ما 5695 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

ئەگەرچی وۆڵف لەسەردەمی خۆیدا بەوە تاوانبارکرا کە ناتوانێ کەسایەتی یاخود رووداو دروست بکا، بەڵام رۆمانەکانی پڕی ژیانن: بیرەکان، هەستەکان و کردەکان ـ پێوەندی نێوان مرۆڤەکان ئەو رۆسەن ئەوان بە جیهانەوە و بە خۆیانەوە گرێدەدەن، جا چ بەمە بزانن یان نەزانن. ئەوە زمان و بینای داڕشتنە ئەم پێوەندییانە بۆ خوێنەر روون دەکەنەوە.

 

کردە و پلۆت

فانووس باس لە هەندێ مرۆڤ لە خانوویەکی هاوینە لە قەراخ دەریایەکدا دەکا. لە بەشی یەکەمیدا سەردانێکی فانووسەکە رێکدەخرێ کە لە بەشی کۆتایی رۆمانەکەدا کۆتایی دێ. لەنێوان ئەم دوو بەشەدا زانیارییەکی کورتمان سەبارەت بەو مرۆڤانەی وا لە بەشی یەکەمدا بەتووشیانەوە دەبین، پێشکەش دەکرێ. یاخود: فانووس سەبارەت بە کۆمەڵێک مرۆڤ و بیر و هەستەکانیانە. هەندێکیان دەبنە ژن و مێرد و هەندێکیان نا. لە بەشی یەکەمی رۆمانەکەدا خاتوو رامسەی لەناوەڕاستی سەرنجەکاندایە. ئەو خەڵک کۆدەکاتەوە و شیوێکیان بۆ رێکدەخا. لە بەشی دوواییدا خاتوو رامسەی لەگەڵ دوو منداڵەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەمان شوێن و سەرئەنجام سەردانی فانووسەکە دەکەن، ئەو سەردانەی وا لە بەشی یەکەمی رۆمانەکدا باسی لێکراوە. هەروەها کچێکی نیگارکێش هەیە بە ناوی 'لیلی بریسکۆر' کە لە هەر دوو بەشەکەدا هەیە. یاخود: فانووس رۆمانێکی نووسەری مودێڕنی ئینگلیزی ڤیرجینیا وۆڵفە. ئەم رۆمانە کردەی دەرەکیی کەمی تیایە، بەڵام زانیاریمان دەداتێ لەسەر ژیان و جووڵەی دەروونیی کەسایەتییەکان. کات کە تێدەپەڕێ رۆڵێکی گەورە لەم رۆمانەدا دەبینێ. رۆمانەکە لە پیش هەر شتێکدا هەڵگرتنەوە و کارکردنە لەسەر رووداوەکان و کەسەکانی ناو ژیانی خودی نووسەر. یاخود...

بەزۆر شێواز دەکرێ باس لە رۆمانێک بکرێ و وەک گوترا یەکێک لە ئاساییترین شێوازەکان باسکردنە لە کردە و لە پلۆت. بەڵام گەر دەمانەوێ قسە لەسەر کردە لەناو ئەم رۆمانەدا بکەین وەڵامێکی لەوەپێش دیاریکراومان بۆ شێوازی ئاراستەی پلۆتەکەی لەبەردەستدا نیە وەها کە بتوانین ئەم ئەرکە بە ئەنجام بگەیەنین. لەم رۆمانەدا ئاستێکی کەم لە پلۆت دەبینرێ، "کردە"یش زیاتر لە ئاستی پلانێکی دەروونیدایە تا دەرەکی. جا کاتێک پرسیار لەسەر "کردە"ی رۆمانەکە دەکرێ، داخۆ دەتوانین لە کوێوە دەست پێبکەین؟ بێگومان دەتوانین، یاخود واچاکە لەو شێوازەوە دەست پێبکەین وا رۆمانەکەی پێ دەگێڕدرێتەوە. ئەمە بێگومان رۆمانێکە تێگەیشتن لێی دژوارە و کاتێک دەمانەوێ بۆ کەسانی تر باسی بکەین ناچارین بگەڕێینەوە بۆ سەر چۆنیەتییەکەی. هێزی ئانترۆپۆلۆگیانەی ئەم رۆمانە راستەوخۆ لەسەر پلانێکە؛ ئەم رۆمانە ئەوەندە پڕ لە رستەی دژوار و وێنەئاسایە و، تەژی لە بینینە کتوپڕییەکانە کە مرۆڤ دەهاژێنێ و هەستی دەبزوێنێ. مرۆڤ دەتوانێ هەروەها بۆ تێگەیشتن لەم رۆمانە ئەم دەقە لەگەڵ نامە و یادداشتەکانی وۆڵف بەراوردبکا، بەڵام ئەمە نابێتە هۆی ئاسانکاریی زیاتر بۆ خوێندنەوەی و تێگەیشتن لێی، یاخود ئاسانکاری بۆ باسکردنی بۆ کەسێکی تر. گەر دەمانەوێ پێوەندی لەنێوان رستەکاندا بدۆزینەوە و بگەینە تێگەیشتنێکی روونتر لە کەسایەتییەکان و توانای باسکردن لەوەی ئەم رۆمانە لەسەر چییە، پێویستیمان بە شکاندنی کۆدی تکنیکی گێڕانەوەکەیەتی. کاتێک لەوە دەگەین چلۆن روانگەکان بەردەوام لەنێوان مرۆڤە جۆراوجۆرەکاندا بە بێ ئاماژەدان بە وشەگەلی وەک "بیری کردەوە" یاخود "گوتی" دەگۆڕدرێ، ئەوسا دەتوانین شتێک لەسەر پێوەندی نێوان کەسەکان، بیرەکانیان، "پرۆژەکانیان" و " جیهانیان" بڵێین. ئەوجا دەرفەتی بینینی پێوەندیی نێوان جیهانی رۆمانەکە و ژیانی دەرەوە بڕەخسێ، جا چ لە روانگەی نووسەرەوە یاخود لە هی خۆمانەوە.

