ما 2934 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

داخۆ رۆمانی ئاشقانە سەردەمی نەماوە؟ رۆمانی ئەمڕۆکە بەردەوام باسی خود و پێوەندیی ئەم خودە لەگەڵ کەس یان کەسانی تردەکا،... رۆمان زۆر بەکەمی خۆ لە هاوسەریەتی دەبوێرێ، بەڵام زەحمەت نیە ئەو نموونانە پەیدابکەین تێێدا خۆشەویستی ـ جا چ سەرکەوی و چ سەرنەکەوێ ـ تێمایەکی گشتییە. گەر رۆمانی ئەمڕۆی نۆروێژی وەک نموونە بهێنینەوە خۆشەویستیی نێوان منداڵ و دایک و باوکان وەک خۆشەویستی نێوان ژن و پیاو ناوچەیەکی پڕکێشەیە.

 

چیرۆکی رۆمان تەنانەت ئەگەر لەسەر بابەتێکی ئیستایش بێت دیسان لە شێوەی رابردوودایە. رۆمان چیرۆکی خۆی بەو شێوەیەی هەبووە دەگێڕێتەوە، بگرە کاتێکیش لە ئیستادا روودەدات. چیرۆک لە کاتدا لەدووای ئەزموونکردنی دێت. بۆیە رەنگدانەوەی شتە باش و خراپەکانن، ئەو شتانەی هەر کامەیان بە شێوەیەک سەرچاوەی هەست و تامەزرۆییە بەهێزەکانی ئێمەن. بەڵام تامەزرۆیی بۆ خۆپێگەیاندن (بەحەقیقەتکردنی خۆ) دەتوانێ لەخودی تامەزرۆیی بۆ بەحەقیقەتکردنی خەونی ئەشق بەهێزتربێت؛ دیارە هەڵدەکەوێ ئەم دوو هێزە لەبەرامبەر یەکتریشدا رادەوەستن. بەتایبەت بەڕوونی ئەمە لای نووسەرە ژنەکان دەبینین کە پیشانی دەدەن چلۆن ئاشقبوون، منداڵ و هەروەها هاوسەریەتی دەبنە لەمپەرێک لەسەر رێگای ئەو شتەی مرۆڤ دەیەوێ ببێ.

سێ رۆمانی 'ئالبێرتە' (٣٩ ـ ١٩٢٦) لە نووسینی 'کورا ساندێل' رێک ئەمە پیشان دەدەن. ئەم سێ رۆمانە بەجۆرێک پۆرترەی هونەرمەندەکە وەک ژنێکی گەنج پیشاندەدەن. ئێمە ئالبێرتە دەبینین لە شارێکی بچووکەوە لە باکووری نۆروێژ تا ژیانی تاراوگە و هونەرمەندانە لە پاریس لە ساڵەکانی پێش و پاشی شەڕی یەکەمی جیهانی، دوواتر تا گەڕانەوەی بۆ نۆروێژ کە لە بەرگی سێهەمی ئەم رۆمانەدا ئەو ئامادەیە بۆ جێهێشتنی بنەماڵەکەی بۆ ئەوەی ببێتە نووسەر. لێرەدا دیسان بەتووش پێوەندی ئاشقانەوە دەبین کە ئەو و ژیان و ئەزموونەکانی شکڵ دەدەن، بەڵام دیاردەیەکی گرینگتر ئەوەیە چلۆن ساندێل پێویستیی دابڕان لە ئەشق پیشاندەدا واتە ئەو شتەی وا لە یەکەم قۆناغدا دەربڕی ئازادی و دەرفەتە تازەکانە بۆ ئەوەی ببێتە هونەرمەند. ئەشق و هونەر دووانەی پڕ لە کێشەن بۆ ژنێکی گەنج لەسەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا، ساندێل تێدەگا هەست، هەرچەندە بەهێز و بەڕواڵەت کتوپڕی بێت، گیرۆدەی پێوانە کۆمەڵایەتییەکانن و بۆ ژنان زیاتر لە پیاوان سنووردادەنێن. گەر بمانەوێ مەرجێکی ژانری بۆ ئەم رۆمانە دیاری بکەین، ئەوا بریتی نەدەبوو لە رۆمانی ئاشقانە بەڵکو بریتی دەبوو لە رۆمانی هونەرمەند. ئەم سێ رۆمانە هەر بەو ئەندازە کەمەی شوێن  بۆ وەسفی ئەشق تەرخاندەکا هەر بەهەمان ئەندازەیش بۆ هونەر.

