ما 8914 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

ژانرەکان پێکهاتەی بگۆڕ و نەرم و نیانن و، من وەک خۆم وەک چوارچێوە تەسکەکان لێیان ناڕوانم. بەپێچەوانەوە، ئامرازگەلێکی بەسوودن بۆ بیرەکان. هەروەها لام وانیە رۆمان لە پاشەکشەدا بێت، بەڵکو رێک بەپێچەوانەوەیە. ئەوەی چاوپێکەوتنەکەی کناوسگۆرد پێمان دەڵێ ئەوەیە رۆمان وەک جاران زیندوو و پڕجووڵەیە.

 

مەرگی رۆمان؟

'داڤید شیلدز'ی ئەمریکایی لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا بە ناوی Reality Hunger: A Manifesto (٢٠١٠) دەنووسێ: "گومانێکی بەهێزم هەیە سەبارەت بەوەی من تاقە مرۆڤێک بم کە لای وایە خوێندنەوەو نووسینی رۆمان بەردەوام هەتا دێت دژوار و دژوارتر دەبێ،"٨٦ مەبەستی ئەو لەم قسەیە لەلایەکەوە خستنە بەر دژواریی سنووری نێوان ژانرەکانە، دیارە نەک بۆ سڕینەوەی سنووری نێوانیان، لە لایەکی ترەوە هێنانە ئارای ئەم خاڵەیە کە حەز بۆ واقع لە جیهانی ئێمەدا وەهمەکانی رۆمانی کەم تا زۆر بێ کەڵک کردووە. ئێمە لە جیهانێکی دەستکردا دەژین کە بەردەوام داوای وەهمی بەهێزترمان لەسەر واقع لێدەکا بۆ ئەوەی ئەم وەهمانە یارمەتیمان بدەن و شادومانمان بکەن، کاتێکیش هەموو شتێک بەهەرحاڵ خەیاڵە، خەیاڵی نەریتی  (واتە رۆمان) کەڵکی جارانی نامێنێ. شیلدز هەروەها حەزی بە ژانرەکان نیە، ئەو لای وایە ژانر زیندانێکی خاوەن ئەمنییەتی لاوازە و لەچاو رۆمان پەخشانی (نثر) وەک ئامرازی راگەیاندن لا پەسندترە. لێرە لە نۆروێژ 'ئارنە مێلبەرگ'  بەچەند ساڵێک پێش ئەمە بەرگری لە پەخشان دەکرد و وەک چەمکێکی کۆکەرەوە بۆ خەیاڵ و بۆ ئەدەبی واقع لێی دەڕوانی.٨٧

ژانرەکان پێکهاتەی بگۆڕ و نەرم و نیانن و، من وەک خۆم وەک چوارچێوە تەسکەکان لێیان ناڕوانم. بەپێچەوانەوە، ئامرازگەلێکی بەسوودن بۆ بیرەکان. هەروەها لام وانیە رۆمان لە پاشەکشەدا بێت، بەڵکو رێک بەپێچەوانەوەیە. ئەوەی چاوپێکەوتنەکەی کناوسگۆرد پێمان دەڵێ ئەوەیە رۆمان وەک جاران زیندوو و پڕجووڵەیە. نووسەرێکی ئاڵمانیی وەک 'و. گ. سێباڵد' لە رۆمانەکانیدا بەناوی Saturns ringer (١٩٩٥) و Aus- terlitz  (٢٠٠١) نموونەیەکە لەو نووسەرانەی وا لە رێگای شێوازی رووانینیان بۆ رابردوو و لە ڕێگای دەقەوە فۆڕمی رۆمانیان نوێ کردەوە. ئەم رۆمانانە هەروەها لە نۆروێژ سەرنجی گەورەیان بەرەو لای خۆیان راکێشاوە، ئەگەرچی گەلێک کەس بەوەوە سەرقاڵ بوون چلۆن ئەم نووسەرە توانی ژانری رۆمان لە ڕیگای تێکەڵکردنی فاکت و خەیاڵ و بیرەوەرییەوە بخاتە بەر دژوارییەوە و تازەی بکاتەوە. شیلدز رەنگە بیگوتایە کتێبەکانی سێباڵد وتارن، بەڵام من حەزدەکەم بڵێم کە شێوازی سێباڵد بۆ بەر دژواری خستنی سنوورەکانی ئەم ژانرە بەردەوام لە پێناوی خودی ژانرەکەدایە. ئەوان بەگوێرەی ئامانجی باڵزاک بە بێ هیچ چەشنە بەراوردکردنێک لەگەڵ دەقی تر سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە: هەم وەک گێڕانەوەیەکی داستانی و هەم وەک نووسینێکی مێژوویی، واتە داستان و مێژوو پێکەوە. کناوسگۆرد هەروەها لە پرسی خۆپێشکەشکردندا زێدەڕۆیانە هەڵسوکەوت دەکا، بەڵام بەپێچەوانەی ئەو بەشە گوتاریانەی وا بەتایبەت لە بەرگی شەشەمدایە لە فۆڕمدا ئاساییە.

