ما 5495 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

نووسەران، خوێنەران و رەخنەگرانیش زنجیرە تەلەفزیۆنییەکانیان ناوناوە "رۆمانی نوێ". لەم پێوەندییەدا وشەی "نوێ" وشەیەکی سەیر دێتەبەرچاو، لەبەر ئەوەی ئەم زنجیرە تەلەفزیۆنییانە نەک لە رۆمانی سەردەم ناچن، بەڵکو زیاتر بەو وەسفە ریالیستییانەوە دەیکەن، بە ژینگەی روونیانەوە، بە پلۆتی ئاڵۆز و گالەرییەکی گەورە لە کەسایەتییەکانەوە کە هەیانە لە رۆمانەکانی سەدەی نۆزدە دەچن.

 

واقعیەتی رۆمان، رۆمانی واقعیەت

پاژی پێشوومان بە کۆیەکی شیعری تەواوکرد، هەڵبەت نەک بە هەموو کۆشیعرێک، بەڵکو بە کۆشیعرێکی بیۆگرافی و ریالیستی بێ رەحمانە. لەگەڵ یەحیا حەسەن تا ئەو جێگایەی بیر ئیزن دەدا ئێمە لە دەریا، مردن و خۆشەویستی دوورین، بۆیە لەو تایبەتمەندییانەیش نزیکتر دەبینەوە وا گەلێک رۆمانی سەردەم دەگرنەوە، واتە ئەو داوایەی لەسەر واقعیەت و حەزی دوورکەوتنەوە لە خەیاڵ و شیعرییەت هەیە. زەحمەتە حەسەن لە زنجیرە رۆمانە بیۆگرافییەکانی 'کاڕڵ ئۆڤە کناوسگۆرد' وەک دەقی گرینگ بڕوانێ. بە واتایەکی تر ژانرەکە نیە گرینگە، بەڵکو حەزی نزیکبوونەوە لە واقعیەت و ژیانی رۆژانەیە، جا چ دەقەکان ناویان شیعر بێت چ رۆمان.

رۆمان سەرەتا لەسەر رووداوەکانی ژیانی رۆژانە، نزیکبوونەوە لێی و هەروەها لەسەر واقعی میکیاژنەکراو بووە، بە واتایەکی تر رۆمانی ریالیستی بووە کە ئەمڕۆکە لە لایەن شیعر، رۆمان، وتار و فیلمەکانەوە دەپارێزرێ. با لێرەدا لەو رۆمانە ریالیستییانە بڕوانین کە لە سەدەی نۆزدەوە لەلایەن فۆڕمەکانی دیکەی تینووی واقعەوە پێشبڕکێیان لەگەڵ کراوە و بزانین چلۆن گۆڕیویانە.

 

رووداوەکانی ژیانی رۆژانە

رۆمانی ریالیستی، وەک لە پاژی یەکەمدا بینیمان، لەسەرەتادا وەک زنجیرە بڵاوکرایەوە و خوێنەرەکان دەیانتوانی هەفتە بە هەفتە یاخود مانگ بە مانگ ئاگایان لە رووداوەکان بێت. ئەو رووداوانەی ئەمڕۆکە ئێمە لە فۆڕمی کتێبی گەورەدا دەیانخوێنینەوە لە سەردەمی پەیدابوونی رۆمانی مودێڕندا بەم شێوازە دەهاتە دەرەوە: درێژەی داستانەکە لە ژمارەی داهاتوودا. زنجیرەڕۆمان نموونەیەکی باشە بۆ ئەوەی چلۆن تکنیک و فۆڕمی ئەدەبی پێوەندییان پێکەوە هەیە، لەبەر ئەوەی گرینگ بوو جەماوەر حەز و سەرنجی لەدەست نەدات. هەروەها رووداو، دیالۆگ و پێکهاتەی گێڕانەوەکە دەبا وەها بووایە کە خوێنەر خۆی تیا ببینێتەوە و بیناسێتەوە، ئەمە گرینگتر لە وەسفە درێژەکان بوو، ئەگەرچی لێرەیشدا دەق هەیە خۆی جیادەکاتەوە. تایبەتمەندیی هاوبەشی زنجیرەڕۆمانەکان ئەوەبوو هەر هەموویان درێژ بوون، خاوەن گالەرییەک لە کەسایەتی بوون، هەڵبەت بە کەسایەتییەکی سەرەکییەوە، پلۆتەکەیش وەها داڕێژرابوو کە خوێنەر بەردەوام بەشوێن ئەوەوە بوو دوواتر چ روودەدات. بۆ نموونە مێژوونووسانی کتێب دەتوانن باسی ئەوە بکەن چلۆن هەر جارەی کاتێک بارێکی تازە لە کتێبی The Old Curiosity Shop (٤١ـ ١٨٤٠) دەگەییە ئامریکا، خوێنەرانی ئامریکایی بەلێشاو بەرەوپیرییەوە دەچوون بۆ ئەوەی هەرچی زووتر لەسەر ئەوە ئاگاداربن چی بە سەر 'نێل ترێنت'ی قارەمانی هەتیو و تەنیا لەم ژمارە نوێیەدا هاتووە. شێوازی بڵاوکردنەوەکەیش پێویستیی بە خێراییەکی دیار و تایبەت هەبوو وەها کە نووسەر ـ دیارە زۆربەیان پیاو بوون ـ زۆر جار نەیدەزانی چلۆن چیرۆکەکە دەبا درێژە پێبدا یاخود کۆتایی پێ بێنێت. بە واتایەکی تر جۆری کاردانەوەی جەماوەری خوێنەر دەیتوانی کاریگەریی هەبێ لەسەر شێوازی گەشە و نەشەی رۆمانەکە.

