ما 5339 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

ژینگە  setting بریتییە لە شوێن و کاتی روودانی رووداو. هەندێکیان لەوانی تر ئاساییترن، بۆ وێنە رێگا ژینگەیەکی گرینگە؛ تیۆریسیەنێکی گرینگی وەک باختین ناوی لێدەنێ 'کرونوتۆپ' (کرونوس بە مانای کات و توپوس بەمانای شوێن). لە زۆر رۆماندا قارەمان خۆی لەسەر رێگادا دەبینێتەوە، لە سەفەر و لە رێگادا.

 

پاژی ٣

جیهانی رۆمان، رۆمان لە جیهان

 

بەیانییەکی یەکشەممە 'جۆزێف ک' لە کتێبی 'رەوت'ی فرانس کافکادا لەسەر رێگایە بەرەو کۆبوونەوەیەکی دادگا. لەبەر ئەوەی درەنگ کەوتووە رادەکا، ئەگەرچی نازانێ کەی قەرارە کۆبوونەوەکە دەست پێبکا. ئەو هەروەها بۆ دۆزینەوەی خانووەکە کێشەی هەیە: "شەقامی 'ژۆلیوس'ە و لێرە 'ک' خۆی دەبینێتەوە. ماوەیەک بە بێ ئەوەی بجووڵێ رادەوەستێ، بە هەر دوو دەستدا ئەو ریزە خانوانەن وا تەنانەت لە بەرزیشیدا لەیەک دەچن، ئەو خانوانەی خەڵکی هەژاریان تیادەژی."٥٥ شارەکە 'پراگ'ە و شەقامەکە لێرەدا بەجوانی وەسف کراوە، بەڵام هەموو ئەوانەی کافکایان خوێندووەتەوە دەزانن ئەو جیهانەی لەبەر چاوی خوێنەردا دەردەکەوێ بەهەمان رادە بە دەروونی 'ک'وە بەستراوەتەوە وا بەو شارەوە ئەوی تێدا ژیاوە. حاڵەتی زەینی و شوێن بەشێوەی لێکدانەبڕاو دەردەکەون، جا چ درگاکان بێت، چ دەروازەکان و پلیکانەکان، چ تیاتر و دادگا و ئیدارەکان.

رۆمان بە شێوەیەک لە شێوەکان لە زەمەن و شوێندایە، رۆمان لە شوێنە تایبەتەکان کەڵک وەردەگرێ و خۆی لە بەستێنە جۆگرافی و مێژووییەکاندا دەبینێتەوە، تەنانەت ئەو کاتانەیش وا ناڕوون و خەوناوی دەنوێنێ. شوێن لە رۆماندا لەلایەکەوە بەشێوەی جیانەکراوە گرێدراوە بەوەی وا من ناوم لێناوە هێزی ژیانی ئانترۆپۆلۆژی و کردەیش لە یەک یا چەند شوێن خۆی پیشان دەدا. لە لایەکی ترەوە دەکرێ لە فۆڕمی رۆمان تێبگەین لە رێگای ئەوەوە چلۆن شوێن دەخوڵقێنێ. دیارە دەبێ لێرەدا دیسان نموونە بهێنینەوە، بۆ ئەوەی لەوە بگەین رۆمان چی دەتوانێ بکا و چییە، یان باشتر بلێین دەتوانێ چی بێ.

 