شیڵدز هەروەها لەگەلێک شتدا کە ئەمڕۆکە لە ئەدەبییاتدا بە گەرمی باسی لێدەکرێ، خاوەن حەقە؛ بەتایبەت لە بواری هونەرداو، کاتێک قسە لەسەر بوارەسنورییەکانی نێوان ژانرە دامەزراوەکان و فۆڕمەکاندایە. بەڵام خودی شیڵدزیش ناتوانێ خۆی لەو تێرمانەی وا ئاماژە بە ئایدیاکانی سەر کاتەگۆرییەکان و ژانرەکان دەکەن، ببوێرێ: بەتایبەت کاتێک ئەو بۆ خۆی هونەرمەندێکی سنووربەزێنی وەک 'سوفیە کالە' بەرهەمدێنێ و، ناوی دەنێ "فۆتۆگراف و هونەرمەندی چەمکی فەڕەنسی". بەم شێوەیە ئەم نووسەرە بە رێگاوەیە بەرەو سیستمی ژانر، ئەو زیندانە خاوەن ئەمنییەتە لاوازەی وا شیڵدز خۆی وەک دژی پێناسەدەکا.

بەڵام با بگەڕێینەوە سەر رەدکردنەوەی رۆمان: گەڕانەوە بۆ رابردوویەکی وەک یەک لە سەردەمی 'لوکاچ'ەوە وازی لێهێنراوە، بەڵام بەردەوام رۆمان لە لایەن کەسانی وەک شیلدزەوە وەک وەڵامێکی ناتەواو بۆ ئەو ژیانەی کە هەنووکە هەیە رەخنەی لێ دەگیردرێ. رەخنە لە رۆمان زۆرجار لەسەر ئەو بۆچوونە رۆنراوە کە لە واقع دوورکەوتووەتەوە و بۆیە پێوەندی بە ژیانەوە نەماوە. با دوو نموونە بهێنمەوە. نموونەی یەکەم: لە رۆژنامەی ئینگلیزیی گاردیەن لە ژمارەی شەممە ١٩ نۆڤێمبەری ٢٠١١ ئێمە بەتووش وتارێکەوە دەبین بەم تایتڵەوە: "بۆچی من وازم لە خوێندنەوەی رۆمان هێنا" وشەکان هینی 'زو ویلیام'ن، یەکێک لە لێکۆڵەڕانی خودی رۆژنامەکە و مەبەستی ئەو بە گشتی لەم گوتەیە ئەوەیە کە لە جیهانێکدا کە زیاتر لە جاران لە ژێر کاریگەریی ئەو هەواڵانەدایە وا شتە نهێنییەکان ئاشکرادەکەن بەسەربردنی کات لەگەڵ ئەو چیرۆکە خەیاڵییانەی وا لەسەر مرۆڤە خەیاڵییەکانن نابەرپرسانەیە. تێکستەکە بۆ ژمارەی شەممەی وەها