ئەمڕۆکە هەفتەگۆڤارە جێگای زنجیرەڕۆمانی گرتووەتەوە، بەڵام نەک هەفتەگۆڤارە نەریتیەکان بە پلۆتی هەستیارانەوە، هەروەها ئەوە زنجیرەتەلەفزیۆنییەکانن تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی رۆمانی سەدەی نۆزدەیان پاراستووە؛ ئەو زنجیرانەی وا چەندین وەرز دەگرنەوە و ژیانی رۆژانە و دیاردە مێلۆدراماتییەکان لە پلۆتێکی ریالسیتیدا پێکەوە دەبەستنەوە و، بە شوێن یەکتردا نومایشیان دەکەن، دیارە بەو درامایانەوە وا هەڵگری تێمی یاسا و نەریت شکێنین. ئەم زنجیرانە ماوەیەکی درێژە جێگای زنجیرەڕۆمانیان گرتووەتەوە. لێرەیشدا بە درێژایی زەمەن بەتووش هەمان کەسەکان دەبینەوە، چاومان بە گەشە، پێگەیشتن، کەوتن، وەهمەکان و حەقیقەتەکانیانەوە دەبێ؛ بەکورتی "چیرۆکی داب و نەریت و ژیانی رۆژانە" سەبارەت بە هەموو کۆمەڵگا، یاخود چەند بەشێکی؛ بەڵام بەبێ هەوڵدان بۆ هاوئاهەنگ کردنیان. لێرەدا ئەوە ریالیزمە زاڵە، دیارە هاوکات لەگەڵ پاتوس (patos) و هەستیاریەتی.

