ما 6400 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

گرینگیی رۆشنبیری دابەشکەر

 وشیاری مرۆڤ گەر ئەم قسەیەی ئەرەستوو لە بەر چاو بگرین کە مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە، لە بنەڕەتدا وشیارێیەکی کۆمەڵایەتییە، واتە بە جۆرێک لە جۆرەکان پەیوەستە بە ئەو وشیارییەی لە ناو کۆمەڵدا هەیە و، لە راستیدا بە بێ ئەم بەستێنە رەنگە قسەکردن لە وشیاری ئەستەم بێت.

بەڵام ئەمە بەو مانایە نیە کە وشیاری تەنیا لەم بەستێنەدا پێناسە دەکرێ و ئیتر بۆ وێنە ناتوانین قسە لە سەر وشیاریی تاکەکەسی بکەین. تەنیا چاوگێڕانێک بە ناو بەرهەمە نووسراوەکانی نووسەران لە هەموو بوارەکاندا ئەوەمان بۆ دەردەخا کە وشیاریی تاکەکەسی چەندە حوزوری هەیە و، چەندە دەور و نەقش دەگێڕێتەوە لە دروستکردنی وشیاریی گشتیدا.

 

بۆ وێنە گەر سەیری هەموو ئەو دەقە فەلسەفی و ئەدەبی و کۆمەڵناسیانە بکەین کە نووسراون، دەبینین کە چلۆن سیستمە سیاسی ـ کۆمەڵایەتییەکان لە دارشتنی بنەماکانی خۆیان کەڵکیان لێوەرگرتوون و کاریان پێ دەکەن. لێرەوە بە جوانی ئیتر ئەرکی وشیاریی تاکەکەسی لە قاڵبی رۆشنبیری بەرهەم هێنەردا بە جوانی دەردەکەوێ.

لەو وڵاتانەی کە رۆشنبیری بەرهەم هێنەر وجوودی نیە یان لاوازە، بوونی رۆشنبیری وەرگر و دابەشکەری بیری رۆشنبیرە بەرهەم هێنەرەکان یەکجار گرینگە. ئەم جۆرە لە رۆشنبیر بە وەرگرتن و هەزمی دەقە سەرەکییەکان و گرێدانیان بە کۆمەڵگای خودەوە، وەک پردێکی پەیوەندی دەبێتە هۆی داڕشتنەوەی سیستم (لانیکەم لە هەندێ بواری گرینگدا) لەسەر ئەو دەقانەی وا وشیاریی تاکەکەسی بەرهەمی هێناون. لە راستیدا بە بێ ئەم ئەرکە ناتوانین باس لە کۆمەڵگایەک بکەین کە دەیەوێ بە جیددی پێ بخاتە ناو مۆدێرنیزمەوە.

 

بۆ وێنە با باس لە فەلسەفەی ئەخلاقیی کانت فیلسووفی ئاڵمانی بکەین. فەلسەفەی ئەو لەم بوارەدا بە ناوی ئەخلاقی ئەرک یان وەزیفە ناسراوە. ئەم بیرمەندە پێی وایە کە بە بێ رەچاوکردنی ئاکامەکانی کردەیەکی ئەخلاقی، مرۆڤ دەبێ تەنیا و تەنیا بە گوێرەی بنەما ئەخلاقییەکان هەڵس و کەوت بکا. بۆ وێنە گەر فرۆشیارێک تەنیا لە بەر ناو و ناوبانگی لە گەڕەکدا فێڵ لە مشتەرییەکی منداڵی خۆی ناکا، ئەوە لە راستیدا کردەکەی پڕ بە پێستی خۆی ئەخلاقیانەی ئەنجام نەداوە. ئەم فرۆشیارە گەر بیەوێ ئەخلاقی بێت تەنیا دەبێ بە گوێرەی ئەم پرینسیپە هەڵس و کەوت بکا کە فێڵ کردن کردەیەکی دژە موڕاڵیانەیە.

ئەم پرینسیپە کانتیانەی ئەخلاق لە داڕشتنی سیستمی مۆدێڕن دەوری خۆی گێڕاوە. بۆ وێنە کاتێک کەسێک بە بێ گوێدانە ئەوەی مشتەرییەکی جووە موسوڵمانە یان کافر، بە جوانی بەڕێی دەکا و کێشەی بۆ ناخوڵقێنێ. یاخود ئەو پرینسیپەی ناو جاڕنامەی مافی مرۆڤ کە باس لە حەقی ژیان بۆ هەموو کەس دەکا بە شێوەیەک بۆ ئەم تیۆرەی کانت دەگەڕێتەوە.

 

لە کۆمەڵگای ئێمەدا رۆژ بە رۆژ زیاتر هەست بە پێویستیی وجوود و بوونی رۆشنبیری دابەشکەر دەکەین. رۆشنبیرێک کە بە قوڵی لە گەڵ دەقە گرینگ و سەرەکییەکان پەیوەندی بگرێت و لە رەوتێکی خوێندنەوە ـ رەخنەدا هەوڵ بدا بە ناو پانتایی کۆمەڵگادا بڵاویان بکاتەوە.

 

سایتی قەڵەم

١٥ دێسامبری ٢٠١٤

 

 

  

گەڕان بۆ بابەت