شوێن و ژینگە

ژینگە  settingبریتییە لە شوێن و کاتی روودانی رووداو. هەندێکیان لەوانی تر ئاساییترن، بۆ وێنە رێگا ژینگەیەکی گرینگە؛ تیۆریسیەنێکی گرینگی وەک باختین ناوی لێدەنێ 'کرونوتۆپ' (کرونوس بە مانای کات و توپوس بەمانای شوێن). لە زۆر رۆماندا قارەمان خۆی لەسەر رێگادا دەبینێتەوە، لە سەفەر و لە رێگادا. رێگا و رۆیشتن وێنەیەکی گونجاوە بۆ رابردوو و (بەتایبەت) بۆ داهاتوو، رێگا ئاماژەیە بەو شتەی بەڵێنە رووبدات، یاخود ئاماژەیە بەو خەونەی لەسەر شتەکە هەمانە، بەڵام وەها نیە هەمیشەیش بگاتە ئامانج. وەها نیە رێگا وەسف کرابێت، رێگا ناتوانێ وەک هەڵگری چیرۆکەکەیش دەرکەوێ، واتە وەک ئەو شتەی وا کردە و هێزی بەرەوپیشچوون شکڵ پێدەدا. رێگا بەو شێوەیەیە وا لە دۆن کیشۆتی سێرڤانتسدا دەردەکەوێ، بەو شێوەیەی لە جۆزێف ئاندرۆسی فیلدینگدا هەیە کە تا رادەیەکی زۆر لاساییکردنەوەی دۆن کیشۆتە و هەر بەم شێوەیەیشە لە ژاکی فاتالیست و ئاغاکەی 'دێنیس دیدەرۆت'دا (١٧٧٣) دیسان خۆی نیشاندەدات. کاتێک دەگەینە رۆمانی سەدەی نۆزدە دەبینین رێگا هەم راستیە و هەم دیاردەیەکی دەروونی: ماڵەوە ـ دەرەوە ـ ماڵەوە نەقشەکەیە؛ قارەمان دادەبڕێ، وەڕێدەکەوێ و وەک مرۆڤێکی باشتر بەرەو ماڵەوە دەگەڕێتەوە. ئەی ئەمڕۆکە ئەمە چۆنە؟ دەبێ بڵێین باوەڕی خۆش بینانە سەبارەت بە پیشکەوتن و خوڵقاندن چیدی نەماوە ـ ئەمە لە سەدەی نۆزدەدا ونبوو ـ وە رێگا چیدی وەک ژینگە زاڵ نیە، بەڵام سەفەر و جووڵە بەردەوام بەشێکی جیانەکراوەیە لە رۆمان. رۆمانەکانی 'یورت' و 'شەشتاد' کە من لە پاژی پێشوودا وەک نموونەی تێمای ئەشق باسم لێکردن لەهەمان کاتدا وێنای پێوەندی رۆمان بە ئەدەبی سەفەرەوە دەکەن.

 

رێگا لەگەڵ سەفەر پێوەندی هەیە و ئێمە موسافیر لەهەموو ژانرەکاندا دەدۆزینەوە؛ ئۆدیسە نموونەیەکی سەرەتاییە لە سەر موسافیر  و زۆربەی موسافیرەکانی رۆمان میراتگری مودێڕنی ئۆدیسەن. ئۆدیسە بیرهێنەرەوەیەکی چاکە لەسەر ئەوەی هەموو موسافیرەکان رێگا خاکییەکان ناگرنەبەر؛ دەریاچە و دەریا جۆرێکی تری شوێنی خەیاڵین، لەم مانایەدا ئێمە ژانرێکی خۆمان پەیداکردووە ـ رۆمانی دەریایی ـ کە لەسەردەمی ئێمەدا سەرنجی گەلێک لە لێکۆڵەرانی ئەدەبی بەرەوخۆی راکیشاوە. ئەوەندە بەسە ئاماژە بە نموونە جۆراوجۆرەکانی وەک رۆبینسۆن کروزوە، 'مۆبی دیک'ی 'مێلڤیللە'، پیرەمێرد و دەریای همینگوای و یاخود 'قرشەکان'ی 'بیورنەبووە' بدەین بۆ ئەوەی لە بۆچیەتی ئەم پرسە بگەین. دەریا شوێنێکی ئەفسانەییە کە دەتوانرێ رووداوی چاوەڕواننەکراوی تیارووبدات، دیارە سەرنجڕاکیش و ترسناکیش لەهەمان کاتدا. رۆبینسۆن کروزوە بەمەبەستی دەربازبوون لە ژیانی خراپی لە بریتانیا روو لەدەریا دەکا، بەڵام ئەگەرچی ژینگەی گرینگ لەم رۆمانەدا دووڕگەیەکی دوورە لە ئۆقیانووسی ئەتڵەس، دەبینین دەریا تەنیا شوێنێکی ئەفسانەیی نیە بەڵکو هەروەها شوێنێکیشە بۆ کار و کردە و لەنزیکەوە گرێدراو بەو کاپیتالیزمەی وا دەستی پێکردبوو.

