ما 8123 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

جیاوازییەکە لەوەدایە شار لای وۆڵف لە رێگای وشیاریی کەسایەتییە جۆراوجۆرەکانەوە خۆی دەردەخا، شار لەجیاتی "گێڕانەوە" بە شێوەی پچڕپچڕ لە شێوازی رەنگ، دەنگ و وێنەا خۆی دەردەخا. جگە لەمە رۆمانەکە هێڵی خەت ئاسای رووداوەکان دەشکێنێ و فەزای کاراکتێرەکان بە شێوەیەک پێکەوە دەبەستێتەوە کە بیری فیلمەکانمان دەخاتەوە. لەجیاتی وەسفی ئەو شتەی روودەدات، وۆڵف کەسەکان و رووداوەکان لە رێگای شتە دەرەکییەکانەوە پێکەوە دەبەستێتەوە.

 

بێگومان لەنگەرخستن لە سەر سروشت دیاردەیەک نیە رۆمانی نۆروێژی تێیدا تەنیا بێت. من لەوە پێش رستەیەکم لە 'جەین ئەیر' هێنایەوە: "ئەو رۆژە هیچ دەرفەتێک بۆ پیاسەنەبوو." ئەمە جەین راستەوخۆ خۆی وەک کەسێکی بێگانە کە لە دەرەوەی بنەماڵەیە پێناسەدەکا. هەوای ناخۆشی دەرەوە پێداگرییەکە لەسەر دۆخی ئەو و، ژیانی بنەماڵەییش نە تەنیا پێشکەشکەری گەرمی و خۆشەویستی نیە بەڵکو بەپیچەوانەوەیە: "لەو بوومەڵێڵی بەیانییەدا، گەڕانەوە بۆ ماڵەوە بۆ من چ ترسناک بوو."٥٩ سروشت یەکجار دوورە لەوەی چوارچێوەیەک بێت بۆ ئەم رۆمانە، بەپێچەوانەوە ژینگە ـ واتە ئاووهەوا، گەرما، خانوو و ژوورە جۆراوجۆرەکان ـ راستەخۆ لە پێوەندی لەگەڵ دۆخی دەروونیی کەسایەتی سەرەکیدا لەپێوەندیدان. شوێنەکان و سروشت ئاماژەن بۆ هەستەکان: دیمەن دەدوێ. هەروەها شوێن، رووناکی و رەنگەکان لە دەروونی جەین دا شوێنێک بۆ خۆیان دەبیننەوە و وەک خوێنەر زۆر خێرا لەوە تێدەگەین کە شوێنە دەروونی و دەرەکییەکان لە رۆمانەکەدا گرینگن. تکنیکی 'برۆنتە' بەزۆر شێواز پێشکەشکردنی رووداوەکانە لە رێگای شوێنەوە و گەلێک نموونە هەن تیایاندا نووسەر پێوەندێکی راستەوخۆ لە نێوان شوێنە فیزیکی و دەروونییەکان چێدەکا. 'بەرتا' ئەو ژنە شێتەی لە رووی نائاگاییەوە لە ژوورەکەی سەرەوەدا زیندانی کراوە لەم پێوەندییەدا نموونەیەکی زیاتر بەناوبانگە، ئەو تەنانەت بەمە سەردێڕێکی بە خوێندنەوەیەکی ناسراوی رۆمان، گیلبێرت و گووباش The Madwoman in the Attic (١٩٧٩) بەخشیوە. دیارە سەردێڕەکە وەبیرهێنەرەوەیەکە بۆ رۆمانی برۆنتە، بەڵام هەروەها بەگشتی وێنەیەکە سەبارەت بەو ژنانەی وا لەژێر چەوساندنەوەو و گوشاردان، هەروەها سەبارەت بەو ژنانەی بەشێوەی نەریتی بەهۆی تووڕەیی و هەستەکانەوە لە ژوورەوە راگیراون. لە خودی رۆمانەکەدا هەروەها گەلێک نموونە لەسەر شوێن و دیمەنی دەرەوە هەن کە بە گوێرەی دۆخە هەستیارییەکانی 'جەین'ەوە دەگۆڕدرێن: "جەین ئەیر کە ژنێکی و خوێنگەرم و پڕچاوەڕوانییە ـ وەک بووک ـ دیسان کچێکی سارد و تەنیای لێدەرچووبوو، ژیانی ژاکابوو، دیمەن بە بێ هیچ چەشنە یارمەتییەک. زستانێکی بەستەڵەک لە ناوەراستی هاوینا خۆی دەرخستبوو، تۆفانێکی سپیی دێسەمبەر رۆژێکی گەرمی مانگی یونی لەخۆی گرتبوو؛ سێوە گەییوەکان بە سەهۆڵ دەوریان گیرابوو، گووڵە رۆزە تازە پشکووتووەکان لەژێر بەفردا شکابوون، لەوسەری پێدەشت و مێرغوزارەکان تەرمێکی سەهۆڵین راکشابوو، رێگاکانی تەنیشت دارستان کە پڕی گوڵ بوون ئەمڕۆ بە بەفری نوێ پۆشرابوون، دارستان کە دوانزدە کاتژمێر لەوەپێش سەرسەوزبوو، هەنووکە وەک دارستانی درەختی کاجی زستانی نۆروێژ رووت و سپی هەڵگەڕابوو."٦٠

