ما 4699 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

"داخۆ لەدووا گوتەدا هەموومان لەسەر ئەشق نانووسین؟ ئەدەب هەر هەمووی لەسەر ئەشقە. کاتێک پیاوان ئەمە دەکەن دەبێتە گوتەیەکی سیاسی لەسەر پێوەندییەکانی مرۆڤ. کاتێک ژنان دەیکەن، دەبێتە چیرۆکی خۆشەویستی." ئەم نووسەرە دەیەوێ ئەوە نیشانبدات کە چیرۆکی ئەشق گرینگە؛

 

دەتوانین هاوشێوەی ئەمە لەسەر رۆماننووسێکی دیکەیش باسبکین، 'چیماماندا نگوزی ئادیچیە' کەسێکی ناسراوەو خاوەن خوێنەرێکی زۆری بەرهەمەکانیەتی، ئەو بەرهەمانەی وا زۆربەیان کراون بە نۆروێژی. بەڵام ئەم خانمە نووسەرە لەسەر چی دەنووسێ؟ خوێنەرێکی رۆژئاوایی دەستبەجێ وەڵامدەداتەوە لەسەر شەڕی 'بیافرا' ئەگەر بۆ وێنە لەسەر رۆمانی 'نیوە هەتاوێکی ئاڵتونی' (٢٠٠٦) لێی بپرسن، وە سەردێڕەکەیش ئاڵای بیافرا دەنوێنێتەوە. شەڕ لەم رۆمانەدا رۆڵێکی گرینگ دەگێڕێ پێش لەهەر شتێک بەهۆی ئەو کاریگەرییەی لە دوو دەیەدا لەسەر ژیان و دەرفەتەکانی مرۆڤەکان هەیەتی. کرۆکی ئەم رۆمانە ئەو پێوەندییە پڕ لە کێشەیەیە وا لە نێوان خوشکە دووانەکانی 'ئولاننا' و 'کاینێنە' و پیاوەکانیان لە لایەکەوە هەیە و، لە لایەکی ترەو 'ئوگوو'ی گەنج هەیە. بۆ خوێنەرێک نیجێریە ناناسێ لەپێش هەر شتێکدا شەڕی بیافرا وەبیرهێنەرەوەی رووداوێکە تێیدا رۆژئاوا بۆ یەکەم جار لە رێگای تەلەفزیۆنەوە وێنە ترسناکەکانی ئەو منداڵە برسیانەی پیشاندا کە بوون بە بوارێکی هونەری رۆمان. ئەمە دەتوانێ زانیاریمان بداتێ لەسەر نیجێریای پێش شەڕی ناوخۆیی و نیجێریای کاتی شەڕی ناوخۆیی. نیجێریاییەک کە بە تەواوی سەرنجمان رادەکێشێ. ئەم نووسەرە پێ لەسەر ئەوە دادەگرێ کە ئەو نایەوێ کارەساتەکانی ئافریقا چارەسەربکا، بەڵکو لەدووامانادا سەرنجی لەسەر شتە گشتییەکانە و نەک شتە تایبەتییەکان؛ ئەو حەزدەکا مرۆڤەکان و هەستەکانیان وەسف بکا. لە وتووێژێکدا لەگەڵ ژورنالیست 'ئولە تۆرپ' لە کەناڵی 'ن. ر. ک.'ی نۆروێژی لە ٢٩ ئۆکتۆبری ٢٠١٣، پێ لەسەر ئەوە دادەگرێ چەندە حەزی بە وەسفی شتە گشتییەکانە و خۆی وەک رۆماننووسێکی کۆن (نامودێڕن) دەناسێنێ. مەبەست لەم کۆن بوونە ئاماژەدان بە نەریت و هونەری گێڕانەوەی ئەفریقایی نیە، بەڵکو ئاماژەیە بە رۆمانی سەدەی نۆزدە؛ ئەو باس لەوە دەکا حەزی بە رۆمانی Middlemarch و رۆماننووسە رووسەکانە. بەمە باس لەوەیش دەکا کە لەم نەریتەدایە ئەو دەخوێنێتەوە و رەنگە خوێنەرانی رۆمانی 'Middlemarch' ە مەبەستی نووسینەکانی ئەوە تا خوێنەرانی وڵاتەکەی خۆی. ئادیچیە رۆمانەکانی بە زمانی ئینگلیزی دەنووسێ و لەم رێگایەوە زانیارییەکی زۆر لە سەر دۆخی نیجێریا دەدا بە خوێنەرەکانی و بەم شێوەیە بەشداری دەکا لە "گێڕانەوەی" ئەم مێژووە بۆ خوێنەرانی رۆژئاوایی، ئەو مێژووەی وا رەنگە بۆ خودی نیجێرییەکان پێویست نەبێ. ئادیچیە بۆ خۆی لە دوواڕۆمانی دا بە ناوی Americanah (٢٠١٣) باس لە پرسی پێوەندی دەکا. لە لایەکەوە بێگومان ئەمە رۆمانی خۆشەویستییە؛ بەسەرهاتی 'ئۆبینزە' و 'ئیفێمەلو'  رووداوی سەرەکییە و سێ کیشوەر (قارە) دەگرێتەوە؛ واتە نیجێریا، کەنارەکانی رۆژهەڵاتی ئامریکا و ئینگلیز، بەڵام هاوکات رۆمانێکە راستەوخۆ دەچێتە سەر بابەتی لەناوەبوون و لەدەرەوەبوون. ئادیچیە لەمە لە رێگای بلۆگی ئیفێمێلو دەکۆڵێتەوە کە ئەم کاراکتێرە لەدووای ئەوەی دەچێ بۆ ئامریکا و لە دڵدارە سپی پێستەکەی دادەبڕێ، دروستی کردووە. لێرەدا باس لە رەگەز دەکرێ.

