ما 2364 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

ئەو خاڵەی یۆجینایدس بە بەهێزی لە رۆمانەکەیدا نیشانی دەدا ئەوەیە لە رۆمانی ئینگلیزیی سەدەی ١٩، پلۆتی هاوسەریەتی و رۆمان بەیەکەوە گرێدراون. کاتێک هاوسەریەتی مانای خۆی وەک خاڵی سەرەکی لەدەستدەدا، رۆمانەکە دەگۆڕدرێ. وەک مامۆستای مادێلینە دەڵێ: هاوسەریەتی ئەمڕۆکە خاوەن مانایەکی گەورە نیە، هەر بەو شێوەیەیش رۆمان.

 

پلۆتی هاوسەریەتی

خەڵکانێکی کەم باوەڕیان بەوە هەیە نووسەرێکی وەک فلۆبێرت لەڕاستیدا لەسەر "هیچ" بنووسێ، ئەگەرچی با بۆخۆیشی وا بڵێ. رەنگە زیاتر لەبەر ئەوەی بێت ئەو خەیاڵ و خەونانەی هەم ئێما لە مادام بوڤاری و هەم فرێدریک لە 'فرێدریک مورۆ' دەگرنەوە، لەم چەشنە بن. 'بەسەرهاتی پیاوێکی گەنج' (١٨٦٩) لە هیچ دەچێ و بە مەرگ و شکست کۆتایی دێت. بەڵام فۆڕمێک لە بەسەرهات بێگومان لەم رۆمانانەدا هەن و بە خۆشەویستییەوە گرێدراون، یاخود راستترە بڵێین: بە خەون سەبارەت بە خۆشەویستییەوە گرێدراون. لە مادام بوڤاریدا هەروەها جۆرێک لە پلۆتی هاوسەریەتی هەیە، بەڵام بەپێچەوانەی رۆمانی ئینگلیزیی سەدەی نۆزدە زۆربەی جار (نەک هەمیشە) بە هاوسەریەتی کۆتایی دێ، بۆیە مادام بوڤاری بە هاوسەریەتی دەست پێدەکا و بە خەیانەت و مەرگ کۆتایی دێت. ئەو کاتیش وەک ئیستا خۆشەویستی و هاوسەریەتی، خۆشەویستی یاخود هاوسەریەتی هێڵی سەرەکیی پلۆتی گەلێک رۆمان بوونە.

