ما 2050 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

بەجیهانیبوون راستییەکە، بەڵام ئەمە پێوەندەکانی خۆی بە کات و زەمەنی تایبەتەوە نەپچڕاندووە. جیهانی نەک لە دژی لۆکاڵی نیە، بەڵکو بەپێچەوانەیشە. 'سڤێن ئێریک لاشێن' لە کتێبەکەی خۆی سەبارەت بە ئەدەبییات و بەجیهانیبوون بەم شێوەیە ئەم دیاردەیە فۆرمولە دەکا "بەجیهانیبوون ئەگەر خۆی لە شیوازی لۆکاڵدا رانەگەیەنێ، ئەوا هیچ نیە. داخۆ بەجیهانیبوون دەیەوێ لە کوێ خۆی ئاشکرا بکا جگە لە لۆکاڵ. راستییەکەی ئەوەیە هەموومان لە لۆکاڵ دەژین."

 

رەخنەگری ئەدەبی 'مارتا نورهەیم' لە وتارێکدا پرسی 'زمانی دایک' سەبارەت بە نووسەرانی کۆڵۆنییە کۆنەکان دەداتە بەر قسەوباس. بۆ وێنە باس لە نووسەرە هیندییەکان دەکا. ئەو دەڵێ ئەو ئەدەبەی هیندستان وا بە زمانی ئینگلیزی نووسراوە بەپلەی یەکەم ئاراستەکەی بەرەو بازاڕی رۆژئاوایە، بەڵام بۆ وێنە ئەو ئەدەبەی بە زمانی هیندی نووسراوە ئاراستەکەی بەرەو جەماوەری خودی هیندستانە. ئەمە تەنیا پرسیار نیە لەسەر زمان؛ لەم سەردەمەدا رۆمان واوەتر لە نیشتمان ئاراستەی بەرەو بازاڕێکی گەورەترو دیکەیە؛ کڵێشەکان خۆیان بەهێز نیشاندەدەن، واتە "بەنێونەتەوەیی بوونی ئەدەب یارمەتی بە کڵێشەکانی وڵاتانی تر دەگەیەنێ لەبەرئەوەی هەم چاپخانە و هەم خوێنەر دەیانەوێ خۆیان لەوانی تردا ببیننەوە. جا ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەیکە نووسەر دەیەوێ خۆی لە خەسڵەتە سەرەکییە خۆماڵییەکان لە زمان و مێژوو و سەرچاوەکان رزگاربکا بۆ ئەوەی خۆی لەگەڵ خوێنەرە نێونەتەوەییەکان بگونجێنێ، تێگەیشتن لە ئاکامی ئەمە لە کلتوورەکانی تردا ئاسانە، بەڵام بەگشتی سەرنجڕاکێش نیە. واتا لێرەدا هەڵبژاردن لە نێوان خۆدەربڕین یاخود خۆگونجاندنە لەگەڵ جیهاندا."٦٤ دیارە دەتوانین ئەمە بەشێوەیەکی تریش کە رێک بەپێچەوانەوەیە بەیان بکەین. دەتوانین بڵێین زمانێکی وەک زمانی ئینگلیزی کە زمانی ئیستعمار بووە دەتوانرێ لەلایەن نووسەرە هیندییەکانەوە وەرگیرێ و لە سەر بنەمایەکی لۆکاڵی کەڵکی لێوەربگرن بە بێ ئەوەی رۆمان پێوەندی خۆی بەو شوێنەوە وا لێیەوە دێت لەدەست بدات و سەرنجڕاکیشیی خۆی بکا بە قوربانی.  جگە لەمە بەکارهێنانی زمانی ئینگلیزی تەنیا ئەو دەرفەتە نادا بە نووسەرە هیندییەکان کە لەگەڵ جیهانی دەرەوە بکەونە پێوەندی بەڵکو دەرفەتیشیان دەداتێ سنووری زمانە جۆراوجۆرەکان لە وڵاتی خۆیان ببڕن. رۆمانی 'خودای شتە بچووکەکان'ی (١٩٩٧) 'ئاروندهاتی رۆی' بەسەرهاتی تراژێدیانەی بنەماڵەیەکە کە بەشێوەی سەرەکی لە رێگای 'ئێستها' و 'راهێل'ی دووانەوە باسدەکرێ، بەڵام لەگەڵ خەباتێکی سیاسی لە دژی هەم کۆلۆنیستەکان و هەم لە دژی پێکهاتەی هیرارکیی کۆمەڵگای هیندستان. جا لەم روانگەیەوە دەگوترێ کە: داخۆ ئەم رۆمان داستانێکی بێگانەیە کە لەگەڵ بازاڕی جیهانی خۆی گونجاندووە، یاخود بەپێچەوانەوە نموونەیەکی شازە لە رۆمان کە زمانی ئینگلیزی ئاڵۆز و نوێ دەکاتەوە و لە دۆخێکی لۆکاڵیدا خۆی دەبینێتەوە؟ رەخنەگران بەهەرحاڵ زۆربەی کات لە بەکارهێنانی ئەو ناوە هیندیانە کە شینەکراونەتەوە بەهەڵە تێگەیشتوون، لەلایەکی ترەوە کاتێک لەپێوەندی لەگەڵ دۆخی جۆگرافی و مێژوو شیدەکرێنەوە خوێنەرێکی هیندیی باشوور پێویستی پێی نیە.