داخۆ رۆمانی ئاشقانە سەردەمی نەماوە؟ رۆمانی ئەمڕۆکە بەردەوام باسی خود و پێوەندیی ئەم خودە لەگەڵ کەس یان کەسانی تردەکا، وەک چۆن ساندێل باسی لێدەکا. رۆمان زۆر بەکەمی خۆ لە هاوسەریەتی دەبوێرێ، بەڵام زەحمەت نیە ئەو نموونانە پەیدابکەین تێێدا خۆشەویستی ـ جا چ سەرکەوی و چ سەرنەکەوێ ـ تێمایەکی گشتییە. گەر رۆمانی ئەمڕۆی نۆروێژی وەک نموونە بهێنینەوە خۆشەویستیی نێوان منداڵ و دایک و باوکان وەک خۆشەویستی نێوان ژن و پیاو ناوچەیەکی پڕکێشەیە. حەزی پێوەندی، حەزی هاوسەریەتی، حەزی "شوناس" ـ ئەمە وشەیەکە بە هەمان رادەی روونییەکەی ناڕوونە ـ بەرجەستەترن لە چیرۆکە باوەکانی خۆشەویستی.  رستەگەلی وەک لە من بڕوانە، لەگەڵ من بدوێ و حەزم لێبکە لەنێوان زۆربەی رۆمانە مودێڕنەکاندا هاوبەشن، بەڵام ئەشقی ئێرۆتیکی تەنیا وەک بەشێک لەم هاوبەشییە و ئەویش نەک لە شێوازی چیرۆکی سەرەکی خۆی دەنوێنێ. ئەمە بەو مانایەیە ئەشق جیهانی رۆمانی جێ نەهێشتووە. بگرە لە هەموو ئەو رۆمانانەیدا وا تاقیکاری زمانیان تیا ئەنجامدەدرێ و کەمتر خاوەنی پلۆتن، وەک رۆمانەکانی 'ئولە رۆبێرت سونە' ـ ئەشق و چیرۆکی بنەماڵە بەردەوام هەن. بەهەرحاڵ: لەکاتێکدا ئاننا کارەنینا، ئێما بوڤاری و کۆنستانس رینگ بەهۆی ئەشقەوە مردن، یان بە هۆی نەبوونی ئەشقەوە، ئەشقێک کە رووخێنەر، نەرێنی و بەدەر لە تەحەمول بوو، ئەمڕۆکە یەکجار کەمتر باوە. بەڵام داخۆ مرۆڤ ئەمڕۆکە بەهۆی ئەشقەوە نامرێ، یاخود؟

یەکێک لەو کەسە کەمانەی لە پانتایی ئەدەبی نۆروێژی رۆمانی خۆشەویستی دەنووسێ (ئەو دەستەواژەیەی من بە بێ کەمترین گومان بەکاری دەبەم) 'یان شەشتاد'ە. رۆمانی 'نیشانەکانی ئەشق' (٢٠٠٢)، دەتوانێ وشەی کلیدی نووسەریەتی ئەو بێت. لای ئەم نووسەرە باوەڕ و حەز بۆ "خۆشەویستیی مەزن" لایەنی سەرەکییە؛ لە رۆمانەکانی ئەودا مرۆڤ بەردەوام دەتوانێ بەهۆی ئەشقەوە شێت بێ، نەخۆش بکەوێ، یاخود بمرێ. لۆژیکی دێتە بەرچاو لە چارەنووسی 'مارگێرێتە' لە سێ رۆمانەکەی 'وەرگەلاند'یش (٩٩ ـ ١٩٩٣) وەک نوسخەیەکی پۆستمودێڕن لە ژنێک بڕوانین کە لەبەر ئەوەی وەک خۆی نابینرێ و حەزی لێناکرێ، دەفەوتێ؛ ئەگەرچی تەنیا یەک روونکردنەوەیە هەیە لە هەموو ئەو چیرۆک و بەسەرهاتانەی وا ئەم سێ رۆمانە پێکدێنن.