پرسی پلۆت، کردە و رووداو ـ رووداوی دەق ـ بەشێوەی جیانەکراوە بەستراونەتەوە بە فۆڕمی رۆمانەوە. لە کتێبی 'لایەنەکانی رۆمان' کە 'ئێ. م فۆرستەر' لە ساڵی ١٩٢٧ نووسیویەتی، زۆر پیش ئەوەی تیۆری گێڕانەوە وەک دیسیپلینێکی جودا چێ بکرێ، هاتووە: "بەڵێ، بەڵێ رۆمان دەبێ رووداوێک بگێڕێتەوە. ئەمە لایەنی سەرەکیی رۆمانە. بەبێ ئەمە رۆمان بوونی نیە. ئەمە گرنگترین بەشی هاوبەشی هەموو رۆمانەکانە، حەزیشم دەکرد وەها نەبێ، ئەوەیکە بە جۆرێکی تر بووایە ـ مێلۆدی، یاخود دەرکێک لە حەقیقەت، نەک ئەم فۆڕمە نزمە سەرەتاییە."٤٤

فۆستێر دەڵێ بۆ وێنە رۆمانی 'لەشوێن زەمەنی لەدەستچوو'ی پرۆست تێکەڵ و پێکەڵە، خاوەن پێکهاتەیەکی لاوازە و فۆڕمی دەرەکی نیە. بەڵام کتێبەکە بە داڕشتنێکی دەروونییەوە پێکەوە گرێدراوە و ئەمەیش بەهۆی ریتمی دەقەکەوەیە کە ئەو وەک دووپاتبوونەوە بەئیزافەی جۆراوجۆری وەسفی دەکا.٤٥ بەڵام بۆ فۆستێر ریتم بە قۆناغی یەکەم شتێک نیە بە بینای رستەوە گرێدرابێ یاخود بە کردەوە، بەڵکو بە شتێکەوە گرێدراوە ئەو ناوی دەنێ دووپاتبوونەوەی بابەتێکی گرینگ، کە لە ئەدەبدا وشە یاخود وێنەیەکە لە دۆخە جۆراوجۆرەکاندا دووپاتدەبێتەوە بۆ ئەوەی پەیوەندێکی دەروونی چێ بکا. دووپاتبوونەوەی بابەتی گرینگ لەڕاستیدا تیۆرێکی مۆسیقاییە و، لای پرۆست لەڕاستیدا مۆسیقاییە، واتە سوناتێکی بچووک کە لە زۆربەی شوێنەکانی دەقدا خۆی نیشاندەدا و پێکەوە گرێیدەدا. بەڵام فۆستێر نموونەیەکی کەم یاخود هیچ چەشنە نموونەیەک لە ئەدەبی رۆماندا پەیداناکا کە نیشانی بدا ریتم دەتوانێ جێگرەوەی کردە یاخود رووداو بێت. ڤیرجینیا وۆڵف بەزەحمەت لەگەڵ ئەمەدایە، بەڵام فۆستێر دەڵێ ڤیرجینیا ناتوانێ کەسایەتی یاخود رووداو بخوڵقێنێ. کەسێکی تر کە بێگومان لەگەڵ ئەمەدا نیە 'فلوبێرت'ە. کاتێک کاری لەسەر مادام بوڤاری دەکرد وتی ئارەزووی ئەو نووسینی "کتێبێکە لەسەر هیچ".

لەگەڵ ئەوەی ئەم رۆمانە هەم خاوەن کردە و هەم خاوەن پلۆتە، بەڵام هەروەها لەژێر سریمەی ئەو سەفەرە درێژانەدایە کە وەک کاتی حەسانەوە لە چیرۆکەکەدا خۆیان نیشاندەدەن، ئەو جێگایەی گێڕەرەوە بەشێوەی ورد سەرنجەکان بەرەو سروشت یاخود هەست و بیرە دەروونییەکانی ئێما دەگێڕێتەوە. گرینگ بۆ فلۆبێرت شێوازی نووسین یاخود سەبکە: سەبک ئەو شتەیە وا جێگرەوەی پلۆت یاخود رووداوە ـ وەک بڵێی بە رۆمانەوە دەچەسپێندرێ.

