چیرۆک

پەری دەریایی

لە ئینگلیزییەوە: محەممەدئەمین مەجیدیان

من دووعاناکەم بۆ دەریا و هەر شتێک کە تێیدایە. ئەم گەنجە ماسیگرە بۆ ئەوین و خۆشەویستی پشتی لە خواهەڵکرد، خوایش لە تۆڵەی ئەوەدا ئەو و خۆشەویستەکەی کوشت. ئێستا تەرمی ماسیگر و تەرمی پەرییەکە هەڵگرن و لە گۆشەیەکی زەویی جلشۆرەکاندا بیاننێژن. هیچ نیشانەیەکیش لەسەر گۆڕەکەیان دامەنێن.

 

پەری دەریایی

هەموو ئێوارەیەک ماسیگرێکی گەنج دەچوو بۆ راوەماسی. جارجار ئەو ماسییانەی دەیگرتن، لە بازاڕ دەیفرۆشتن. هەندێ جاریش کە ماسی نەدەگرت، هیچ نەبوو بیفرۆشێت.

جارێکیان تۆڕەکەی یەکجار قورس و سەنگین بوو.  ماسیگرەکە کەوتە پێکەنین و گوتی: "دەبێ هەموو ماسیی ئەم دەریایەم گرتبێ؟ یان دەعبایەکی ترسناک بە تۆڕەکەمەوە بووە؟ ئەگەر وابێ ئەیدەم بە شاژن، زۆر دڵی پێخۆش دەبێ."

ماسیگرەکە تۆڕە قورسەکەی راکێشا و راکێشا هەتا گەیاندییە لای بەلەمەکەی.

کە سەیریکرد تۆڕەکەی ماسیی تێدا نەبوو، دەعبایەکیشی تێدا نەبوو. تەنیا پەرییەکی بچکۆلەی دەریایی نەبێ کە لەوێ خەوی لێ کەوتبوو.

قژەکانی پەری زەردی زێڕین؛ ئەندامی سپی وەک عاج؛ کلکی وەکوو زیو و مرواری؛ گوێچکەکانی هەر وەک سەدەف بوون.

ئەم پەرییە زۆر جوان بوو. ماسیگرەکە تۆڕەکەی لە بەلەمەکی نزیکتر کردەوە.  باوەشی کردەوە بۆ ئەوەی لە باوەشی گرێ. هەر کە دەستی بۆبرد، پەرییەکە زریکاندی.

پەری توانای هەڵاتنی نەبوو، بۆیە دەستیکرد بە گریان و گوتی: "توخوا بەرم دە. من تاکە کچی شای دەریام. باوکم زۆر پیر و تەنیایە."

ماسیگرەکە وەڵامی دایەوە: "بەرت ئەدەم، بەڵام دەبێ بەڵێنێکم بدەیتێ، هەر کات بانگم لێ کردی، دەبێ بێی و گۆرانیم بۆ بڵێی. ماسی حەزی لە گۆرانیی خەڵکی دەریایە. کە تۆ گۆرانی بڵێی تۆڕەکانم پڕ دەبن لە ماسی."

 پەری پاڕایەوە و گوتی: "بەڵێن بێ، تکایە رێگام بدە بڕۆم."  

ماسیگرەکە وتی "باشە، بەرت ئەدەم بڕۆی،" بەمجۆرە پەری بەڵێنی دا و ئەویش رێگای پێدا بڕوا. پەری بەدەم هەڵلەرزینەوە گەڕایەوە بۆ نێو دەریا. ئەو هەستی بە ترسێکی سەیر دەکرد.

هەموو ئێوارەیەک کە ئەم گەنجە دەچوو بۆ ماسیگرتن، بانگی لەم پەرییە دەکرد. ئەویش دەهات و گۆرانی بۆ دەگوت. دولفینەکان بەدەوریدا مەلەیان دەکرد. مەلانی دەریاش بە ئاسمانەوە بە سەر سەریەوە هەڵدەفڕین.

پەری گۆرانییەکی سەیری  ترایتۆنەکان، ئەو پیاوانەی بە ڕدێنی درێژ و کەسکەوەن،  دەگوت. گۆرانی باغەکانی دەریا بە مەرجانەکانیانەوەی دەگوت، ئەو شوێنەی ماسییەکان تێیدا وەک مەلی زێوین مەلە دەکەن. گۆرانی نەهەنگە گەورەکانی دەریاساردەکانی باکوور و مەلەوانە مردووەکانی نێو کەشتییە نوقم بووەکانی بن ئاوی دەگوت. گۆرانی منداڵە چکۆلەکانی دەگوت. ئەوانەی سواری پشتی دولفینەکان دەبن و تریق و هووڕ پێدەکەنن.

کاتیک ئەم پەرییە گۆرانی دەگوت، ماسییە توناکان دەهاتن بۆ گوێگرتن. ئەوجا ماسیگرە گەنجەکە زۆری لێ راودەکردن.

کاتێکیش بەلەمەکەی پڕ دەبوو لە ماسی، پەرییەکە زەردەخەنەیەکی بۆ دەکرد و، بە مەلە دوور دەکەوتەوە.

ئەم پەرییە قەت لە ماسیگرەکە نزیک نەدەبۆوە. کاتێک ماسیگرەکە دەیویست بیگرێ، پەری وەکوو سێڵ خۆی دەکرد بەئاوەکەدا.

 رۆژ لەگەڵ رۆژ دەنگی ئەم پەرییە لای ماسیگر شیرینتر دەبوو.  هەر کە دەنگیشی دەکەوتە بەرگوێی، ئیتر زوو ماسیگرتنی لەبیر دەچووەوە. هەتاکوو مانگ دەردەکەوت، گوێی بۆ گۆرانییەکانی پەرییەکە هەڵدەخست.

ئێوارەیەکیان ماسیگر بانگی پەرییەکەی کرد و گوتی: "پەرییە چکۆل شووم پێ بکە، چونکە تۆم زۆر خۆش دەوێ."

بەڵام پەرییە چکۆل گوتی: "تۆ خاوەنی رۆحی مرۆڤی. ئەو رۆحە لە خۆت دووربخەوە، ئەوجا دەتوانم تۆم خۆش بوێ."

ماسیگرە گەنجەکە لای خۆی بیری کردەوە، "ئەرێ من چ پێویستییەکم بە رۆحە؟ خۆ من ناتوانم بیبینم. ناتوانم دەستی لێبدەم. نازانم چییشە. بێ گومان لە خۆمی دوور ئەخەمەوە و ئەمجا زۆر خۆشحاڵ دەبم."

 لە بەلەمەکەیدا هەستایە سەرپێ و هاواری لە پەرییەکە کرد و گوتی: "من رۆحی خۆم دەردەکەم! تۆ دەبییە هاوسەرم، ئەوجا هەموو ئەو شتانەم پیشان ئەدەی وا تۆ گۆرانییان پێدا هەڵدەڵێی. ئێمە بۆ هەتاهەتایە پێکەوە دەبین."

پەرییە چکۆل دایە قاقای پێکەنین، چونکە زۆر خۆشحاڵ بوو.

گەنجە ماسیگرەکە هاواری کردەوە: "ئەی چۆن بتوانم رۆحم لە خۆم دوور خەمەوە؟"  پەرییە چکۆل وەڵامی دایەوە: "من نازانم، خەڵکی دەریا رۆحیان نییە."

رۆژی دوایی بەیانی زوو ماسیگر هەستا چوو بۆ ماڵی کەشیش و لە دەرگایدا. کەشیش لە پەنجەرەکەوە سەیریکرد و ماسیگرەکەی بینی و گوتی: "فەرموو وەرە ژوورەوە."

ماسیگر چووە ژوور و هاواری بۆ کەشیش برد، "بەڕێز من ئەوینداری حۆرییەکی دەریاییم. بەڵام ناتوانم مارەی بکەم، چونکە من خاوەنی رۆحم. چۆن بتوانم رۆحم لە خۆم دوور خەمەوە؟ بەڕاستی پێویستم پێی نییە. لەبەرچی دەبێ رۆحم بۆ گرینگ بێ؟ خۆ من ناتوانم بیبینم. ناتوانم دەستی لێدەم. نازانم چییشە."  