لەلایەکی ترەوە ئێمە خاوەن شارین. رۆمانی مودێڕن هاوتەریب لەگەڵ شارەگەورەکان گەشەدەکا و لە گەلێک رۆمانی سەدەی نۆزدەدا شارەکانی پاریس، لەندەن، بەرلین یاخود ئۆسلۆ دەبنە ژینگە و ناکرێ بە بێ زانیاری لەسەر ئەم شارانە لەم رۆمانانە بگەین. "لەندەنی دیکێنز" بوو بە دەستەواژەیەک؛ کافکا گرێدەدرێتەوە بە پراگ و هامسۆن بە هۆی رۆمانەکەیەوە 'برسیەتی' بە ئۆسلۆوە (جاران ناوی ئۆسلۆ 'کریستیانیا' بوو). لە "رۆمانی مونتاژی" ئاڵفرێد دوبلین بەناوی 'بەرلین ئەلکساندەرپلاتز' (١٩٢٩)، کە تێیدا تیکەی جۆراوجۆر بە بێ هیچ چەشنە پێوەندێکی خەتی لەپاڵ یەکتردا چنراون "بەرلین، سەنتەرەکەی و بەشی رۆژهەڵاتی" زیاترن لە تەنیا چوارچێوەیەک بۆ کردە و بۆ کەسایەتییەکان؛ لێرەدا خودی شارەکە بەقەدەر خودی 'فرانز بیبەرکۆف'ی دژەقارەمان کەسایەتی سەرەکییە. لە رۆمانی Far Goriot باڵزاک، ساڵی ١٨٣٤، ئەم پرسیارە سەبارەت بە رووداوە دراماتیکەکانی رۆمان دەکرێ و باس لەوە دەکرێ بە بێ ناسینی شاری پاریس لێ تیگەیشتنی مەحاڵە: "بەڵام بەبێ پاریس داخۆ دەتوانین لێی تێبگەین؟ بێگومان نا. دەقەکە وەها تێکەڵ بە لوکاڵە و وەها بینینی ورد وسەیروسەمەرەی تیایە کە بۆ وێنە تەواو گرێدراوە بە تەپۆڵکەی 'مۆنتمارترە' و بەرزایی 'مۆنتمارترە'وە و لێی جیانابێتەوە، لەم دۆڵە بەناوبانگە بە بینا رووخاو و جۆگەلە رەش و پیسەکانییەوە، دۆڵێک کە ژانەکەی راستەقینەیە و خۆشییەکەی درۆیینە وەها ترسناکە کە دەبێ کارێکی زاڵمانە ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی لەیادەوەریی دانیشتووانیدا هەتاهەتایە بمێنێتەوە."٥٦

ساڵی ١٨١٩ و چیرۆکەکە لە پانسیۆنێکی خەمگیندا روودەدا، پانسیۆنی ڤاکور ـ "پانسیۆنێک بۆ ژنان و پیاوان و بۆ خەڵکانی تریش، کە دەگوترێ گرانە ـ وە جیهانی مودێڕن. ئەوەی تایبەتمەندیی میتۆدی باڵزاکە ئەوەیە ئەم نووسەرە پۆرترەی دووانە لە کەسەکان و شوێنەکان دروستدەکا. ژنە خزمەتکارەی پانسیۆنەکە کە ئەوەندە لەوێ ماوەتەوە دەگوترێ بووەتە دەربڕێک بۆ پانسیۆنەکە هەر بەو شێوەیەی پانسیۆنەکەیش هەستێک لە ئەو پێشکەشی خەڵکی دەکات. لە کۆتایی بەناوبانگی رۆمانەکەیش 'راستیگناج'ی تازەدەوڵەمەندی گەنجە کە لە بەرزاییەکی رووەو پاریس راوەستاوە و شارەکە بۆ دوێل لەگەڵ خۆی بانگ دەکا، وەک بڵێی پاریس مرۆڤێکە لە خوێن و لە گۆشت: "ئێستا ئیتر کاتی ئەوەیە کێشەکە ساخ کەینەوە!"