رۆژنامەیەک تاکەکەسی و سەرگەرمیانە دەنوێنێ، بەڵام هاوکات هەڵگری پەیامێکی روونیشە: گەر دەتەوێ لە جیهان بگەی ئەوا ئەو کتێبانەی بخوێنەوە وا لەسەر واقعن نەک لەسەر خەیاڵ. رۆمان سەرگەرممان دەکا و بۆیە ناتوانێ لەسەر ئەو جیهانەی تێیدا دەژین شتمان فێربکا، بەواتایەکی دیکە رۆمان بۆ ئەو کەسانە نیە وا شتێکیان دەوێ. جێگای سەرنجە کە لێرەدا یەکێک لە لێکۆڵەرانی دیاری فیمینیست وەک ژنێکی نەزان خۆی نومایش دەکا و تاوانەکەیش دەخاتە پاڵ رۆمان. بۆچوونێکی ترسناکە وابزانین خوێندنەوەی رۆمان بابەتی ژنانەیە و دەبێ ژنان و لەگەڵیا هەمووان واز لە خوێندنەوەی بێنین. زو ویلیام خۆی وەک گێلێکی نەزان دێنێتە بەرچاو کە لەو دیاردانەی وا لەم بیست ساڵەی دوواییدا هەبوون نەگەیشتووە لەبەر ئەوەی ئەو یەکجار بە خوێندنەوەیMartin bloody Amis  سەرقاڵبووە ('مارتین ئامیس' رۆماننووسێکی ناسراوی ئینگلیزییە و کوڕی رۆماننووسێکی ناسراوی ترە.) هەنووکە ئەم خانمە فیمینیستە رووناکاییەکەی دۆزیوەتەوە و دەستیکردووە بە خوێندنەوەی کتێبە سەرەتاییەکانی ئابووری!

کێشەکە ئەوە نیە کە ئەم خانمە نووسەرە ئێمە هاندەدا بۆ خوێندنەوەی زیاتر و بابەتی تر جگە لە رۆمان، بەڵکو قسەکەیەتی لەسەر بێکەڵکی، جیددی نەبوون و بێ مێژوویەتی رۆمان، بە واتایەکی تر ئەوەیکە لایەنی زانیاریی رۆمان بەگشتی ونبووە. ئەو باس لەوە دەکا ئەمە تارادەیەک گوناهەکەی بۆ رۆمانی مودێڕن دەگەڕێتەوە، ئەو رۆمانەی چیتر سیاسی نیە و لەجیاتی ئەمە بەشوێن رابردووی پارێزراو و ئەمینی رابردووەوەیە ـ بەڵام خاڵێکی جێی سەرنج لەم گوتەیەدا هەیە کە بەداخەوە لەو داوایەدا کە بۆ دیاردە رۆژانەکان بانگەوازی بۆدەکا، وندەبێ.