ئەم رۆمانە بەوە کۆتایی دێ کە هەر دوو کاراکتێرەکە دووبارە لە 'لاگۆز' خۆیان دەبیننەوە؛ ئۆبینزە پیاوێکی دەوڵەمەندی خاوەن ژن و، ئیفێمێلویش کە تازە گەڕاوەتەوە بۆ ماڵەوە سەرلەنوێ خەریکی دامەزراندنی بلۆگێکە، وە هەروەها لەگەڵ ئەو کێشە و بژاردە قورسانەی وا دەکەونە ناو ژیانیانەوە. داخۆ بڵێی لەبەر ئەمە بێت کۆتایی رۆمانەکە خاوەن ئەو هەستیارییەی نیە وا بەشەکانی دیکە هەیەتی؟ بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارە پێوەندی بەوەوە هەیە چلۆن بڕوانینە مەرجەکانی پرسیارەکە: داخۆ تەنیا پێویستیی خوێنەری رۆژئاوایی بۆ خوێندنەوەی رۆمانێکی ئاشقانەی دوور لە نەریتە، کە حەزی بە کۆتاییەکی ئومێدوارانەیە، دەوردەبینێ؛ یان خوێنەرێک کە بە چاوەڕوانییەکی ترەوە دەڕوانێتە کۆتایی رۆمانەکە و ئەم کۆتاییە لە رەوتێکی لۆژیکی بەسەرهاتەکاندا دەبینێتەوە؟

ئەگەر سەردانی ئەو ماڵپەرە نۆروێژییانە بکەی وا کتێب دەفرۆشن، دەبینی کتێبەکان خاوەن لایەنی سیاسی نین. رۆمانی Americanah "پێش لە هەر شتێک رۆمانێکە لەسەر خۆشەویستی" و لەم بارەیەوە لە هەمان کاتەگۆریی رۆمانەکانی 'ڤیکتۆریا هیسلۆپ' و رۆمانی 'پەنجا سێبەری خۆڵەمیشی'ی 'ئ. ل. جەیمس'دا خۆیان دەبیننەوە. رەنگە زۆر سەیر نەبێ لە جیهانی رۆژئاوا ئەشق و ئێرۆتیک زیاتر لەو دەقانەی وا باس لە رەگەز دەکەن فرۆشیان هەیە. ئادیچیە بۆ خۆی لە چاوپێکەوتنێکدا باس لە جیاوازیی نێوان ئەشق و سیاسەت دەکا و دەڵێ: "داخۆ لەدووا گوتەدا هەموومان لەسەر ئەشق نانووسین؟ ئەدەب هەر هەمووی لەسەر ئەشقە. کاتێک پیاوان ئەمە دەکەن دەبێتە گوتەیەکی سیاسی لەسەر پێوەندییەکانی مرۆڤ. کاتێک ژنان دەیکەن، دەبێتە چیرۆکی خۆشەویستی." ئەم نووسەرە دەیەوێ ئەوە نیشانبدات کە چیرۆکی ئەشق گرینگە؛ چیرۆکەکانی ئەشق ئەگەرچی بەڕواڵەت چیرۆکی خۆشەویستین، بەڵام دەتوانرێ لەسەر شتی دیکە بەکار ببرێن.٧٠

درێژەی هەیە....

Bilderesultat for adichie chimamanda ngozi kunst

گەڕان بۆ بابەت