لای نووسەرێکی وەک 'ڤیگدیس یورت' کە لەسەر خۆشەویستی دەنووسێ "خۆشەویستیی گەورە" وەک ئایدیا کەمتر لە کردە جێگای مشت و مڕە. حەزلێکردوویی و خۆشەویستی بەشێک لەو پێوەندییە ئاڵۆزانەن وا بە هەمان شێوە لە باوەڕ بە ئەشقی "گەورە" نزیک نابنەوە ـ دیارە لە مانای بەختەوەریی ئەشقی دوولایەنەدا. ئەمە بەو مانایە نیە لە بایەخی ئەشق کەم دەبێتەوە. ئەزموونکردنی ئەشق و توانای حەزلێکردن، وەک بایەخێکی بێ وێنە چاوی لێدەکرێ؛ بەڵام یورت لە زۆربەی رۆمانەکانیدا باس لە ئەشقێک دەکا وا زیاتر لەگەڵ شەرم هاوڕێیە تا شادی. لە رۆمانی 'قسە لەگەڵ من بکە" (٢٠١٠) ئەوە ئەم خاڵە پڕ لە ئازارەیە باسی سەرەکییە. کەسی سەرەکیی چیرۆکی خۆشەویستییەکە، کە لە وڵاتی کوباوە دەست پێدەکا و لە نۆروێژ کۆتایی دێ، خاوەن حەز و ئەشقێکە کە دەگاتە هاوسەریەتییەکی پڕ ژان و هەروەها کورت مەودا، ئەشقێک کە بەشێوەی جیانەکراوە گرێدەدرێ بە پێوەندێکی ئاشقانەی ترەوە کە ئەوەندەی تر پڕهەست و نابەختەوەرانەیە، واتە ئەو هەستەی وا لە نێوان کەسی سەرەکیی رۆمانەکە و کوڕەکەی ئەودا هەیە. لە لایەکی ترەوە دەبینین ناتوانین تەنیا لە رێگای روانگەی پریڤات و تاکەکەسییەوە لە پێوەندی خۆشەویستی بگەین؛ لەم رۆمانەدا ئەشق بە سیاسەتیشەوە گرێدراوە کە ئەمە لە رۆمانە ئاشقانەکانی تری سەر بە ئەدەبی  نۆروێژ و سکاندیناڤیا جیای دەکاتەوە.

هەنووکە هەر چیرۆکێکی خۆشەویستی بەشێوەی سروشتی بەشێوازێک لە شیوازەکان بەشێک لە بەستێنی کۆمەڵایەتییە ـ مەرگی ئاننا لانیکەم بۆ ئەوەیش دەگەڕێتەوە کە پێوەندی ئەو لەگەڵ ڤرۆنشیج لەباری کۆمەڵایەتییەوە نەگونجاوە، مەرگی مارگرێتە دەبێتە سەرچاوەی گەلێک سەرنج سەبارەت بەوەی چلۆن و بۆچی مرۆڤ دەبێتە ئەوەی وا هەیە ـ بەڵام بەهەرحاڵ ئەمە لە رۆمانی 'قسە لەگەڵ من بکە' جیاوازە. لە دەقێکدا کە ئەشق تەنیا کۆمەلایەتی نابێتەوە، بەڵکو سیاسیش دەبێتەوە: ئەمە راستەوخۆ پێوەندی بەو چوارچێوانەوە هەیە وا لە سەرووی تاک و بنەماڵەوە چێکراون، بگرە لە سەرووی نەتەوەیشەوە. هەستەکان لە دیالۆگی بەردەوامدان لەگەڵ حەقیقەتە سیاسی و مێژووییە گەورەترەکان، لەو ئاستەدا کە مرۆ دەتوانێ بڵێ سیاسەت لە ئاستێکدا جێگای "رۆمان"ی گرتووەتەوە. رۆمانی "من" لە لای یورت جێگای رۆمانی "ئێمە"ی گرتووەتەوە ـ ئانترۆپۆلۆگیی هەستیانە و کۆمەڵایەتی گرێدراوە بە سیاسەت و کۆوە.

درێژەی هەیە...

Bilderesultat for cora sandel

گەڕان بۆ بابەت