رۆمانێکی باش سنوورەکانی زەمەی خۆی تێدەپەڕێنی و مەبەست لە خوێندنەوە لەسەر رابردوو، جا چ دوور بێت چ نزیک، یاخود لە فۆڕمی خەیاڵدا بێت یان فاکت، بۆ نموونە ئەوەیە کە رابردوو رێگای چوونەژوورەوەی تر، لەچاو ئیستاکە، بۆ هەنووکەمان پێشکەش دەکا. رابردووی نامۆ مەجبوورمان دەکا سەرلەنوێ لەسەر ئەو شتانەی وا دەیانزانین بیربکەینەوە. بەڵام هاوکات سەردەمی ئەوڕۆ دەتوانێ وەک وڵاتێکی بێگانە خۆی بنوێنێ؛ ئەم وڵاتە بێگانەیە هەروەها دەتوانێ لە هەموو زانیارییە چڕ و ئاڵۆزەکانی خۆیدا داخراو و رەمزاوی بنوێنێ ئەگەر بەشوێن رێگا جۆراوجۆرەکانی چوونە ژوورەوە بۆ ناویان و لێڕوانینان لە روانگەی جۆراوجۆرەوە نەبین. رۆمانەکانی ئاسیا، ئافریقا یاخود ئەفغانستان دەتوانن تێگەیشتنێکی بێ وێنەمان لە شێوەی ژیان و بیرکردنەوەی خەڵکی دەرەوەی ئۆرووپا پێشکەش بکەن. ئەگەر دەمانەوێ شت لەسەر مانای پووڵ و دەسەڵات فێربین روو لە چاڕلز دیکێنز، ئەلکساندەر شیللاند یاخود مارتین ئامیس دەکەین. چونکە کەم کەس دەتوانێ وەک شێللاند لە کتێبەکەی خۆیدا بە ناوی Fortuna باس لە بازاڕی بورس بکا، هەروەها کەم کەس وەک دیکنێز لە کتێبەکانیدا بەناویStore for- ventninger, Little Dorrit eller Bleak House    دەتوانێ باس لە لایەنی دزی و فەسادی دەوڵەمەندی بکا، یاخود کەم کتێب هەیە وەک بەرهەمەکەی ئامیس بەناوی 'پووڵ' وێنەیەکی باشمان لە کلتوری پارەوپووڵ پێشکەش بکا. ئەم رۆمانانە تێگەیشتنێکی مێژووییمان دەدەنێ، بەڵام هەروەها لە ئاستی جۆراوجۆردا بەردەوام بۆ ئەو شتەی ئەمڕۆکە دەگوزەرێ خاوەن پێگەی خۆیانن. ئەگەرچی جیهانی سەرمایە ئەمڕۆکە لەچاو سەردەمی شیللاند جیاوازە، بەڵام ئەنالیزەی گەشە و کەوتنی بورس و ئەوەی چ ئاسەوارێکی لەسەر پارە بچووکەکان هەیە کاتێک سیستمەکە دادەڕمێ، بەئاسانی تێیدا دەناسرێتەوە.

بەگوێرەی 'توماس پیکێتی'ی ئابووریزان، فیلم، ئەدەبییات و بەتایبەت رۆمانی سەدەی نۆزدە زانیاری زۆر و وردیان لەسەر ئاستی خۆشگوزەرانی و ستانداردی ژیان لە ناو گروپە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا هەیە. ئەو بەتایبەت ئاماژە بەوە دەکا چلۆن رۆمانەکان پەردە لەسەر جیاوازییە پێکهاتەییەکان و کاریگەرییەکانیان لەسەر ژیانی تاکەکان لادەدەن: "بەتایبەت رۆمانەکانی جەین ئاوستێن و هونورە دی باڵزاک وەسفی جوان لە دابەشکردنی سەروەت و سامان لە بریتانیای مەزن و فەڕەنسە لە ساڵەکانی ١٧٩٠ تا ١٨٣٠ پێشکەش دەکەن. ئەم دوو نووسەرە زانیاریی دەستی هەوەڵیان لەسەر هیرارکیی سامان لە ژینگەکانی خۆیاندا هەبوو. ئەوان هەستیان بە هێڵە نهێنییەکانی جیاوازی لە ناو سیستمی هیرارکیدا دەکرد و دەیانزانی چ کاریگەرییەکی ترسناکیان لەسەر ژیانی ژن و پیاو، ژیانی هاوسەریەتی و هەروەها هیوا و نەهاماتییەکانیان هەیە. ئەم نووسەرانە مانا و ئەنجامەکانیی سیستمی هیرارکییان بە قەڵەمی خۆیان بە شێوەی ریالیستی و وێنەییانە کێشایەوە، وەها کە هیچ ئامار یاخود ئەنالیزەیەکی تیۆریانە نەیدەتوانی خۆی لەگەڵدا هەڵسەنگێنێ."٨٨

