ما 11547 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

"ئەو ئازادییەی لەم ژانرەدا هەیە، لە راستیدا رۆمان دەتوانێ هەموو شتێک لەخۆیدا جێ بکاتەوە، دەرفەتی ئەوە بە نووسەر دەدا هەموو شتێک پێکەوە بگونجێنی و هەر رۆماننووسێک کەڵک لەو شتەی وەربگرێ وا دەیەوێ کەڵکی لێ وەربگرێ. گەلێک لە بەرهەمە گەورەکان باس لە کەسێکی بچووک لە شوێنێکی بچووک دەکەن. بۆ نموونە بڕوانە مادام بوڤاری.

 

راستەقینە یان خەیاڵی؟

کاتێک 'حەنیف قورەیشی' نووسەری ئینگیزی ـ پاکستانی رۆمانەکەی بە ناوی Intimitet (١٩٩٨) دایە دەرەوە، بووە هۆی مایەی ناهومێدی. لە خۆشەویست بوونی بریتانیای فرەکلتورییەوە بەو فیلمنامەوە وا ناوزەدکرا بۆ خەڵاتی ئۆسکار 'فیلمی My Beautiful Laundrette (١٩٨٤)' هەروەها بە بردنەوەی خەڵاتێک بۆ رۆمانی En forstadsbuddah (١٩٩٠) حەنیف بەم رۆمانە نوێیەیەوە ئیتر نوێنەرێکی سەرنجڕاکێش، یاغی و بەهێزی نەوەی نوێی بریتانیایی ـ ئاسیایی نەبوو، بەڵکو کوڕێکی خراپی راستەقینە بوو. رۆمانی Intimitet وەک کتێبەکانی پێشووی بەشێوەیەکی تایبەت بە کۆمەڵگای ئاسیاییەوە گرێ نەدرابوو، ئەگەرچی کەسایەتیی سەرەکی رۆمانەکە بەردەوام کەسێکی بریتانیایی بەڵام بە باکگراوندێکی ئاسیاییەوە بوو. ئەمجارە ژیانی هاوبەشی چینی مامناوەندی و داڕمانی ئەم جۆرە ژیانە لە دەستووری کاری ئەودابوو، پیاوێک کە واز لە هاوژینەکەی و منداڵەکەی دێنێ بۆ ئەوەی بەشوێن رووداوی تری ژیانا بڕوات.