"ئەوەی باشدەبوو و من حەزم دەکرد ئەنجامی بدەم نووسینی کتێبێک لەسەر هیچ بوو، کتێبێک کە ئاماژەی بە هیچ شتێک لەدەرەوەی خۆی نەدەدا جگە لەخۆی، کتێبێک کە دەیتوانی بەیارمەتی هێزی دەروونیی سەبک لەسەر پێی خۆی راوەستێ، رێک وەک چۆن گۆی زەوی بە بێ یارمەتی گەردوون بەیارمەتی خۆی رادەوەستێ، کتێبێک کە بەزەحمەت خاوەن تێمایە، یاخود تێمایەک کە بەزەحمەت وێنادەکرێ، ئەگەر ئیمکانی دەبوو."٤٦

قسەکانی فلۆبێرت باس لە فۆڕمی رۆمانێک دەکا بۆ ئەوەی بتوانێ وەک حەقیقەت و راستی دەرکەوێ وابەستە بە واقێکی ریالستییەوە نیە، فۆڕمێک کە قورسایی دەخاتە سەر فاکتۆرە دەروونییەکان، نەک دەرەکییەکان. جگە لەدەربڕینی سەبکیانە، دیاردەی هاوبەش بۆ هەموو رۆماننووسەکان ئەوەیە هەر هەموویان بەشوێن بەیانێکی سەربەخۆوەن سەبارەت بەوەی مرۆڤەکان چلۆن هەستدەکەن، بیردەکەنەوە و دەژین، جا چ لەژیانی هەنووکەدا بێت، یاخود لە ژیانی رابردوو و داهاتوودا. ئەمە وەک ریالیستەکان، مودێرنیستەکانیش دەگرێتەوە. فلۆبێرت نموونەیەکی جودا نیە، هەروەها ئەو وەک وۆڵف مودێرنیست نیە. بەگوێرەی وۆڵف ژیان و رۆمان دوولایەنی یەک بابەتن و ئەم نووسەرە رۆمان وەک بینایەک هەڵدەسەنگێنێ، فۆرمێک پێکهاتوو لە بەرد، تاق و ستوون:

"کاتێک بیر لە هەندێ رۆمانی بەناوبانگ دەکەمەوە، ئەم فۆڕمە، ئەو جۆرە هەستانە دەخاتەگەڕ کە لەگەڵ رۆمان سازگارن. بەڵام ئەم هەستانە زۆر خێرا لەگەڵ ستەکانی تر تێکەڵ دەبن، لەبەر ئەوەی 'فۆرمەکە' لەسەر پێوەندی نێوان بەرد و بەرد چێ نەکراوە بەڵکو لەسەر پێوەندی نێوان مرۆڤ و مرۆڤ چێکراوە. بۆیە رۆمان، هەستە دوژمن و دژبەیەکەکان دەخاتەگەڕ. تێیدا ژیان لەگەڵ شتێکدا کە ژیان نیە رووبەڕوودەبێتەوە. لێرەوە کێشەکانی گەیشتن بە هەندێ فۆرمی هاوبەش لەسەر رۆمان و ئەو هێزە زۆرەی پێشداوەرییە تایبەتەکانی خۆمان لەسەر ئێمە هەیانە خۆیان دەردەخەن."٤٧

مرۆڤەکان جۆراوجۆرن و ژیانی مرۆڤیش فرەچەشن، رۆمانیش هەر بەو شێوەیەیە، لەبەر ئەوەی رۆمان لەسەر پێوەندی نێوان مرۆڤەکان چێدەکرێ. کەواتە سەیرنیە ئێمە دەتوانین لەسەر رۆمان بەهەمان ئەو رادە کەمەیەی لەسەر ژیان هاوڕاین، هاوڕابین. ئەگەرچی وۆڵف لەسەردەمی خۆیدا بەوە تاوانبارکرا کە ناتوانێ کەسایەتی یاخود رووداو دروست بکا، بەڵام رۆمانەکانی پڕی ژیانن: بیرەکان، هەستەکان و کردەکان ـ پێوەندی نێوان مرۆڤەکان ئەو رۆسەن ئەوان بە جیهانەوە و بە خۆیانەوە گرێدەدەن، جا چ بەمە بزانن یان نەزانن. ئەوە زمان و بینای داڕشتنە ئەم پێوەندییانە بۆ خوێنەر روون دەکەنەوە. ژیان رووبەڕووی شتێک دەبێتەوە کە ژیان نیە، ئەو دەربڕینە جوانەیە وۆڵف لەم بوارەدا پیشکەشی ئێمەی دەکا.

درێژەی هەیە...

Bilderesultat for ‫فلوبر‬‎

گەڕان بۆ بابەت