هیچ ژانرێک بە رادەی رۆمان لە ژێر کاریگەریی گرژیی نێوان جیهان و لۆکاڵ نیە؛ ئەم بەشەیە دەبێتە هۆی سەرکەوتن و فرۆش و بەجەماوەری بوونی. بەڵام بەڕواڵەت "بێگانە" نابێ ئەوەندە بێگانە بێت کە نەتوانێ پێوەندی لەگەڵ وڵات پەیدابکات. جگە لەمە سەرنجڕاکێشە لە چ ئاستێکدا رۆمانی وڵاتانی ناڕۆژئاوایی کە دەگەنە رۆژئاوا دەبنە خزم و "رۆمانی نەتەوەیی". رۆمانی Drageløperen ی (٢٠٠٣) خالید حوسێنی نووسەری ئەفغانی ـ ئامریکائی لەم بوارەدا نموونەیەکە. بەسەرهاتی 'ئەمیر' و بنەماڵەکەی، ژیان لە ئەفغانستان لە هاتنی سوپای سۆڤیەتەوە بۆ ئەم وڵاتە هەتا دەسەڵاتی تاڵبان لە جیهاندا سەرکەوتنی بەدەست هێنا و کرایە فیلمیش. ئاکامەکانی بەجیهانیبوون بۆ مرۆڤە جۆراوجۆرەکان لایەنی چینایەتی هەیە کە بەئاسانی فەرامۆش دەکرێت. هەموو کەس ئازادیی سەفەریان نیە، ئەمە ئەو لایەنەیە ئەم رۆمانە ئێمەی لەسەر وشیاردەکاتەوە.

پێوەندیی نێوان نێوخۆ و دەرەوە، نێوان خۆ و ئەوی تر لەچاو ئەدەبی سەردەمی زووتر لە رۆمانی ئەمڕۆکەدا دیاردەیەکی ترە؛ واتە لە چاو ئەو سەردەمەی حیماسەی هومێری تیا نووسرا یاخود ئەو سەردەمەی رۆمانی تیا دامەزرا. ئیتر چیدی لەخۆیدا ئەوە ئامانج نیە قارەمان بگەڕێتەوە ماڵەوە یاخود بگەڕێتەوە نیشتمان؛ جووڵە خۆی لە خۆیدا دەتوانێ ئامانج بێت. "ماڵەوە" پێویست ناکا شوێنی لەدایکبوون یاخود سەرەتا بێت. پێکهاتەی ماڵەوە ـ دەرەوە ـ ماڵەوە بەتووندی خۆی نیشاندەدا. دەتوانین بڵێین کە رۆمانی شەش بەرگیی 'شەڕی من'ی (١١ـ ٢٠٠٩) 'کارڵ ئۆڤە کناوسگۆش' جۆرێکی مودێڕنی ترە لە رۆمان، کاتێک کارڵ ئۆڤە لە کۆتاییدا دەگەڕێتەوە بۆ "ماڵەوە" و بۆ بنەماڵەکەی، لە گوندی 'سکۆنە' دادەمەزرێ و نووسینی رۆمان لە پێناوی بنەماڵەکەی جێدێڵێ. لە کۆتایی 'کاندید'ی (١٧٥٩) 'ڤۆڵتێر'یش ئەم رستەیە هاتووە ئێمە دەبێ باغەکەمان بچێنین. هەر ئەم دەنگدانەوەیە لای کناوسگۆشیش دەیبینین. ئەو یەکەم کەس نیە کە لە ئەدەبی رۆمانی نۆروێژییدا دەگەڕێتەوە بۆ "باغەکە": بۆ نموونە لە دەقی 'رۆمان'ی نووسەر 'سولستاد'، 'فیور'یش لە گەڵ ژنەکەی لەدووای "سەفەر"ێکی سیاسی دوورودرێژ دەگەڕێنەوە خانوو و باغەکەیان.

