ما 935 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەلەم

بەڵام نموونەکەی فلۆبێرت جیاوازە. کاتێک ئێمای فەڕەنسی دەشکێ و بەرەو مەرگ دەڕوا، ئەوە کۆمەڵگا و دەنگی کۆمەڵگایە بەسەر تاکدا سەردەکەوێ. لێرەدا بەتووش خۆشبەختییەوە نابین، بەپێچەوانەوە لەوە تێدەگەین لەپاش مەرگی ئێما و 'چارڵز'ی هاوسەری، 'هۆمیاس'ی دەرمانفرۆشە لە 'یونڤیللە' دەبێتە خاوەنی باشترین دۆخ.

 

'فرانچۆ مورێتی' کە لە پەیوەندی لەگەڵ سەبکی گێڕانەوە باسی لەم دوو رۆمانە کردووە، دەڵێ سەبکی ئازادی ناڕاستەوخۆ دەبێتە جۆرێک لە دەنگی سێهەم کە نوێنەرایەتی ئایدیۆلۆژیا یاخود موڕاڵێکی گشتی و لەوەپێش دارێژراو دەکات. ٤١ لە نموونەکەی ئۆستین دا ئەم دەنگە هی مرۆڤێکی بەجوانی تێکەڵ بەدەقە، واتە ئەو کاراکتێرە کۆمەڵایەتییە کە لە ئێمادا دەچێندرێ. لەو ئاستەدا ئێما دەگاتە ئەو بڕیارە بەپەلە، ئیرونی و ئیحساسیانەی وا بنەمایان لە کلیشە خەیاڵییەکاندا هەیە، دیاردەیەک ئەو بەگوێرەی پێگەیشتنی خۆی، خۆی لە دووردەخاتەوە. جا ئاکام ئەوە دەبێ ئێما بەجوانی دەچێتە پێشەوە؛ لە هەڵەکانییەوە فێردەبێ، خۆی لەگەڵ دۆخدا دەگونجێنێ و سەرئەنجام شوێنی شیاوی خۆی لە هیرارکیی کۆمەڵایەتیدا دەدۆزێتەوە. رۆمانەکە بە زەماوەند و بەم وشانە کۆتایی دێ "لەبەرئەوەی ژیانی هاوبەشیان بەختەوەرانە دەبێ." بەڵام نموونەکەی فلۆبێرت جیاوازە. کاتێک ئێمای فەڕەنسی دەشکێ و بەرەو مەرگ دەڕوا، ئەوە کۆمەڵگا و دەنگی کۆمەڵگایە بەسەر تاکدا سەردەکەوێ. لێرەدا بەتووش خۆشبەختییەوە نابین، بەپێچەوانەوە لەوە تێدەگەین لەپاش مەرگی ئێما و 'چارڵز'ی هاوسەری، 'هۆمیاس'ی دەرمانفرۆشە لە 'یونڤیللە' دەبێتە خاوەنی باشترین دۆخ. رستەی کۆتایی رۆمانەکە بە قسەیەکی دەگمەن و کورت خۆی نیشاندەدا: "ئەو، میدالیای شانازیی بەرکەوت." 'سەبکی ئۆبیەکتیانەی' بەناوبانگی فلۆبێرت ئەوەمان نیشاندەدا نە مرۆڤە هەستیارەکان و نە گێڕەرەوە ناتوانن بەرامبەر ئایدیۆلۆژیای کۆمەلگا رابوەستن، کە لێرەدا لە 'هۆمیاس'ی حەسوود و بێبەزەییدا خۆی نیشاندەدا.

رۆمانەکەی ئۆستین هی سەدەی نۆزدەیە، لە روانگەی کۆمەڵایەتییەوە خۆشبینە و باوەڕی بە مێژوو وەک هێزێکی بنیاتنەر هەیە. رۆمانەکەی فلۆبێرت بەڵام هەڵگری ئەم باوەڕە نیە، ئەو بێ باوەڕییەی باس لە بێ هیوایەتییەکانی سەردەمی دووای شۆڕش دەکا. لە هەر دوو رۆمانەکەدا ئەوە کاراکتێری سەرەکییە هەڵگری مێژووە، واتە دیاردە گەورەکان بەقەدەر بچووکەکان، هەروەها ئەوە شێوازی نووسەرە، واتە تێکەڵێک لە سەبکی راستەوخۆ، ناڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی ئازادە، وردەکارییەکانی دۆخ و کاردانەوەکانی تیا پێشکەش دەکرێ.

