‌ڵ کاک سه‌دیقدا ده‌ڵێم: به‌ڵێ ئه‌و دە ساڵ پێشتر زمانی باڵنده نا، به‌ڵکو زمانی شیعری ده‌زانی، به‌ڵام بیری چووهوە که به پێچه‌وانه‌ی شیعره کۆنه‌کانی شاعیره‌وه نه‌ك یه‌ك لایه‌نی شێعرییه‌تی تێدا ره‌چاونه‌کراوه به‌ڵکو گوتارێکی ساده‌و زۆر زمانێکی سه‌رپێیی تێدا به‌کارهاتووه و هیچ لێکدانه‌وه‌یه‌کی تر له پشت داله‌کانی ده‌قه‌وه نییه جگه له‌و مانا راسته‌وخۆیه‌ی شاعیر له‌م شیعره‌دا که(غه‌ریبی شوێن ده‌کات)، که‌واته نامۆ بوونه‌که نابه‌رجه‌سته نییه، یان فیکریی نییه، ئه‌گه‌ر جاران وێنه شیعره‌کانی تازه بوون و بابه‌ته‌کان جیاواز‌و پڕ جورئه‌ت و سه‌رنجڕاکێش بوون (له‌مه‌ڕ فیمێنیستی و کێشه‌کانی ئافره‌تان و مافه‌کانیان)، به‌ڵام شاعیر نه‌وه‌ی زه‌مه‌نه‌که‌ی خۆیه‌تی و ئێستا بابه‌تی گه‌رمی شێعر شتێیه‌کی تره‌وه و لێره‌دا زمان نزیك ده‌بێته‌وه له زمانی به‌کارهێنانی رۆژانه، بۆ نموونه شاعیر له‌وێ بیری خزم و که‌سوکار ده‌کات و راسته‌وخۆ ده‌ڵێت:
له‌م وڵاته
بچکۆلانه کاسبه‌دا
که نازانێ دانیشتن و
سه‌یران و
ته‌مبه‌ڵی چییه،
خزمم نییه...
جارێکی تر به زمانێکی ناشیعریی؛ بابه‌تی سیاسی تێکه‌ڵی ده‌ق ده‌بێت و تیایدا به‌های ئیستاتیکاو ره‌وانبێژی ده‌ق به هێند ناگیرێت و لایه‌ن و دۆخی گشتی کاره‌ساته‌که‌ی شاعیر‌و په‌شیمانی ئه‌و وای لێده‌کات ئاوڕ له‌و لایه‌نانه نه‌داته‌وه، هه‌رواش به دڵخۆشکردنی خود‌و دڵنه‌وایی کردنی خود به گه‌ڕانه‌وه بۆ مێژووی سیاسی و خه‌باتی شێخ مه‌حموود ده‌یهه‌وێت ئه‌و که‌لێنه گیانییه پڕ بکاته‌وه که به‌هۆی جیاوازیی و که‌لێنی شوێنه‌وه توشی هاتووه‌و بۆیه شیعره‌که‌ش نزیک ده‌بێته‌وه له دوواندن له‌گه‌ڵ که‌سێکی ئاستنزمی وه‌ك منداڵداو ته‌نانه‌ت فۆمی شیعره‌که‌ش سیمای شیعری مێردمنداڵان له خۆ ده‌گرێت و ده‌ڵێت:
وڵاتی منیش مه‌لیکی هه‌بوو
خۆ ئه‌گه‌ر چی
ئه‌و بێ تاج بوو
بێ ده‌وله‌ت بوو
به‌لام مه‌لیکی کوردستانی ناو بوو
ئه‌و شێخ مه‌حمه‌دی حه‌فید بوو
مرۆڤ زۆر زاڵم و له‌هه‌مان کاتیش‌دا زۆر لاوازیشه، هه‌میشه بیانوویه‌ك ده‌هێنینه‌وه بۆ هه‌ڵه‌کانی خۆمان و پێشتریش رۆنه‌چوون به بڕیاره سه‌رپێیه رووکهشهکانماندا وامان لێده‌کات پهشیمانییهکانیش به ئازایه‌تی له قه‌ڵه‌م بده‌ین، لێره‌دا بۆ تێگه‌شتن و رۆچوون به قوڵایی ده‌قدا خوێنه‌ر پێویستی به خۆ ماندووکردن نییه‌و خۆی له‌به‌رده‌م هیچ پرسیارێکی ده‌سه‌وسانکارو تییمای تازه‌و دیوی شاراوه‌ی ده‌ق دا نابینێته‌وه تا بڵێت ئه‌مه هه‌وڵێکی جیاوازی شاعیره‌و توانیویه‌تی بره‌و به شێواز‌و جیاکاریه‌کانی شێعری خۆی بدات له ئێستادا ، ئه‌و راسته‌وخۆ ده‌ریده‌بڕیت و ده‌یڵێت که:
بیری شێخی چۆلی، ئه‌ڵوه‌نی خانه‌قین، چاڤی لاند، چای خه‌ڵوزی به‌حره‌که‌ی چوارقوڕنه و ڕێواسی قه‌ندیل، پارکی ئازادی، باباگورگور، گڵکه‌ند، سه‌رچنار، هه‌ناری هه‌ڵه‌بجه‌و ….. ده‌کات و رانه‌هاتنی له گه‌ڵ دۆخی تازه‌دا وای لێده‌کات هیچ فێر نه‌بێت له یاسا‌و دابونه‌رێت و هه‌له‌کانی گه‌شانه‌وه له کۆمه‌ڵگایه‌کی نوێ‌دا که به‌راورد به پایه‌ی ئیداریی و دۆخی سیاسی کۆمه‌ڵگای کوردی زیاتر یاسای تیا جێگیره‌و ده‌وڵه‌تێکه دانپیانراو له لایه‌ن نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانه‌وه، ئه‌و ده‌ڵێت:
له‌م وڵاته ترش و تاڵ و مۆنه‌دا
دره‌ختی غه‌ریبی هه‌ر غه‌ریبی ده‌گرێت.
