ما 206 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

 هەربۆیە ئەو مرۆڤانەی وا رۆمان باسیان لێدەکا بەشیک لەهەمان ژیانی گشتین ـ جا چ بیانەوێ یان نەیانەوێ. بە واتایەکی تر ئاشکرایە کە نە ناوی رۆمانی و نە ناوی خەیاڵی و نە ئەو ژینگەیەی رۆمان پێشکەشی دەکا قەڵغانێکی تەواو نیە بۆ پاراستنی ئەو کەسەی وا هەستدەکا لە لەیەن نووسەرێکەوە بەخراپی کەڵکی لێوەرگیراوە.

 

کناوسگۆرد بە فڕێدانی بەشێکی زۆری فیلتەری خەیاڵ و، بەکارهێنانی ئەزموونەکانی خۆ بیری لایەنە مەترسیدار و خەتەرەکانی رۆمانمان دەخاتەوە. بەڵام هۆکارێکی تر هەیە کە بەهەمان رادە گرینگە و هەموو ئەو شتانەی ئەو لەسەر پرۆژەکەی خۆی دەیانڵێ، دەیانخاتە ژێر کاریگەرییەوە، ئەوەیش ئەوەیکە: ئەدەب رۆمانە و زمانی ئەدەب زمانی رۆمانە. نووسەر، گەر بیەوێ نووسەر بێت، کە کناوسگۆرد دەیەویست نووسەر بێت کاتێک دەستی بە پرۆژەکەی خۆی کرد، ژیاننامەی خۆی نانووسێتەوە، بەڵکو رۆمان دەنووسێتەوە، بەتەئکید رۆمانێکی ژیاننامەیی ـ جا سەرەڕای ئەوەی تا چ رادەیەک لە خەیاڵ ماندوو بووبێت. ئەوە ژیانە دەکەوێتە خزمەتی رۆمانەوە نەک بە پێچەوانەوە. کناوسگۆرد لە هەمان چاوپێکەوتندا دەڵێ: "هیوام وایە لە رێگای رۆچوون بە دانپیانانەکانەوە لەسەر خۆم، هەر لەو کاتەدا بتوانم تێیانپەڕێنم و بیانکەم بە شتێکی تر. چونکە بێگومان ئەوە دانپیانان نیە مەبەستەکەیە، بەڵکو رۆمانە."٨٣ کەواتە خاڵی سەرەکی ئەوەیە راستگۆیی رۆمان لە دانپیاناندا خۆی نابینێتەوە، بەڵکو رۆمان دەبێتە رۆمان کاتێک من لە خۆی گەورەتر دەبێتەوە؛ دانپیانانێک کە لە ژێر تیشکی ژانری رۆماندا شکڵ دەگرێ، بە واتایەی تر لە رێگای رۆمانەوە فیلتەردەکرێ؛ لە رێگای ئەو بێ ئەژمار رۆمانانەوە وا کناوسگۆرد خوێندوونییەوە و لێیانەوە فێربووەو ـ لە بالزاکەوە تا پرۆست ـ بە گوێرەی ئەوان ئەزموونەکانی خۆی کۆپیدەکاتەوە. من لام وایە رۆمانی 'خەباتی من' دەرفەتەکانی رۆمان بەواقعی دەکا و گومانم لەوەدا نیە کناوسگۆرد نەک وتار بەڵکو رۆمانێکی پێشکەش کردووە. ئاشکرایە لەم بەرهەمەدا ئەو خۆی نیە، بەهەرحاڵ ئەم نووسەرە لە بەرهەمەکەی خۆی وەک رۆمان دەڕوانێ و لە بەرگی شەشەمدا لەم پێوەندییەدا دەڵێ: "رۆمان بۆ من شێوازێکی بیرکردنەوەیە، رۆمان تەواو خۆی لە وتار یاخود تێز جیادەکاتەوە، چونکە بیرکردنەوە لە رۆماندا ئامرازێک نیە لە پێناوی ناسین، بەڵام بەشەکانی تریشی تێهاوێژراوە. لە رۆماندا ئەو فەزایەی تێیدا بیردەکرێتەوە بەقەدەر خودی بیرەکە گرینگە."٨٤  بەرهەمەکەی ئەم نووسەرە ئێمە بیری رۆمانی فێرکاری دەخاتەوە، لەسەر سەفەرێکە بۆ ئەوەی تێیدا ببین بەوەی کە دەبێ ببین، بە کۆتاییەک تێکەڵ بە یەکگرتنەوە و 'گەڕانەوە بۆ ماڵەوە' بۆ لای بنەماڵەیەک کە دەبێ لە کاتی نووسیندا ئازار بچێژێ.