زۆریەک لە دروستکەرانی فیلمە زنجیرەییەکان ئاماژە بە نموونە ئەدەبییەکان دەکەن، رۆماننووسەکان، خوێنەران و رەخنەگرانیش زنجیرە تەلەفزیۆنییەکانیان ناوناوە "رۆمانی نوێ". لەم پێوەندییەدا وشەی "نوێ" وشەیەکی سەیر دێتەبەرچاو، لەبەر ئەوەی ئەم زنجیرە تەلەفزیۆنییانە نەک لە رۆمانی سەردەم ناچن، بەڵکو زیاتر بەو وەسفە ریالیستییانەوە دەیکەن، بە ژینگەی روونیانەوە، بە پلۆتی ئاڵۆز و گالەرییەکی گەورە لە کەسایەتییەکانەوە کە هەیانە، هەر وەک چۆن بۆ وێنە لای باڵزاک و دیکێنز دەستدەکەون، لە رۆمانەکانی سەدەی نۆزدە دەچن. بەڵام زنجیرەی تەلەفزیۆنی رۆمانیان وەک ژانرێک لە مەیدان بەدەرنەکردووە، بەپێچەوانەوە؛ ئەوە فیلمی سینەماییە ئەم زنجیرانە کێبەرکێیان لەگەڵ دەکەن. 'ئانە فاشێتۆس' لە رۆژنامەی 'مۆڕنبلادە' (١٩ ـ ١٣ مانگی یەکی ٢٠١٤) ئاماژە بەوە دەکا لەم بوارەدا کەڵک وەرگرتن لە ئایدیای "رۆمانی نوێ" لە روانگەی ژانرییەوە بەراوردکردنێکی ناتەواوە: "ئەوەی مەبەستە بێگومان رۆمانی کۆنە و مەبەست لەمەیش رۆمانی ریالیستییە کە لە لایەن زۆر کەسەوە دەخوێندرێتەوە و چالاکانە لەو ژیانە گشتییەدا بەشداری دەکا وا بۆخۆی بەشێکە لێی." ئەم بەرهەمانە بە کاراکتێرە ئاڵۆزەکانیانەوە و بەو رووداوانەوە وا رەخنە لە کۆمەڵگا دەگرن، بە کەڵک وەرگرتن لە سەرچاوە کلتورییەکان و هەروەها دەقە روونەکان، لە لایەن لێکۆڵەرە مێدیاییەکانەوە زیاتر وەک "زنجیرە باشەکان" پێناسەدەکرێن تا ئەوەی وەک ژانرێک هەڵگری چلۆنایەتی (کڤاڵیتی) بن. ئەم تایبەتمەندییە ژانرییانە ئەوە نیشاندەدەن کە تەلەفزیۆنەکانی ئەم سەردەمە (تەلەفزیۆنی کڤاڵیتی) لەچاو تەلەفزیۆنە نەریتییەکان زیاتر لە ئەدەب و سینەما دەکەن. بە گوتەی 'ئەرلەند لاڤیک' ئەم زنجیرە باشانە نە زنجیرەی رووتن و نە زنجیرە رووداوی رووت ـ هەروەها چیرۆکی تەواوی دابڕدابڕ کراویش نین ـ بەڵکو زیاتر قاڵبێکی تێکەڵن.٧٤ لاڤیک هەروەها بیری ئەوەمان دەخاتەوە کە دەرهێنەرەکان، نووسەرانی دەقە زنجیرەییەکانی تەلەفزیۆنی، وەک "نووسەرانی" فیلم یان زنجیرەفیلم، کە بە 'تیۆری نووسەر' ناوبانگی دەرکردووە، بۆ دیاریکردنی سەرچاوەی ئەم دەقانە بە هیچ شوێنێکمان ناگەیەنن. ئەوە هەمیشە کۆیەکە لە پشتەوەی ئەم بەرهەمانە راوەستاوە، بەڵام کەسێکی تایبەت بەناوی خۆیوە دەکا و وەک بەرهەم دەیفرۆشێ.

داخۆ راستە بڵێین زنجیرە تەلەفزیۆنییەکانی ئەوڕۆ هاوتەریبی ئەو تکنیکانەن باڵزاک لە رۆمانی 'کۆمێدیای مرۆڤ' بەکاریان دێنێ، یاخود لە وەسفە دوورودرێژەکانی دیکنێز لەسەر مرۆڤ دەکەن؟ ئەگەرچی رووداو، کات و شوێن جۆراوجۆرن، رووداوەکان وەک پاژەکانی رۆمانێکی گەورەی سەر کۆمەڵگا عەمەل دەکەن. بەم شێوەیە وادێتە بەرچاو زنجیرەی تەلەفزیۆنی جێگای رۆمانی گەورەی گرتووەتەوە، ئەو رۆمانەی وا وێنەی نەبوو: لە لایەکەوە ئەمە ژانرێکی نوێ پیشاندەدا و لە لایەکی ترەوە هێشتا ئەمە لەلایەن مێدیاکانی ترەوە نەکەوتبووە بەر پێشبڕکێوە. ئەمڕۆکە ئێمە لە رۆمان وەک رۆمانێک دەڕوانین کە لە رۆمانی ریالیستی سەدەی نۆزدە بکا. هەروەها لێرەدا دەتوانرێ هاوتەریبییەک لەگەڵ زنجیرە تەلەفزیۆنییە نوێیەکان ببینینەوە: لە دەیەی ١٩٨٠ "تەلەفزیۆنی کڤاڵیتی" شتی تەواو تازەی پیشاندەدا. 'داڤید لینچ'ی دەرهێنەری فیلم کە شانازی بە 'توین پیکس'ەوە (٩١ ـ ١٩٩٠) دەکا ئاماژەیەکە هەم بە خاڵی دەستپێک و هەم بە خاڵی وەرچەرخان. وەک لاڤیک دەڵێ "لە ماوەی دەیەی ١٩٩٠ تەلەفزیۆنی کڤاڵیتی شوێنی سەرەکیی پەیداکرد."٧٥

درێژەی هەیە...

Bilderesultat for ‫دیکنز‬‎

گەڕان بۆ بابەت