ما 6449 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ژنەکەی ئەو رۆژە حەوشەی شۆردەوە، گووڵەکانی ئاودا و شووشەکانیشی خاوێن کردەوە. هەرچەند ئەو ئەمەی ئاخریانی بەدڵ نەبوو. لای ئەو دەبا ئەو تاقە پەنجەرەیەیش وا دەیڕوانی بەسەر کۆڵانەکەدا بکرێ بە دیوار. دیوارێک کە بتوانێ بەرگەی شەقی رق بگرێ.

 

دیوارێکی درزاوی

لە کۆڵان دوێ شەو دوو کەس کاتێک خەریکی نووسینی دروشم لەسەر دیوارێکی کۆن بوون، درانە بە تەقە. یەکیان کوژراو و ئەوی تریان گیرا.

کاتێک چەکدارەکان تەرم و دیلەکەیان گرت و خستیانە پشت ماشینێک و دوورکەوتنەو، یەکێک لە خەڵکی گەڕەک وەها شەقێکی لە دیواری خانووەکەیان دا کە لە کەفی ژوورەکە تا بنی میچەکە درزی برد. بۆ سبەی ژنەکەی جووتێ چێوشەقی کۆنی لە ژێرخانەکە دەرهێنا، دایە دەستی و ئەویش بە شەلەشەل روویکردە بیمارستان. دکتۆر بردییە ژووری ئەشیعە، وێنەیەکی لێگرت و بینی هەر پێنج قامکەکەی شکاون، جگە لەمە درزێک پانە ئێسکی سەر قاچی تێدەپەراند تا دەگەیشتە مەچەکی. ئازارەکە لەوەدانەبوو.

دراوسێکەی کاتێک بەمەی زانی لە دەرگای دا و کەوتە گلەیی. گوتی دیوارەکە لە دیوی ئەوانیشەوە قڵیشی بردووە. چێوشەق بەدەستەکە وتی ئەو نەبووە و نازانێ بۆ دیوارەکە قڵشی بردووە. دراوسێکەی کە یەکجار تووڕەبوو، چوو شکایەتی لێکرد. جووتێ پۆلیس بە ماتۆڕێکەوە هاتن. دووای پرس و جۆیەکی کورت کاتێک لەوە گەیشتن شەوی تەقەکە دیوارەکە درزی بردووە، پرسەکەیان بردە لای بەشی پۆلیسی نهێنی.

پۆلیسی نهێنی بە ماشینێکی سەرتاپا رەش و شووشە تاریکەوە هاتن. کەسێک لێی دابەزی. چەند نەفەری تر لەناو ئۆتۆمبیلەکەدا بوون، کەس نازانێ. منداڵەکان لە کاتێکدا ناوچاوانیان بە شووشەکانەوە نابوو و دەستیان لە هەر دوو لاوە کردبووە سێبەر و هەوڵیان دەدا ئەو دیو شووشەکان ببینن، لە گەرمای نیوەڕۆدا نائومێدانە هەنسکە هەنسکیان دەهات.

پۆلیسە نهێنییە چاویلکە رەشە لەچاوەکە لەگەڵ کابرای چێوشەق بەدست هاتەوە دەرەوە، بە پاڵەپەستۆ سواری کرد و لەگەڵ خۆی بردی.

ـ کاتژمێر دووانزەی شەو، رۆژی چوارشەممە، نۆی مانگ لە کوێ بووی،... لە ماڵەوە بووی؟ (لەبیری چوو بڵێ مانگی دووی پاییز، بەڵام ئەم تێگەیی).

چێوشەق بەدەستەکە لە کاتێکدا بە چاوە بزەکانی کە ئەوەندەی تر دەرپەڕیبوون و لە وەرەقەکەی بەردەمی پۆلیسەکەی دەڕوانی، وتی:

ـ بەڵێ، لە ماڵەوە بووم.

ـ گوێت لە چیبوو؟

ـ سەیری،... سەیری تەلەفزیۆنم دەکرد.

ـ نەمگوت سەیری چیت دەکرد، وتم گوێت لە چی بوو؟

ـ لە فیلم قوربان!

ـ چیتر؟

ـ وەڵڵا هیچی تر، تەنیا دەنگی گۆرانی (گۆرانییەکەی بە ئاستەم گوت).

ـ دەنگی دەرەوە چی؟... ها دەنگی دەرەوە؟

کەمێک راما. دڵنیا نەبوو. چاوێکی کەوتە فڕین.

ـ ئەها قوربان،.... عەیب نەبێ قوربان،... گوێم لە تەقە بوو، دەنگی تەقەیش.

ـ لە پەنجەرەکەوە سەیری دەرەوەت کرد؟

ـ نەوەڵڵا،... یەعنی ئەرێ، لە دووای ئەوەی گوێم لە دەنگی خەڵکی تریش بوو کە لە ناو کۆڵانەوە دەنگیان دەهات، دەنگی دراوسێکان،... غیرەتم بەرخۆم نا و چوومە بەر پەنجەرەکە.

ـ چیت بینی؟

ـ قوربان ئەوە ئیتر هەموو کەس لەم گەڕەکە دەیزانێ؟

ـ وتم چیت بینی؟

وشەکان ژوورەکەیان پڕ بە خۆیان تەنی.

ـ کۆمەڵێک چەکدار کە پێم وابێ تەرمێکیان لەگەڵ کەسێکی تر خستە پشت ماشینەکەیانەوە.

ـ دووای ئەوە چیت کرد؟

ـ هیچ وەڵڵا،... چووم خەوتم.

ـ جوان بیربکەوە... هیچی ترت نەکرد؟

لە ژێر چاوەوە سەیرێکی دارشەقەکانی کرد.