لە دوواڕۆمانیدا بەناوی ' The Marriage Plot (٢٠١١) یاخود بە زمانی نۆروێژی Formål ekteskap جێفری یوجینایدس نووسەری ئەمریکایی لە 'ئانتۆنی ترۆلۆپ' ریالیستی ئینگلیزی قسەیەک دەهێنێتەوە کە دەڵێ: "جگە لە کۆتایی رۆمانی ئینگلیزی، لە هیچ شوێنێکی تر هیچ چەشنە بەختەوەرییەک لە ئەشقدا پەیدانابێ."٤٨ هۆکار ئەوەیە 'مادێلینە هاننا' کاراکتێری سەرەکیی 'یوجینایدس'ی نووسەر نامەی باچلۆری (لیسانس) خۆی سەبارەت بە پلۆتی هاوسەریەتی لە رۆمانی ئینگلیزیی سەدەی نۆزدەهەمدا دەنووسێ. پرسیارێک کە بۆ ئەو دێتە پێشێ ئەوەیە تا چ رادەیەک بەسەرهاتی ئاشقانەی سەدەی نۆزدە هێشتاکە پێوەندییان هەیە بەو کێشانەوە وا ئەو بۆخۆی ئەزموونیان دەکا. لەکاتێکدا هاوسەریەتی ئامانجی ئەشقە و ئەو کۆتاییەیە وا مادێلینە لە رۆمانەکاندا دەیخوێنێتەوە، بەڵام حەقیقەتی رۆژ شتێکی ترە. داخۆ پێوەندێک لە نێوان ئەمانەدا هەیە؟ ئەوەی یوجینایدس دەیەوێ بە رۆمانەکەی پیشانی بدا ئەوەیە پلۆتی خۆشەویستی بەردەوام بوونی هەیە، بەڵام نەک ئیتر وەک پلۆتێکی روونی هاوسەریەتی. یان بەشێوەیەکی دروستتر: هاوسەریەتی بەردەوام لە خەون و پلانی کاراکتێرە سەرەکییەکاندا هەیە، بەڵام لەڕاستیدا لە کاتێکدا هاوسەریەتی بابەتی سەرەکیی رۆمانەکانی مادێلینەیە بەڵام هی خۆی لە ژێر کاریگەریی پلۆتی لێکدابڕاندایە. لە کاتێکدا ئەو بەردەوام ئۆستین و ئێلیۆت دەخوێنێتەوە ئەوە ژاک دریدایە کە زیاتر سەرنجی هاوپۆلەکانی رادەکیشێ. سەردەمی رۆمان بەگوێرەی مامۆستاکەی مادێلینە تەواوبووە: "حیماسە گەورکانی سەر شەڕ، رۆمان لەسەر خۆشەویستی. بەرابەری جنسی بۆ ژنان باش بوو، بەڵام بۆ رۆمان خراپ بوو. جیابوونەوە بوو بە یارمەتیدەری مەرگ." گەر هەنووکە دەمانەوێ لەسەر پێشبڕکێی هاوسەرگیری لە سەردەمی خۆماندا بخوێنینەوە، یان دەبێ بۆ سەردەمی زوو بگەڕێینەوە و رۆمانە مێژووییەکان بخوێنینەوە، یاخود پەنا بۆ رۆمانە غەیرەڕۆژئاواییەکان ببەین، بۆ نموونە رۆمانی ئەفغانی و هیندستانی. بۆیە ئەوە رۆمانی سەدەی نۆزدەیە سەرنجی مادێلینە رادەکێشێ: "پلان ئەوە بوو بە 'جەین ئۆستین' دەست پێبکەین. لەدووای لێکۆڵینەوەیەکی کورت سەبارەت بە  لەخۆباییبوون و دەمارگرژی، رازیکردن، عەقڵ و هەست، هەروەها تەواوی ئەمانەی وا بە هاوسەریەتی بە کۆتاییەکی خۆش گەیشتن مادێلینە دەیویست بڕواتە سەردەمی ڤیکتۆریا، ئەو سەردەمەی شتەکان ئاڵۆزتر و لێڵتر بوون. رۆمانەکانی Middelmarch و Portrett av en dame  بە هاوسەریەتی کۆتاییان نەدەهات. ئەم رۆمانانە باسیان لە قارەمانە ژنە زیرەک و بەهێزەکان دەکرد. 'دوروتە بروک' و 'ئیزابێل ئارچێر' لە ژیانی هاوسەریەتی پڕ لە کێشەیاندا بوون و لێرەدابوو کە پێشبڕکێ بۆ ئەوەی ئەدەبی هاوسەریەتی چێ بکرێ گەیشتە ئەوپەڕی خۆی. لە دەورووبەری سەدەی بیستەم پێشبڕکێ لەپێناوی هاوسەریەتی کۆتایی هات."٤٩

