ما 2662 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

 پاموک نووسەرێکە لە درێژەی نەریتی رۆمانی ئۆرووپایی، بەو شێوەیەی لە سەدەی نۆزدەدا دەنووسرا خۆی دەبینێتەوە، وەک کەسێکی میراتگری ئەم نەریتە لە سەدەی بیستەمدا و بۆخۆیشی پێی لەسەر ئەمە داگرتووە. پاموک سەر بەوانە نیە وا هەوڵدەدەن تێگەیشتن لە رۆمان کە لە بنەڕەتدا فۆڕمێکی ئۆرووپاییە لاوازبکات.

 

سەیرکردنی رۆمان لە نیگای ترەوە

نووسەرانی تر لە بەشەکانی تری جیهاندا (واتە لە دەرەوەی جیهانی ئۆرووپای رۆژئاوا و ئامریکا) چلۆن دەڕواننە شوێنی خۆیان لە مێژووی رۆماندا؟ با باس لەو رۆماننووسانە بکەین وا خاوەن رابردووی جۆراوجۆرن، بۆ وێنە ئورهان پاموکی تورک و 'چیماماندا نگوزی ئایدیچیە'ی نیجرییەیی. سەرەتا با باس لە پاموک بکەین. تورکیە وڵاتێکە لە نێوان ئۆرووپا و ئاسیادایە، یاخود دروستر بڵێین هەم لە ئاسیادایە و هەم لە ئۆرووپا. رۆمانەکانی 'پاموک'یش ئەم دووانەییە دەنوێننەوە. ستانبول وەک شاری پاموک لە ئەزموونی نووسەریی پاموکدا دەوری گرینگ دەبینێ؛ وە مێژووی شارەکە، ژیان و هەڵکەوتەی جۆگرافیاییەکەی دەتوانێ وەک وێنەیەک لە کاریگەریی نەریتی رۆژئاوا و رۆژهەڵات لەسەر ئەم نووسەرە خۆی دەربخا. بەهەرحال گومان لەوەدا نیە پاموک نووسەرێکە لە درێژەی نەریتی رۆمانی ئۆرووپایی، بەو شێوەیەی لە سەدەی نۆزدەدا دەنووسرا خۆی دەبینێتەوە، وەک کەسێکی میراتگری ئەم نەریتە لە سەدەی بیستەمدا و بۆخۆیشی پێی لەسەر ئەمە داگرتووە. پاموک سەر بەوانە نیە وا هەوڵدەدەن تێگەیشتن لە رۆمان کە لە بنەڕەتدا فۆڕمێکی ئۆرووپاییە لاوازبکات. ئەم نووسەرە لە کتێبێکی گوتاردا بەناوی 'رۆماننووسی سادە و هەستیار'دا (٢٠١٠) دەنووسێ: "هونەری رۆمان لە سەد ساڵ لەوە پێشەوە، وەک هەمووان دەزانن، فۆڕمی ئۆرووپایی یاخود رۆژئاوایی بووە. دیارە ئەمڕۆکە ئەم ژانرە لە سەرتاسەری جیهاندا بەکاردەبرێ." لای ئەو، ئەوە رۆمانە گرینگەکانی نەریتی ئۆرووپاییە دەبنە نموونە بۆ نووسین. لەسەردەمی گەنجیەتی وەک بۆ خۆی دەیگێڕێتەوە خوێندنەوەی رۆمانی کەسایەتی بوو ئەوی بۆ نووسەربوون راهێنا: کتێبی Frédéric Moreau (١٨٦٩) فلوبێرت، رۆمانی Trolldomsfjellet (١٩٢٤) 'توماس مان' و برادەرانی کارامازۆفی (١٨٨٠) دۆستۆیەفسکی لە رووسیا و ئاننا کارەنینای تۆلستۆی نموونەی ئەو رۆمانە بەناوبانگانەن. نووسەرە غەیرەرۆژئاوایی بەرزەفڕەکان لە کۆتایی سەدەی نۆزدەوە بەرەو سەدەی بیستەم هەوڵیاندا ستانداردەکانی ستاتیکی رۆمانی ئۆرووپایی رەچاوبکەن و وەک پێوانەیەک بۆ چلۆنایەتی ئەم ژانرە بەکاری بێنن. ئەمە دۆخێکی پارادۆکساڵی خوڵقاند: رۆماننووسەکان بەشوێن ئایدیالەکانی خەیاڵی رۆژئاواییەوە بوون و دەیانویست لە خەیاڵ وەک سپەرێک لەدژی سانسۆڕ کەڵک وەربگرن، هاوکات خەیاڵ بوو بە ئامرازێک بۆ دەربڕینی ئەو شتانەی نەدەکرا بە ئاشکرا باسیان بکرێ. ئەمە بووە هۆی سەرهەڵدانی فۆرم و شێوازی نووسینە نوێیەکان، وەک ئۆرهان پاموک دەڵێ: "هەربەو شێوەیەی وا رۆمان لە سەردەمانی زوودا لە رۆژئاوا کەڵکی لێ وەردەگیردرا."٦٧ هاوکات ئەو لەسەر ئەو تەئکید دەکا کە کۆمەڵگا داخراوەکان، ئەو کۆمەڵگایانەی دەرفەتی کەم بۆ هەڵبژاردن تاکەکەسیان تیا هەیە، لە ناویاندا هونەری رۆمان خاوەن دۆخێکی خراپە. هەروەها رۆمان بۆ پاموک میتۆدێکە، فۆرمێکی رۆژئاواییە گرێدراو بە دیمۆکراسی و تاکەوە: "کاتێک واز لە داستانە نەریتییەکان دەهێنین و دەستدەکەین بە خوێندنەوەی رۆمان، ئەو هەستە وەردەگرین کە جیهانی ئێمە و هەڵبژاردنی ئێمە بەهەمان ئەندازەی رووداوە مێژووییەکان، شەڕە جیهانییەکان، بڕیارەکانی پاشاکان و سوپاکان و دەسەڵاتەکان و خوداکان گرینگن."٦٨