ـ بۆچی،... بۆچچیی قوربان،... بەهەڵکەوت قاچم لە دیوارەکەیش درا!

ـ بەهەڵکەوت؟

ـ نا،... راستییەکەی... راستییەکەی شەقێکم تێهەڵدا!

ـ بۆ؟

ـ کورە ئەمە کەی وەزعە! (ئەمەی بەخێرایی گوت)

ـ کام وەزعە؟

ـ نیوەشەو بە دەنگی تەقە راچڵکەێی.

پۆلیسەکە شتێکی نووسی کە زۆرتری لەوانی تر خایاند.

ـ ئەو دووانە دەناسی؟

ـ کام دووانە قوربان؟

ـ هەتا خۆت گێل بکەی بە زەرەری خۆتە.

ـ نەوەڵلا قوربان نایانناسم. جا لە کوێ بیانناسم؟

ـ زیندووەکەیان دەڵێ تۆ دەناسێ،... دەڵێ پێوەندیی لەگەڵ تۆ هەبووە.

ـ من!؟... بەخوا هەر نایناسم. جا چۆنی بناسم؟

هێنایانە ژوورەوە. دەستی کەلەبچەکرابوو و سەروچاویشی شین و مۆر هەڵگەڕابوو. لەمی رووانی و وتی بەڵی خۆیەتی، ئەمە لەگەڵیانە و یارمەتیان دەدا. گوتی وەرەقەکانیش هی ئەون. بردیانەوە دەرەوە و لەچاو ونبوو.

تفی وشکی ناو دەمی بە زەحمەت قووتدا.

ـ وەڵلا قوربان بە ژیانم نەمبینیوە،... درۆدەکا درۆ.

ـ جارێکی تر دەپرسمەوە، بۆ شەقت لە دیوارەکە هەڵدا؟

ـ قوربان عەرزم کردی، بەڵام بەخوا ئیتر بێ جێ دەکەم کاری وا بکەمەوە.

ـ وەرەقەکانت لە کوێ هێناوە؟

ـ کامە وەرەق قوربان، بە خوا نایزانم!

ـ هەتا درۆ بکەی وتم بە زەرەری خۆتە.

ـ بەخوا ئاگام لە مەحموودی بێ زەوا نیە!

پۆلیسەکە هەستا. یەکێک لە چێوشەقەکانی هەڵگرت و خستیە سەر قاچە ساخەکەی. ئەوسا تا توانی شەقێکی توودنی لە قاچە شکاوەکەی سرەواند. دەنگی زریکە پڕاوپڕ ژوورەکەی تەنییەوە. وەک بڵێی ئێسکی دەنگەگە شکابێ.

ـ وەرەقەکانت لە کێ وەگرتووە؟... ها لە کوێ؟

لە کاتێک ژان و ئێش تەواو روخساری تێکدابوو، لە کاتێکدا لیک و فرمێسک تێکەڵ ببوون بە دەنگێکی لەرزۆک و کز و داماوانە گوتی:

ـ قوربان بەخوا نازانم،... نازانم چی دەفەرمووی.

ـ ئەی بۆ شەقت لە دیوارەکە هەڵدا؟

ـ قوربان تووڕەم لە ئێوە،... رقم لێتانە بۆیە،... یەعنی لێتان بوو،... بەزەییم بەو گەنجانەدا دێتەوە، بەڵام بێجام کرد،... گووم خوارد،... گوو!

لە ژێر گەچەکە لەو داڵانە تەنگ و تەسکە ئازارێکی سەیر پێچ و لوولی دەخوارد. دەڵێی گڕ بوو دەئایسا و خۆی دەدا لە دیواری گەچەکە و ئەوسا سەرلەنوێ دەگەڕایەوە بۆ قاچی. هەموو شتێ تا ئەوپەڕی خۆی دەسووتا، سووتانێکی بێ بەزەییانە، چەند حەزی دەکرد ئیستا ئەم زیندانە سپییە درز ببا و قاچی لەم گڕە پڕ ژانە رزگای بێت.

شەو قاچی وەها ماسی کە لەناو گەچەکەدا جێی نەدەبووەوە. لە ئینفرادییەکەوە هاواری دەکرد و داوای یارمەتی دەکرد. بۆ سبەی بردیانە لای دکتۆری زیندان. گەچەکەیان شکاند بێ ئەوەی دانەیەکی تازەی بۆ سازبکەن. کەمێک حەبی ژانیان دایە و ناردیانەوە بۆ ژوورەکەی. چوار هەفتەی تر لەوێ مایەوە و سەرئەنجام چوارشەممەیەک ئازادییان کرد. شەلەشەل خۆی گەیاندە ماڵەوە.

ژنەکەی ئەو رۆژە حەوشەی شۆردەوە، گووڵەکانی ئاودا و شووشەکانیشی خاوێن کردەوە. هەرچەند ئەو ئەمەی ئاخریانی بەدڵ نەبوو. لای ئەو دەبا ئەو تاقە پەنجەرەیەیش وا دەیڕوانی بەسەر کۆڵانەکەدا بکرێ بە دیوار. دیوارێک کە بتوانێ بەرگەی شەقی رق بگرێ.

سوێندی خوارد گەر دونیایش لە ناو کۆڵانەکەیاندا بکوژن و بەدیل بگرن، ئیتر نە بۆی بێتە بەر پەنجەرە و نە قەت شەقیش لە دیوار هەڵبدات. قەت قەت.

بەو چی هەندێ کەس بە هیچ رازی نین و، لە لایان دونیا هەمیشە چەرمی چۆلەکەیە.

Bilderesultat for ‫درز دیوار‬‎

گەڕان بۆ بابەت