هەستی شوێن، تاسەکردنی و خۆبەهیزانینی هەندێ شوێنی تایبەت لە زۆر رۆماندا بەهێزن. باڵزاک ناوچەی نێوان مۆنتمارترە و مۆنتروژە ناودەنێ داڵ، ئەمە لەگەڵ خۆی بیری ژینگەیەکمان دەخاتەوە کە رەنگە بەتایبەتی گرێدەدرێ بە شیعرەوە، ئەمە تایبەتمەندیی هەندێ رۆمانیشە کاتێک باس لە سروشت و لە دیمەن دەکەن. لە ئەدەبی هاوچەرخی نۆروێژیدا 'پێر پێتەشۆن' نموونەیەکی چاکە سەبارەت بە نووسەرێکی رۆمان کە یاریی نێوان مرۆڤ و شوێن دەداتە بەر لێکۆڵینەوەوەو نیشانیدەدا چلۆن ئەو شوێنەی مرۆڤی تیا گەورەدەبێ لە جەستەیدا دەنیشێ، جا چ دارستان بێت لە ناوەندی 'ئۆستلاندە'، کەنارەکانی رۆژئاوای دانمارک بێت یاخود گەڕەکەکانی قەراخ شار.

گەر بۆ مێژووی ئەدەبی نۆروێژی بگەڕێینەوە سیانەی ساندێلس ئالبێرتە شاهیدی دەدەن لەسەر پێوەندێکی تۆکمە لەنێوان هەست و ژینگەدا. لە بەرگی دووهەمدا 'ئالبێرتە و ئازادی' (١٩٣١)، کاراکتێری سەرەکی ئالبێرتە خۆی لە پاریس دەبینێتەوە و ئەزموون و بیرەکانی خەسلەتی تۆپۆگرافی وردەگرن. بەڵام جیاوازیی نێوان ئەم شارە و دیمەنەکانی باکووری نۆروێژ کە لە رێگای یادەوەری و بیرەکانەوە دەردەکەون بەڕوونی خۆیان نیشان نادەن. مرۆڤ بەهۆی شوێنەوە دەگۆڕدرێ: دایکم لە ژووری دانیشتنەکە بەسەر پیانۆکەدا نەوییەوە، باوکم لە شارەبچووکەکە لە پیاسەبوو، ئاڵبێرتە بەسەر قۆریی قاوەکەوە لە ئاشپەزخانە لەرزی. کاتێک ئاڵبێرتە بیر لەخۆی دەکاتەوە، کاتێک بیر لەوە دەکاتەوە کێیە و خەریکی چییە، زۆرجار ئەمە گرێدەدرێتەوە بە کوێ: "گۆڕی ناو یادەوەرییەکان لە دیمەنێکی لەت و پەتدا راکشاوە. تێیدا سێبەرێک دەجووڵێ، خێرا لەو لاوە و لەم لاوە دەردەکەوێ، رواڵەتێکی ساکار کە دەڕوا و شیعردەڵێ."٥٧ لە نموونەی ئاڵبێرتەدا ئەوە پیاسەی ناو جادەیە شوێنەکان پێکەوە گرێدەدا و بیر و یادەوەرییەکان دەوروژێنێ. ئەو کاتێک دەڕوا هەست بەشار دەکات، بەڵام کاتێک پیاسەی ناو جادەی شاری گەورە وەسف دەکرێ زیاتر بە پیاسەکان و خلیسکێنی سەردەمی منداڵییەوە گرێدەدرێن: "جادەی شاری گەورە، ئەو شوێنەی لە زستاندا بەهۆی هەڵخستنەوەوە گەرم دادێی. کاتێک قسە لەسەر ئەمەیە ئاڵبێرتە خاوەن لاوازییەکی سەیرە."٥٨ لە رێگای فرمانی هەڵخستنەوەوە دەبینین چلۆن دیمەنی سەردەمی منداڵی لەگەڵایە بۆ ئەزموونکردنی ژیانی گەورەساڵی لە شاری گەورەدا.

درێژەی هەیە...

Bilderesultat for ‫خاطرە نقاشی‬‎

گەڕان بۆ بابەت