کەشیش لێی هاتە وەڵام: "ئەتۆ شێت بووی؟ خوا رۆحی داوە بەتۆ. رۆح شتێکی بەنرخە. نرخی رۆح بەرانبەرە بە نرخی هەموو زێڕی ئەم دنیایە. بۆیە کوڕم، ئیتر لەمە بیر مەکەرەوە. ئەمە خراپترین گوناحە. گیانلەبەرانی دەریا، گیاندارانی لەناوچوون. ئەوان وەک بوونەوەرانی ئەو دەشتانەن. ئەوان نازانن راست چییە و ناراست کامەیە. خوا، پەسڵان یان ژیانەوەی دوامردنی بۆ ئەوان دانەناوە."

ماسیگرە گەنجەکە دەستی بە گریان کرد و گوتی: "بەڕێز، فۆنەکان لە جەنگەڵدا دەژین و خۆشحاڵن. پیاوانی ئاوی بە چەنگە زێڕینەکانیانەوە لەسەر تەختەبەردەکان دادەنیشن. منیش دەمهەوێ وەک ئەوان بم. ئەی لەبەرچی دەبێ رۆح ئەوەندە لام گرنگ بێ؟ من رۆحێکم هەیە، بەڵام ناتوانم ئەم حۆرییەم هەبێ، ئەمن خۆشم دەوێ،"

بەمجۆرە کەوتە گریان و کڕووزانەوە.

کەشیش دەنگی هەڵبڕی: "ئەمە ترسناکە لەشی خۆت خۆش بوێ! فاونی نێو نزارەکان و پیاوە ئاوییەکان ترسناکن! شەوانە گوێم لێیانە، دەیانهەوێ نوێژەکانم لێ تێکبدەن. ئەوان لەناوچوون، من پێت دەڵێم، ئەوان لەناوچوون. بەهەشت و دۆزەخیان بۆ نییە."

"هەستە بڕۆ! لاچۆ لەبەر چاوم!' کەشیش نەڕاندی: "حۆرییەکەت لە ناو چووە، تۆش لەگەڵیا لەناو دەچی."

گەنجە ماسیگرەکە مات و مەلوول بەرەو بازاڕ چوو.

دووکاندارەکان کە بینییان پرسییان: "چیت هەیە بۆ فرۆشتن؟"

ئەویش وتی: "ئەمەوێ رۆحم بفرۆشم، تکایە لێم بکڕن، چونکە لێی ماندوو بووم. چی بکەم لە رۆح؟ ناتوانم بیبینم. ناتوانم دەستی لێدەم. نازانم چییشە."

بەڵام بازرگانەکان پێی هاتنە پێکەنین و گوتیان: "چی لە رۆح بکەین؟ پوولێکی قەڵب ناکا. ئەندامی خۆتمان پێ بفرۆشە و زێڕێکی زۆرمان لێ وەرگرە. ئێمە رۆحی تۆ بە پوولێک ناکڕین."

ماسیگر کەوتە رامان، چەند سەیرە! کەشیش وتی، ''رۆحی تۆ بەنرخترە لە هەموو زێڕی دنیا.'' بەڵام ئەم بازرگانانە دەڵێن، "پوولێکی قەڵب زۆر بەنرخترە لە رۆح."

ماسیگر لە بازاڕەوە بە دەم بیرکردنەوە، رۆیی بۆ کەناری دەریا.

لە نیوەڕۆدا بیری هاتەوە، لەوێ جادووگەرێکی گەنجی لێیە. ئەم جادووگەرە لە ئەشکەوتێکدا دەژی و زۆر بە توانایە لە سیحر و جادوو کردندا. بۆیە خیرا رایکرد بۆ لای.

کاتێک بۆ لای ئەشکەوتەکە دەچوو، جادووگەر هاواری کرد: " چیت دەوێ؟ چیت دەوێ؟ پیویستت بە ماسییە کاتێک کە هەوا ناخۆشە؟ من ئامیرێکی تایبەتی مووزیکم هەیە. کاتێک ئەم ئامێرە بژەنی هەموو ماسییەکان دێن بۆ کەنداو. بەڵام ئەمە نرخی خۆی هەیە، کوڕە جوانەکە، ئەمە نرخی خۆی هەیە. چیت دەوێ؟ چیت دەوێ؟ زریان و گێژاوێکت دەوێ کەشتییان تێکبشکێنێ؟ زێڕی نێو ئەم کەشتییانەت دەوێ؟ ئەتوانم یارمەتیت بکەم. من گەردەلوولم لە با زۆرترە. دەسەڵات و توانام لە با بەهێزترە. بەڵام ئەمن بەها و نرخی خۆم هەیە، کوڕە جوانەکە، ئەمن نرخ و بەهای خۆم هەیە."

گەنجە ماسیگرەکە وتی: "شتێکی زۆرم ناوێ، کەشیش لە من زۆر تووڕە بوو و بازرگانەکان پێم پێکەنین. بۆیە هاتووم بۆ لای تۆ، هەر بەهایەکت گەرەک بێ ئەتدەمێ."

 جادووگەر پرسیی: "چیت دەوێ؟"

"ئەمهەوێ رۆحم لە من دوور خەیتەوە،" ماسیگرە گەنجەکە وەڵامی دایەوە.

روومەتی جادووگەر سپی هەڵگەڕا و گوتی: "کوڕە جوانەکە، کورە جوانەکە،  کردنی ئەمە کارێکی ترسناکە."

ماسیگر پێکەنی و وەڵامی دایەوە: "رۆحم بە لاوە گرنگ نییە. ناتوانم بیبینم. ناتوانم دەستی لێ بدەم. نازانم چییشە."

جادووگەر وتی: "پێت دەڵێم، بەڵام تۆ دەبێ شتێک بە من بدەی." بە چاوە جوانەکانی سەیرێکی ماسیگرە گەنجەکەی کرد.

ماسیگر گوتی: "پێنج سکەی زێڕ و تۆڕ و ماڵ و بەلەمەکەمت ئەدەمێ، تەنیا پێم بڵێ چۆن رۆحم لە خۆم دوور کەمەوە؟"

جادووگەر پێکەنی و وەڵامی دایەوە: "دەتوانم گەڵا وەریوەکانی پاییز بکەمە زێڕ. دەتوانم رووناکی مانگەشەو بکەمە زیو. دارایی و سامانم زۆرترە لە هەموو شاهانی ئەم دنیایە."

جادووگەر ئەو دەستە باریک و سپییەی بە قژەکانی ماسیگرا هێنا و بە دەم زەردەخەنەوە بە نەرمی وتی: "کوڕە جوانەکە، تۆ دەبێ لەگەڵما سەما بکەی."

"هەر ئەمە؟" ماسیگرە گەنجەکە هاواری کرد.

" بەڵێ، هەر ئەمە" جادووگەر وەڵامی دایەوە و دیسان بەدەمیەوە زەردەخەنەی کردەوە.

"کەوایە دەمی رۆژاوا لە شوێنێکی نهێنی پێکەوە سەما دەکەین." ماسیگر وتی: "ئەوسا تۆ هەموو شتێکم پێ دەڵێی.  منیش رۆحم لە خۆم دوور ئەخەمەوە،"

جادووگەر بەهێواشی وتی: "کاتێک کە مانگ پڕە، کاتێک کە مانگ پڕە،"  دوایی تەماشایەکی ئەملاولای کرد و گوێی راگرت. سێ دانە مەل دەیانخوێند. بێجگە لە دەنگی لرفەی شەپۆلان دەنگێکی تر نەدەهات. جادووگەر ماسیگرەکەی کێشا بەلای خۆیەوە. لێوە وشکهەڵاتووەکانی لە گوێی  نزیک کردەوە و بە گوێیدا چرپاندی،

"ئەمشەو دەبێ بێیە سەر لووتکەی ئەو چیایە،  شەوێکی تایبەتە ئەمشەو، ئەویش لەوێ دەبێ."