بەم شیوەیە ئێمە لەگەڵ ئەو گۆڕانە ئاشنا دەبین جەین و سروشت دەگرێتەوە لەدووای ئەوەی جەین لە رۆژی زەماوەندەکەی تێدەگا ئەو ژنە شێتەی وا لە ژوورەکەی سەرەوەیە لە راستیدا ژنی هاوسەرەکەیەتی.

لە رۆمانی 'ئۆژنە گراندەت'ی (١٨٣٣) باڵزاک ناوی سەردێڕی پاژی یەکەم بریتییە لە "ئەقڵی بۆرژوایی" و ئەمە ئاماژەیە هەم بە ژینگە و هەم بە کاراکتێرەکان. باسکردن لە خانووی بنەماڵەکە کە لە یەکەم پەرەگرافی رۆمانەکەدا دێت حاڵ و هەوایەکی تایبەتیمان لە یەکەم دێڕدا بۆ دەردەخا: "لە هەندێ لە شارەکانی پارێزگاکاندا خانووی وەها هەن هەمان خەمینی دەبەخشن وا خانووە ئایینیەکان، شوێنە چۆڵەکان و وێرانەکان دەیبەخشن."٦١ وەک چۆن لە 'جەین ئەیر'دا شوێن هەستێکی تایبەت دەبەخشێ؛ لێرەیشدا بە تووش جۆرێک لە خەمینیی میعمارییەوە دەبین. خانووەکە بێدەنگ، تاریک و کۆنە، زیاتر لە وێرانەیەک دەکا تا شوێنێک بۆ مرۆڤە زیندووەکان. دەسپێکی رۆمانەکە هەڵگری حاڵ و هەوایەکی ناخۆشە کە لە سەرتاسەری رۆمانەکەدا بەردەوام خۆی نیشاندەدا. وەک لە پانسیۆنەکە لە دەسپێکی Far Goriot  لێرەیشدا پێوەندێکی تۆکمە لەنێوان میعماری و مرۆڤەکاندا هەیە؛ خانوو و کەسەکان دەربڕی یەکترن.