کناوسگۆرد لەسەر خۆی و وەک خۆی لە شکڵی رۆماندا دەنووسێ. کاتێک لە یەکەم رۆمانیدا باس لە سێکسی 'هێنریک ڤانکێل' لەگەڵ کەم تەمەنێک دەکا ئەمە دەبێتە هۆی تووڕەییەکی کەمتر لەوەی کاتێک باس لە خەون و ئەزموونەکانی خۆی لەم بوارەدا دەکا، ئەو خەون و ئەزموونانەی وا بەپێچەوانەوە ئەوەندە سەرنجڕاکێش نین. بەڵام داخۆ گۆڕینی ناو دەتوانی یارمەتیدەر بێت؟ مامی کناوسگۆرد، واتە گوننار، لای وایە نا. قورەیشی کە بەگوێرەی نەریتی باشی رۆمان ناوی خەیاڵی لەسەر هەموو کەسایەتییەکانی بەکاردێنێ، هەر بەم هۆکارەوە دەکەوێتە بەر هێرش. هاوژینەکەی پێشووی دەڵێ ئەمە بە مانای داماڵینی بەرپرسیارەتی چ لە ئەستۆی چاپخانەکەو و چ لە ئەستۆی نووسەرەکە کاتێک قسە لە سەر خەیاڵی بوونی رۆمانەکەی قورەیشییە نیە: "کەس باوەڕناکا ئەمە خەیاڵ بێت. دەکرا ناوی ماسی بێت."٨٥ پرسیارەکە یاخود کێشەکە پێوەندیی بە ژانرەوە نیە، بەڵکو پێوەندی بە بەزاندنی سنوورە ئەخلاقییەکانەوە هەیە کاتێک نووسەرێک مرۆڤەکانی تر لە پێناوی هونەری خۆیدا بەکاردێنێ. مرۆڤ بەدژواری دەتوانێ تەسەوری ئەوە بکا نووسەران و هونەرمەندان کەڵک لە ئەزموونەکانی خۆیان و پێوەندییەکانیان بە مرۆڤەکانی ترەوە وەرناگرن، کەم نووسەریش وەک کناوسگۆرد ئاوەها لەم ئاستەدا لێێ دەچێتە پێشێ. دەکرێ مرۆڤ لای وابێت کێشەکە کەمتر دەبوو ئەگەر تەنیا ئەو کەسەی باسی لێدەکرێ خۆی خۆی لە دەقەکەدا بناسێتەوە، بەڵام نموونەی لەم جۆرە کەمن. کناوسگۆرد بۆ نموونە دەدرێتە بەر هێرش چونکە لەسەر هاوژینە کۆنەکەی خۆی دەدوێ بە بێ ئەوەی قەت خۆشی ویستبێ، دیارە ئەگەرچی ناوەکەیشی لە رۆمانەکەی خۆیدا گۆڕیوە. ژنە کۆنەکەی قوڕەیشیش دەڵێ هەندێ شت لە رۆمانی Intimitetدا هەن تەنیا ئەو تێیاندەگا کە دیارە ئەمەیش هیچ لە کێشەکە کەم ناکاتەوە. لە درێژەی ئەم باسەدا دەتوانین ئاماژە بە چەندین نموونەی تر بدەین: 'رۆناوگ کلەیڤا' لە لایەن ژنێکەوە دەبرێتە دادگا لەبەر ئەوەی پێی وایە لە رۆمانەکەیدا بە ناویIngen reell fare  (٢٠٠٣) بەخراپی کەڵکی لەو وەرگرتووە، دیارە ئەم رۆمانە لەسەر خەیانەت بووە و ئەم ژنەیش شتی وای نەکردبوو، ئەمەیش بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کەم کەس یاخود بەزەحمەت کەسانی تر دەیانزانی کە کەسایەتییەکەی ناو رۆمانەکە ئاماژەیە بەم ژنە. 'هاننە ئۆشتاڤیک'یش رووبەڕووی دۆستێکی ژنی خۆی دەبێتەوە کە ئەویش لای وایە لە رۆمانەکەی ئەودا باسیکراوە و ئەمەی لە وتارێکدا خستووەتە روو. 'سترینبەرگ' و 'میکلە'یش دوو نموونەی بەناوبانگی ترن کە لە کاتی نووسینی بەرهەمەکانیاندا کەڵكیان لە خۆیان و لە خەڵکی تر وەرگرتووە. دیارە نموونەکان زۆرن و هەموویان ئاماژەن بە نزیکبوونی پێوەندیی خەیاڵ لەگەڵ واقع. ئەمانە ئەو نموونانەن باس لە دژواریی کێشانی هێڵی تەواو لە نێوان خەیاڵ و واقعدا دەکەن.