ماسیگر پرسی: "ئەو کێیە؟"

جادووگەر وەڵامی دایەوە: "ئەوە گرنگ نییە، ئەمشەو بچۆرە ئەوێ و لە ژێر درەختەکەدا راوەستە و چاوەڕوانی من بە. سەگێک دەبینی، دەبێ بەدار لێی دەی. سەگەکە دوور ئەکەوێتەوە. لەبیرت بێ نابێ لەگەڵ ئەو کوننەپەپووەدا قسان بکەی. لەگەڵ مانگی شەوی چواردەدا دێم و پێکەوە هەڵدەپەڕین."

ماسیگر وتی: "ئەی چۆن بتوانم رۆحم لە خۆم دوور خەمەوە؟ تۆ دەبێ بەڵێنم پێبدەی، پێم بڵێی."

جادووگەر لە ئەشکەوتەکەی هاتە دەر بۆ بەر خۆرەتاوەکە و گوتی: "بەڵێن دەدەم."

"ئەتۆ باشترین جادووگەری ئەم دنیایەی،" ماسیگر هاواری کرد و بەخۆشحاڵییەوە بەرەو شار گەڕایەوە. جادووگەر چووەوە نێو ئەشکەوتەکە. گیایەکی سیحراوی سووتاند. سەیرێکی دووکەڵەکەی کرد.

دوای تاوێک بەتووڕەیی وتی: "ئەو دەبێ هی من بێ. من بەقەد پەری دەریایی جوانم."

ئەو شەوە، کاتێک مانگ هەڵات ماسیگر چوو بۆ سەر لووتکەی چیاکە و لە ژێر درەختەکەدا راوەستا.

کوننەپەپوویەکی زل بەو چاوە زەردانەیەوە بە ناو بانگی لێ کرد. ئەو وەڵامی نەدایەوە. سەگێکی رەش بەرەو رووی هات. بەدار لێی دا، سەگیش دوور کەوتەوە.

لە نیوەی شەودا جادووگەران لە ئاسمانەوە پەیدا بوون. ئەوان لە شەمشەمە کوێرە دەچوون. "فیوو!" کاتێک نیشتنە سەر زەوی، قیڕاندیان. "لێرە کەسێکی لێیە ئێمە نایناسین!"

دوایی جادووگەرە گەنجەکە بە قژێکی سوورەوە دەرکەوت. جلێکی رەنگ زێڕینی بە چاوی تاووس نەخشاوی لە بەردا بوو، کڵاوێکی گچکەی کەسکیشی لەسەر نابوو.

کاتێک جادووگەرەکان، جادووگەرەگەنجەکەیان بینی، پرسیان: "کوا، کوا؟" جادووگەر پێکەنی و بەڕاکردن چوو بۆلای ماسیگر. دەستی گرت... و لەبەر رووناکی مانگەشەودا کەوتنە سەما کردن.

ئەوان چەند گەڕێک هەڵپەڕین. لەم کاتەدا دەنگی سمی غارغارێنی ئەسپێکیان دەهاتە بەرگوێ، بەڵام ئەسپێکیان نەدەهاتە بەرچاو.

"خێراتر، خێراتر!" جادووگەر هاواری کرد، لێرەدا ماسیگر ترس و سام گرتی. شتێکی خراپی هەست پێدەکرد و ئەمەش ئەوی  دەترساند.

پیاوێک لە نزیک تەختەبەردێکەوە بوو. ئەو جلوبەرگێکی سپانیایی جوانی لە بەرا بوو. ئەم پیاوە چاوی لەسەر ماسیگر هەڵنەدەگرت. جادووگەر پێدەکەنی، و ماسیگریش لەگەڵیا گەڕ لە دوای گەڕ هەڵدەپەڕی.

سەگێک دەستی بە وەڕین کرد، سەماکەران دەستیان لە هەڵپەڕین هەڵگرت. ئەوان چوون بۆ لای پیاوەکە و دەستیان ماچ کرد.

جادووگەر بە هێواشی وتی: "وەرە با بچین دۆعا بکەین."  ماسیگر دوای کەوت. بەڵام کاتێک نزیک ئەو پیاوە بوونەوە، ناوی خوای بەدەما هات.

کاتێک ناوی خوای هێنا، جادووگەرەکان قیژاندیان، هەڵاتن و دوور کەوتنەوە. ئەسپێک هات و پیاوەکە سواری بوو. ئەم پیاوە بە دڵتەنگییەوە سەیرێکی ماسیگری کرد و لە چاوان ونبوو.

جادووگەریش بەو قژەسوورانەیەوە هەوڵی دا بفڕێ، بەڵام ماسیگر نەیهێشت و وەستاندی.

جادووگەر نەڕاندی: "لێمگەڕێ بڕۆم، ئەتۆ نابێ ناوی خوا بەری."

ماسیگر وەڵامی دایەوە: "نا، تۆ زیندانیی منی. ئێستا ئەم نهێنییەم پێ بڵێ."

"کامە نهێنی؟" جادووگەر وتی و هەر هەوڵی هەڵاتنی ئەدا.

ماسیگر وەڵامی دایەوە: "تۆ خۆت دەیزانی."

جادووگەر دەستی بە هاوار هاوار کرد و بە ماسیگری گوت: "هەر شتێک لە من دەپرسی بپرسە، بەڵام ئەوە نا!"

ماسیگر دایە قاقای پێکەنین، ئەو نەیدەویست بەری بدا.

جادووگەر نەیدەتوانی لە دەستی را بکا، بۆیە وتی: "ئەمن  لە حۆری دەریایی جوانترم،" و روومەتی لێ نزیک کردەوە.

بەڵام ماسیگر دەستێکی پێوەنا و گوتی: "ئەتکوژم. تۆ دەبێ ئێستا ئەم نهێنییەم پێ بڵێی."

جادووگەر هەڵدەلەرزی. وتی: "زۆر باشە. ئەمە رۆحی تۆیە، نەک هی من."

جادووگەر چەقۆیەکی چکۆلەی دایە دەستی.

ئەویش پرسی: "لەبەر چی ئەم چەقۆیەت داوەتە دەستم."

جادووگەر تاوێک بێدەنگ مایەوە. لەترسا زراوی چووبوو. دوایی پێی گوت: "سێبەرەکانمان سێبەری ئەندامەکانی ئێمە نین ئەوانە ئەندامی رۆحی ئێمەن. بچۆ لەو قەراخ ئاوە راوەستە، پشت بکەرە مانگ. لە قاچەکانتەوە سێبەرەکەت ببڕە. ئەوسا دەبێ بە رۆحت بڵێی لێت دوورکەوێتەوە، ئەویش بەجێتدەهێڵێ."

ماسیگرە گەنجەکە پڕبەخۆی هەڵلەرزی. بە خۆی گوت: "تۆ بڵێی ئەمە  راست بێ؟"

ئەمجا جادووگەری بەردا. چەقۆکەی وەرگرت و رۆیی بۆ لای دەریاکە.

رۆحی ماسیگر هاتە زمان و گوتی: "ئەمن خزمەتکاری تۆم. دەرم مەکە. مەگەر کارێکی خراپم لەگەڵ کردووی؟"

ماسیگر کەوتە پێکەنین: "تۆ هیچ کارێکی خراپت لەگەڵ من نەکردوە، بەڵام من پێویستیم بە تۆ نییە، ئەم دنیایە زۆر گەورەیە. هەر کوێت پێخۆشە بڕۆ. بەڵام ئاسوودەییم لێ تێکمەدە، چونکە خۆشەویستەکەم بانگم دەکا."

رۆحەکەی چەند جارێک بانگی کرد، بەڵام ئەو گوێی نەدایێ.

ماسیگر کە گەیشتە لێواری دەریا و لەسەر لمی کەنارئاوەکە راوەستا و پشتی کردە مانگ. چەند بازوویەکی سپی لە کەفی ئاوی دەریاکەوە دەرکەوتن و داوایان لێ دەکرد بچێ بۆ لایان.

رۆحەکەی لێی پاڕایەوە: "بە بێدڵ مەمنێرە دەر. ئەم دنیا بێبەزەیی و دڵڕەقە. دڵیشتم بدەرێ."

ماسیگر هاواری کرد: "چۆن دەتوانم بە بێدڵ پەری دەریاییم خۆش بوێ؟"

رۆحەکەی وتی: "توخوادڵیشتم بدەرێ. ئەم دنیایە بێبەزەییە من دەترسم."

