ما 1127 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

رەنگە بەشی هەرە زۆری ئەم رۆمانە دوورە لەو شتەی ئەمڕۆکە ئێمە بە رۆمانەوە گرێی دەدەین، ئەم بەرهەمە گێڕانەوەیەکە باسی میتۆلۆژیا دەکا و بگرە وەک میتۆلۆژیا خۆی دەردەخا. بەڵام درێژایی ئەم رۆمانە، بابەتە خەیاڵییەکانی و فۆڕمی پەخشانییەکەی لە سەردەمی دووای خۆی دەچێ کە پێێ دەگوترێ رۆمان.

 

کاتێک یۆجینایدس لە رێگای کاراکتێرە خەیاڵیەکانییەوە بەشێوەی دوولایەنە پلۆتی هاوسەریەتی و رۆمان پێکەوە دەبەستێتەوە خاڵێکی پێداگۆژی و پێوەندیدار بە هونەری قسە (رێتۆریک) دێنێتەئاراوە. گەڵیک نموونەی رۆمان هەن، هەروەها لە سەدەی نۆزدەدا، کە تێیاندا هاوسەریەتی زیاتر لەوەی پیشوازی لێبکرێ لایەنە کێشەدارەکانی بەرجەستەدەکرێنەوە. کاتێک سەیری رۆمانەکانی وڵاتی خۆمان دەکەین رۆمانی 'کچەکانی ئامتماندێنس' نموونەیەکی چاکە سەبارەت بە هاوسەریەتییەک ئاکامەکەی داڕمانە: هەموو رۆمانەکە بەشوێنداچوونی کێشەی نێوان خۆشەویستی و هاوسەریەتییە و رەخنەیە لە هاوسەریەتی ئەقڵانی، واتە ئەو هاوسەریەتییەی وا دایک و باوکەکان رێکی دەخەن. رۆمانەکانی هاوسەریەتیی 'ئامالیە سکرامس'یش، کە زیاترلە نەریتی فەڕەنسی نزیکن تا نەریتی ئینگلیزی، دەتوانین بڵێین خاوەن روانگەیەکی نائۆمیدانەن سەبارەت بەو ژنانەی خاوەن ئەزموونی جنسی نین و خۆیان لە هاوسەریەتیدا دەبیننەوە. خۆشەویستی و هاوسەریەتی بابەتی گرینگی پلۆتن لە رۆمانی سەدەی نۆزدەدا و ئێمە ناتوانین بەرامبەر ئەم راستیە راوەستین، رۆمانەکانی یوجینایدس بیرهێنەرەوەی ئەم حەقیقەتەن.

وەک رۆناڵد بارت دەڵی رۆمان هەروەها لەسەر خۆشەویستی بەڕێوەبەرایەتی زانیاری دەکا، ئەنالیزەی دەکا و گوتەی ئەشق، واتە زمان یان گوتاری ئەشق دەکا بە وتار. سەرکەوتن و شکستی خۆشەویستی ـ رەنگە زیاتر شکستەکەی ـ بوون یان نەبوونی رۆمانە. هەستی ئازار، ژانی ئەو چەقۆیەی دڵ دەبڕێ و دەکرێ هۆکارەکەی حەسوودی بێت، تەنیایی، یاخود کاتێک خۆشەویستەکەمان دەمرێ یان ئاشقی کەسێکی تر دەبێ، بەگشتی هەموو ئەو شتانەی ئێمە لە ژیانی خۆماندا دەیانناسینەوە، لە ئەدەبدا دەیانبینینەوە: لە شیعری 'ساپفو'دا، لە دراماکانی شکسپیر و راسین دا، یاخود لە رۆماندا وەک گێڕانەوەی ژیانی دونیایی. هەموو رۆمانەکان خاوەن پلۆتی خۆشەویستی نین، بەڵام لە رۆمانەکاندا خۆشەویستی و ئەشق و حەز هەن، خۆشەویستییەک کە گەلێک ناوی جۆراوجۆری هەیە و تایبەتمەندییەکی گرینگی پێکهێنەری ئەم ژانرەیە. ئەم تایبەتمەندییە هەروەها ئەو رۆمانانە دەگرێتەوە من لەوەپێش وەک پێش رۆمان ئاماژەم پێدان. هەم لە رۆمانی سوارە شەڕکەرەکاندا و هەم لە رۆمانسدا کە لەم سەردەمەدا لەمێژە فەرامۆش کراون، وە لە رۆمانی یۆنانیدا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو راستیەی ئەمڕۆکە ئێمە تەنیا پێنج دانەیان لێ دەناسین. عەشق و حەز و خۆشەویستیش لە ناو ئەواندا هەیە.

