ما 2563 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

داخۆ خۆشەویستیی رۆمان لە پیش هەموو شتێکدا بەمانای خۆشەویستییەکی شکست خواردووە؟ دیارە نوواندنەوەی خۆشەویستی دەکرێ وەک خودی رۆمان جۆراوجۆر بێت، بەڵام ئەشقی ناکام بەردەوام لە ئەدەبدا لە پێش ئەوانی ترەوەیە و رۆمانێش خۆی لەمە جیاناکاتەوە. زۆر جار گوتراوە رۆمانی سەدەی نۆزدە بە هاوسەریەتی یان مەرگ کۆتایی دێ. تەنانەت لەو شوێنانەیشدا بە خۆشبەختی کۆتایی دێت، بابەتی رۆمان ئەو تاقیکاریانەیە وا لەپێش هاوسەرگیریدا روودەدەن و، بەڵام ئێمە یەکجار کەم لەدووای هاوسەرگیری لێیان ئاگاداردەبینەوە.

 

تێمای ئەشق

داخۆ بە بێ ئەشق رۆمان دەتوانێ هەبێ؟ جیهان پڕی رۆمانە، ئاساییە گەلێک رۆمان هەبن بەبێ ئەوەی من قەت ناویانم بیستبێ، بەڵام هیچ تێمایەک بەقەدەر ئەشق و خۆشەویستی بە رۆمانەوە گرێ نەدراوە. رۆمانی کۆن یان نوێ، نەریتی یاخود تاقیکاریانە، رۆژئاوایی یاخود غەیرەرۆژئاوایی هەر هەموویان وەک فۆڕم بە ئەشق و خۆشەویستییەوە گرێدراون. ئایدیای هەست وەک بنەمایەک بۆ ژیانی هاوبەش و هاوسەریەتی، بەشێوەی بنەڕەتی و زاڵ لە پەیوەندی لەگەڵ گەشەی تاک لە گەڵ فۆڕمی رۆمانی نوێ گەشەدەکا. تێمای ئەشق وەک ئایدیا و وەک زەینییەتێکی مێژوویی لە رۆماندا باسی دەکرێ. بەم شێوەیە ئەم دوو بەشە، واتە ئەشق و ئایدیا، دەگەنە یەک کە من لە سەرەتادا وەک روخساری گرینگی ژانری رۆمان پێناسەم کردن. رۆمانی ئاشقانە بەناچار ئایدیا و بیرەکان پێشکەش دەکا. داخۆ ئەمە بەپیچەوانەیشەوە راستە: واتە داخۆ رۆمانی ئایدیا بەناچارپێشکەشکەری ئەشقیشە؟

وەڵام ئەوەیە نەک بە شێوەیەکی حەتمی. گەر من دەمەوێ ئەو روانگەیە راگرم وا لە سەرەتادا سەبارەت بە رۆمان هەمبوو، ئەوەیکە رۆمان پێش لەهەر شتێکدا فۆڕمێکی دونیایی و مودێڕنە و چیرۆکی پەخشان ئامێزی 'دافنیس و خلوە'یش لە باشترین حاڵەتدا رۆمانێکی پێش رۆمانە، جا ئەو دەقەی لەڕاستیدا وەک دەستپێکی فۆڕمی رۆمانی مودێڕن راوەستاوە بریتی نیە لە رۆمانی خۆشەویستی.

    