ماسیگر وەڵامی دایەوە: "دڵم ئێستا ئەوەتا لای خۆشەویستەکەمە. لاچۆ بڕۆ."

رۆحەکەی وتی: "ئاخر منیش پێویستیم بە خۆشەویستییە،"

ماسیگرە گەنجەکە هاواری لێ کرد: "بڕۆ لاچۆ. من پێویستیم بە تۆ نییە!"

ماسیگر چەقۆکەی هەڵگرت و لە قاچەکانییەوە سێبەرەکەی بڕی. سێبەرەکە لە بەر دەمیا لەسەر پێ راوەستا، هەر زۆر لە ماسیگر دەچوو.

ماسیگرەکە بە ئەسپایی کشایە دواوە، چونکە زۆر ترسابوو. بۆڵاندی، "بڕۆ لاچۆ! ئیتر قەت مەگەڕێوە دواوە."

"نا، بەڵام ئێمە دەبێ یەکتر ببینینەوە،" رۆحەکە وتی. دەنگی رۆحەکە وەک دەنگی شمشاڵ بوو.

"چۆن یەکتر دەبینینەوە؟"

ماسیگرە گەنجەکە هاواری کرد. "بەدواما دێی بۆ نێو دەریا؟"

رۆحەکەی وتی: "ساڵی جارێک دێمە ئەم جێگایە، و بانگت دەکەم. لەوانەیە پێویستیت پێم بێ."

ماسیگر وتی: "لام وانییە پێویستیم پێت بێ، بەڵام قەیناکا بانگم لێ بکە، دێم بە دەنگتەوە."

ئەمەی گوت و خۆی کرد بە نێو ئاوەکەدا،  ترایتۆنەکان ئامیرە موزیکاڵەکانیان ژەند. پەرییە چکۆل هات بە پیریەوە. دەستی لە ملی کرد و نێو دەمی ماچ کرد.

رۆحەکە لە قەراخ ئاوەکە وەستابوو، تەماشای دەکردن. کاتێک لە نێو ئاوەکە لە چاو ون بوون، رۆحی ماسیگرەکە بەدەم گریانەوە رۆیی ودوور کەوتەوە.

پاش ساڵێک، رۆحەکە هاتە خوار بۆ کەنار دەریاکە و بانگی ماسیگرە گەنجەکەی کرد. ئەویش لە دەریاکە هاتە دەر و گوتی: " بۆچی بانگم ئەکەی؟"

رۆحەکە وەڵامی دایەوە: "نزیکتر بەرەوە. دەمهەوێ قسەت لەگەڵ بکەم چونکە شتی زۆر سەیرم دیوە."

ئەویش نزیکتر بوویەوە و لە نێو ئاوەکە دانیشت و گوێی راگرت.

رۆحەکە پێی گوت: "کاتێک تۆم بەجێهێشت، بەرەو رۆژهەڵات چووم. هەموو شتێکی ژیرانە لە رۆژهەڵاتەوە دێ. دوای شەش رۆژ گەیشتمە خاکی تاتارەکان. شەوێکیان ئاگری هەوارگەی کۆمەڵێک بازرگانم بەدی کرد. چوومە لایان. سەردەستەی بازرگانەکان هەستا و شیری لێ کێشام.

 پرسیاری کرد: "ئەتۆ کێی؟"

وەڵامم دایەوە: ''من شازادەیەکم لە دەست تاتارەکان هەڵاتووم. ئەویش وەک رێز سەری خۆی دانەواند و دەستی گرتم. ''

" دوایی ئێمە خاکی تاتارەکانمان بەجێهێشت، بە زۆر سەرزەمینی نەناسراودا تێپەڕیین، زۆر خەڵکی نامۆمان بینی. من لەسەر پشتی وشترێک لە گەڵ سەردەستەی بازرگانەکان سەفەرم دەکرد. ئەم کاروانە چل وشتر و هەشتا هێستر بوو.

لەم گەڕانەدا لەگەڵ خێڵی ماگادای بەشەڕ هاتین. ئەوان بەپیری لەدایک دەبن، هەموو ساڵێک گەنجتر دەبنەوە و کاتێکیش دەمرن  مناڵێکی چکۆلەن. ئێمە لەگەڵ لاکترۆیەکان بەشەڕ هاتین، ئەوان لایان وایە کوڕی بەورن، بۆیە ئەندامی خۆیان بە رەنگی زەرد و رەش دەڕەنگێنن. هەر وەها لەگەڵ سیبیانەکانیش جەنگاین. ئەوان لاقی ئەسپیان هەیە، لە ئەسپ خێراتر دەڕۆن.

لە چوارەمین مانگدا گەیشتینەشاری ئیلێل. شەو بوو گەیشتینە ئەوێ، بۆیە بۆچوونە نێو شار، چاوەڕوان  ماین تا رۆژ بێتەوە.

بەیانییەکەی لە دەرگای شارمان دا. دەروازەکە بڕۆنزی سوور بوو، وێنەی ئەژدیهای دەریایی و ئەژدیهای باڵداری پێوە بوو.

پاسەوانێک بانگی لێ کردین: "چیتان دەوێ؟"

" ئێمە لە دوڕگەی سووریاوە هاتووین، کاڵایەکی زۆرمان پێیە بۆ فرۆش،"

" کەوایە تا نێوەڕۆ لەوێ راوەستن" پاسەوانەکە وتی.

" نیوەڕۆ دەروازەکەیان کردەوە و ئێمە چووینە بازاڕەکە."

"پاش مانگێک مانەوە لە شاری ئیللێل، زۆر ماندوو بووم. بە خیابانەکانی شەقامەکانی شاردا گەڕام، چوومە باخی خوای شارەکە.

قەشەکان لە کەوا شۆڕە زەردەکانیانا، لە باخەکە بەهێواشی خەریکی گەڕان بوون. خانوویەکی سووری لێبوو. ئەمە خانەی خواکەیان بوو. دەرگاکان وێنەی ئاژەڵ  و تاووسی رەنگزێڕینیان بەسەرەوە بوو.

"ئەستێڵێکی ئاوی روون لەبەر دەم پەرستگاکەیا بوو. لە قەراخ ئەم ئەستێڵە دانیشتم. یەکێک لە قەشەکان هات لە پشتمەوە راوەستا.

 لێمی پرسی: "چیت دەوێ؟"

وەڵامم دایەوە: "دەمهەوێ خوای ببینم،"

"خوا ئەوەتا لە ڕاو لەو نزارە" ئەمەی وت و زۆر بە سەرسووڕمانەوە سەیری کردم.

وتم: ''لە کامە نزارە؟ پێم بڵێ ئەچم بۆلای،''

"ئەو دەستەکانی لە کەوا نەرمەکەیدا جووڵاند. لە ژێر لێوەوە گوتی: ''خوا خەوتووە''

 گوتم: ''لە کوێ خەوتووە؟ پێم بڵێ، بەلایەوە رائەوەستم.'' 

قیڕاندی و گوتی: ''خوا لە میوانییە.''

منیش وتم: ''ئەمەوێ شەرابی تاڵ یان شیرینی لەگەڵ بخۆمەوە.''

بەسەرسامییەوە لە گەڵم هات بۆ پەرستگاکە.

لە یەکەم هۆدەدا بینیم پەیکەرێک لە دارخەیزەران بە ئەندازەی پیاوێک لەسەر تەخت دانیشتوە. یاقووتێکی سوور بە نێوچاوانییەوەیە.  قاچەکانی بە خوێنی کاژیلە سوور ببوو.

بە قەشەکەم گوت: "ئەمەیە خوا؟''

 وەڵامی دامەوە: ''بەڵێ ئەمەیە خوا،''

قیژاندم بە سەریا: ''ئەمە خوا نییە. خوام  پیشاندە، ئەگینا ئەتکوژم.''دەستم دا لە دەستی، دەستی بچووک و وشک بوو.