چیرۆکە ئاشقانەکانی رۆمانی سەدەی ١٩ زیاتر لەوەی لێرەدا باسی لێکرا تێکەڵ بەکێشە بوون، بەڵام وەک دیاریکردنی ئامانج و پلۆت ئەوەی باسمان کرد لەجێی خۆی بوو. با باس لە یەکێک لە "تاریکترین" رۆمانەکان بکەین بەناوی Middelmarch: لەم رۆمانە یەکەم هاوسەرگیریی دۆروتە بەختەوەرانە نیە و گومانێک لەوەدا نیە کە هەڵەیە. لەبەر ئەوەی جیابوونەوە ئیمکانی نیە دەبێ نووسەر ئەو ئیزنەبدا کاوسابۆن بمرێ پێش ئەوەی ئازادبێت بۆ ئەو هاوسەرگیرییەی وا کۆتایی پلۆتی سەرەکییە ـ هاوسەریەتییەکی پڕ لە خۆشەویستی، بەڵام هاوسەریەتییەک کە سەرەڕای ئەو ئەزموون و سەربەخۆییەی دۆروتە بەدەستی هێنابوو خاوەن کۆتاییەکی بەختەوەرانە نیە. ئەو قارەمانەی مادێلینە لەسەریان دەخوێنێتەوە بەگشتی زۆر لەخۆی جیاوازنین؛ پێش ئەوەی مرۆ بەختی بەختەوەری هەبێ، دەبێ هەڵەبکات و خۆشەویستیی رۆمانتیکی بەتەنیا بەس نیە.

لەلایەکەوە ئەشقی ئەم رۆمانە تا رادەیەکی زۆر هاومانایە لەگەڵ خۆشەویستییەکی نابەختەوەرانە و ئەشق و حەز، لەلایەکی ترەوە پلۆتی هاوسەریەتییەکە بەسەر زۆر رۆماندا زاڵە. گەر باس لەسەر رۆمانی سەدەی نۆزدە بێت بەجوانی دیارە جیاوازی هەیە لە نێوان رۆمانی ئینگلیزی و فەڕەنسیدا، هەر بەو شێوەیەی لە دوو ئێماکەدا بینیمان. بەکورتی یەکیان دەگاتە هاوسەریەتی و "گەشە"، ئەوی تریان دەگاتە مەرگ و "داڕمان". ئەو خاڵەی یۆجینایدس بە بەهێزی لە رۆمانەکەیدا نیشانی دەدا ئەوەیە لە رۆمانی ئینگلیزیی سەدەی ١٩، پلۆتی هاوسەریەتی و رۆمان بەیەکەوە گرێدراون. کاتێک هاوسەریەتی مانای خۆی وەک خاڵی سەرەکی لەدەستدەدا، رۆمانەکە دەگۆڕدرێ. وەک مامۆستای مادێلینە دەڵێ: هاوسەریەتی ئەمڕۆکە خاوەن مانایەکی گەورە نیە، هەر بەو شێوەیەیش رۆمان.

بەڵام بۆ مادێلینە کتێب دەتوانێ پردێک بێت لەنیوان رۆمانی ئینگلیزیی سەدەی ١٩ و بیرە تیۆرییەکانی دەیەی ١٩٨٠: واتە 'چەند بەشێک لە زمانی خۆشەویستی' رۆڵاند بارت. لەو کاتەیدا بارت چیرۆکی خۆشەویستیی رۆژئاواییمان وەک میتۆلۆژیا و پێکهاتەیەک نیشاندەدا، بەو شێوەیەی ئەمە لە بێ ئەژمار دەقی ئەدەبیدا خۆی نیشاندەدا قسەی ئاماژەپێکراوی کتێبەکەی لەسەر زمانی خۆشەویستی دەتوانرێ وەک رۆمانێکی خۆشەویستیی کامڵ بخوێندرێتەوە ـ وەک دانپیانانێک بۆ هێزی گێڕانەوەی خۆشەویستی و توانای زیندوومانەوە. ئەمە رێک ئەو بەشەیە ئۆجینایدس دەهێڵێ قارەمانەکەی لە وتارەکەیدا لەسەر بارت باسی بکا. بۆیە پێوەندیی نێوان رۆمانی خۆشەویستیی ئەمڕۆکە و رۆمانی خۆشەویستیی رابردوو پێکەوە گرێ دەدرێن، ئەگەرچی پلۆتی هاوسەریەتی کاراکتێرەکانی خۆی گۆڕیوە.

درێژەی هەیە...

Bilderesultat for ‫عصر ویکتوریا‬‎

گەڕان بۆ بابەت