لەبەر ئەوە 'رۆبینسۆن کروزە'ی دانیەل دیفۆس کە لە ساڵی ١٧١٩ هاتەدەرەوە لە مانایەکی ئێرۆتیکیدا باسی خۆشەویستی دەکا. بەپێچەوانەی 'پامێلا' کە رۆمانێکی خۆشەویستییە، کە من وەک ژانرێکی دەستپێک شوێنم بۆ دیاری کردووە، رۆبینسۆن کروزە رۆمانێکە کە لەسەر چیرۆکێکی راستەقینە راوەستاوە.  وە لە مشت و مڕی سەر ئەم ژانرە بەشێوەی سەرەکی پرسی فاکت لەبەرامبەر خەیاڵ دا راوەستاوە. رۆمانیش کاتێک بەڕاستی دەبێتە رۆمان کە خۆی لە دەست فاکت رزگارکردبێ و خۆی هاویشتبێتە ناو دونیای خەیاڵ و هەست. رەنگە لەبەر ئەمە بێت 'یان وات' باس لەوە دەکا رۆبینسۆن کروزە یەکەمین رۆمانی مودێڕنە و گۆمانێکی کەمی لەسەر ئەوە هەیە ئەمە بەڕاستی رۆمان نەبێ، ئەگەرچی بەشێوەیەکی کەم ئەم دەقە باس  لە هەست مرۆییەکان دەکا.

رۆبینسۆن لە کاتی تەنیاییەکانی خۆیدا ئارەزووی ژن ناکا، بەڵکو ئارەزووی پیاوێک دەکا قسەی لەگەڵ بکا، کاتێکیش سەرئەنجام دەگەڕێتەوە بۆ ئینگلیز، ژن دەهێنێ و دەبێتە خاوەنی سێ منداڵ، لە نیوەڕستەیەکدا تێدەگەین ژنەکەی دەمرێ و ئەو دیسان روودەکاتەوە سەفەرەکانی خۆی. هەست سەبارەت بە ژن لای ئەو شوێنێکی نیە، هەستەکان راگیراون بۆ بەسەرهاتەکانی ناو دووڕگەکە، ئەم هەستانە پێش لەهەموو شتێک گرێدراون بە 'جومعە' ئەو کۆیلەیەی وا لەوێ یارمەتیدەری بوو. لەم پێوەندییەدا تەنیا هۆمۆسێکسوالیتەیەکی شاراوە نیە لەودا خۆی حەشارداوە، ئەو شتەی وا 'میشل تورنیەر'ی فەڕەنسی لێی تێگەیشتووە و لە رۆمانەکەی خۆیدا بەناوی 'جومعە یان لەدایکبوونی دووبارە' (١٩٦٧) درێژەی دەدا، بەڵام هەروەها هاوڕێیەتییەکە شادییەکی زۆر دەبەخشێتە رۆبینسۆن. ئەمە پێوەندێکە بێگۆمان لەسەر مەرجەکانی رۆبینسۆن دامەزراوە، بەڵام وەک بڵێی وەسفی ئەم گەنجە جوان و زیرەکە، کە تەنیا خێراتر راناکا، بەڵکو لە کێشە ئایینییەکان باشتر لە رۆبینسۆن دەگا، خاوەن لایەنێکە کە لە کۆیلەبوونەکەی ئەو بۆ کۆلۆنیالیستێکی سپی پێستی وەک رۆبینسۆن تێدەپەڕێ. ناکرێ رۆبینسۆن کروزە وەک رۆمانی خۆشەویستی پێناسەبکەین، ئەم رۆمانە ئەگەرچی لە دووڕگەیەکی بەرەهووتدا روودەدات بەڵام باس لە پێوەندی خۆشەویستیی نێوان مرۆڤەکانیش دەکا.

هەموو رۆمانەکان باس لە ئەشق ناکەن، یاخود ئەشق باسی سەرەکی هەموویان نیە، بەڵام بە زەحمەت دەتوانین لە زەینی خۆماندا بە بێ باسکردن لە هەستەکان وێنای رۆمان بکەین. رەنگە هەر ئەمەیش بێت هۆکاری ئەوەی ئێمە بەدژواری بتوانین وێنای رۆمانێک بکەین تێیدا باسی مرۆڤ نەکرابێ. دیارە ئەمە پێوەندی بە درێژیشەوە هەیە. چیرۆکی کورت دەتوانێ لەسەر دۆخێک و مرۆڤێک یەکانگیر بێت، یاخود تەنانەت بە بێ مرۆڤیش، بەڵام رۆمان وەک گوترا لە ئاستێکی بەرینتردا خۆی بەڕووی مرۆڤەکان، هەستەکانیان و پێوەندیی نێوانیان دەکاتەوە. بۆیە دەمەوێ پێ لەسەر ئەوە دابگرم کە خۆشەویستی لە هەر فۆرمێکدا بۆ ئەم ژانرە یەکجار گرینگە.