قەشە گریا و گوتی: ''دەستم چاک بکەرەوە، منیش خوات پیشان ئەدەم،''

بۆیە فووم لە دەستی کرد، دەستی چاک بۆوە. ئەو هەڵلەرزی و لەگەڵما هات بۆ هۆدەی دووهەم. لەسەر دارکونارێکی سەوزی تۆخ بتێکم لە عاج بینی، چەند بەردی گەورەی زەمورروت  بە سەرییەوە بوو. ئەم بتە دوو ئەوەندەی پیاوێک بوو.

لێم پرسی: ''  ئەمەیە خوا؟''

وەڵامی دامەوە و گوتی: ''بەڵێ ئەمەیە خوا''

قیژاندم بەسەریا: ''ئەمە خوا نییە. خوام پیشاندە، ئەگینا ئەتکوژم!'' دەستم لە چاوی دا، چاوەکانی کوێر بوون.

کەوتە پاڕانەوە و گوتی: "چاوەکانم چاک بکەرەوە. ئەوجا خوات پیشان ئەدەم''

فووم هەناسەم کرد بەچاوەکانیا، بیناییان تێهاتەوە. قەشەکە هەڵلەرزی و لەگەڵم هات بۆ هۆدەی سێهەم. لێرە بتێکی لێ نەبوو، تەنیا ئاوێنەیەکی لێ بوو.

بە قەشەکەم گوت: ''خوا لە کوێیە؟''

وەڵامی دامەوە: ''خوایەک نییە، بەڵام ئەمە ئاوێنەی زانستە. هەر شتێک لە ئاسمان بێ یان لەسەر زەوی تێیدا دەردەکەوێ. بەڵام دەموچاوی ئەو کەسەی کە تەماشای ئەکا  دەرناخا. لەبەر ئەمە ئەم کەسە زانا دەبێ.

زۆر ئاوێنەی تریشی لێن، بەڵام ئەمانە ئاوێنەی بیروڕان. ئەمە تەنیا ئاوێنەی زانستە. کاتێک ببیە خاوەنی ئەم ئاوێنەیە، هەموو شتێک دەزانی. لەبەر ئەمە، ئەم ئاوێنە خوایە، ئێمەش ئەم خوایە دەپەرستین.'' من تەماشایەکی ئاوێنەکەم کرد. کەشیشەکە درۆی نەکردبوو.

دوایی شتێکی سەیرم دی، ئەوەش شتێکی وا گرینگ نەبوو. ئاوێنەکەم لە دۆڵێکی نزیک ئێرەوە دانا. ئەتوانین بەپێ بە سێ رۆژ بیگەینێ. رێگام بدە بێمەوە نیو تۆ و نۆکەریت بکەم، تۆش دەبییە خاوەنی زانست.

کەچی ماسیگرە گەنجەکە پێکەنی و هاواری کرد: "خۆشەویستی  لە زانست باشترە،  حۆرییە چکۆلی دەریایی ئەمنی خۆش دەوێ."

"نا، هیچ شتێک لە زانست باشتر نییە"، رۆحەکە وتی.

"با، خۆشەویستی چاکترە"، ماسیگرەکە وەڵامی دایەوە و گەڕایەوە بۆ دەریا. رۆحیش بەدەم گریانەوە دوور کەوتەوە.

پاش ساڵی دووهەم، رۆحەکە گەڕایەوە بۆ کەنار دەریا و بانگی ماسیگری کرد. ئەویش لە دەریا هاتە دەر و گوتی: "بۆچی بانگم ئەکەی؟"

رۆحەکە وەڵامی دایەوە: "وەرە پێشترەوە. ئەمەوێ قسەت لەگەڵ بکەم چونکە شتی زۆر سەیرم بینیووە."

ماسیگر نزیکتر بۆوە، لە ئاوەکەدا دانیشت و گوێی راگرت.

رۆحەکە وتی: "کاتێک تۆم بەجێهێشت، بەرەو باشوور چووم. هەر شتێکی بەنرخ لە باشوورەوە دێ.

شەش رۆژان بەرەو شاری عەشتار رێگام بڕی. بەیانیی رۆژی حەوتەم شارەکەم بینی.

شارەکە وەکوو بازاڕ بوو. شارێکی زۆر خۆشە. بازرگانەکان لەسەر راخەری ئاورێشمین دادەنیشن. هەندێک لەوان گوڵاوی ئەنتیکەی دوڕگەکانی دەریای هیند و رۆنی گوڵی سوور دەفرۆشن و ئەوانیتر خشڵی خەیاڵی لەگەڵ چڕنووکی بەور و پڵینگ لە زێڕی رووت.

ئەم خەڵکە هەموو جۆرە میوەیەک دەفرۆشن: هەنجیری ئەرخەوانی، کاڵەکی زەرد، ترێی سپی، پڕتەقاڵی سووری ئاڵتوونی و لیمۆی هێلکەیی کەسکێکی زێڕین. فیلێکم بینی. وەستابوو پڕتەقاڵەکانی دەخوارد و خەڵکیش پێی دەهاتنە پێکەنین. ناتوانی بە خەیاڵتا بێ ئەم خەڵکە چەند نائاسان.

 ئەمانە لە کاتی دڵخۆشیدا مەلێکی نێو قەفەس دەکڕن. دوایی بەری

دەدەن بۆ ئەوەی دڵخۆشتر بن. لە کاتی خەمباریشدا بە داری دڕکاوی لە خۆیان ئەدەن، چونکە دەیانەوێ خەمباتر بن.

لەجێژنی مانگی تازەدا، ئیمپێڕاتۆر لە کۆشکەکەی هاتەدەر و بۆ نوێژ کردن چوو بۆ مزگەوت. خەڵکەکە دەموچاوی خۆیان داپۆشی، بەڵام من هیچ رێزێکم بۆ دانەنا.

ئەو شەوە پاسەوانەکانی ئیمپێڕاتۆر هاتن بە دواما. بردیانم بۆ کۆشک. ئێمە بە داڵانێکی گەورەداچووینە نێو باخێکی جوانەوە. لە کۆتایی باخەکەدا کەپرێک بوو. سەردەستەی پاسەوانەکان وتی: بچمە ژوور.

ئیمپیراتۆری گەنج لەسەر تەختێک لە پێستی شێر دانیشتبوو، بازێکی بەدەستەوە بوو. رەشێکی حەبەشی لە پشت سەرییەوە راوەستا بوو. شمشێرێکی گەورەی پۆڵا لەسەر مێزێک لە لای  تەختەکەوە دانرابوو.

ئیمپێراتۆر کە ئەمنی بینی بە دڵگرانییەوە پرسیی: ''ناوت چییە؟ نازانی کە من ئیمپێراتۆری ئەم شارەم؟" ئەمن وەڵامم نەدایەوە.

'ئەو ئیشارەی بە شمشێرەکە کرد، حەبەشییەکە شمشێرەکەی هەڵگرت و بە توندی پیایا کێشام. شیرەکە برینداری نەکردم. حەبەشییەکە ترسا و خۆی کێشا دواوە.

'ئیمپێراتۆر هەوڵی دا بە رمێک بمکوژێ، بەڵام رمەکەش برینداری نەکردم. ویستی بە تیرێک بمکوژێ،  تیرەکەیشم لە هەوادا گرتەوە. ئەمجا ئیمپیراتۆر گوتی: "چۆنە وا ناتوانم بریندارت بکەم؟ ئەتۆ پێغەمبەری یان کوڕە پێغەمبەر؟ تکایە هەر ئەمشەو شارەکەم بەجێ بهێڵە. ئەتۆ لێرە بی، من پاشای ئێرە نابم.''

پێم وت: "نیوەی گەنجەکانتم بدەرێ. جا منیش دەڕۆم."

ئەوسا دەستی گرتم و بردمی بۆ هۆدەیەکی گەورە. دەستی بە دیوارێکەوە نا، دیوارەکە کرایەوە. بە داڵانێکا چووینە خوار. پاشا سیحرێکی خوێند، دەرگایەکی بەردی گرانیت کرایەوە. ئیمپیراتۆر دەستەکانی خستە سەرچاوی بۆ ئەوەی لە رووناکی خشڵەکان بیانپارێزێ. ئەو ژوورە بەڕاستی سەرسووڕهینەر بوو. پڕ بوو لە قاپووڕە کیسەڵی گەورەی لێواولێو لە مرواری و خشڵی زۆر ئەنتیکەی تر.