بەڵام ئەی سەبارەت بەو رۆمانانەی وا بەهەمان شێوە وەسفی فەزا و شوێن ناکەن؟ لە رۆمانی 'خاتوو دالووەی' (١٩٢٥) ویرجینیا وۆڵف دا ئێمە لەگەڵ لەندەن رووبەڕوو دەبین کە شاری 'کلاریسا دالۆوەی'یە. ئەم شارە وەک پایتەختی ئیمپڕاتوری خۆی دەردەخا، وەک شوێنی ژیانی گەلێک مرۆڤی جۆراوجۆر و بەهۆی "وێنەکانی" ژیانی شارنشینییەوە گوێمان لە دەنگی سەعاتەکەی 'بیگ بێن'ە، بەشوێن 'ئێلیزابێت' کچەکەی 'کلاریسا'وەین، لە پاسدا لەو شوێنانەی شاردا دەگەڕێین کە ئەو ناتوانێ تیایاندا بگەڕێ و لە پارکی 'رێجێنت'یش گەشت و گوزار دەکەین. ئەمە ئەو لەندەنەیە بەئاسانی دەیناسینەوە. بەشوێندا رۆیشتنی کەسایەتییەکانی ئەم رۆمانە لە بەشوێندا رۆیشتنی کەسایەتییەکانی دیکێنز و باڵزاک دژوارتر نیە. جیاوازییەکە لەوەدایە شار لای وۆڵف لە رێگای وشیاریی کەسایەتییە جۆراوجۆرەکانەوە خۆی دەردەخا، شار لەجیاتی "گێڕانەوە" بە شێوەی پچڕپچڕ لە شێوازی رەنگ، دەنگ و وێنەا خۆی دەردەخا. جگە لەمە رۆمانەکە هێڵی خەت ئاسای رووداوەکان دەشکێنێ و فەزای کاراکتێرەکان بە شێوەیەک پێکەوە دەبەستێتەوە کە بیری فیلمەکانمان دەخاتەوە. لەجیاتی وەسفی ئەو شتەی روودەدات، وۆڵف کەسەکان و رووداوەکان لە رێگای شتە دەرەکییەکانەوە پێکەوە دەبەستێتەوە: لەهەمان کاتدا، لە شوێنە جۆراوجۆرکانی شار، مرۆڤە جۆراوجۆرەکان کە یەکتر ناناسن هەمان شتە هاوبەشەکان دەبینن. وۆڵف وێنای ئەوان دەکا و وێنەیەکی هاوبەش دروستدەکا کە تێیدا فەزای شار پێوەندێکی هاوبەشە. بە واتایەکی تر ئەمە جۆرێکە لە شوێنی پێکگەیشتن کە روودەدات و ئەو هەستەمان دەداتێ کات رادەوەستێ و چرکەیەکی چڕە لە "ژیان؛ لەندەن و؛ لەم چرکەساتەی ئێستای مانگی یونی دا."٦٢ نووسەرێکی سەدەی نۆزدەی وەک فلوبێرت هەر هەمان کاردەکا کاتێک باس لە بیرەکانی ئێما بۆڤاری دەکا و وەستانێک لە نێوان کردەکاندا چێ دەکا، یان کاتێک لە بەشێکی تری کتێبەکەدایە باس لە دوو قسە دەکات کە ئێمە هاوکات دەیانخوێنیەوە: یەکەمیان قسە خەمینەکانی جووتیارێکە لە شارەداری شارەوە و، دووهەمیان قسە شیرینەکانی دەسگیرانەکەی ئێمایە کە بە گوێیدا دەچرپێنێ.

بێگومان تەنیا فەزای رۆمان نیە ئێمە لە رۆماندا دەیبینینەوە، یاخود ئەو فەزایەی رۆمانەکە خۆی دەیخوڵقێنێ، هەروەها قسە لەسەر ئەو فەزایەیە وا رۆمانەکە لێیەوە سەرچاوەەگرێ، جا یا سروشتە، ژوورە، شارە یان وڵات. فەزا لەگەڵایە بۆ بڕیاران لەسەر ئەوەی رۆمان دەتوانێ چی بێت.

درێژەی هەیە...

Bilderesultat for ‫بالزاک‬‎

گەڕان بۆ بابەت