سەبکی ناڕاستەوخۆی ئازاد هەروەها تەیبەتمەندییەکی گرینگی رۆمانەکەیە. داخۆ گەر ئێمە لەزەمەندا بەرەوپیش بڕۆین، ئەم تکنیکە چلۆن کاردەکا؟ لێرەدا نموونەیەک لە 'فانووس'ی ڤیرجینیا وۆڵف دێنینەوە: "بەڵێنی هەمیشەیی بەهەشتیان داوە! ئەو لە خانووەکەوە گوێی لە دەنگ بوو. دەبێ 'جەیمز' و 'کام' بن هاتوونەتەوە. وەک بڵێی 'رامسەی' لەوە گەیشتبێ زەمەن کورتە، رەنج و ئازارە کۆکراوەکانی خۆی دا بە کۆڵی پەیکەری تەنیای ئەودا؛ تەمەنی، لاوازییەکانی، تەنیاییەکەی، بەڵام کتوپڕ؛ کاتێک ئەو بە تووڕەیی سەرێکی راوەشاند ـ چونکە کامە ژنە دەتوانێ لەبەرامبەری ئەودا راوەستێ؟ـ زانی قەیتانی پێڵاوەکانی ئەو کراونەتەوە. جگە لەمە پێڵاوەکانی سەرنجڕاکێش بوون، 'لیلی' بیری کردەوە و لێی رووانین: گەورە بە تەقەڵە دیارەکانیانەوە، وە هەموو ئەو شتانەی  'رامسەی' لەبەریدابوون، لە کراواتەکەی و جلیسقە نیوەداخراوەکەی، ئەو چەند نەبەز دەهاتەبەرچاو. بیری کردەوە چۆن بۆخۆی رێگای ژوورەکەی ئەو بدۆزێتەوە، بگرە لە نەبوونی ئەودا سەرنجڕاکێشی و تووڕەیی و خۆبەزلزانییەکانیشی هەر خۆیان دەردەخست."٤٢

 

ئەم نموونەیەمان لە بەشی سێهەمی رۆمانەکە هێناوەتەوە، لەو بەشەیدا وا 'لیلی'ی نیگارکێش لەسەر چیمەنەکە راوەستاوە و خەریکی نیگارکێشانە، لەکاتێکدا 'رامسەی' تەنیا لەپاش ئەوەی خانمی هاوسەری مردووە بەشوێن راکێشانی سەرنج و سیمپاتی ئەوەوەیە. ئەوەی ئێمە لێرەدا دەیبینین بە گشتی بیرەکانی لیلی و لێکدانەوەکانیەتی، بەڵام هاوکات ئەوەی دەبێ زیاتر گرینگیی بدەینێ و تایبەت بە سەبکی وۆڵفە ئەو رستەیە وا پرسیارەکە چێدەکا (چونکە کامە ژنە دەتوانێ لەبەرامبەری ئەودا راوەستێ؟)، کە ئەمە پرسیارێکە لیلی لەخۆی دەکا کاتێک بەناو وشیاریی رامسەیدا رێک لەو کاتەدا تێدەپەرێ، کە وەک "وەرگێڕانێکی" راستەوخۆ دەبێتە: ئەو بیردەکاتەوە ئەو (واتە رامسەی ـ وەرگێڕی کوردی) بیردەکاتەوە: کام ژن لەبەرامبەر مندا رادەوەستێتەوە؟٤٣ بەم شێوەیە وۆڵف لەیەک کاتدا بەبێ شیکردنەوەیان پەردە لەسەر وشیارییەکان هەڵدەداتەوە. لەڕاستیدا نووسەر سەرکەوتووە لە نوواندنەوەی هەستە دژبەیەکەکان کەوا کتوپڕ لە مرۆڤێکدا سەرهەڵدەدەن.

رەنگە هەندێ کەس بڵێن وەها زانیاری و روونکردنەوەیەک کاتێک باس لە چۆنیەتی رۆمانە زۆر تایبەتە و یەکجار دەچێتە ناو وردەکارییەکانەوە. جا ئەم پرسیارە دێتە گۆڕێ لەراستیدا ئەوە چییە ئێمە باسی لەسەر دەکەین کاتێک قسە لەسەر ئەو رۆمانانەیە خوێندووماننەوە؟ بێگومان دەتوانێ کەسایەتییەکانی ناو رۆمانەکە بن، بەلام بە ئیحتمالی زۆرتر کردەکانن، یاخود رەنگە لەهەموویان زیاتر: تێکەڵێک لە مرۆڤەکان و کردە بێت. با لێرەدا بچینەوە سەر 'فانووس'.

 

درێژەی هەیە...

Bilderesultat for ‫فانوس جیمز جویس‬‎

گەڕان بۆ بابەت