کاتێک بۆ یەکەم جار کتێبەکەم خوێندەوە، وەک هەموو خوێنەرانی تر، بەتایبەت خوێنەرە ژنەکان، هەمان سۆزم بۆی هەبوو: ئەو کاراکتێرە سەرەکییەی رۆمانەکە لە شێوازی مۆنۆلۆگی دەروونیدا خوڵقاندوویەتی لە راستیدا وەک بیر و وشە زۆر کەسایەتییەکی ناشیرینە و هیچ کەسێکی بەرامبەریش نیە کە بتوانێ لەهەڵەکانی خۆی راستی بکاتەوە. لە پێوەندی لەگەڵ ئەو رستانەی وا رۆمانەکە پێیانەوە دەست پێدەکا، دەبینین بەپێچەوانەی ئەو شتانەیە وا کاراکتێری سەرەکی بە گشتی دوواتر لە رۆمانەکەدا دەیاندرکێنێ، کاتێک دەڵێ: "شەوێکی خەمناکە، لەبەر ئەوەی من دەمەوێ بڕۆم و نەگەڕێمەوە."٧٨ ئەگەر مرۆڤ چاوەڕوانی بەسەرهاتێکی هەستیار لەسەر لەدەستدان و خەم بێت ئەوا بەتووشییەوە نابیت. زمان زبر و قوڵمە و ئەمە هەم لەگەڵ خۆویستیی کاراکتێری سەرەکیدا دێتەوە و هەم لەگەڵ شێوازی هەڵسوکەوتی بەرامبەر بە هاوسەر و منداڵەکەی. ئەم رۆمانەی قورەیشی بە جوانی خاوەن خەسڵەتی ئاشکرای هاوبەشیشە لەگەڵ ژیانی تایبەتی خۆی: ئەویش هاوسەر و دوو کوڕە بچووکەکەی جێهێشت لەبەرئەوەی وەک خۆی دەڵێ "جێهێشتنیان سەرنجڕاکێش تر بوو."٧٩ شێوازەی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ رۆمانەکە جێگای سەرنجە، لەبەر ئەوەی سەبارەت بە جۆری پێوەندیی نێوان ژیان و ئەدەبییات داوای گفتوگۆ و لێکدانەوەی بەردەواممان لێدەکا، وەک چۆن هەر لەم پێوەندییەدا لە نۆروێژ لەگەڵ چاپبوونی زنجیرەڕۆمانی 'خەباتی من' لە نووسینی 'کناوسگۆرد' ئەم تایبەتمەندییە هاتەئاراوە. وەک رۆمانەکەی کناوسگۆرد بەرهەمەکەی قورەیشیش لە لایەن بنەماڵە و هاوسەرەکانەوە کاردانەوەی تووندی بەخۆیەوە بینی و لە راستیدا ئەم نووسەرە هەوڵینەدا لە لایەنی ژیاننامەیی خۆی بپارێزێ، ئەگەرچی بەپێچەوانەی کناوسگۆرد لە ئاستێکی زیاتردا کەڵکی لە رۆمانی خەیاڵی وەرگرت. رۆمانی Intimitet بەکورتی لە رۆمانی 'خەباتی من' کاتێک قسە لە درێژی، لە فۆڕمی گێڕانەوە و لە رووداوەکانە رۆمانێکی ئاسایی ترە. کناوسگۆرد راستگۆ و رەخنەلەخۆگرە، ئەمە لە کاتێکدایە قورەیشی کەسێکی خۆویست و ساردە، بەڵام هەردووکیان بێ پەروایانە بەشوێن پرۆژەکانی خۆیانەوەن و کاردانەوەیان لەناو کۆمەڵگاوە بەرامبەر بە نەبوونی جیاوازیی روون لە نێوان خەیاڵ و راستیدا لە دەقەکانیاندا هەڵخڕاندووە. لە بەرهەمەکەی کناوسگۆردا، کە تەنیا لەوەدا لەگەڵ دەقەکەی قورەیشی لەیەکتر دەچن کە هەر دووکیان بەشێوەی نەچڕ بە ژیانی دەروونیی پیاوێکەوە گرێدراون، پرسی پێوەندی بە ژن تەنیا یەک هێڵە لەناو هێڵەکانی تری دەقەکەدا، بەڵام لە رۆمانەکەی قورەیشیدا ئەمە هێڵی سەرەکییە و بە ناو هەموو دەقەکەدا گوزەردەکا، بەڵام هەر دوو دەقەکە دوواتر لە لایەن هاوسەرە کۆنەکانیانەوە بەتووش کاردانەوەوە بوو. وەک فرانچس ویلسۆن لە وتارێکدا سەبارەت بە رۆمانەکەی قورەیشی دەنووسێ: "بۆ ئەوەی خەیاڵی بێت زۆر راستەقینەیە، بۆ ئەوەی فاکت بێت زۆر ناڕاستەقینەیە، بۆ ئەوەی هونەر بێت زۆر ناخۆشە، بۆ ئەوەی راستی بێت زۆر هونەریانەیە."٨٠