رۆمان فۆڕمێکی خاوەن سنوورە تەسکەکانی خۆیەتی بەرامبەر بەو ژیانەی وا وەک مەتریاڵ کەڵکی لێوەردەگری، بەڵام هاوکات فۆڕمێکیشە خاوەن شوێن لە ژیانی گشتیدا. هەربۆیە ئەو مرۆڤانەی وا باسیان لێدەکا بەشیک لەهەمان ژیانی گشتین ـ جا چ بیانەوێ یان نەیانەوێ. بە واتایەکی تر ئاشکرایە کە نە ناوی رۆمانی و نە ناوی خەیاڵی و نە ئەو ژینگەیەی رۆمان پێشکەشی دەکا قەڵغانێکی تەواو نیە بۆ پاراستنی ئەو کەسەی وا هەستدەکا لە لەیەن نووسەرێکەوە بەخراپی کەڵکی لێوەرگیراوە.

با نموونەیەکی تر بهێنمەوە: کتێبیA Million Little Pieces  (٢٠٠٣) لە نووسینی 'جەیمز فری' بەسەرهاتی خۆیەتی کە وەک داستان خۆی پیشاندەدا و، خەیاڵێکە لە بەرگی فاکتدا. ئەگەر کتیبەکە وەک رۆمان بڵاوبکرایەتەوە ئەوا چاوەڕوانی ئەوە دەبووین فاکت لە بەرگی خەیاڵدا دەرکەوێ. هەم بیوگرافی و هەم رۆمان فاکت و خەیاڵ تێکەڵدەکەن، هەردووکیان بەگوێرەی پێشفەڕزی تایبەت شتێک دروستدەکەن، بەڵام هاوکات دەبێ ئەوە بڵێین کۆنتراکتی ژانرەکان بە مانای شتی جۆراوجۆرن لە هەلومەرجی جۆراوجۆردا، بۆ نموونە: رۆمان بەو مانایە دێت کە ئێمە قورساییەکە لەسەر خەیاڵ دادەنێین، بەڵام بیوگرافی یاخود بیرەوەرییەکان ئەوەمان پێدەڵێن قورساییەکە لەسەر فاکت دامەزراوە. هەموو خوێنەرێک ئەوە دەزانێ راستی هەمیشە وەها نیە کە لەم جۆرە دەقانەدا دەردەکەوێ، بەڵام بەڵگەی ناساندنی دەق وەک ژانر جیاوازە کاتێک دەقەکە وەک "چیرۆکی راستەقینە" بڵاودەکرێتەوە یاخود وەک "رۆمان".

جەیمز فری ئامریکایی وەها دەنووسێ کە دەڵێی هەموو ئەو شتانەی وا لە ناو کتێبەکەیدا باسی لێدەکا ئەزموونیکردووە ـ کێشانی کوکائین، زیندان و هتد ـ وە یەکجار خراپتریش ئەو شتانەی بوون وا لە تەلەفزیۆن بۆ 'ئوپرا وینفری' دەگێڕایەوە. هەندێ لەم شتانە لەگەڵ واقع دەهاتنەوە، بەڵام ئەمە ئەو شتانە نەبوون خەڵکی وەک گرینگترین لایەنی باسەکە سەیریان دەکرد، ئەوەی ئەوان لایان گرینگ بوو بەسەرهاتەکانی زیندان بوون. ئەگەر کتێبەکە وەک رۆمان بڵاوبکرایەوە ئەوا خاون گرینگییەکی کەمتر دەبوو، بەپێچەوانەوە گرینگ بوو چونکە وەک رۆمان بڵاونەکرایەوە و بەم شێوەیە سەرنجی 'ئوپرا'ی بۆ خۆی قۆستەوە. ئەنجام بوو بەوەی کتێبەکە بگەڕێتەوە و فری داوای لێبوردن بکا و 'ئوپرا'یش پیاهەڵگوتنەکانی خۆی بکشێنێتەوە، چونکە چیدی ئەم کتێبە باسی لە راستی نەدەکرد (سەرەتا ئەو بەرگری لەمە دەکرد) بەڵام لە دووای سێ ساڵ سەرلەنوێ داوای لێبوردنی کردەوە. چاپخانەکەیش دەبا لەلایەن خۆیەوە داوای لێبوردن لە خوێنەران بکا، ئەو خوێنەرانەی پارەی کڕینی کتێبەکایان وەرگرتبووەوە. بە واتایەکی تر ئەوان پووڵەکەیان وەرگرتەوە چونکە رۆمانێکیان لە بەرگی بیوگرافیدا خوێندبووەوە. دیارە ئەم بەسەرهاتە کۆمیک دێتەبەرچاو بەڵام هاوکات زۆر شتیشمان پێدەڵێ لەسەر ئەوەی کاتێک باس لەسەر ژانرە کامە کۆنتراکتی نادیار رۆڵ لەدیاریکردنی ناوەکەیدا دەگێڕێ.

Bilderesultat for ‫هنر‬‎

گەڕان بۆ بابەت