لە پێوەندی لەگەڵ رۆمانی نۆروێژی، رۆمانەکانی 'فلۆگستاد'، سیانەی 'وەرگەلاند'ی 'شەشتاد'، 'ئارماند ڤ'ی سولستاد و 'قسە لەگەل من بکە'ی 'یورت' نموونەن بۆ ئەو نووسەرانەی روانگەی بەجیهانیبوونیان هێناوەتە ناو دەقەکانیانەوە و لە رۆمان وەک شوێنێک بۆ بیرکردنەوەی جیهانی لەسەر نەتەوەیی دەوڕوانن. بەتایبەت زۆر جار لە سیانەی شەشتاد وەک وەڵامێکی ئاشکرا بۆ دونیای بەجیهانیبوون دەڕوانرێ. بەگوێرەی روانگەی مێژووییانەی رۆمان هەروەها سیانەی شەشتاد خەسڵەتی روونیان هەیە لە بواری 'رۆمانی شکڵ گرتن' dannelsesromanen (چەشنێکە لە رۆمان کە کەسایەتی رۆمانەکە هەر لە سەرەتای منداڵییەوە تا گەورەیی و هەروەها ئەو هێزانەی وا لەم پرۆسەیەدا لە شکڵ گرتنی کەسایەتی کەسەکەدا رۆڵ دەگێڕن دەداتە بەرباس ـ وەرگێڕی کوردی). ئەمە لە جۆری رۆمانی کەسایەتی سەرەکییە و هەروەها خۆیشی وەک رۆمانێکی بیۆگرافی دەردەخا، بەڵام رەنگە دەتوانین بپرسین داخۆ کەسایەتی سەرەکی ژوناس وەرگەلاندە یاخود نۆروێژ. نەتەوە و بەنەتەوەییکردن بەدەوام بە شێوەی سەرەکی لە رێگای نووسەرە جۆربەجۆرەکانی رۆمانەوە  دراوەتە بەر گفتوگۆیەکی رەخنەگرانەوە کە تێگەیشتن لە وشەگەلی وەک ماڵەوە و گەڕانەوە بۆ ماڵەوە دەخاتە بەر دژوارییەوە. بەڵام وەرگەلاندی گەڕۆک لە کوێ کۆتایی بە سەفەرەکانی دێنێ؟ بەڵێ، لە پاپۆڕێکدا لە 'سۆگنەفیوردن'. دیمەنەکە وادەردەکەوێ نێونەتەوەییە لەبەر ئەوەی سۆگنەفیوردن تەنیا نۆروێژی نیە بەڵکو وەڵامی نۆروێژیشە بە 'گانگێنس'، بەڵام بەگشتی وادەردەکەوێ کە ئامانجێکی نەتەوەیی هەیە: ئەوا مێژووی نۆروێژە هەناوی ئەم دەقە پێکدێنێ. "هیچ دەقێکی تر لە ئەدەبی نوێتری نۆروێژیدا بە قەد ئەم دەقە ناتوانێ باس لە نۆروێژ و نەتەوەیی بکا کە لە ئاستێکی گەورە لە بەرگی یەکەمی خۆیدا لەژێر ناوی 'هەڵخەڵەتێنەر' باسی لێکراوە." وەک چۆن 'پێر تۆماس ئاندەشێن' لە کتێبەکەیدا سەبارەت بە کۆسمۆپۆلیتیسم و پۆست ناسیۆنالیزم لە ئەدەبی نوێتردا، بیری ئەم چەمکانەمان دەخاتەوە.٦٥ ژیانی رۆژانە لە ئاستێکی بەرینتردا گرێدراوە بەو دیاردانەوە وا نەتەوەیی و لۆکاڵ تێدەپەڕێنن ـ دیارە ئەمە لە خواردن و جل و بەرگەوە دەگرێتەوە تا موبایل و کۆمپیوتەر ـ کە بەشێوەی سروشتیانە لە رۆمانی سەردەمدا رەنگدەداتەوە، بەڵام هەر لەو کاتەدا دەتوانین بپرسین داخۆ بەڕاستی شتێک بە ناوی رۆمانی جیهانی یاخود ژیانی جیهانی بوونی هەیە، وە ئەگەر وەڵام ئەرێیە داخۆ خاوەن چ مانایەکە. بەجیهانیبوون راستییەکە، بەڵام ئەمە پێوەندەکانی خۆی بە کات و زەمەنی تایبەتەوە نەپچڕاندووە. جیهانی نەک لە دژی لۆکاڵی نیە، بەڵکو بەپێچەوانەیشە. 'سڤێن ئێریک لاشێن' لە کتێبەکەی خۆی سەبارەت بە ئەدەبییات و بەجیهانیبوون بەم شێوەیە ئەم دیاردەیە فۆرمولە دەکا "بەجیهانیبوون ئەگەر خۆی لە شیوازی لۆکاڵدا رانەگەیەنێ، ئەوا هیچ نیە. داخۆ بەجیهانیبوون دەیەوێ لە کوێ خۆی ئاشکرا بکا جگە لە لۆکاڵ. راستییەکەی ئەوەیە هەموومان لە لۆکاڵ دەژین."٦٦

درێژەی هەیە...

Bilderesultat for litteratur

گەڕان بۆ بابەت