با لێرەدا 'دافنیس و خلوە' بە نموونە بێنینەوە. ئەم بەرهەمە گێڕانەوەیەکی پەخشان ئامێزە لەلایەن 'لۆنگۆس'ێکی تایبەت لە ساڵەکانی نێوان ١٥٠ تا ٢٥٠ دووای زایین، بەو تایبەتمەندییانەوە وا دەیبەستێتەوە بە شیعری شوانی و کۆمێدیا. بەسەرهاتەکە لە دووڕگەی 'لێسبوس' روودەدا لە ناوچەیەکی گوندی. دافنیس و خلوە وەک دوو شوانی جوان و گەنج ـ ئەمڕۆکە ئێمە ئیتر وەها ناویان لێنانەین ـ هەست و تایبەتمەندییەکانیان پلۆتەکە پێکدێنن. چیرۆکەکە لەسەر دوو منداڵە کە دەنێردرێن بۆ ناو دارستان، ئەوان بە خواردنی شیری مەڕ و بزن دەژین تا لەلایەن شوانە هەژارەکانەوە دەدۆزرێنەوە و لەکۆتاییدا دەگەنەوە دایک و باوکە راستەقینەکانی خۆیان. ئەوان ئاشقی یەکتر دەبن و لە دووای ماوەیەک دەگەڕێنەوە دۆخی جارانیان و لەگەڵ یەک زەماوەند دەکەن. بەشیکی زۆری کۆمێدیاکە لەوێدایە چلۆن ئەوان یەکتر ماچدەکەن و چلۆن تامەزرۆی یەکترن و نەوازشی یەکتردەکەن، بەڵام هاوکات نازانن چۆن بەردەوام بن بۆ ئەوەی یەکتر بگەیەننە ئەوپەڕی چێژ. ئەمە تەنیا ئەو کاتە روودەدات وا دەبن بە هاوسەری یەکتری.

رەنگە بەشی هەرە زۆری ئەم رۆمانە دوورە لەو شتەی ئەمڕۆکە ئێمە بە رۆمانەوە گرێی دەدەین، ئەم بەرهەمە گێڕانەوەیەکە باسی میتۆلۆژیا دەکا و بگرە وەک میتۆلۆژیا خۆی دەردەخا. بەڵام درێژایی ئەم رۆمانە، بابەتە خەیاڵییەکانی و فۆڕمی پەخشانییەکەی لە سەردەمی دووای خۆی دەچێ کە پێێ دەگوترێ رۆمان، هەروەها موتیڤی ئەشقی ئەم بەرهەمە لە زۆر بوارەوە سەرنجڕاکێشە. بەپێچەوانەی کاراکتێرە سادەکانی کە نیشاندەری ئەوەن روانگە میتۆلۆژییەکان بەسەر تاکدا زاڵن، فەزا هەیە بۆ فۆڕمێک لە گەشەی کەسایەتی لە پێوەندی لەگەڵ سێکسواڵیتیدا.

خلوە زووتر لە کوڕەکە دافنیس باڵغ دەبێ و ئاشکرایە ئەو لەچاو کوڕەکە زیاتر پاسیفە، بەهەرحاڵ ئەوە سەرەتا دافنیسە لەگەڵ رازە سێکسییەکان ئاشنادەبێ و ئەوە کچیەتی خلوەیە دەبێ هەتا هاوسەریەتی بپارێزرێ. سێکسواڵیتی گرێدەدرێ بە قەرارداد و کۆدە کۆمەڵایەتییەکانەوە وەها کە دەتوانین بڵێین کێشەی شاراوەی نێوان سروشت و کلتور ئاماژە بە روانگەیەکی کلتوری دەکا کە سروشت زاڵەبەسەریدا. هەروەها گرینگە ئاماژە بەوە بدەین کە ئەم ئاشقانە گەڕانەوە بەرەو سروشت هەڵدەبژێرن: "دەیانگوت ناتوانن بە ژیانی شار رابێن."٥٠

ئەم چیرۆکە پەخشان ئامێزە سەرەتاییە وەک گەلێک لە رۆمانەکانی پێشوو هەندێ پرسیار دەوروژێنێ: سێکسواڵیتە و هەست چییە، بەکورتی، خۆشەویستی چییە؟ ئەوەی لێرەدا بەجوانی نیشاندەدرێ ئەوەیە ئەم چیرۆکە لەزەمەنێکدا روودەدا  کەسەکانی ناو ئەم چیرۆکە لەژێر دەسەڵاتی خودادان واتە پێش ئەوەی رۆماننووسان دەست بکەن بە ناسینی دەرفەتەکانی تاک. لەم بەرهەمەدا 'لۆنگوس' ئەو ئیزنە دەدا ئێرۆس ببێ بە کەسایەتی سەرەکی. بەڵام هەروەها وادێتە بەرچاوخودی گێڕانەوە گرینگە بۆ تێگەیشتن لە ژیان. دافنیس و خلوە چلۆن دەست پێدەکەن؟ دیارە بە سەرەتایەکەوە تێیدا گێڕەرەوە "تابلۆیەک، چیرۆکێک لەسەر خۆشەویستی" دەدۆزێتەوە، کە لە فۆڕمی چوار کتێبدا دەنووسرێتەوە، دیارییەک بۆ خوداکان. "بەڵام ئەم چیرۆکە بەگشتی بۆ مرۆڤەکان خاوەن بایەخی تایبەتی خۆیەتی: نەخۆشەکان چاکدەکاتەوە و دڵنەوایی خەمبارەکان دەداتەوە. ئەوەی جارێک ئاشق بووبێت بیرەوەرییەکانی نوێ دەکاتەوە و، ئەوەیشی هێشتا ئاشق نەبووە لێرەدا لەگەڵی ئاشنادەبێ."٥١

درێژەی هەیە...

 Bilderesultat for eros

گەڕان بۆ بابەت