با سەیرێکی تری ئاننا کارەنینا بکەینەوە: "من ئەوم خۆشدەویست و ئەویش منی خۆشدەویست؛ بەڵام دایکی دژی ئەمە بوو و بۆیە ئەو لەگەڵ کەسێکی تر هاوسەرگیری کرد. ئیستاکە شوێنی ژیانی زۆر لە ئێمە دوورنیە و بۆیە جاروبار بەتووشییەوە دەبم. داخۆ ئەوان باوەڕیان بەوە نەبوو منیش خاوەن رۆمانی خۆم بووم؟ ئەو ئەمەی گوت و لە روخساری جوانیدا ئەو تیشکە گەشایەوە 'کیتتی' کاتی خۆی هەستی کردبوو هەموو جەستەی رووناک کردبووەوە."٥٢ ئەوە 'ڤارێنکا'یە لەگەڵ 'کیتتی' کە لە خۆی گەنجترە قسەدەکا و، بە بێ روونکردنەوەی زیاتر باسی ئەشقی سەردەمی لاویەتی خۆی دەکا، ئەشقێک کە ئەو وەک رۆمان ناوی لێدەبا. رۆمانێک کە بۆ 'ڤارێنکا' خەیاڵی نیە، بەپێچەوانەوە باسی چیرۆکێکی راستەقینەیە، بەڵام لە چیرۆکی خەیاڵی دەچێ چونکە لە رەگەزی درامای ئەشقە کە لە رۆماندا هەیە. رستەی "من خاوەن رۆمانی خۆم بووم" بەو مانایە من خاوەن چیرۆکی خۆشەویستیی خۆم بووم کە سەرەڕای ئەوەی چەندە بۆ ئەو کەسەی هەستی پێدەکا تاکەکەسی بێت، تیپۆلۆژیکی و گشتیشە.

بەلێ خۆشەویستی، بەڵام چ جۆرە خۆشەویستییەک؟ باسی پلۆتی خۆشەویستیمان کرد، بەڵام ئەوەی وشەکانی ڤارێنکا "رۆمانی من" ئاماژەی پێدەدا خۆشەویستییەکە بەمانای سۆز، ئێرۆتیک و هەست، نەک هاوسەریەتی. لە ئاننا کارەنینادا ئەشقی یەکەم بەسەر ئەشقی دووهەمدا زاڵدەبێ، ئەگەرچی کیتتی بەپێچەوانەی ئاننا بەهۆی گەیشتن بە خۆشەویستەکەی و هاوسەرگیری و پێکهێنانی بنەماڵە خۆشبەخت دەبێ. داخۆ خۆشەویستیی رۆمان لە پیش هەموو شتێکدا بەمانای خۆشەویستییەکی شکست خواردووە؟ دیارە نوواندنەوەی خۆشەویستی دەکرێ وەک خودی رۆمان جۆراوجۆر بێت، بەڵام ئەشقی ناکام بەردەوام لە ئەدەبدا لە پێش ئەوانی ترەوەیە و رۆمانێش خۆی لەمە جیاناکاتەوە. زۆر جار گوتراوە رۆمانی سەدەی نۆزدە بە هاوسەریەتی یان مەرگ کۆتایی دێ. تەنانەت لەو شوێنانەیشدا بە خۆشبەختی کۆتایی دێت، بابەتی رۆمان ئەو تاقیکاریانەیە وا لەپێش هاوسەرگیریدا روودەدەن و، بەڵام ئێمە یەکجار کەم لەدووای هاوسەرگیری لێیان ئاگاداردەبینەوە.

درێژەی هەیە...

Bilderesultater for love art"

گەڕان بۆ بابەت