دوایی ئیمپیراتۆر بە منی گوت: ''ئەمە  گەنجینەی منە، نیوەی ئەمە هی تۆ بێ بەڵام تۆ دەبێ ئەمشەو بڕۆی. باوکم خۆر، نابێ ئەمە ببینێ. من ناتوانم لەم شارە کەس بکوژم.''

وەڵامم دایەوە: ''ئەم زێڕ و خشڵە گرانباییانە هەمووی هی خۆت. من تەنیا ئەو ئەنگوستیلە چکۆلەی دەستی خۆتم دەوێ.''

ئیمپیراتۆر نێوچاوانی خۆی گرژ کرد و هاواری کرد: ''ئەوە تەنیا ئەڵقەیەکی قورقوشمە، هیچ نرخێکی نییە. نیوەی گەنجینەکەم هەڵگرە و لە شارەکەم دەرچۆ.''

 وەڵامم دایەوە: "نا، ئەزانم ئەوە بەڕاستی ئەنگوستیلەی سامانە.''  ئیمپیڕاتۆر کەوتە لەرزین و گوتی: ''هەموو خەزنەکەم هەڵگرە و لە شارەکەم بڕۆ. هەر وا دەتوانی نیوەی سامانەکەیشم بەری.

دوایی کارێکی سەیرم کرد، بەڵام ئەوە گرینگ نییە. ئەوەی کە گرینگە ئەوەیە، ئەنگوستیلەی سامانەکەم لە ئەشکەوتێک دانا. تۆ بە یەک رۆژ دەتوانی بگەیتە ئەوێ. خاوەنی ئەم ئەنگوستیلەیە داراترە لە هەموو پادشایانی ئەم دنیا.

بەڵام ماسیگرە گەنجەکە کەوتە پێکەنین و گوتی: "ئەوین باشتر لە سامانە، پەرییە چکۆل ئەمنی خۆش دەوێ.''

رۆحەکە وتی: ''نا، هیچ شتێک لە سامان باشتر نییە.''

ماسیگرە گەنجەکە وەڵامی دایەوە: "ئەوین و خۆشەویستی باشترە."

ئەو گەڕایەوە بۆ دەریا، و رۆحەکە بە گریانەوە دوورکەوتەوە.

دوای ساڵی سێهەم، رۆحەکە هاتەوە قەراخ دەریا و ماسیگرە گەنجەکەی بانگ کردەوە. ئەویش لە دەریا هاتەدەر و گوتی: ''بۆچی بانگت کردم؟''

رۆحەکە وتی: "وەرە بەرەوە. ئەمەوێ قسەت لەگەڵ بکەم چونکە شتی زۆر سەیرم بینیوە.''

ماسیگر نزیکتر بۆوە، لە ئاوەکەدا دانیشت و گوێی راگرت.

رۆحەکە پێی گوت: ''لە شارێک چوومە هوتێلیکی نزیک بە چۆمێک. لە گەڵ مەلەوانان دانیشتم، ئەوان داوای خواردن و خواردنەوەیان کرد. دوای تاوێک پیرە پیاوێک بە راخەرێک و عودێکەوە هاتە ژوورەوەناو.

ئەو راخەرەکەی لێ راخست. کاتێک پیرە پیاو عودی دەژەنی، کچێک هات و دەستی بە سەماکردن کرد. ئەو پەچەیەکی بە رووەوە بوو، پێڵاوی لەپێ نەبوو. قاچەکانی لە سەر بەڕەکە وەک دوو کۆتری بچووکی سپی دەجووڵانەوە. زۆر سەرئاسا بوو، ئەو هوتێلە تەنیا رۆژێک لێرەوە دوورە.''

گەنجە ماسیگرەکە ئەم وشانەی هاتە گوێ. بیری هاتەوە کە پەرییە چکۆل قاچی نییە و ناتوانێ هەڵپەڕێ.  بیری کردەوە، ''تەنیا رۆژەرێیەک دوورە، دەتوانم بگەڕێمەوە بۆلای خۆشەویستەکەم.'' لە ئاوەکەدا هەستایە سەرپێ و بەرەو  رۆخی دەریاکە هات.

هەر کە گەیشتە کەنارەکە، رۆحەکەی رایکردە لای و چووە نێوی. لەسەر لمی کەنار ئاوەکە ماسیگر چاوی کەوت بە سێبەری ئەندامی، ئەندامی رۆحەکەی.

ئەوان گەشتەکەیان دەستپێکرد، ئێوارەی دواتر گەیشتنە شارێک.

ماسیگر بە رۆحەکەی گوت: ''ئەو کچە لەم شارە سەمای دەکرد؟''

رۆحەکەی وەڵامی دایەوە: " لەم شارە نا، لەوی تر. بەهەرحاڵ، با بچینە نێو شار.'

ئەوان چوونە نێو شار و بە شەقامەکاندا گەڕان. لە شەقامی خشڵفرۆشەکان گەنجە ماسیگرەکە فنجانێکی زیوی لە سەر کورسییەک بینی. رۆحەکەی پێی گوت: " ئەو فنجانە زیوە هەڵگرە و بیشارەوە.''

بۆیە ئەویش فنجانەکەی هەڵگرت و شاردیەوە، خیرا لەو شارە دەرچوون.

کاتێک لە شار دوورکەوتنەوە، ماسیگر فنجانەکەی فڕێدا. بە رۆحەکەی خۆی گوت، ئەمە کارێکی چاک نەبوو فنجان هەڵگری و بیشاریەوە!'

بەڵام رۆحەکەی وەڵامی دایەوە: ''لە سەرخۆ بە، لە سەرخۆ بە."

ئێوارەی رۆژی دووهەم ئەوان گەیشتنە شارێک. ماسیگرە گەنجەکە بە رۆحەکەی خۆی گوت:  ''ئەو کچە لەم شارە سەمای دەکرد؟''

رۆحەکەی وەڵامی دایەوە: ''لەم شارە نا، لەوی تر. بەهەرحاڵ با لادەینە ئێرەش.''

بەمجۆرە لایاندایە نێو شار و بە شەقامەکانی شاردا گەڕان. لە شەقامی پێڵاو فرۆشەکان، گەنجە ماسیگرەکە مناڵێکی بینی. رۆحەکەی پێی گوت، ' لێیدە، لەو مناڵە بدە!' ئەویش لە مناڵەکەی دا،

مناڵ کەوتە گریان، ئەوانیش خێرا لەو شارە دەرچوون.

کاتێک لە شار دوور کەوتنەوە، ماسیگرە گەنجەکە تووڕە بوو و بە رۆحەکەی خۆی گوت: '' ئەمە کارێکی باش نەبوو لە مناڵ بدەی!" بەڵام رۆحەکەی وەڵامی دایەوە: "لە سەرخۆ بە، لە سەرخۆ بە.''

ئیوارەی رۆژی سێهەم ئەوان گەیشتنە شارێک. ماسیگرە گەنجەکە بە رۆحەکەی گوت: " ئەو کچە لەم شارە سەما دەکا؟''

رۆحەکەی وەڵامی دایەوە: " لەوانەیە ئەم شارە بێ. با بچینە نێو شار.'' ئەوان بە شەقامەکانی شاردا گەڕان، بەڵام ماسیگرە گەنجەکە هوتێلێکی لە نزیک چۆمەکە پەیدا نەکرد. ئەو دەیویست شار بەجێ بهێڵێ، کەچی رۆحەکەی وتی: "با ئەمشەو لێرە بین. رەنگە دەرەوە چەتەی لێ بن.''

بەمجۆرە ماسیگر لە بازاڕەکە مایەوە. دوای تاوێک بازرگانێک هات بۆ لای و گوتی: "تۆ بۆ لێرەی؟ بازاڕ داخراوە.'' ماسیگرە گەنجەکە وەڵامی دایەوە: "هوتیلێکم لەم شارە پەیدا نەکرد. لێرەش خزمێک شک نابەم، منیش هۆدەیەکم پێویستە بۆ ئەمشەو.''