ئه‌مه ئه‌گه‌ر هه‌ر شتێک ده‌ربخات ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێت که چه‌ندێك ڕێز‌و ئاسووده‌یی و مافه‌کان له کلتووری یه‌که‌مدا بۆ هاوڕه‌گه‌زه‌کانی فه‌راهه‌م هاتبوون، که‌چی گه‌ر سه‌رنج له ده‌قه کۆنه‌کانی شاعیر بده‌ین ده‌بینین به پێچه‌وانه‌وه ئه‌و ده‌یه‌وێت هه‌ڵبێت له‌و ناقۆڵاییانه‌ی گوشاری ده‌روونی ئاده‌میزاد له‌و ژینگه‌یه‌دا زیاتر ده‌که‌ن و دووڕوویی و درۆکردنی که‌سه‌کان وایان لێده‌کات نه‌فره‌ت له ئینسان و نیشتیمانپهروهرییش بکات، ئه‌مه‌یه ئاکامی په‌له‌کردن و بڕیاری هه‌ڵه:
له شیعری (به‌رد باشتره) ئاوها دێته دووان:
ئه‌مه‌وێ به‌عه‌شق بڵێم خودا حافیز
به‌رد باشترێکه له‌مرۆڤ
…………..
هه‌روه‌ها له جێیه‌کی تریشدا ده‌ڵێت:
………….
من ده‌بێ خۆم بسمیل بكه‌م
ئاوى ده‌ریاكان ده‌ڕێژم به‌سه‌ر خۆما و
ده‌ڵێم خوایه
وسڵى نیشتمانپه‌روه‌رییم ده‌رده‌كه‌م!
………….
کاتێك خولیا‌و حه‌زه‌کانی شاعیر له کۆمه‌ڵگای نوێ و شێوه‌ی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی نوێ‌دا ده‌که‌وێته ژێر خواستی که‌سانی تر‌و دابونه‌رێتێكی جیاواز‌و دۆخێکی تره‌وه که شاعیر تیایدا هێند هه‌ست به‌لاوازیی خۆی بکات، ئه‌وا زوو بێت یان دره‌نگ ڕێگای په‌شیمانی هه‌ڵده‌بژێرێت و وه‌کو نه‌وه‌ی سه‌رده‌مه‌که‌ی خۆی هه‌موو ئه‌زموونه‌کانی پێشووی خۆی و هۆکاره‌کانی بڕیاردانی هه‌ڵبژاردنی وڵاتی نوێ له یاد ده‌کات و سه‌ر ئه‌وه‌ی ناپه‌رژێت بیر له هونه‌رکاریی و ئیستاتیکای ده‌ق بکاته‌وه جگه له گه‌یاندنی گوتاری نائارامیی و ته‌نیایی و نامۆیی خۆی، ئاوها درێژه به گێڕانه‌وه‌ی مه‌راقه‌کانی ده‌دات و په‌رده‌ی شکست به‌سه‌ر دوا دیمه‌نی ژیانی ئه‌وێی دا ده‌داته‌وه:
له‌م وڵاته ده‌ست به‌خورما و
قاوهیهدا،
هه‌ر خوێندنه‌وه و
نووسینه‌وه‌ی مه‌راق نه‌بێ!
شه‌وێك نییه،
به‌چه‌پكێ خه‌یاڵی سه‌وزی
كوژراوه‌وه
سهرنهكهمه سه‌ر سه‌رین!
ناتوانم دڵخۆشبم
له‌م خه‌ونه كابوسهدا!!
نه‌خێر.. ناتوانم رێگایه‌ك بدۆزمه‌وه
له‌م شه‌وه رووناكه كوێره‌دا!!
له کۆتاییدا حه‌ز ده‌که‌م ئاماژه به‌و چاوپێکه‌وتنه ڕاشکاوه‌ی شاعیر بکه‌م له رۆژنامه‌ی (رۆژان) که چه‌ند بابه‌تێکی گرنگ زه‌ق ده‌کاته‌وه‌و تیشك ده‌خاته سه‌ر هه‌ندێك له ڕاستییه‌کان ئه‌گه‌ر تاڵیش بن و له به‌رژه‌وه‌ندی خۆشی نه‌بن، بۆ نموونه تیایدا به زمانی فه‌رمان ده‌ڵێت:
(شاعێر ئەبێ سەیری دڵی خوێنەرەکانی بکا و لە خۆی بپرسێ ئایا شێعرەکەم گەییشتووە؟ کە نەگەییشتووە خواحافیز، واز ئەهێنم لەم بوارە، نە خۆم هیلاک ئەکەم و نە گوێگرەکانم).
هه‌روه‌ها ئه‌و راست ده‌کات که له جێگایه‌کی تری هه‌مان چاوپێکه‌وتندا سه‌باره‌ت هۆی ئاوڕدانه‌وه‌یه‌کی باشی خوێنه‌ران له شیعره‌کانی پێشووی ده‌ڵێت:
(من هەمیشە لە خۆم ئەپرسم ئەوانەی کە شێعری منیان وەرگێڕاوە و لە شێعرم گوێ ئەگرن بە دوای چیا ئەگەڕن؟ خۆ شاعێری لە من باشتر زۆر هەیە. لام وایە کە ئەوان بە دوای هەستی ژنانە ئەگەڕن ئەگینا شاعێری زۆر ناسک خەیاڵتر و باشترمان زۆرە).