ئەو چیرۆکە رابردووگەرایانەی وا باس لە مرۆڤێک دەکەن کە دەڕوانێتەوە رابردوو، کاتێک تێیدا زێدەڕۆیی بۆ دەرنەبڕینی ریالیزمی ژیانی تایبەت و هەروەها شکاندنی سنوورەکانی ژیانی شەخسی و تایبەتی رەچاودەکرێ؛ ئەوە نیشاندەدەن کە هەمووی ئەمانە تایبەتمەندیی باوەشی ئاوەڵای ژانری رۆمانەن بۆ جێکردنەوەی زۆر شت لە خۆیدا. هەم مۆنۆلۆگی کورتی قورەیشی لە بەرهەمەکەی خۆیدا و هەم پرۆژەی سەرنجڕاکێشی کناوسگۆرد دەربڕی زیندوویی رۆمانن. لێرەدا ئەزموون لە شکلی گێڕانەوەدا خۆی نیشاندەدا و هەڵبەت نەک لە شێوازی هەموو گێڕانەوەیەکدا، بەڵکو گێڕانەوەیەک کە خۆی لە فۆڕمە ناسراو و خۆشەویستەکان جیادەکاتەوە. ئەو شتەی وا رۆمانەکانی قورەیشی و کناوسگۆرد سەرنجڕاکێش دەکەن ئەوەیە کە هەر کامەیان کەڵک لە خەسڵەتێکی بنەڕەتی ئەم ژانرە وەردەگرن، ئەویش سنووری ناڕوونی نێوان دیاردە خەیالی و دێکۆمێنتارییەکانە. ئەو سنوورە ناڕوونەی وا ناخۆشی و دڵەڕاوکێ لە لای ئەو کەسانە دروستدەکەن وا بەشێوەی نەخواستە دەکەونە ناو پرۆژەکەوە.

رۆمانە دێکۆمێنتارییەکان ـ ئەو رۆمانانەی لەسەر رووداوە راستەقینە و زۆربەی کات دراماییەکان بونیاتنراون ـ شتێکی تازە نین. 'ترومان کاپوت' دەڵی کە ئەو بە یارمەتیی رۆمانی Med kaldt blod (١٩٦٥) رۆمانی ناخەیاڵی داهێناوە، رۆمانێک کە لەسەر بنەمای رووداوێکی راستەقینە دروستکراوە و سەبارەت بە قەتڵێکە لە بنەماڵەی کانساسدا. رۆمانی Bøddelens sang ی (١٩٧٩) رۆماننوس 'نورمان مایلێر'، کە بەتازەیی کراوە بە نۆروێژی، نموونەیەکی ترە سەبارەت بە رووداوێکی راستەقینە کە بەشێوازی درامایی و داستانی لە بەرگی رۆماندا گێڕدراوەتەوە. لە نۆروێژ رۆمانی To mistenkelige personerی (١٩٣٣) رۆماننووس 'گوننار لاشن'، سەبارەت بە قەتڵی دوو پۆلیسە کە لە ساڵی ١٩٢٦ روویداوە. ئەمە یەکەمین رۆمانی دێکۆمێنتارییە لە وڵاتی نۆروێژ. هەروەها 'گەوتە هەیڤۆڵ' نووسەرێکی ئەوڕۆی دیکەی نۆروێژییە کە لە چوارچێوەی رۆمانی دێکۆمێنتاریدا دەنووسێ کاتێک رۆمانەکانی Himmelarkivet (٢٠٠٨) وFør jeg brenner ned  (٢٠١٠)  لەسەر رووداوە راستەقینەکان بونیاتدەنێ.

 

لە لای قورەیشی و کناوسگۆرد خەسڵەتی دێکۆمێنتاریی بەرهەمەکانیان تەنیا گرێدراوەتەوە بە لایەنی ژیاننامەیی خۆیان و ئەو راستگۆیەی وا رەچاویان کردووە. ناوی Intimitet (واتە سەمیمەییەت یان راستگۆیی ـ وەرگێڕی کوردی) بۆ رۆمان تایتڵێکی سەرنجڕاکێشە، لەبەر ئەوەی وەک فۆڕم لە زۆربەی هەرە زۆری ئەو بەرهەمانەی وا بەم ناوی رۆمانەوە پێشکەش باس لەسەر راستگۆییە، بەڵام دیارە نەک تەنیا راستگۆیی بەڵکو هەروەها وەک ژانر و وەک فۆرم راستگۆیانە ئێمە بە مرۆڤ یان چەند مرۆڤێک نزیک دەکاتەوە و هانماندەدا، دیارە گەر تاقەتمان هەبێ و بەردەوام بین لە خوێندنەوەی، جودا لە دونیای خۆمان بەشداری بکەین لە دونیایەکی تردا، جا چ ئەو دونیایەمان لا پەسند بێت یان نەبێت.