بازرگانەکە وتی: "ئێمە هەموو یەک بنەماڵەین، خوایەک هەموومانی دروست کردوە. لەگەڵم وەرە. من هۆدەیەکم هەیە.''

ماسیگرە گەنجەکە دوای کەوت بۆ ماڵەکەی. بازرگانەکە خواردنی خۆش و هۆدەیەکی رەحەتی دایە. دوایی ماسیگر خەوی لێکەوت. دوای سێ سەعات رۆحەکەی ئاگای کردەوە و پێی گوت: ''بچۆ بۆ دیوی بازرگانەکە و بیکوژە، و هەموو زێرەکانیشی بەرە.''

ماسیگرە گەنجەکە هەستا چوو بۆ دیوی بازرگانەکە. شمشێرێک لەبەر پێیدا بوو، نۆ کیسەی زێڕیش لە نزیک تەختی خەوەکەیەوە بوو. کاتێک دەستی برد بۆ شمشێرەکە، بازرگان ئاگای بۆوە و گوتی: ''بۆ دەتەوێ بمکوژی؟ من خواردنم دایتێ و جێگای خەوم پێدای. من میهرەبان بووم لەگەڵ تۆدا!''

رۆحەکەی پێی گوت: ''لێیدە!'' ئەویش لێیدا و بازرگان لە هۆش خۆی چوو. دوایی هەر نۆ کیسە زێڕەکەی هەڵگرت و خێرا شاری بەجێهێشت.

کاتێک لە شار دوور کەوتنەوە، بازرگانە گەنجەکە بە رۆحەکەی گوت، ''ئەمە خراپ بوو لەو بازرگانەماندا و زێڕەکەیمان برد!''

بەڵام رۆحەکەی وەڵامی دایەوە: "لە سەرخۆ بە، لەسەرخۆ بە.''

''نا،'' ماسیگر قیژاندی، ''ناتوانم لە سەرخۆ بم. تۆ گوتت ئەم کارە خراپانە بکەم، من لەم کارانە بێزارم. لە تۆێش بێزارم. لەبەر چی ئەمەت کرد؟''

رۆحەکەی وەڵامی دایەوە: "کاتێک تۆ منت ناردە دەرەوە بۆ نێو ئەم دنیایە، دڵێکت بە من نەدا. بۆیە ئەم شتانە فێر بووم و حەزیان لێ ئەکەم.''

''چی دەڵێی؟'' ماسیگرە گەنجەکە لە ژێر لێوەوە بۆڵاندی.

''تۆ ئەزانی،'' رۆحەکەی وەڵامی دایەوە. ''تۆ دڵێکت بەمن نەدا. بۆیە لە سەرخۆ بە. تۆ بە هەموو جۆرێک ئازاری خەڵکی تر ئەدەی و ئەمەش خۆشی ئەگەیەنێ بە تۆ.''

ماسیگر بە رۆحەکەی گوت: "نا، ئەتۆ خراپی، من خۆشەویستەکەم فەرامۆش کرد و بەبۆنەی تۆوە ئەم هەموو کارە خراپانەشم کرد.''

رۆحەکەی وەڵامی دایەوە: "فەرامۆشی نەکەی، تۆ منت بە بێدڵ ناردە دەرەوە. با برۆین بۆ شارێکی تر و چێژ بەرین لە پێکەوە ژیان. ئێمە نۆ کیسەی زێڕمان هەیە.'

بەڵام ماسیگر نۆ کیسە زێڕەکەی هەڵگرت و هەڵیڕشتە سەر زەوی. و گوتی:

" نا، لەگەڵ تۆ دا نایەم ، دیسان دەتنێرمە دەرەوە،''

ئەو پشتی کردە مانگ. بە چەقۆیەکی چکۆلە خەریک بوو سێبەرەکەی لە قاچیەوە هەڵبڕێ بۆ ئەوەی رۆحی لە لەشی خۆی بکاتە دەرەوە. بەڵام رۆحەکە ئەوی بەجێی نەهێشت، و پێی گوت، سیحری جادووگەرەکە کار ناکا. ئەم سیحرە تەنیا جارێک لە ژیانی مرۆڤدا کار دەکا. من بۆ هەمیشە لای تۆ دەمێنمەوە، و ئەمەش سزا و تۆڵەکردنەوە لە تۆیە.''

 ماسیگرە گەنجەکە بێ هیوا مابوو، دەگریا لە بەر ئەوەی رۆحەکەی زۆر خراپ بوو. کاتێک رۆژ بۆوە ماسیگرە گەنجەکە بە رۆحەکەی گوت: "من دەستەکانم پێکەوە دەبەستمەوە. ئیتر ناتوانم ئەوەی تۆ پێم ئەڵێی بیکەم. ئەگەڕێمەوە بۆ کەنداوەکە خۆشەویستەکەم لەوێ گۆرانییان دەڵێ. بانگی ئەکەم. ئەو شتە خراپانەی کە کردوومن و ئەو شتە خراپانەی تۆ دەرهەق بە منت کردووە، بۆی دەگێڕمەوە.''

کاتێک گەیشتە کەنار دەریاکە، دەستەکانی کردەوە وبانگی پەرییەکەی کرد. بەڵام پەری بەدەنگییەوە نەهات.

رۆحەکە پێی پێکەنی و گوتی: "خۆشەویستەکەت شادییەکی  کەم ئەداتە تۆ. لەگەڵ منا وەرە بۆ دۆڵی خۆشییان. ئەمە بۆتۆ باشترە.''

ماسیگرە گەنجەکە وەڵامی رۆحەکەی نەدایەوە. لەو کەنار کەنداوە خانوویەکی بۆ خۆی ساز کرد و ساڵێک لەوێ ژیا. هەموو بەیانییەک بانگی لە پەرییەکە دەکرد، هەموو نیوەرۆیەکیش ئەمکارەی دووبارە دەکردەوە، شەوانەش لەگەڵ ناوەکەی ئەکەوتە گفتگۆ. بەڵام پەرییەکە قەت نەهات بیبینێ، ئەویش لە هیچکوێ پەریی نەدی.

رۆحەکەی هەمیشە داوای لێ دەکرد کاری خراپ بکا. بەڵام ماسیگرە گەنجەکە قەت بە گوێی نەدەکرد، چونکە هێزی خۆشەویستییەکەی ئەوەندە زۆر بوو.

خۆشەویستی

پاش ساڵێک، رۆحەکە بیری لەوە کردەوە، ''من ئارەزووی ئەوم بۆلای  کاری خراپە جووڵاند کەچی خۆشەویستییەکەی لە من بەهێزتر بوو. دەبا ئێستا ئارەزووی بۆ لای کاری چاکە بجووڵێنم، رەنگە بەمە بگەڕێتەوە لام.''

بۆیە لەگەڵ ماسیگرە گەنجەکەدا کەوتە قسان: ''من لەسەر شادی و خۆشی ئەم جیهانە قسەم بۆ کردی، بەڵام تۆ گوێت لێ نەگرتم. ئێستا با لەسەر رەنج و ئازاری ئەم دنیایە بۆت بدوێم، رەنگە گوێم بۆ بگری. رەنج یا ئازار فەرمانڕەوای ئەم دنیایەیە، کەس ناتوانێ لە دەستی هەڵبێ. هەندێ کەس بێ جلوبەرگن و هەندێکیش خواردنیان نییە بیخۆن، بڕێ کەسیش نەخۆش و بیمارن. وەرە با بچین یارمەتی ئەمانە بدەین ئەی بۆچی لێرە چاوەڕوانی خۆشەویستەکەتی؟ خۆشەویستی چییە؟ بۆ ئەوەندە بەلاتەوە گرینگە؟''

بەڵام هێزی خۆشەویستییەکەی ماسیگر ئەوەندە زۆر بوو، وەڵامی نەدایەوە. هەموو بەیانییەک بانگی لە پەری دەکرد، نیوەرۆیانیش دیسان بانگی ئەکردەوە، شەوانەش لەگەڵ ناوەکەیدا ئەکەوتە دووان. بەڵام پەری قەت نەهات بیبینێ، لە هیچ کوێیش نەیبینییەوە.