نموونەی ژمارە ٢: لە رۆژنامەی 'مۆڕنبلادە'، دە تا هەفدەی نۆڤێمبری ٢٠١١ چاومان بە چاوپێکەتنێکی بەپێز لەگەڵ 'کریستین هاڵڤۆشن' دەکەوێ لەپێوەندی لەگەڵ کشانەوەی لە پارتەکەی وەک سەرۆک. لەم چاوپێکەوتنەکەدا سەبارەت بە ژیانی سیاسی و کاریگەرییەکانی پرسیاریان ئاراستەکرد و یەکێک لە پرسیارەکانیش لەپێوەندی لەگەڵ پارتی کرێکاران بوو. رۆژنامەنووسەکە دەپرسێ: "ئازارهێنەر نیە ئێوە دەتانەوێ پارتی کرێکاران لاوازبکەن؟" هاڵڤۆشن وەڵامدەداتەوە: "بێگومان ئەمە دەبێتە هۆی کەمێک تووڕەیی، بەڵام گەر ئازارهێنەرە ئەوە دەبێ شتێکی تر بکەی. ئەوکات دەبێ یا دەست بکەی بە چنین یاخود بە خوێندنەوەی رۆمان." بێگومان ئێمە لە مەبەستی قسەکانی هاڵڤۆشن دەگەین، بەڵام هاوکات کەمێک ئەم قسەیە تووڕەیشمان دەکا، ئەوەیکە فمینیستێکی وەک ئەو زۆر خێرا ئاماژە بە دوو شت دەدا کە بەتایبەت پێوەندیی بە ژنانەوە هەیە، کاتێک مەبەست لە ئاماژەدانەکەیش ئەوە بێت ئەو شتانە بێ کەڵک و بێسوودن. لەخۆوە نیە ئەو هەموو رۆماننووسە ژنە سەر بە سەردەمی گەورەی رۆمان، واتە سەدەی نۆزدە، دەستدەکەون؛ نووسینی رۆمان دەرفەتێکی دەگمەن بوو بۆ ئەو ژنانەی وا دەیانویست خۆیان سەرگەرم بکەن، ئەو دەرفەتەی وەک چنین بێکەڵک و بێ خەتەر سەیری دەکرا. نووسینیش پێویستی بە خوێندنەوە هەیە؛ خوێندنەوەی رۆمانیش بەزەحمەت زەرەری بە سیاسییەکان دەگەیاند.

ناتوانین نکۆڵی لە لایەنی زانیاریی رۆمان بکەین. دیارە ئەم زانیارییە زانیاری فاکت ئامێز یاخود زانستی نیە، بەڵام زانیاری لەسەر مرۆڤ لایەنی هەرە بەهێزیەتی. پێش لە هەر شتێک زانستی رۆمان وەک من ناوم لێناوە ئانترۆپۆلۆگیانەیە؛ ئەم جۆرە زانستە دەرگامان لێدەکاتەوە بەڕووی دەروونی مرۆڤەکانی دیکەدا، بەرەو بیرەکانیان، هەست و ژیانی وشیاریان، شوێن و کات دەکاتەوە و دەروونناسانە و سۆسیۆلۆژیانەیە؛ مێژوو و زمانە ـ زۆر سادە بریتییە لە لێکۆڵینەوە لە مرۆڤ لە هەموو ئاڵۆزیی خۆیدا.

ئەمەیە هۆکاری ئەوەی کە دەمانگەیەنێتە ئەو ئاستەی بڵێین واباشە سیاسییەکان رۆمان بخوێننەوە.

دێژەی هەیە...

Bilderesultat for novels

گەڕان بۆ بابەت