دیارە کناوسگۆرد بۆخۆی لەسەر ئەمە شتێکی گوتووە کە لێرەدا شیاوی ئەوەیە باسی بکەین. لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ 'تورە رێنبەرگ' لە گۆڤاری Samtiden (مانگی یەکی ٢٠١٠)، لەگەڵ ئەم رەخنەیە رووبرڕوو دەبێتەوە کە ئەو و 'رێنبەرگ' لە خۆیان وەک سەنتەری ئەدەبییاتی هاوچەرخ دەڕوانن، ئەو لەم پێوەندییەدا دەڵێ: "ئەو ئازادییەی لەم ژانرەدا هەیە، لە راستیدا رۆمان دەتوانێ هەموو شتێک لەخۆیدا جێ بکاتەوە، دەرفەتی ئەوە بە نووسەر دەدا هەموو شتێک پێکەوە بگونجێنی و هەر رۆماننووسێک کەڵک لەو شتەی وەربگرێ وا دەیەوێ کەڵکی لێ وەربگرێ. کاتێک قسە لە سەر خۆ بە سەنتەرزانینیشە، دەبێ بڵێین رۆمان ژانرێکی سەمیمی و راستگۆیە. گەلێک لە بەرهەمە گەورەکان باس لە کەسێکی بچووک لە شوێنێکی بچووک دەکەن. بۆ نموونە بڕوانە مادام بوڤاری. رۆمانێکی یەکجار باشە و ئەم بەرهەمە ئەوەی دەکا وا ئەدەبییات دەرفەتەکەی دەڕەخسێنێ: "مرۆڤ لە ژیان و بیری مرۆڤێکی تر نزیک دەکەوێتەوە."٨١

کاتێک مرۆڤ واز لە خەیاڵ دێنێ، بۆچی ئەو دەقەی وا دەنووسرێ ناوی لێ دەنێ رۆمان؟ بۆچی ناوی لێنانێین ژیاننامە، یاخود دانپیانان ـ وەک لە نەریتی 'رۆسۆ' دا دەیبینین کە باس لە هەموو شتێک دەکا؟ رەنگە هۆکارەکەی ئەوە بێت رۆمان ئەو دەرفەتە دەڕەخسێنێ کە ژیانی خۆت بگێڕیتەوە و خەڵکی تر بەو قەناعەتە بگەیەنی ئەوەی دەیگێڕیتەوە شتێکی تیپیک و گشتییە. کناوسگۆرد لە هەمان چاوپێکەتندا باس لە پرۆژەکەی خۆی دەکا، ئەوەیکە دەبێ کارەکەی بکا و شتەکان وەک خۆیان لە دەقدا بنوێنێتەوە، دیارە ئەمە بەرنامەیەکی ریالیستییە و، هەر لەم پێوەندییەدا دەڵێ: "من دەمەوێ لەسەر ئەو شتانەی بنووسم کە هەن نەک لەسەر ئەوەی چۆن باشە هەبن."٨٢  بەرنامەی ریالیزم بەرنامەی رۆمانە. کناوسگۆرد دەیەوێ ئەدەبییات بنووسێ و بۆیە دەیەوێ راستەوخۆ لە سەر خۆی و لە دەروونەوە بنووسێ، وەک لە چاوپێکەوتنەکەیدا دەردەکەوێ جگە لەمە هیچ رێگایەکی تر بۆ نووسینی رۆمان نیە. کاتێک ئەو دەڵێ مادام بوڤاری ئەوەی دەکا وا ئەدەبییات دەرفەتی بۆ دەڕەخسێنێ، واتە نزیکبوونەوە لە مرۆڤ، هەر بەو رادەیە دەیتوانی بڵێ ئەمە هەر ئەوەی دەکا وا رۆمان دەرفەتی بۆ دەڕەخسێنێ؛ هەروەها فلۆبێرت کاتێک دەڵێ "مادام بوڤاری خۆمم." دەیەوێ فاسڵەی نێوان ژیان و خەیاڵ کەم بکاتەوە.

درێژەی هەیە...

Bilderesultat for knausgård kunst

گەڕان بۆ بابەت