دوای ساڵی دووهەم، رۆحەکە بە ماسیگرەکەی گوت: ''بۆلای کاری خراپە فریوم دای، بۆ کاری چاکەش ئارەزووم جووڵاندی، بەڵام خۆشەویستییەکەی تۆ لە من بەهێزتر بوو. ئیتر نامەوێ هەڵتفریوێنم، بەڵام تۆ خوا ئەتوانم بێمەوە نێو دڵەکەت لەوێ دیسان لەگەڵ تۆ بمێنمەوە؟'

ماسیگرە گەنجەکە وتی: ''بێ گومان دەتوانی بێیتەوە،'' دڵنیام  ئەو کاتەی دڵت نەبوو ئازارت زۆر بینیوە.''

''بەڵام خۆ جێگام نابێتەوە بێمە ژوور، چونکە خۆشەویستی هەموو دڵتی داگیر کردوە. جێگایەک بۆ من نەماوەتەوە،'' رۆحەکە ناڵاندی.

ماسیگر گوتی: ''زۆر بەداخەوە،''

لەو کاتەدا هاوارێکی ترسناکی خەم لە دەریاوە هاتە گوێی ماسیگرە گەنجەکە. بۆیە رایکردە لای ئاوەکە. شەپۆلە رەشەکان بەخێرایی دەهاتن بۆ ئەو لێوارە. ئەوان شتێکی سپیتر لە زیویان لەگەڵ خۆیان ئەهێنا. ماسیگرە گەنجەکە لەبەر پێی خۆیدا ئەندامی پەرییە چکۆلە دەریاییەکەی بە مردووەیی بینی.

لە لایەوە ئەژنۆی دادا، ئەو دەمە سارد و سوورەی ماچ دەکرد. چیرۆکی رۆحەکەی و ئەو کارەخراپانەی بۆ دەگێرایەوە. دەستە چکۆلەکانی پەریی لە ملی خۆی دەئاڵاند، پەنجەکانی خۆیشی بە ملی پەریدا دەهینا. خۆشییەکی تاڵ و جەرگبڕ بوو، ئازارەکەیشی پڕبوو لە خۆشیی نامۆ.  

ئاوە رەشەکانی دەریا لێیان نزیکتر و نزیکتر دەبۆوە.

رۆحەکەی هاواری کرد: ''هەڵێ. دەریا نزیکتر و نزیکتر دەبیتەوە. بڕۆ لاچۆ! دەتکوژێ. راکە بۆ جیگایەکی بێ مەترسی. بەڵام تۆخوا بە بێ دڵ مەمنیرە بۆ دنیایەکیتر.''

بەڵام ماسیگرە گەنجەکە گوێی نەدایە رۆحەکەی. بە پەرییەکەی دەگوت: ''خۆشەویستی باشترە لە زانایی، زۆر بەنرخترە لە دارایی، زۆریش جوانترە لە قاچی کچانی مرۆڤ. بەیانییان بانگم ئەکردی، بەڵام تۆ نەهاتی. مانگ ناوەکەتی دەبیست، کەچی تۆ گویت نەدا بە من. من خراپم کرد ئەوکاتەی تۆم بەجێهێشت.

خۆشەویستی تۆ هەمیشە لای من مابوو، هەمیشە بە هێزتر بوو لە چاکە و خراپە. ئێستا کە تۆ مردووی منیش لەگەڵت دەمرم.''

رۆحەکەی لێی پاڕایەوە ئەوێ بەجێ بهێڵێ. بەڵام لەبەر بەهێزی خۆشەویستییەکەی گوێی نەدایە رۆحەکەی. دەریا نزیک دەبۆوە  و خەریک بوو بە شەپۆلەکان دایپۆشێ. ماسیگر کە زانی مەرگی نزیکە، لێوە ساردەکانی پەریی ماچ کرد و دڵی لەکار کەوت. دڵی لەکار کەوت چونکە پڕبوو لە خۆشەویستی. ئەوساکە رۆح چووەوە نێو دڵی؛ و دەریا ماسیگرە گەنجەکەی لە شەپۆلەکانی خۆیدا نوقم کرد.

بەیانییەکەی کەشیش وتی: ''ئەچم نزا ئەکەم بۆ دەریا، چونکە دوێشەو هێمن نەبوو.'' قەشەکان، مووزیک ژەنەکان و خەڵکێکی زۆری دیکە لەگەڵی چوون.

کاتێک گەیشتنە لێوار دەریاکە، کەشیش چاوی کەوت بە ماسیگرە گەنجەکە. ئەو لە ئاوەکەدا مردبوو و پەرییە چکۆلە دەریاییەکەی لە باوەشدا بوو. کەشیش رووی گرژ کرد و گوتی: ''من دووعا ناکەم بۆ دەریا و هەر شتێک کە تێیدایە. ئەم گەنجە ماسیگرە بۆ ئەوین و خۆشەویستی پشتی لە خوا هەڵکرد، خواش لە تۆڵەی ئەوەدا ئەو و خۆشەویستەکەی کوشت.

ئێستا تەرمی ماسیگر و تەرمی پەرییەکە هەڵگرن و لە گۆشەیەکی زەویی  جلشۆرەکاندا بیاننێژن. هیچ نیشانەیەکیش لەسەر گۆڕەکەیان دامەنێن.''

خەڵکی تەرمی ئەو مردووانەیان لە گۆشەیەکی زەوی جلشۆرەکان خستە چاڵێکی قووڵەوە. چاڵەکەشیان بە گڵ پڕ کردەوە. هیچ گیایەکی بۆنخۆش لەوێ نەڕوا. 

سێ ساڵ دوای رووداوەکە لە رۆژێکی جێژندا، کەشیش لە رێدابوو بۆ کڵێسە بۆ ئەوەی لەسەر تووڕەیی خوا بۆ خەڵک قسان بکا. کە چووە میحرابەکەوە، پێشنوێژگەکەی پڕ لە گوڵی زۆر جوان بینی. لە جوانیی ئەم گوڵانە داچڵەکی. بۆنی گوڵەکان زۆر خۆش بوو. کەشیش بە تایبەت زۆر دڵخۆش بوو و تێنەدەگەیشت لەبەر چی ئەوەندە دڵخۆشە.

ئەو دەیهەویست لەسەر تووڕەیی خوا قسان بکا، کەچی جوانیی گوڵە سپییەکان و بۆنی خۆشیان پەرۆشی کرد.  ئەو ئیتر لەبارەی تووڕەیی خواوە قسەی نەکرد، بەڵکوو لەسەر خۆشەویستی خوا قسەی کرد. هۆی گۆڕینی ئەم قسانەشی نەدەزانی.

کاتێک کەشیش قسەکانی تەواو بوو خەڵکەکە گریان. ئەویش چاوەکانی پڕبوون لە فرمێسک. کەشیش لە خەون و خەیاڵدا بوو، لە یاریدەرەکانی پرسی: ''چ گوڵێکن ئەوانە لەم میحرابەدا؟ لە کوێوە هاتوون؟''

یاریدەرەکانی وەڵامیان دایەوە: " ئێمە نازانین ئەوانە چ جۆرە گوڵێکن، بەڵام ئەوانە لە گۆشەی زەوینی جلشۆرەکانەوە هاتوون.'' کەشیش هەڵلەرزی و گەڕایەوە بۆ ماڵەوە و دەستی بە پاڕانەوە کرد.

رۆژی دوایی بەیانی زوو لەگەڵ قەشەکان و مووزیکژەنەکان و خەڵکێکی زۆر ماڵی بەجێهێشت. بە پێ رۆیشتن بۆ لێواری دەریا، دووعایان کرد بۆ دەریا و هەر گیاندارێک کە تێی دایە.

هەروەها دووعایان کرد بۆ خوای کێڵگە و دارستانەکان و هەموو ئەو وردەشتانەی لە دارستانەکان دەجووڵێن. نزایان کرد بۆ هەموو ئەو شتانەی لەم دنیای خوایەدا هەن. خەڵکیش زۆر دڵخۆش بوون بەڵام گیاندارانی دەریا چوون بۆ لاکەی تری دەریا و ئیتر قەت نەگەڕانە دواوە.

 

 Bilderesultat for ‫پری دریای‬‎