پاموک بە گەلێک شێواز روانگەیەکی نەریتیانە سەبارەت بە مێژووی رۆمان وەردەگرێ؛ ئەو هەوڵدەدا بە هیچ شێوازێک هێژمۆنیی رۆمانی رۆژئاوایی نەخاتەوە بەر لێکدانەوەی دووبارەوە. بۆ ئەو ئەمە راستییەکەی حآشاهەڵنەگرە کە رۆمان لە رۆژئاواوە بەرەو شوێنەکانی تری جیهان بڵاوبووەتەوە. لە روانگەی پاموک سەبارەت بە مێژووی رۆمان ئەم نووسەرە سەرلەنوێ ئەوەی وا 'فرانچۆ مورێتی' پێی دەڵێ یاسای گەشەی ئەدەبی بەڕۆژی دەکاتەوە، کە بە کورتی باس لەوە دەکا ئەو کلتورانەی وا لە هەنگاوی یەکەمدا لەدەرەوەی ناوەندە ئەدەبییەکانن، تیایاندا رۆمان بە قۆناغی یەکەم وەک سازشێک لە نێوان فۆڕمی رۆژئاوایی و مەتریاڵی لۆکاڵی سەرهەڵدەدا.٦٩ رۆمانەکانی پاموک لە تورکیا و مێژووی تورکەوە دەست پێدەکەن، دیارە لە فۆڕمێکدا کە دەرفەت بە دەربڕینی جیهانبینیە جۆراوجۆرەکان دەدەن. رەنگە لەبەر ئەمە بێت ئەو دەتوانێ وەها باش لە نێوان سنوورە جۆربەجۆرەکاندا پێوەندی بەرقەراربکا. پاموک مێژووی بەشێکی جیهان بۆ بەشەکەی تری دەخاتەبەردەست. هاوکات وەها "جیهان"یش پیشاندەدا کە بەرەوڕووی خوێنەری رۆمانی رۆژئاوایی نابێتەوە؛ جیهانی پاموک ئەوەندە نامۆ نیە کە نەتوانێ لە چوارچێوەیەکی دامەزراوی تری تێگەیشتنەوە نەخوێندرێتەوە. ئێمە لێرە لە جیهانی خۆمانەوە لە پاموک دەگەین کاتێک ئەو لەسەر ئایین، حیجاب یاخود هاوسەرگیریی زۆرەملی دەنووسێ، لەبەر ئەوەی ئەو بە نیگای کەسێکی چاوەدێر دەنووسێ نەک کەسێکی باوەڕدار. پرسی تووندئاژۆیی لەبەرامبەر لیبرالیزم، یاخود نەریت لەبەرامبەر مودێرنیتە چیدی لە جیهانی پاموکدا بابەتێکی نامۆ نیە، بۆیە خوێنەری رۆژئاوایی دەتوانێ پێوەندیان بداتەوە بە مێژووی خۆیەوە. ئەگەرچی پاموک لە چینی باڵای ستانبولەوە دێت و سەر بە شار و تورکیای مودێرنە، هاوکات تێگەیشتنێکمان لە مێژوو دەداتێ لە لایەن کەسێکەوە کە هەم لە ناویایەتی و هەم لە دەرەوەی.

داخۆ تەنیا ئەو کەسانە دەتوانن لە جیهاندا پێشبکەون کە دەتوانن بەبێ ئەوەی لە ئایدیۆلۆژیا و ئەدەبی رۆژئاوا دابڕێن باس لە مێژووی خۆیان بکەن؟ وەڵامی ئەم پرسیارە دژوارە. پاموک هونەرمەندێکی نایابی زمان و گێڕانەوەی بەسەرهاتەکانە بە توانایەکی دیار و هەست پێکراوی تایبەت بە خۆیەوە کە دەتوانێ دۆخەکان، مرۆڤەکان و هەستەکان بژیێنێتەوە. بەڵام ئەو راستیەی کە ئەو لە ناو نەریتی "خەیاڵێکی" لەوە پێش دامەزراودا دەنووسێ، کاتێک قسە لەسەر گرێدانی ئەو بە "سەنتەری رۆژئاواییەوەیە"، خاڵێکی نگەتیف نیە؛ ئەو سەنتەرەی وا ئەم نووسەرە بێگومان بووە بە بەشێکی.

درێژەی هەیە...

Bilderesultat for ‫پاموک‬‎

گەڕان بۆ بابەت